چارەنووسی رێككەوتننامەی ستراتیژیی پارتی و یەكێـی بۆ كوێ؟

Wednesday, 09/09/2009, 12:00

1769 بینراوە


ساڵی 2005 هەردوو حزبی سەرەكیی كوردستان "پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان"، رێككەوتننامەی ستراتیژییان لەنێوان خۆیاندا مۆركرد. ئەوكاتە هەردوو پارتییەكە لەیەك ئاستی سیاسیی وپێگەی جەماوەرییدا بوون، بەڵام بەتێپەڕینی چوار ساڵ هاوكێشەكە سەرلەبەر هەڵگەڕاوەتەوە كە جارێكی تر پێویستی بەچاو پێداخشاندنەوە هەیە. چوونكە یەكێتی ئێستا لەنیوە كەمتری یەكێتییەكەی جارانەو پارتیش بەنۆرەی خۆی جەماوەری دابەزیوەو شەرعیەتی كەمبۆتەوە، ئێستا كاتی ئەوەیە پرسیار بكەین چارەنووسی رێككەوتننامەی ستراتیژیی ئەو دوو حزبە چی لێ بەسەردێت؟ ئایا واقیعی تازە چارەنووسی ئەو پەیماننامەیە بەرەو لێك هەڵوەشاندنەوە نابات؟ ئایا ئەگەر پەیماننامەكە هەڵوەشایەوە چی ئەگەرێك زۆر نزیكە رووبدات وجارێكی دیكە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی كوردستان ناكاتە ئەگەرێكی نزیك؟ ئایا ئەگەر پەیماننامەكە هەڵنەوەشایەوە ئەوسا چی پێشهاتێك چاوەڕێی بارودۆخی كوردستان دەكات؟.
ستیڤان:باس لەوە دەكرێت پارتی دەیەوێت بەهۆی لاوازبوونی یەكێتییەوە رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوانیان هەڵوەشێنێتەوە!، ئایا پارتی لەپێگەیەكی هێندە بەهێزدایە بڕیارێكی بەو شێوەیە بدات؟، ئایا ئەگەر پارتی بگاتە بڕیارێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەكە لەئەنجامیشدا نابێتە هۆی لاوازبوونی زۆرتری پارتی؟، بەگشتیی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننامەی ستراتیژیی چی كاریگەرییەكی دەبێت بۆ سەر پارتی؟.
مەجید ساڵح بەرپرسی سەنتەری راپرسی كوردستان: ئەگەر لەروانگەى بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە سەیرى رێككەوتننامەوى یەكێتى و پارتی بكەین دەبینین دەردی عەرەب دەڵێت تەوقیتەكەى لە"وەقت زایع"دایە. بەمانایەكی دیكە ئەو رێككەوتننامەیە ئەگەر لەپێش شەڕی ناوخۆى هەشت ساڵەى نێوان هەردوو لایەنەكە ببەسترایەو بەو پەرۆشییەى كە ئێستا بۆ ئەم رێككەوتننامەیە هەیانە پابەند بوونایە پێوەى، مەسەلەى كورد نەك هەر لەباشوورى كوردستان، بەڵكو لەبەشەكانى دیكەى كوردستان ئێستا گەلێك لەپێشەوە دەبوو. رێككەوتننامە ستراتیژییەكەى ئێستاى هەردوولا كە تاوەكو ئێستا دەقەكەى بۆ رایگشتى بڵاو نەكراوەتەوە، دەكرێت ناوی لێ بنێن رێككەوتننامەى پاراستنى بەرژەوەندییە حزبییەكان یان رونتر بڵێن رێككەوتننامەى پاراستنى بەرژەوەندیی بنەماڵەكانى دەسەڵات. بۆیە من پێموایە چارەنوسی رێكەوتننامەكە هیچ پەیوەندی نییە بە یەكێتى و پارتی وەك حزب ئەوەندەى پەیوەندیی هەیە بەرێكەوتنى هەردوو بنەماڵەوە. تاوەكو ئەو دوو بنەماڵەیە لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات وپارە لەنێوان خۆیاندا كۆك وبێ كێشە بن، رێككەوتننامەكەش سارى مەفعولەو بەزیادەوە جێبەجێ دەكرێت، كە ئاڕاستەى بەرژەوەندییەكانیش پێچەوانە بوون، هەڵوەشانەوەى رێككەوتننامەكە بەهەمان خێرایی بەستنى لەبەر یەك هەڵدەوەشێتەوە. واتە تەمەنى رێككەوتننامەكە بەندە بە تەمەنى بەرژەوەندیی هەردوو بنەماڵەوە.
پێموانییە پارتى لەم هەلومەرجەدا بیر لەهەڵوەشانەوەى رێككەوتننامەكە بكاتەوە، چوونكە لە بنەڕەتدا بوونى فراكسیۆنی گۆڕان ئەو دوو لایەنەى ئەوەندەى دیكە لەیەكتر نزیك كردووەتەوە. پارتی لە ماوەى 18 ساڵى رابردوودا توانی وا لە بەشێك لە سەركردایەتى یەكێتى بكات لە زۆر شتدا لاسایی بكەنەوەو ئەو خوو و رەوشتە وەرگرن كە ئەوان هەیانە. ئێمە دەزانین یەكێتى لە ئەساسدا بۆ ئەوە دروست بوو نموونەیەكى جیاواز لە حزبایەتى و خەبات بخاتە روو، بە درێژایی خەباتى شاخ كادێرو پێشمەرگەى یەكێتى توانیان ئەو جیاوازبوونە بەرجەستە بكەن، بەڵام زیرەكی پارتى لەوەدا بوو توانی لەماوەى شەڕى ناوخۆدا جیاوازیی لە نێوان خۆی و یەكێتیدا كاڵبكاتەوە و بیگەنێت بەم رۆژە كە دەیبینین. ئێستا كە بیركردنەوە و هەڵسوكەوتى و ستراتیژیى یەكێتى هیچ ناكۆك نییە لەگەڵ پارتیدا، چ بەرژەوەندییەكی هەیە لە هەڵوەشانەوەى ئەو رێككەوتنەدا؟. واقعیش پێمان دەڵێت ئەوەندەى پارتى و راگەیاندنەكەى قسە لەسەر بزووتنەوەى گۆڕان و سەركردەكانی دەكەن (كە لەو جەمعەن رازی نین لەپارتى بچن)، یەكێتیش هەر ئەوەندە قسەى لە سەریان كردووە. كۆى قسەكان ئەوەیە ئەو دوو بنەماڵە كە زیاتر لە 40 ساڵە شەڕى یەكتر دەكەن و خەڵك بەكوشت دەدەن و شۆڕش ئاشبەتاڵ پێدەكەن، "ئێستا" گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەى گەر نەدەنە پاڵ یەكەوە"گورگ" دەیانخوات.
وەك باسم كرد تا ئەو ساتەى بەرژەوەندیی هەردوولا بخوازێت، رێككەوتننامەكە كاری پێدەكرێت و كێشەیەك روو نادات. بەڵام وڵاتی ئێمە وڵاتى بومەلەزرەى سیاسییەو لەوانەیە لە هەر ساتێكدا رووداوێكى سیاسیی وا روو بدات دۆو دۆشاو تێكەڵ ببێت. ئەودەم پێموایە وەك چۆن لە رابردوودا بێ گوێدانە بەرژەوەندیی نەتەوەیی، لەشكرى ئەو وڵات و ئەم وڵاتیان دەهێنایە سەر یەكترى، جارێكى دیكە سیناریۆكانى شەڕى ناوخۆ و براكوژیى دووبارە دەبێتەوە. جارێكى دیكە دووپاتی دەكەمەوە رێككەوتننامەكە بۆ پاراستنى بەرژەوەندیی بنەماڵەییە، بەلاى كەمەوە بە لاى بنەماڵەى بارزانییەوە. بۆیە هەر ساتێك هەڕەشە لەسەر عەرشى دەسەڵاتیان دروستبوو، نەك یەك رێككەوتننامە هەزار دانەش مۆركرابێت، لەبەر یەك هەڵدەوەشێتەوە. ئەوە من نیم وا دەڵێم، ئەوەى مێژووی شەڕى ناوخۆ (1994-1998) بخوێنێتەوە دەیان رێككەوتننامەى ستراتیژیى و وەعدی شەرەف دەبینێت، كەچى تا بەرژەوەندییەكانى هەردوولا جووت نەبوون، شەڕەكە درێژەى كێشا.
ستیڤان:لەساڵی 2005 رێككەوتننامەی ستراتیژیی لەنێوان پارتی ویەكێتی بەسترا، ئەم رێككەوتنە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، بەڵام وەك دەبینین باڵانسی هێز لەنێوان ئەو دوو پارتییەدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئایا ئەمە نابێتە هۆیەك بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێككەوتنە ستراتیژییە؟، پێتوانییە بارودۆخی نوێ ئەو رێككەوتنە هەڵدەوەشێنێتەوە؟.
عەلی مەحموود محەمەد هەڵسوڕاوی رێكخراوی كوردۆساید: یەكێتی وپارتی لەمێژووی خۆیاندا, چەندین پەیماننامەیان واژۆ كردووەو دوایی بەخوێن پەیماننامەكانیان شووشتۆتەوە, ئەگەر سەیری مێژووی چوار دەیەو نیوی رابردوو بكەین لە كۆنگرەو ماوەت و سەفەرە مێژووییەكەی هەمەدان تاكوو دامەزراندنی بەرەی كوردستانی, پەیماننامەی هاوبەشی هەردوولا بۆ شەڕە مێژووییەكانی كەپكی حەمەدئاغاو كڵاوقاسم, شتێكی جێگیر لەنێوان ئەم دوو لایەنە نییە, پەیوەندییەكانیان بەردەوام لەگۆڕاندا بووە, تێگرتنی تۆكڵە شوتییەك, قازێك, فایلدارێك, وتارێك هەموو پەیوەندییەكانیان سەرەوژێر دەكات وپەیماننامەكانیانی كردۆتەوە خۆڵەمێش. ینك وتاڵەبانی بۆ خۆیان لەبەرامبەر پارتی و سەركردایەتی بارزانیدا درووستبووەو خۆی پێناسە كردووە, ئەو شەڕە دوورو درێژەی تاڵەبانی لە گەنجییەوە لەبەرامبەر بارزانی بەرپای كرد بە كەسی تر نەكرا, ئەو دەستبەتاڵ بەرپایكرد "حیزب, عەشیرەت, دارایی" هیچی لەپشت نەبوو, بۆیە ینك تەنیا بەناوی تاڵەبانییەوە تۆماركراوە, تا ئەو زیندوو بێت كەس هیچی دەست ناكەوێت خۆی بە ینك بزانێت و لە چەترەكەی تاڵەبانی دوور بكەوێتەوە.
لەدوای رووخانی بەعسەوە پارتی ویەكێتی پێویستیان بەیەكتر هەبوو بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیان لەكوردستان وبەغدا, ئەگەر یەكگرتوو نەبوونایە ئەوا جێگیری سەرۆك كۆماریشیان دەستنەدەكەوت, باڵوێزخانە و ئەوهەموو پلە وپایە زۆرانەیان بەر ناكەوت, یەكگرتوو نەبوونایە 17% بودجەشیان مسۆگەر ناكرد, یەكگرتوو نەبوونایە ئێستا هیچیان نەكردووە, ئەوسا ئەوەی هەشبووە لەدەستیاندەدا, بۆیە یەكگرتووییە ئەگەر لەناوخۆی كوردستان لەبەرامبەر گەلدا بەكاریانهێنابێت, ئەگەر لەڕێگەوەی پێشێلی ئازادییەكان وخەڵكیان برسی كردبێت, لەلایەكی دیكەوە یەكێتی گووتاری كوردیی تاكو راددەیەك لایەنی پۆزەتیڤیشی هەبووە, هەمیشە ئەم دوو لایەنە بەپێچەوانەی كوردستان لەبەغدا خۆیان وەك لایەنی داكۆكیكار لەدیموكراسی نمایش كردووە.
لە بیریشمان نەچێت بوونی هەرێمی كوردستان لەڕووی یاساییەوە پەیوەستە بەیەكگرتنی3 پارێزگای هەولێر و سلێمانی ودهۆك, ئەمەش بەبێ رێككەوتنی ئەم دوو لایەنە ناكرێت. تاكوچەند مانگێك پێش هەڵبژاردن نیمچە هاوسەنگییەك لەنێوان یەكێتی وپارتی لەئارادا بوو, بەگەورەبوونەوەی كێشە وململانێكانی نێوان هەردوو باڵی تاڵەبانی ونەوشیروان ئەو هاوسەنگییەش تێكچوو, تاڵەبانی بەسیاسەتی خۆی تاكو چوار ساڵی دیكە توانی تا راددەیەك خۆی بگرێتەوە, سیاسەت لەهەموو شوێنێك وایە, ئەگەر ینك دەنگ بەسەرۆكایەتی دەدات بەبارزانی و بە70% دەیباتەوە, ئەوا ئەویش دەبێت بەكورسی پارلەمان ئەو باجە بداتەوە.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت ینك بەتەنیا بچوایەتە هەڵبژاردنەوە, ئەوشكستەی ئێستای نەدەخواردو ژمارەی كورسییەكانی گۆڕانیش لە 15 سەرناكەوت. تاڵەبانی باجی بانگەشەكردنی بۆ بارزانی دا, پارتی ویەكێتی دەیان هەزار خوێن لەنێوانیانە, بەسانایی شوێنەوارەكانی ناسڕێتەوە. رۆژانی داهاتوو گرنگە بۆ چارەنووسی پەیماننامەی ستراتیژیی وتەنانەت پارسەنگی هێزەكانیش لەكوردستان, ئەویش بەوەی تا چەند پارتی ئامادەیە سەرۆكایەتی حكوومەت بداتە یەكێتی و بەتایبەتیش بەرهەم ساڵح. یەكێتی بەوەرگرتنی سەرۆك وەزیران بەشێكی گەمەكە دەباتەوە, هاوكات بەشێك لەجەماوەرەكەی لەگۆڕان وەردەگرێتەوە, چونكە ئەوانەی یاخی بوونەوەو لەگردەكە سەنگەریان گرت لەمامی خۆیان, لەترسی گۆچانەكەی هانایان بۆ گردەكە برد, بەوەرگرتنەوەی مافی یەكێتی لەدەسەڵات دێنەوە. ئەوەش لەیادنەكەین گۆڕان نەبووە بەڕێكخستن, هەر هەنگاوی نا, ئیتر تۆوی ململانێ ماندووی دەكات, وەرگرتنی سەرۆكایەتی حكوومەتیش هێز بە ینك وشەخسی بەرهەم ساڵح دەدات, ئەگەر سەرۆكی حكوومەت وەرگرنەوەو لەئیدارەدانی سەركەوتووبن, ئەوا ئەنجامی لەهەڵبژاردنەكانی پارلەمانی ئێراق وئەنجوومەنی شارەوانییەكان دەرەكەوێت, ئەو دوو هەڵبژاردنە تاقیكردنەوەی گرنگن. لەكۆتاییدا دێمە سەر ئەوەی ینك بۆ خۆی هەست بەوە دەكات باڵانسی هێز لەقازانجی پارتییە, پارتیش نایەوێت ئەوە ئیعلان بكات, ئەوەی باڵانسی پارسەنگی هێزەكانی نێوان "ینك وپدك"ی راگرتووە, پەیوەندیی و لێكتێگەیشتن وبەرژەوەندیی هەردوولایە, بەتایبەتیش تاڵەبانی وبارزانی. خاڵێك پێویستە لەیادی نەكەین تاڵەبانی باجی بەشێك لەشكستەكانی ئەو تەنازولەیە بۆ پارتی دەكات.
ستیڤان:یەكێك لەئەگەرە سیاسییە چاوەڕوانكراوەكانی ئەم دۆخە نوێیەی كوردستان هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتییە، ئەگەر شێمانەی ئەوە بكەین لەوادەیەكی نزیكدا ئەو رێككەوتنە هەڵدەوەشێتەوە، كاردانەوەكانی چی دەبن؟. ئایا ئەو دوو هێزە لاواز دەكات یان بەپێچەوانەوە؟. بەشێوەیەكی گشتیی پێتانوایە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیماننامەیە چارەنووسی كوردستان و زەمینەی سیاسیی كوردستان چاوەڕێی چی لێدەكرێت؟.
حەسەن جودی ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی چارەسەری:سەرەتا بەر لەقسەكردن لەسەر چارەنووسی خودی (رێككەوتننامە ستراتیژییەكە) بەگرنگی دەزانم كە ئاماژە بەدوو خاڵ بكەم: یەكەمیان: كەس تائێستا دەقی فەرمی ئەو رێككەوتننامەیەی نێوان پارتی و یەكێتی نەبینیوە. كەواتە هەر قسەكردنێك لەسەر ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتننامەیە جگە لە شرۆڤە و هەڵسەنگاندن هیچی تر نابێت. بەڵام پێویستە بپرسین: ئایا بۆ دەقی رێككەوتننامەیەك كە لەنێوان دوو زلحزبی دەسەڵاتدار واژۆ كراوە، ئاشكرا ناكرێت؟. لە كێی دەشارنەوە؟ بۆ دەیشارنەوە؟ ئەگەر ئاشكرا ببێت چی دەبێت؟ تۆبڵێی بڕگە و ماددەكانی ئەو رێككەوتننامەیە چی بێت ودژی كێ وكێ رێككەوتبن؟! بەباوەڕی من سەرانی هەردوو زلحزبەكە ناوەڕۆكی رێككەوتنامەكەیان لەترسی ئەمەریكا و ئەوروپا و دە‌وڵەتە سەردەستەكانی هەرێمەكە (توركیا، ئێران، سوریا) و لایەنە ‌ئۆپۆزیسیۆنەكان نایشارنەوە. چونكە هەردووكیان بەبێ ئەمەریكاو وڵاتە باڵادەستەكانی ئەوروپاو دەوڵەتە سەردەستەكانی كوردستان پەنجە ناخەنە ناو ئاوەوە، چ جای ئەوەی رێككەوتن لەدژیان واژۆ بكەن؟!. خۆ هیچ باكیشیان بەئۆپۆزسیۆن نییە. چونكە زۆربەی وردە حزبەكان مووچەو رێنمایی لەوان وەردەگرن ودەستەمۆیان كردوون. هەروەها ئەوكاتەی ئەو رێككەوتننامەیەیان واژۆش كرد، ئەوانەی ئێستا سەركردەی لیستی گۆڕانن لەگەڵیاندا لەلوتكەی دەسەڵاتدا بوون و ورد و درشتی ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنە دەزانن. ئەی كەواتە لەكێی دەشارنەوە؟.
من دەتوانم راشكاوانە بیڵیم كە هەردوو حزبەكە بەدرێژایی تەمەنی خۆیان هەر رێككەوتن و پەیماننانەیەكیان واژۆ كردبێت، هەر بڕیار و فرمانێكیان دەركردبێت، هەر كۆبوونەوەو دانیشتنێكیان لەنێوان خۆیان یان لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا كردبێت ئەوا لە‌سەدا نەوەدو پێنجی (%95)ی بەشاراوەیی ماوەتەوەو خۆیان بە فەرمی ئاشكرایان نەكردووە. لەبنەڕەتدا ئەوان جگە لە میللەتەكەی خۆیان و ئەندامانی خۆیان ناوەڕۆكی رێككەوتننامە و بڕیارەكانیان و كۆبوونەوەكانیان لەكەسی تر ناشارنەوە. ئەوان لەگەڵ گەلەكەی خۆیان و ئەندامانی حزبەكەیان شەفاف و راشكاو نین و هەموو شتێك لە گەلەكەی خۆیان و ئەندامانیان دەشارنەوە و بەردەوام چەواشەو بەلاڕێیاندا دەبەن. بۆ تەنیا لە گەلەكەیان و ئەندامانیان دەشارنەوە؟. چونكە لەلایەك هیچ رێزو حورمەتێك بۆ راوبۆچوون و ئیرادەی گەلەكەیان و ئەندامانیان دانانێن و بەهیچیان حیساب دەكەن و لێیان بێباكن. لەلایەكی تریشەوە وابیردەكەنەوە كە: (ئەگەر هەموو شتێك راشكاوانەو شەفافانە بە گەلەكەمان و ئەندامانمان بڵێین، ئەوا مسۆگەر پێی وشیار دەبنەوە و زۆر شت هەیە ئەگەر بیزانن و زانیارییان لەسەری هەبێت ئەوا لێمان پەسەند ناكەن و لەدژمان دەوەستنەوەو لێمان دووردە‌كەونەوە).
خاڵی دووەمیش كە دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە: خۆی نازانرێت ئەوەی سەرانی هەردوو حزبەكە لەنێوان خۆیان بە نهێنی واژۆیان لەسەر كردووە چییە؟، رێككەوتننامەیە؟، پەیماننامەیە؟، هاوپەیمانێتییە؟. بەڕاستی ستراتیژییە یان تاكتیكی و قۆناغدارییە؟. تەنانەت بەڕێزیشتان هەردوو دەستەواژەی (پەیماننامەو رێككەوتننامە)تان لەپرسیارەكەتان بەكارهێناوە. بۆ؟ چونكە كەس نازانێ ئەوەی واژۆیان لەسەر كردووە چییە؟. تەنانەت من ئەوەش دەپرسم بەڕاستی هەر بە سەرزارەكی لەنێوان خۆیاندا رێككەوتوون؟، یان ئایا هیچ كاغەزێكی نووسراو لەنێوانیان هەیە تا واژۆیان كردبێت؟!. جگە لەسەرانی هەردوو حزبەكە، كەس لە گەلەكەمان و ئەندامانیان نایزانیت لەسەرچی و چی رێككەوتوون و لەدژی كێ رێككەوتوون؟ چییان واژۆ كردووە یان نەكردووە؟.
بەكورتی بۆیە ئاماژەكردنم بەو دوو خاڵە بەگرنگ بینی، چونكە هەر رێككەوتننامەیەك، پەیماننامەیەك، بڕیارێك و ناوەڕۆكی هەر كۆبوونەوە و دانیشتنێك لە كێ بشاردرێتەوە ئەوا مسۆگەر لە دژی ئەو رێككەوتوون یان پەیمانیان بەستووە، یان بڕیاریان داوە و قسەیان لەسەر كردووە. كەواتە مادام ئەوان (رێككەوتننامە ستراتیژییەكەیان) لە ‌گەلەكەی خۆیان و ئەندامانی خۆیان دەشارنەوە،‌ ئەوا مسۆگەر لەدژی بەرژەوەندییەكانی ئەوانیش واژۆیان كردووە. ئیتر ئەگەر ئەم قسەیە راست نییە با راشكاوانە دەقی ئەو رێككەوتننامە ستراتیژییە و دەقی سەرجەم رێككەوتنەكانی تر بۆ خەڵك بڵاوبكەنەوە. وەكو گووتم كەس نازانێت لەسەر چی و لەدژی كێ و چۆن رێككەوتوون، بەڵام لە هەڵسوكەوت و هەڵوێستەكانی ئەو چەند ساڵە‌یاندا دیارە كە لەسەر چەند مەسەلەیەك رێككەوتوون، هەندێك لەو مەسەلانەش بە بڕوای من ئەمانەن:
1. لەئاستی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێندراوەكان و ئێراقدا، دابەشكردنی سەرجەم داهاتەكان و دەسەڵاتە‌كان لەنێوان خۆیاندا، هەر یەكەو بەگوێرەی قەبارە و كاریگەریی خۆی. بەیەك لیست بەشدارییكردن لەهەڵبژاردنەكاندا. بەیەكەوە بەشدارییكردن لەهەر هاوپەیمانێتییەك كە لە ئێراق ببەسترێت. كۆتایی بە دوو ئیدارەیی بهێنرێت و حكومەت و ئیدارەكانی هەرێم یەكبخرێنەوە، جگە لە وەزارەتە گرنگ و هەستیارەكان، كۆمپانیا بازرگانییەكان، دەزگا هەواڵگریی و سیخوڕییەكان.
2. رێگەنەدان بە دەركەوتن و گەشەكردنی ئۆپۆزسیۆنی ئاكتیف و راستەقینە. هەوڵدان لەڕێگەی پارەو پۆست و فشار و زەبروەشاندن و رێگریكردنی یاساییانە بۆ پەڕاوێزخستنیان و تەشهیركردنیان. هەروەها پشتیوانی نەكردنی كەس و لایەنە دژەبەرەكانی یەكتری. بێدەنگ مانەوەو‌ هاوكارییكردنی یەكتر بۆ لاوازكردن و پاكتاوكردنی دژبەرانی یەكتر.
3. بەیەكەوە هاوكارییكردنی دەوڵەتە سەردەستەكانی كوردستان بۆ زیاتر لاوازكردن و زەبروەشاندن لە ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئەو وڵاتانە.
4. بەردەوامبوون لەسەر پشتیوانیكردنی ئەمەریكا و دەوڵەتە هاوپەیمانەكانی لە ئێراق و ناوچەكە.
هەڵبەتە بەگوێرەی سیاسەتی ئەو چەند ساڵەیان وا مەزەندە دەكەم كە ئەمانە خاڵی سەرەكی نێوانیان بێت. جا لەوانەیە لەو خاڵانە مەترسیدارتریش هەبێت و كەس پێی نەزانێت و لەداهاتووشدا بە كردار و هەڵوێستەكانیان بەدیار بكەوێت.
بەباوەڕی من رێككەوتنەكەی نێوان پارتی و یەكێتی رێككەوتنێكە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی شەخسی و بنەماڵەیی و دواجار حزبی، هیچ پەیوەندییەكی بە پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابووری و دیبلۆماسییە‌كانی گەلەكەمان و ماف و داخوازییە نەتەوەییەكانمانەوە نییە. تەوەری سەرەكی رێككەوتنەكە (پاراستن و زیاتر پاوانكردنی دەسەڵات و سەرمایەكانیانە) بۆ ئەمەش لەسەر (دابەشكردنی سەرجەم داهاتەكان و دەسەڵاتەكان، دژایەتیكردنی ئۆپۆزیسیۆنی راستەقینە، هاوكاریی و پشتیوانیكردنی دەوڵەتە زلهێزەكان و سەردەستەكانی كوردستان‌) رێككەوتوون. هەردوو زلحزبەكە هەموو شەڕ و پێكدادانەكانیان لەگەڵ یەكتری و هەموو رێككەوتنەكانیشیان هەر لەپێناو پاراستنی دەسەڵات و سەرمایەكانیان و زیاتر پێشخستنی قەڵەمڕەویی و پاوانخوازێتیان بووە. كاتی خۆی هەریەكەیان بەشەڕ و پیلانگێڕیی دژ بەیەكتری ئەمەیان دەكرد. ئێستا سەردەمەكە گۆڕاوە، ناچارن بەرێگەی ئاشتییەكی كاتیی و ساختەو رێككەوتنێكی ساختەی نێوانیان ئەمە دەكەن. تا ئەو كاتەی بتوانن بەیەكەوەو بەتەبایی ئەمە ئەنجام بدەن، ئەوا ئەنجامی دەدەن و بەردەوام دەبن لەسەر ئەو رێككەو‌تنە. خۆ ئەگەر بزانن ئەم‌ رێككەوتن و ئاشتییەی نێوانیان بەتەواوی رێگرە لەبەردەم پاوانخوازیی و قەڵەمڕەوی یەكێكیان و زیاتر دەچێتە بەرژەوەندیی ئەوەی تریانەوە، ئەوا بێ دوودڵی یان ئەو رێككەوتنە یەكلایەنە هەڵدەوەشێنێتەوە یان داوای سازش و قەرەبوو ودەسكەوتی زیاتر دەكات‌.
ئێستا تارادەیەك رەوشێكی وەها لەئارا دایە، كە لەئاكامی ئەو هەڵبژاردنەی دوایی هێزێكیان (یەكێتی) ئینشیقاقێكی كرداریی و نافەرمی تێكەوتووەو ئەوانەی ئینشیقاقیان كردووە لیستی جیاوازی خۆیان لەدەرەوەی هاوپەیمانێتییەكە دروستكردووە (لیستی گۆڕان)و گوایە ئەمە لەدەرەوەی رێككەوتنەكەیە، لایەنی بەرامبەریش (پارتی) كە پێیوایە لەمەدا زیانی بەركەوتووە، پێویستە قەرەبوو بكرێتەوە، یان دەسكەوتی زیاتری بەربكەوێت لەرێژەی كورسییەكانی پەرلەمان و پۆستە گرنگەكانی حكومەت. كەواتە ئەگەر بەگوێرەی ئەم هاوكێشەیە بێت ئەوا دوو رێگا لەبەردەم ئەو رێككەتننامە ستراتیژییەدا هەیەو رووبەڕووی دوو چارەنووس بۆتەوە: یان بەتەواوی هەڵبوەشێتەوەو كۆتایی بەم رێككەتننامەیەی نێوانیان بێت، یانیش پێویستە (یەكێتی) سازش بۆ (پارتی) بكات و كەمێك لە بەشە دەسەڵات و بەشە داهاتی خۆی بداتە (پارتی). رەوشی (یەكێتی)یش كە زیاتر لە ئاردی ناو دڕك و تەسبێحی داو پساو دەچێت، بەناچاریی ئامادەیە كەمێك سازشی بە برابەش و برادەسەڵاتی خۆی (پارتی) بكات و بەمەش رێككەوتنە ستراتیژییەكەیان بەردەوام پێدەدەن.
دەبێت باش دەرك بەو راستییە بكەین كە بەهێزبوونی هەر یەك لەو دوو حزبە بەهێزبوونی ئەوەیتریشیانە، لاوازبوونی هەر یەكێكیشیان لاوازبوونی ئەوەی تریانە. بەڵام بەردەوامیش خەریكی بنكۆڵكردنی یەكتر و پچڕاندنەوەی دەسكەوت و سازشی زیاترن لەیەكتر. ئەوان لەخۆشەویستی یەكتر رێككنەكەوتوون، بەڵكو لەبەر ئەوەی بەرژەوەندییەكانیان و تەنانەت مانەوەشیان پەیوەستە بەیەكترییەوە. مرۆڤ ناتوانێت تۆزقاڵێك جیاوازیی لەنێوانیاندا لەرووی چۆنایەتی و ماهییەت و تەنانەت شێوەگرتنی ئەقڵییەت و چەمكی كار و ژیان و رێكخستن و كەسێتیشیان ببینێت. ئیتر بۆ رێككنەكەون و بۆ سازش بۆ یەكتر نەكەن؟!. لەراستیدا سەرانی هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكە نوێنەرایەتی زۆرینەی گەل ناكەن، بەڵكو تەواو نوێنەرایەتی چینی باڵادەستی كورد دەكەن‌، تۆ هەرچی ناوێك لەو چینە بالا‌َدەستە دەنێیت بنێ، بەڵام خاوەنی چەند تایبەتمەندییەكەو بەو تایبەتمەندییانەی خۆی دەناسرێتەوە كە بریتییە لە "توندوتیژخواز و ستەمكار، بێبەرهەم و مشەخۆر، بێئیرادە و وابەستە بەدەرەوە‌، پیاوسالار و كۆنەپەرست، گەندەڵ و دیماگۆگ، هەلپەرست و پاوانخواز...هتد" هەڵبەتە ئەم چینە بەم هەموو تایبەتمەندییەی خۆیەوە ناتوانێت بەرژەوەندییە نەتەوەیی و دیموكراتییەكانی تاك و كۆمەڵگا بپارێزێت و پێشیبخات. بۆیە سەرەڕای هەموو ئەو دەسەڵات و داهاتەی لەدەستیان دایە، بەڵام رۆژ بەرۆژ خەرەندی نێوان هەردوو حزبەكە لەگەڵ میللەت قووڵتر و فراوانتر دەبێت، تادێت دیواری نێوان ئەوان و گەل ئەستوورتر و پانتر دەبێت. خۆ ئەگەر هەردوو حزبەكە لە (دەسەڵات و داهاتی پاوانكراو)ی چەندین ساڵەی خەڵك دابماڵدرێن، ئەوا بیست وچوار كاتژمێر ناتوانن خۆ لەسەر پێ بگرن و بەرگەی یەك شەپۆڵی ناڕەزاییەتی خەڵك ناگرن و یەكسەر دەپووكێنەوە. ئیتر ئەگەر رێككەوتنێك بتوانێت لەفەوتان و پووكانەوە رزگاریان بكات بۆ بەردەوامی پێنەدەن؟!. چی تیایە برابەش وبرا دەسەڵاتی یەكترن، ئەگەر كەمێك سازش بۆ یەكتریش بكەن، ئاساییە وتەنانەت پێویستیشە!!.
بۆیە مەزەندە ناكەم هەروا بەئاسانی تەواوی رێككەوتنە ستراتیژییەكەی نێوانیان هەڵبوەشێننەوەو سەری خۆیان بدەنە دەستی ئەو قەدەرەی كەوا گەل بۆیان دەستنیشان بكات. دەكرێ بەقازانجی تەرەفێكیان چەند بڕگە و خاڵێكی بگۆڕن یان هەمواری بكەن، دەكرێ بەلاوازبوون یان هەڵوەشانەوە و پارچە ‌پارچەبوونی یەكێكیان، كە بەراددەیەك یەكێكیان ببێتە بارێكی قورس و توانای هەڵگرتن و پاراستنی نەمێنێ و ئیتر رێككەوتن لەقازانج زیاتر زیان بەوەیتر بگەیەنێت، ئەوا مسۆگەر لایەنە بەهێزەكە دوودڵ نابێت و بەبێ پرس بەلایەنی بەرامبەری، رێككەوتنەكە هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەمە راستینەی شاراوەی ئەو رێككەوتننامە ستراتیژییە‌یە كە لەنێوان یەكێتی و پارتیدا بەهەیە.
دەكرێ بە تەنیا بەهوشیاركردنەوەی گەل، بەخۆ بەرێكخستنكردنی گەل وچالاكوانێتی بەردەوامی گەل، هەروەها بە ئۆپۆزسیۆنێكی نیشتمانپەروەر و دیموكراتییانەی كارا و بەتوانا و بەرنامەدار دەتوانن دەسەڵات و داهاتە دزراوەكانی گەل لەو دوو حزبە دەسەڵاتدارە و هەروەها لەو ئۆپۆزسیۆنە دەمامكدراوەی هەیە بسێنێتەوە و بدرێتەوە بە گەل. ئەگەرنا من لەو باوەڕەدام كە بە ئینشقاق و تەكەتولبازیی و بزاڤی هەڕەمەكی و حەماسەتی بێفیكر و بێپرەنسیپ ناتوانن درز بخەنە ناو ئەو رێككەوتنەی نێوان یەكێتی و پارتی و هەڵیبوەشێننەوە. ناكرێ بە ئۆپۆزسیۆنێك كە لەرووی تایبەتمەندێتی چینایەتییەوە لە چینی دەسەڵاتدار بچێت و لەجەوهەر و ماهییەتدا دەسەڵاتخواز بێت‌ و لەهەناوی دەسەڵاتەوە، نەك‌ لەهەناوی گەلەوە، دروستبووبێت‌ تەنگ بەو حیزبە دەسەڵاتدارانەی ئێستا هەڵبچنێت و تادوایی لەبەرەی گەلدا بمێنێتەوە. چونكە ئۆپۆزیسیۆنی بەمشێوەیە ناتوانێت ببێتە پێشەنگی وەرچەرخان و قەڵەمبازە مەزنەكان، ئیتر زوو یان درەنگ دەمامكی خۆی فڕێدەدات و دەستبەرداری لە بانگەشە و كارنامەكەی خۆی دەكات، جا چ بەفشار بێت یان بەدەستخەرۆدان و ئیمتیازات پێبەخشینەوەی‌ بێت، زوو سەنگەری گەل بەردەدات و دەچێتەوە ژێر باڵی دەسەڵات و راستینەی چینایەتی خۆی دەخاتەوە ‌روو. ئەمەش جگە لەسەرلەنوێ بێهیواكردنەوەی گەل هیچیتر لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت. بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە ئەو رێككەوتنەی نێوانیان تا ماوەیەكی تریش هەر بەردەوام ببێت، تا ئەو كاتەی ئیتر لایەنێكی ئەو رێككەوتنە مەیلی پاوانخوازیی زیاتر دەبێت، یان لایەك دەبێتە بار و ئاستەنگ بۆ لایەكەی تر، ئەوا لایەنە پاوانخوازترەكە خۆی لەلای خۆیەوە رێككەوتنەكە هەڵدەوەشێنێتەوە یان سازش و دەسكەوتی زیاتر لەوەیتر دەخوازێت. یانیش بەئیرادەی ئازاد و سەربەخۆی گەل و بەتوانستی ئۆپۆزسیۆنێكی كارای ئازادیخواز و دیموكراتیخواز ئەو چینە لەدەسەڵات و داهاتی ئەم گەلە دابماڵن و بەڕێوەبەرایەتییەكی جەماوەریی - دیموكراتی گەشە پێبدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە