داعش و ململانێی نێوان دوو پڕۆژە

Tuesday, 05/08/2014, 12:00

1759 بینراوە





لەدەستدانی گوندێک، شارێک، ناوچەیەک... بە پێوەری سەربازیی کارەساتێکی گەورە نییەو هەرهێزێکی سەربازیی لەجیهاندا دەکرێ لەقۆناغێکدا بەشێک لەخاک لەدەستبدات و لەقۆناغێکی تردا بەدەستی بخاتەوە. بەڵام لەدەستدانی شەنگال تەنیا بەپێوەری سەربازی هەڵناسەنگێنرێت. بەڵکو لەبەر چەند تایبەتمەندیی بەپێوەریی ئەخلاقی و مرۆیش شیاوی هەڵسەنگاندنە. چونکە پاشەکشەکردنی پێشمەرگەو جێهێشتنی دەیان هەزار خەڵکی بێدیفاعی کورد یان غەیری کورد لەناو چڕنوکی دڕندانەی هێزێکی وەک داعشدا کارێکی دەرەوەی ئەخلاقی سەربازیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و عەشیرەتیی و مرۆییە.
لێرەدا سەبارەت بە پاشەکشەی چەکدارەکانی پارتی لە ڕەبیعەو زومارو شەنگال ... پویست بەوەڵامدانەوەی چەند پرسیار هەیە:
بۆچی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، و هێزە بەرگرییکارییەکەی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەماوەی نزیک بە سێ ساڵدا، سەرەڕای ئابڵوقەی ئابووریی هەمەلایەنە، گێرەشێوێنییەکانی دەوڵەتی تورکیا، کۆسپ و تەگەرەو دژایەتیی جۆربەجۆر لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، درۆ و بوختان و پێوەلکاندنی تۆمەتی تێرۆرو هاوکارییکردن لەگەڵ دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد، و هێرشی دڕندانەو بێ ئەمانی داعش و گروپی جۆربەجۆری تری دژ بەکورد،... ئەم جار وەک چیا قەدی بڵندی خۆی نەچەماندەوەو هەر ڕۆژ گوندێکی لەدەست دابێت، ڕۆژی دوایی دەگوندی تری پێوە ئازاد کردووە، کەچی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەشەوو ڕۆژێکدا سەرەڕای ئەم هەموو توانا ماڵی و سەربازی و مرۆیی و گوایا پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی هەیەتی ورەی بەرداو لەپێش خەڵکی بێ چەک و بێ دیفاعی شەنگالدا خۆیان لەبەر هێرشێکی داعشدا نەگرت و هەڵاتن و دەیان هەزار خەڵکیان بێسەرپەناو خواردن بەجێهێشت...؟
ئایا بەڕاستی پارتی لەئاکامی ڕێکەوتنێک لەگەڵ داعش شەنگال و ناوچەکانی تری بەجێهێشت، یان پێشمەرگەکانی شەڕیان پێنەکراو لەترسان هەڵاتن...؟
وەڵامەکەی هەرکامیان بێت، هۆکارەکەی بۆ یەک سەرچاوە دەگەڕێتەوە: چونکە هەرکام لەم دوو بەرەیە، واتا بەرەی پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، و بەرەی یەکینەکانی پاراستنی گەل سەر بە دوو ئایدیۆلۆژیای جیاوازو بەڵکو سەر بە دوو پرۆژەی سیاسیی جیاوازن.
پرۆژەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر ئەم بنەماو باوەڕو ئایدیۆلۆژیایە بنیاتنراوە، کە گوایا کورد، نەتەوەیەکی بێکەس و بێپەنایەو چواردەوری بە داگیرکەران تەنراوەو لەپێناو خۆپاراسن و توانای ژیان و بەردەوامیی هەبوونی، پێویستیی بەهەڤاڵبەندیی و چونە پرۆژە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان هەیە. و بۆ هەر بڕیارێکی سیاسیی، پێویست بە پرس و ڕاوێژی هێزی دەرەکی دەکات.
بەڵام پرۆژەی دووەم کە ئاندازیارەکەی عەبدوڵا ئۆجالان و پارتی کرێکارانی کوردستانە، لەگەڵ ئەوەدا کە دۆستایەتی و پێکەوەژیانی گەلان بەئامانجێکی هەرەسەرکی دادەنێت، وکۆمەک و یارمەتیی و هەڤاڵبەندیش بە پێویست دەزانێت. بەڵام پێیوایە کە کورد نابێ و ناشێ پشت بەهیچ پرۆژەیەکی هەرێمی یان نێودەوڵەتی ببەستێت و لەوێدا جێگای خۆی بگرێت و چاوەڕوانی هاوکاریی دەرەکی بێت. بەڵکو دەبێ خاوەن پڕۆژەیەکی سەرتاپا هی خۆی بێت و بۆتەواوی پێویستییەکانی خەباتی ڕزگارییخوازی پشت بە گەلی خۆی ببەستێت. ولەهیچ بڕیارێکی سیاسییشدا پرس بەهیچ هێزو لایەنێکی دەرەوەی کورد نەکات.
کارییگەریی هەریەک لەم دوو پرۆژەیە بەتایبەتی لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، بەڕوونی شیاوی دیتن و هەڵسەنگاندن، و بەراووردکردنە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو بایەخەی لەئاکامی چوونە ناو ئەو پرۆژە هەرێمی و نێودەوڵەتیانەوەو بەهاندانی وڵاتێکی وەک تورکیا پێشکەشی کرد، گەلێک قورس ومەترسیدارە.! ئەو بووە سەرەنێزەی دژایەتییکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ڕۆژئاواو بگرە باکوری کوردستان. و لەحاڵێکدا کە بزووتنەوەی داعش لەسەر سنوورەکانی کوردستاندا سەنگەریان لێدەدا، پارتی کەناڵی جیاکردنەوەی سنووری لەنێوان باشوورو ڕۆژئاوای کوردستاندا هەڵدەکەند.
لەحاڵێکدا کە کوردانی ڕۆژئاوا دەسەڵاتیی سیاسیی و خۆبەڕێوەبردنیان ئاوەاکردو بەخوێنی ئاڵی کچان و کوڕانی خۆیان پاراستیان و دەیپارێزن، پارتی بەدەستلەپشتدانی تورکیا، هێزەکانی لایەنگری خۆی ناردە ناو هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.
لەکاتێکدا کە کوردانی ڕۆژئاوا ڕۆژانێکی سەختیان لە شەڕی بەرگریی وقەیرانی ئابووریی و کەمی چەکوتەقەمەنی و نەبوونی دەرمان و چارەسەریی پزیشکیی... بەسەردەبرد، پارتی سنوورەکانی لەسەر ئەو بەشە دادەخست و دەیانگوت: ڕێگا نادەین ئەوانە بازرگانی بکەن و گشت ئەمانە تا ئەم لەحزەیەش بەردەوامن.
بەڵام کاتێک پارتی لەشەنگال دەکشێتەوە، یەکینەکانی پاراستنی گەل شوێنیان دەگرنەوەو بەهانای دەربەدەرو لێقەوماوانەوە دەچن و ئەگەر توانای بەرگریشیان نەبێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە ڕاناکەن و قارەمانانە شەهید دەبن. چونکە لەپرۆژەی ئەواندا هەڵاتن نییە. بەڵکو بنیاتنان و درووستکردنەوەی مرۆڤی کورد بەو پێیەی مرۆڤێکی خاوەن ئیرادەی ئازادو لەشکان نەهاتوویە. و ئەرکی ئەخلاقیی و مرۆیی بێ ئەملاو ئەولای سەرشانییەتی کە گیان و شەرەفی خەڵکی خۆی و خاکەکەی بپارێزێت و ئەگەر خۆی ئەمە نەکات هیچ کەس لەجیات ئەو نایکات.
ئەمڕۆ ئەگەر پارتی بەخۆی بزانێت درزێکی گەورە کەوتۆتە ناو ئەو پرۆژە فاشل و دوژمنکارانەی ئەو باوەڕی پێیەتی. و دەپرسین، دۆستەکانی پارتی لە تورکیاو ئەمەریکاو هاوپەیمانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریاو قەتەرو عەرەبستانی سعودی لەکوێن تا بەهانای پێشمەرگە هەڵاتوو، و وورە ڕووخاوەکانیەوە بچن..؟ لەناو ئەم هەموو توانا مادی و تەکنیکیانەی پارتی و وڵاتانی دۆستی هەیانە کێهەیان نانێکی ڕەقی بۆ مناڵانی ئاوارەی شەنگال برد.؟ و ئەمڕۆ لەم قۆناغە ناسک و چارەنووسسازەدا، پارەی ئەو نەوتەی لەڕێگای تورکیاوە دەفرۆشرێت، بەبایەخترە یان عارەقەی جەستەی ماندوونەناسانەی شەروانانی یەکینەکانی پاراسنی گەل، کەدەیان کیلۆمەتر دەبڕن تا خۆیان بگەیەننە ئەو ئاوارانەو پێیان بڵێن یان دەتان پارێزین یان پێکەوە دەمرین.
کەسێک لەناو پرۆژەی پارتیدا بێت، مرۆڤێکی بێ ئیرادەی خۆویستی لێ پەیدا دەبێت، کە هەڵگری هیچ بایەخێک نییەو پێیوایە هەرچی کاروبار هەیە کەسێکی ترو لایەنێکی تر ڕایدەپەڕێنێت. و ئەو تەنیا دەبێت پاڵداتەوە! هەربۆیە لەیەکەم کاردانەوەی پارتی سەبارەت لەدەستدانی شەنگال تۆمەتبارکردنی مالکی بوو بەوەی کە چەکی نەداوە بە پێشمەرگە..! شێکی وا مایەی ئابڕووچوونە. لەڕۆژئاوا یەکینەکانی پاراستنی گەل نزیک بە سێ ساڵ بێ هیچ پشتیوانییەکی دەرەکی بتوانێ بەدرێژایی دەیان و بگرە سەدان کیلومەتر ڕۆژانە شەڕ بکات، بەڵام پێشمەرگەی پارتی کە خاوەن هێزێکی نیزامی پیشەیی وئەم هەموو چەکوتەقەمەنیی و توانا مادیی و لۆژستیکییە، لەشەو و ڕۆژێکدا شارۆچکەیەک و خەڵکەکەی پێ نەپارێزرێت و تێک بشکێت. و ئۆناڵەکەشی بخاتە ئەستۆی مالیکی!
ئەمڕۆ کاتی ئەوە نییە پێخۆشبوونی خۆمان بەم شکەست و هەڵوێستە ناجوامێرانەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربڕین. و هێج مەبەستكی لەمجۆرەش لەم نووسینەدا نییە. بەڵام زۆر پێویستە ڕاستییەکان بەوجۆرەی هەن ئاشکرا بکەین و وەڵام بۆ پرسیارەکانمان ببینینەوە.
ئەمڕۆ چەند دانە چەمک و واژە هەن کە لێک دانابڕێن و لەناوهێنانی هەر یەکێک لەمانە ئەوی تریش خۆی دەردەخات، ئەمانەش: داعش، پارتی، تورکیا، نەوتی هەرێم، دەوڵەتی سەربەخۆ...
داعش، ئەو هێزە وێرانکەرەیە کە هەموو فرەیی و ڕەنگاوڕەنگییەک بەکوردو کوردوستانیشەوە لەناودەبات و بەهیوای ژیاندنەوەی خەلافەتی تەیموری لەنگ و ئەسحابەکانی پێش ئەوو دوای ئەوو خڕکردنەوەی جیهان لە تاریکی ژێر عەبای ڕەشیان جەنگی دژی مرۆڤایەتی ڕاگەیاندووە. بەڵام بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت بۆتە مەکۆی دەزگا جاسوسییەکانی وڵاتان و گوڕەپانێکی نوێی ململانێی هێزەکان. و تەواوی ئەو هێزانەی دەستیان لەجوڵاندنی داعشدا هەیە پێیانوایەو دەخوازن داعش دوژمنەکانیان بۆ لەناوبەرێت و پاشانیش بەهەمووان داعش لەناوبەرن و دواتر وەک برا!! دەستکەوتەکان بەشکەن.
پارتیش، بەلاساییکردنەوەی گەورەکان، ئەمە لەبیردەکات کەبۆخۆی ئامرازێکە بەدەست تورکیاوە، دەخوازێت داعش وەک ئامرازێک بۆ لەناوبردنی ڕکەبەرە نێوخۆییەکانی کورد بەکاربهێنێت و پاشان لەشێوازی ئەو خەیاڵانەی لەفیلمەکانی هۆلیۆدا جیگایان دەبێتەوە شانبەشانی تورکیا لەجەژنی سەرکەوتندا هەڵپەڕێ. و بێتە سەر حازریی کەئەمە سەرەڕای ئەوەی گەمەیەکی چەپەڵی دوور لە ئەخلاقی مرۆڤایەتییە، دۆڕاویشە. چونکە ئەزموون دەریخست کە وڵاتانی زۆرگەورەتر لەپارتی، وەک ئەمەریکا، پاکستان، عەرەبستانی سعودی و سوریا... پێشتر چونە نو ئەو گەمەیەوەو پاشان دیتمان چ ئاکامێکی نەخوازراو و پێچەوانەیان لە درووستکردن و پشتیوانی و هاندان و دەستلەپشتدانی ڕێکخراوەکانی وەک ئەلقاعیدەو تالیبان و داعش بەدەستخستوو بەدەستی دەخەن.
من دڵنیام شەنگال و دەوروبەری زۆر بەزوویی ئازاد دەکرێنەوەو بەتەواوی لەچەکدارانی داعش پاکدەکرێنەوە. بەڵام تا بەرگریکەرانی کوردستان پێشمەرگەی پارتی بن و پارتی لەسەر پەیڕەوکردنی پڕۆژە دۆڕاوەکەی خۆی بەردەوام بێت، هیچ سەرسام نابم بەیانییەک لەخەو هەستم و لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە ببیسم چەکدارانی داعش لەهەولێرن.


[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە