داعشی سونە بەرانبەر دەکرێت بەکۆماری لە سێدارەی شیعە!

Thursday, 19/02/2015, 12:00

1681 بینراوە




داعش؛هەروا بزوتنەوەیەکی سونی توندڕەو نیە کە لە هیچەوە پەیدا بووبێت،داعش؛بەدەر لە فاشیزمە ناسیۆنالیستیە عەرەبیەکەی، دەربڕینە لە ئەسڵی بەشە سونیەکەی نێو ئاینی ئیسلام. من ڕێکاوڕێک ناتوانم بڵێم کە دژایەتی و ململانێی نێوان سونەو شیعە کەی درووست بوەو،کەی دەستی پێکردوە. بەڵام دڵنیام کە ئەو خوێنڕێژیە دەگەڕێتەوە بۆ زیاد لە چواردە سەدەی بەر لەئێستا. زۆرجار،یان بەیەقینەوە دەتوانم بڵێم کۆی ئاینە بەناو ئاسمانیەکان هاوتەریب و هاوبەشی سەرەکی بوون لەنێو پەیدا بوونی خەتی چینایەتی و ململانێ دژوارەکانی نێوان دوو چینی کۆمەڵایەتی. چینێک هەردەم چەوسێنەرو خۆسەپێنەر بەسەر چینی چەوساوەی ژێر دەستدا.


ئاینە بەناو ئاسمانیەکان مەگەر لە قۆناغی زۆر تایبەتدا کە بەرگریان لە چینی چەوساوە کردبێت،وەک قۆناغی شۆڕشی فەرەنسای سالی 1789 ،کاتێک کە بۆ توێژی پاپاو دارودەستەکەی ڕوون بوو کەچیتر بنەماڵەی پاشایەتی چەوسێنەری سەر کۆمەڵگا بواریان بۆنەماوەتەوە بۆ حوکم کردن،لەکاتێکی وادا،ئەو توێژە ئاین پەرستە هاتنە پشت داخوازیەکانی شۆڕشگێڕانەوە،ئەویش تەنها بەو هۆکارەی کە لەسبەی ڕۆژدا جێگاوڕێگای خۆیان نەدەۆڕێنن. پەرتوکە مێژوویەکان ئاماژە بەو کارە دەدەن، ئەگەر نا،ئاینەکان و چینی چەوسێنەری خاوەن خاوەندارێتی تایبەت هەمیشە هاوسەنگ و هاوتەریب بوون بەیەکتری.

ئەسڵی بابەت،مەسەلەی داعش و کارە تەواو دڕندانەکانیەتی کە ڕۆژانە دەیبینین و گوێ بیستی دەبین.
هەرکەسێک سەرەتای ساڵی 1979ی بەبیر بێت،دەزانێت کە خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران،دەیانویست و خەباتیان کرد بۆ ڕوخانی شاو دارودەستە چەوسێنەرەکەی، وە بەکرداریش بەو کارە هەستان و بەئەنجامیان گەیاند،چونکی خەڵکی ئەو وڵاتە خوازیاری ژیانێکی ئاسودەو بەختەوەر بوون،کاتێک شا ڕوخێنرا،ئیتر بۆ وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکاو ئەوروپای ڕۆژئاوا، کێشەکە زەحمەتر دەبوو،چونکە بلۆکی شورەوی سەر بە سۆسیالیزمی بنیات نراو لەمەیداندا بوو، بێگومان کێشمەکێشی نێوان ئەو دوو جەمسەرە،تەواوی جیهانی دابەش کردبوو. ئالەو ساتەدا، بۆ وڵاتانی سەر بەبڵۆکی سەرمایەداری، چیتر گونجاو نەبوو لە وڵاتێکی وەک ئێراندا مەدی سۆسیالیستی و ئازادیخوازی سەربگرێت و بەرەو پێشەوە بچێت،بۆیە زوو بەزوو؛کەوتنە خۆ و کەسایەتی ئایەتوڵا خومەینیان هێناو بەلەشکرێک گوێ لەمست و کۆیلەوە کردیان بەحاکم بەسەر خەڵکی ئێرانەوە،دوای بەدەست گەیشتن بەڕابەرایەتی و گرتنی جڵەوی دەسەڵات،ئیتر جیهانی تاریکستانی دەستی پێکردوو، بۆساتێکیش دەروازەیەکیان نەهێشتەوە بۆ پێشوەچون و سەرکەوتنی شۆڕش. لەو ساڵە بەدواوە، جیهانێک لە بەربەریەتی مەدی شیعی گەرای زاڵ کرا بەسەر ئێران و ئەو وڵاتانەی کە خەڵکی شیعە مەزهەبی تێدایە. دوای ئەو قۆناغە؛جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران ،عێراقمان بینی و کۆی بەشمەینەتیەکانمان بەرجەستە کرد.

ژیانێک بەدوور لە هەناسەدانێکی دوور لە ترس و دڵەڕاوکێ و مەرگ، دوا دەرئەنجام دووبارە بونەوەی مەرگەساتی چواردە سەدەی پێش ئێستا.
پەیدا بوونی داعشیش پەیوەستە بەو مەدە شیعی گەراییەوە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا، دیارە ئەم قۆناغە نوێیە، دەکرێت بڵێین قۆناغی وەبیرهێنانەوەی سەردەمی پەیدابوونی مەدی شیعی و سوونی لەنێو ئاینی ئیسلامدایە. ئێستاکانێ، پاڵپشت و هیدایەت کەرانی نێو ئەو دوو جەمسەرە ئیسلامیە وڵاتانی زلهێزی ڕکابەری جیهانن و وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی ئەو زڵهێزە ڕکابەرانەن؛ واتە چینی قازانج خۆری سەرمایەداری، ڵەبیرتان نەچێت،گەر ئاینی ئیسلام و کۆی ئاینەکان جێگایەکیان بۆ ئەو چینە چەوسێنەرە لەنێو هەگبەدا حەشار نەدابێت،ئەوا ئەستەم دەبوو،کە ئێستا ئەو دینە بەدەست دەزگا هەواڵگریە جیهانیەکانەوە بوایە. بۆیە دەبێت لاتان ڕوون بێت کەمەدی داعشیزم،مەدێکی قۆناغ بەندی درێژ دەبێت و پەیوەست دەبێت بەو ململانێ جهانیەی نێوان بلۆکی کاپیتاڵیستی ئەمریکای و ڕوسیایی،.
مەدی توندڕەوی فاشیزمی سونی کە داعش نوێنەرایەتی لێ دەکات،بە پارێزراوی دەمێنێتەوە لە بەرانبەر مەدی شیعی دڕندە کە کۆماری لەسێدارەی ئایەتوڵاکان ڕابەرایەتی لێ دەکەن،.

لەنێو ئەو جەنگ و دڕندایەتیەدا کێشە لەوێدا نیە کە چەند سەد هەزار لە مرۆڤە بەدبەختەکان تێدا دەچن، کێشە بنەڕەتیەکە لەوێدایە، کە خەڵکی سادە، ئینکار بوونی ئەو دوولایەنە بکەن لە ئیسلام بونیان و بەبەکرێ گیراو سەیریان بکەن، لەلایەکی تر ئاوا تێگەیشتنێک بۆ خودی ئەو دوو جەمسەرە دڕندەی نێو ئاینی ئیسلام مایەی بەختەوەریە کە کۆیلەکانیان وا بیر بکەنەوە، وە بۆ زلهێزانی سەرمایەداریش هەمان شێوە مایەی قازانجی مادی و مەعنەوی زیاتر دەبێت. ئەوەی لەم نێوەدا پێش دەکەوێت مەدی ڕاسیستی و شۆڤێنیزمە. پێش وەچونی ئەو دوو جەمسەرەش، بەمانای دواکەوتنی سەرهەڵدانی شۆڕشی چینایەتی دێت، دیارە ئەوەی لەم نێوەندەدا زەرەر مەندی سەرەکیە، ئەو چینە بێبەش و زەحمەتکێشەی نێۆ کومەڵگایە.

مانەوەی ئەم قۆناغە پڕ لەمەرگەساتە بۆ چینی چەوسێنەری سەرمایەداری مایەی بەختەوەری و تەمەن درێژی ئەوان دەگەیەنێت، بەپێچەوانەوە، چینی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا و بزوتنەوە یەکسانیخواز و ئازادیخوازەکان چەند زووتر هەست بە چەوساندنەوەی خۆیان و بەکارهێنانی خۆیان بکەن، بەو ئەندازەیەش دەتوانن کۆتای بەماناکانی دین و گشت چینی چەوسێنەر بکەن.
داعش، درێژە دەکێشێت و دەکرێت بەڕەقیبی سەرسەختی مەدی شیعی گەرا لەنێو گشت وڵاتانی ناونووسکراو لەژێر ئاینی ئیسلامدا. مانەوەی ئاینی ئیسلام و ئەوکۆ توند ڕەویە وەحشیەتە پەیوەستە بە پێویست بوونی وڵاتانی زلهێزی پیشەسازی بەبەرهەمەکانی نەوتی خاو وە پێداویستیە مەعدەنیەکانی دیکە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا. بەنەمانی ئەو پێداویستیانە،دڵنیام، ئیتر ئاینی ئیسلامیش پێویستیەکی ئەوتۆی نامێنێت بۆ مانەوە،چونکە ئیتر ناتوانێت ببێت بەمایەی قازانج بۆ سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری.

داعش بۆ ئەم قۆناغە، تەواو کەری هێزهاوسەنگی دەبێت بەرانبەر بەمەدی شیعی و بەمووش لایان نەداوە لەئەسڵی مەزهەبی سوونی لەنێو ئاینی ئیسلامدا.!؟ ئیتر هەزار بڕوو بیانوی بێ مانا لەوەی داعش ئیسلامی ڕاستەقینە نیە، بایی تورێکی قوڕاویش نیە. داعش هەقانیەتی بەشی سونە مەزهەبی ئاینی ئیسلامە، وەک چۆن کۆماری لەسێدارە بەشی هەقانیەتی شیعە مەزهەبی نێو ئاینی ئیسلامە.

تاهیر حاجی حەسەن
18/02/2015

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە