‌هێرۆ! لە نێوان مەترسیی! بەرهەم و د.نەجمەدین کەریم!

Thursday, 17/04/2014, 12:00

5566 بینراوە





دوای نەمانی تاڵەبانی هێرۆ دەستی کردوە بە پاک کردنەوە و پاڵاوتنی ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانی لە ئاست سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی، لە هەموو ئەو ئەندامانەی کە دەیاناسێ و دەزانێ کە هێرۆی نین.
هێرۆ، لەو پاککردنەوەیە دەست نا پارێزێ هەتا لەوانەی کە لە باڵی تاڵەبانی بوون لە رابردوودا، یان کاتی خۆی تاڵەبانی هێناویانیتە پێشەوەو پشتگیری و پشتیوانی لێ کردوون وەکو سۆزان شەهاب، د.بەرهەم، ئازاد جوندیانی هیتر.... گومان لەوەدا نییە کە خەڵکی کەش بەرێوەن بەڵام هێشتا نۆرەیان نەهاتوە.
جێگرەوەی تاڵەبانی هێرۆ! جارێ کاتی ئەوەی نەهاتووە کە ئاورێ لە مەترسیەکی تری زۆر گەورە بداتەوە! کە لە سایەی سێبەری خۆی رۆژ بە رۆژ لە گەشەکردن و پەرەسەندن دایە! کە ئەویش  د. نجمەدین کەریمە، پارێزگاری شاری کەرکوک، کە خەریکە پێگەی جەماوریی و گرنگی بوونی خۆی دەسەپێنێ، لە نێو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جەماوەر بە تایبەتی لە نێو جەماوەری  پارێزگای شاری کەرکوک.
 ‌لەو سات وکاتەدا ئەوەی وەکو راستییەک دەبینرێت ئەوەیە کە هەڵوێستەکانی پارێزگاری کەرکوک بەرامبەر بە ماڵی بارزانی، حکومەتی ناوەند و کێشەکانی شاری کەرکوک، بە پێش هەڵوێستە سیاسیەکانی هێرۆ و کوڕەکانی و باڵەکەی کەوتوە، نەک هەر ئەوەش بەڵکو هەڵوێستەکانی نەجمەدین بە پێش هەڵوێستەکانی هێزی ئۆپۆزسیۆنیش کەوتوە و بووەتە جێگەی سەرەنجی میللەت و حکومەتی ناوەند.
نەجمەدین کەریم دوای ساڵی ١٩٧٤، رووی لە ئەمریکا کرد و توانی سەرکەوتوانە ژیانی تایبەتی خۆی و ماڵ و منداڵی لە ئاستێکی زۆر باش دابین بکات. بە درێژای ساڵانی نێوان ١٩٧٤ تا گەرانەوەی بۆ کوردستان بە هیچ شیوەیێ خۆی لە قەرەی ئەوە نەدا کە بەگەرێتەوە بۆ کوردستان، بەشداری لە خەباتی چەکداری و شۆرشی شاخ بکات یان وەکو کەسایەتییەکی بەهێز بوونی هەبوبێت لە رۆژە پڕ نەهامەتییەکان  و چێشتنی تاڵی و سوێری ئەزمونی ژیانی میللەتەکەی بە درێژای ئەوساڵانە!
لەگەڵ ئەوەشدا گەڕانەوەی دەرەنگ وەختی نەجمەدین و دەستبەردان لە ژیانی خۆشی ئەمریکا، هەر جێگەی رێزلێنانە بە هەنگاوێکی باش هەژمار دەکرێ، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە!! کە گەرانەوەی بۆ کوردستان بەو کتوپری و گوڕو تەوژمە! ئەو جۆرە پشتیوانی لێ کردنە! خۆی لە خۆیدا جێگەی پرسیارە لەوەی کە نەجمەدین کەریم لە ژێر داوا و کارێگەری کێ بووە ئەو هەنگاوەی ناوە؟ بەوشێوەیە گەراوەتەوە سەر شانۆی سیاسیی عیراق و کوردستان؟ وەکو ئەکتەرێکی بەهێز دەوری کارێگەریی هەیە لە سەر رووداوەکان و ململانێکان، چ لە نێو چوارچێوەی ژیانی رێکخراوەی یەکێتیی نیشتمانی وە چ لەدەرەوەی.  پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا هێنانەوەی ئەو جۆرە کەسایەتییە، گرنگی پێدان و بەهێز کردنی لەژێر کارێگەری تاڵەبانی بووە؟ یان ئەمریکییەکان؟
وەڵامەکە ئەگەر لە ژێرکاریگەری هەر کامیان بووبێ، دەستکەوتیکی گەورەی سیاسیە نەجمەدین بەدەستی هێناوە بۆ خۆی، چ بەوەی بە حازری هاتوو بوو بە خاوەن هێزێکی سیاسیی وەکو یەکێتیی نیشتمانی و کردی بە خاڵی دەست پێکردنی کارکردن لە بواری سیاسەت و ناساندنی خۆی وەک سەرکردایەتی ئەو هێزە بە هەموو لایەنە سیاسیەکانی کە بوونیان هەیە لە مەیدانەکە، وە چ بەوەی کە زلهێزێکی دونیای ئەوڕۆ پاڵپشتیەتی، کە بێگومان ئەو گریمانە لە گریمانی یەکەم بەهێز ترە، لە واقیعی دونیای ئەوڕۆدا ئەمریکا ئیعتیبار، گرنگی و سەنگێکی قورسی هەیە لە مەیدانی سیاسیی لە سەر ئاستی هەرێم، عیراق، ناوچەکە و دونیادا.
پێش نەمانی تاڵەبانی، د. بەرهەم ساڵح لە لایەن هێرۆوە دووبەرەکانێ و ململانێ لەگەڵ دەکرا، ناکۆکییەکانی نێوانیان لە ئەوپەری بەهێزیدا بوو، ئەو ناکۆکییە دەگەرێتەوە بۆ سێ هۆکاری سەرەکیی، 
یەکەم، بەرهەم هاڤرکێیەکی بەهیز بوو بۆ گرتنە دەستی پۆستی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. 
دووەم، بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق.
 سێیەم، ئەگەری وەرگرتنی پۆستی تر لە ئاست سەرۆکایەتی و سەرکردایەتی حکومەتی هەرێـم. (لە ١-١٥-٢٠١٣ دا بابەتێکم بڵاوکردەوە لە کوردستان پۆست بە ناونیشانی (تاڵەبانی وەسیەتی کرد، بەرهەم بۆ سەرۆک کۆماری و سکرتێری گشتی نابێ!) خوێنەر دەتوانێ چاوی لێبکا.

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=4ff3e5a1

د. بەرهەم ئەگەر مەترسی هەبووبێ لە سەر پێگەی هێرۆ لای خەڵکی سلێمانی بە حوکمی ئەوەی کە هەردووکیان خەڵکی ئەو شارەن، ئەوا د.نەجمەدین کەریم هەنوکە پێگەی جەماوەریی لە کەرکوک بێ هاڤرکێیە. تا ئەو سات و کاتەش کە هێرۆ و کوڕەکانی و باڵەکەی بەهیچ شێوەێێ ناتوانن بکەونە هاڤرکێ لەگەڵی. گومان لەوەدا نییە کە شاری کەرکوک جێگەی گرنگی پێدانی ئەمریکییەکان، پارتە دەسەڵاتدارەکانی حکومەتی ناوەند، تورکیا، ئێران و هەرێمە. بە بەراورد کردن لەگەڵ شارەکانی تری باشوری وڵات لە تای تەرازووی کێشمە کێشمە سیاسیەکاندا لەسەر ئاستی هەرێم، ناوەند، ناوچەکە و دونیا شاری کەرکوک سەنگی تایبەتی هەیە.
لە دەرئەنجامدا، د. نەجمەدین کەریم جەمسەرێکی بەهێزە، لە گەشە کردن و پەرەسەندنن دایە، کە لە دوا رۆژێکی نزیکدا بە ئاسانی دەتوانێ بەرامبەر هێرۆ و کوڕەکانی و باڵەکەی بوەستێ. حاڵی حازر پێگەیەکی بەهێزی بۆ خۆی دابین کردوە، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە هەمان موئەهەلاتی د. بەرهەم ساڵحی هەیە لە بوونی بروانامە، زانینی زمانی کوردیی عەرەبیی  وئینگلیزی. بێ گومان بەرهەم ساڵج چەند خاوەنی پێگە بێت لای ئەمریکییەکان د.نەجمەدین کەریم دوو ئەوەندە، لە دەرئەنجامدا ئەو کەسایەتیەش چاوەروانی ئەوەی لێ دەکرێ کە بشێ بۆ پۆستی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانی. پۆستی تری سەڕۆکایەتی هەرێـم. پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق هەروها چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت کە کاربکات بۆ بە هەرێم کردنی کەرکوک بە مەبەستی سەپاندنی دەسەڵاتەکانی و بەرژەوەندییە تایبەتیی و شەخسیەکانی خۆی!
پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئایا هێرۆ! روودانی مەترسی ئەو ئەگەرە لەسەر پێگەو دەسەڵاتی خۆی بە دوور دەبینێ؟ یان هەستی پێ ناکا؟ ئایا مەترسی د.نەجمدین کەریم وەکو مەترسی بوونی بەرهەم نییە؟ ئایا وەریسی سیاسیی تاڵەبانی بۆ ئەو مەترسییە پلانی چیە؟ ئایا ئەوەی لەگەڵ بەرهەم کردی دەتوانێ لەگەڵ نەجمەدین کەریم بیکا؟ کاتێ لە داهاتوودا کە هەردوکیان دەکەونە بەرامبەر بە یەک، پاڵاوتنەکانی هێرۆ کۆتای دێ لە نێو مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی یەکێتی وە دەبێتە رێگە خۆشکەری زیاتر بۆ خۆ هێنانە پێشەوەی د.نەجمەدین و روودانی ئەو ئەگەرە!




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە