پلینیۆمەكەى یەكێتى و چەند قسەیەك

Thursday, 10/10/2013, 12:00

1498 بینراوە




پلینیۆم دوای كۆنگرە گەورەترین دەسەڵاتە تا لەو ڕێیەوە وەك دەروازە و ڕێخۆشیەك دەست لەسەر خاڵە لاوازەكان دانێی..بێ پەروا و بەڕاشكاوى دان بەهەڵەكان بنێیت و بوێرانە كار بۆ هەستانەوە و بەرەو پێش بردنى ئەو ئۆرگانە بكەیت كە هەمووان باوەڕیان پێیەتى و بەپەرۆشەوەن تا هەرچی زووە لە شكست و كەوتن و دۆڕانەكان ڕاست ببنەوە و لەسەركەوتنەكانیشدا بتوانن چۆن و بەچ شێوەیەك برەو بە دەستكەوتەكان بدەن و بەرو پێشی ببەن.
لە پلینیۆمدا ڕاشكاوى و جورئەت و هەڵوێست و بڕیاڕدان سەرتۆپی یەكلاكەرەوەى ئەو كارنامە و بەرنامانەن كە دەكرێ لەو شوێنەدا زۆرترین كاتى بۆ تەرخان بكرێ بەكڵۆجێ ئەگەر پێویست بكات بەرنامەى كارەكان بۆ چەند ڕۆژێ درێژەى پێ بدرێ، ئەوەندە پتر پرۆسە دەوڵەمەند و پڕ دەستكەوت دەكا.
من لەدیدگای تایبەتەوە بەپەرۆشم بۆ هەموو ئەوانەى لەڕابردوویەكى دوور و دژواری پڕ لە هەوراز و نشێو دژ بەڕژێمى فاشی چوونە سەنگەری بەرخودان و كەچی دوای تەمەنێك لەچەند هەڵەیەكى تەكنیكیدا تووشی دۆڕان و قەیران و شكست بێن، لەوەدا هەقم بەسەر ئەوەوە نییە ئەداكان چۆن سەرفسوونى كراون و ئاڕاستەكان بە چ ئاقارێ بردراون! لێ ئەوەى لێرەو لەوێی ببینم نەخاسمە ئەو بابەتگەلانەى پەیوەستن بە دۆڕان و قەیران، بێگومان ئەو دوو حاڵەتە لە ناخەوە هەستم دەورووژێنن ئەگەر بە چەند پەیڤێكیشبێ لەدیدگای خود و تیلە نیگای خوێندنەوەم بۆ هۆكارەكان و سروشتى سەرهەڵدانى كێشەكان بیروبۆچوونەكان دەرببڕم و ئەگەر ڕەخنەكانم ڕەخنە ئامێزیش بن ئەوا ئامانجم لەهەر شتێ زیاتر بەخۆداچوونەوەیە تا بزانین هەڵەكان لەكوێن و لە چ خاڵێكدا دەرگا لەبەردەم ئەگەرەكان و رێگاچارەكان دەكەینەوە.
یەكێتى نیشتیمانى كوردستان لە 10/10/2013 لە قەڵاچۆڵان بە ئامادەبوونى ئەندامانى مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتى و ئەنجومەنى مەكتەبە ناوەندیەكان و ئەندامانى مەكتەبی مەڵبەندەكان پلینیۆمى خۆی بەست، ئەوەى جێی ئاماژە پێكردنبێ پلینیۆن لەكەش و هەوایەكى كورتخایەندا لەماوەى كەمتر لە دوو سەعات كۆتایی بەكارەكانى هێنا كە بەڕای چاودێران گرێدانەكە و بۆ بەدوماهێنان لێی بەو وادەیە نەتواندراوە تێنوێتى خەمخۆرانى یەكێتى و هەوادارانى بشكێنێ لەكاتێكدا لەئاكامى ئەو شكستەى لە هەڵبژاردنەكانى 21/9/2013ی پەرلەمان دووچاری بوو، دەرەنجامەكان سەركردایەتى و تەواوى ئۆرگانەكانى یەكێتى تووشی شۆك كرد، بۆیە تێپەڕاندنى ناوێكى گەورەى وەكو پلینیۆم لەكاتێكدا دەبوو بۆ چەند ڕۆژێ درێژەى هەبوایە كە بەمەزندە روئیایەكى ڕوون و گەشی زیاتری بەپرۆسەكە دەدا.. هەندێ لە بەرپرسانى یەكێتى هەر زوو لەڕێی دەزگاكانى ڕاگەیاندنەوەى بێ ئەنجامى پلینیۆمیان بەگوێی هەواداران جاڕدا و لەوەشدا بەپێی قسەى بەشێ لە بەرپرسان و ئامادەبوانى پلینیۆم ئەوەى لە هۆڵی ئەو پرۆسە چارەنووسسازەدا بەڕێوەچوو، ئەندامانى مەكتەبی سیاسی پۆزش و داوای لێبوردنیان لەهەمبەر ئەو ئەنجامە چاوەڕوان نەكراوەدا كرد و دانیان بەو شكستە هێنا كە بەشێكى لە ئەستۆی ئەوان و ئەویتر لە ئەستۆی سەركردایەتیەكەیە.
بە گۆتەى ژمارەیێ لە كادیر و ئەندامە دیارەكانى ناو یەكێتى، هۆكارەكانى ئەو شكستە بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێننەوە، لەوانە:
* ئاماژەدان بە غیابی مام جەلال و نەبوونى خیتابێكى یەكگرتوو كە بەگۆتەى هەندێكیان بڕیارەكان ببوونە بڕیاری فرە كوێخایەتى و ئەوەیش دیدێكى ناڕوونى بە خەبات و تێكۆشانى نەبڕاوەى ڕابردووى یەكێتى بەخشی بۆ ئەو قۆناغە.
*ئاماژەدان بەوەى یەكێتى نەدەبوو وادەى سەرۆكایەتى بۆ مەسعود بارزانى درێژ بكردبایەتەوە، لەوەیشدا چاودێرانى سیاسی پێیان وابوو وتارەكەى  كۆسرەت لەساڵڕۆژی یەكێتى لە پاركى شانەدەر بەتایبەت ئاماژەدان بە گەڕانەوەى دەستوور بۆ پەرلەمان باڵانسی یەكێتى بەرز كردەوە كەچی بەدوا بڕیاری فاركسۆنەكەیان لەپەرلەماندا ڕیسەكەى یەكێتى بووەوە بە خوری.
* ئاماژەدان بەرێكەوتنامەى ستراتیژى نێوان پارتى و یەكێتى گوایە بۆ كاتى خۆی لەبەردەم دووبارە نەبوونەوەى شەڕی ناوخۆ كارێكى باش بووە و دوای ئەو ماوە زۆرە نەدەبوو ئەوەندە پێیەوە پابەندبن، لەوەشدا دەبوو پێش هەڵبژاردنەكان ئەو رێكەوتنە هەڵبوەشایەتەوە یان ئەوەتە دەبێ یەكێتى بەتەواوى تەسلیمى ئیرادەى پارتی بێ و بەو ئەنجامە ڕازیبێ كە بەدەستى هێنا.
* ئاماژەدان بە باڵباڵێنى مەكتەبی سیاسی و نەگەڕانەوە بۆ مەرجەعیەتى ئەنجومەنى سەركردایەتى و ئەو بڕیارە تاكلایەنانەى مەكتەبی سیاسی كە بەناوى هەموو یەكێتیەوە دەیدا ئەویش هۆكارێك بووە لەبەردەم كەمكردنەوەى دەنگەكان و كورتهێنى كورسیەكانى لە 29كورسیەوە بۆ 18 كورسی.
جگە لەوەى كەس دەست لەكاركێشانەوەى خۆی ڕانەگەیاند، ئەوەى لەم پلینیۆمە بڕیاری لەسەردرا وێڕای خوێندنەوەى ڕاپۆرتى دوو مەكتەبیان و زوو بڕیاردان لەسەر درێژكردنەوەى وادەى سەركردایەتى و مەكتەبی سیاسی بۆ ڕاپەڕاندنى كارەكان كە لەتەك هەڵسەنگاندنى بارودۆخەكەدا، 31ی1ی2014 یان بۆ بەستنى كۆنگرەی خۆیان دەست نیشان كرد، بەبۆچوونى من كۆنگرەى داهاتوو هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێ ئەگەر لەم ماوەیە ئەنجام نەدرێ، لەبەر ئەم هۆانەى خوارەوە:
1- هەمان ئەندامانىمەكتەبی سیاسی و ئەندامانى ئەنجومەنى سەركردایەتى هەر لەشوێنى خۆیان دەمێننەوە و هەمان ئەو دەسەڵاتەیان دەبێ كە تا ئێستا داویانە و بەهەمان هەناسە درێژە بە كارەكانیان دەدەن.
2-چارەنووسی یەكێتى بۆ ئەم پەرلەمانە هەر ئەوانەن بڕیاری لەبارەوە دەدەن یان بە چ میكانیزمێك بچنە ناو ئەو حكومەتە؟ ئایا بەشداری حكومەتەكە بكەن یان ببنە ئۆپۆزسیۆن؟ بەو پێودانگە ئەگەر بڕیارەكان باشبن ئەوە بۆ ئەوانە دەبێتە دەستكەوت و گەورەیی و كەمێ لە ناسۆرەى ئەنجامەكانى هەڵبژاردنەكەى پەرلەمان كەم دەكاتەوە، خۆ ئەگەر بەهەمان ڕێچكە گوزەری كرد و عوزر لە قەباحەت خراپتر بوو، ئەوا بۆ ئەوانەى لە كۆنگرەى داهاتووى یەكێتى دێنە پێشەوە، كەمێ قورس دەبێ و زەحمەتە بتوانن لەو سیاسەتە پاشگەز ببنەوە و پابەند نەبن بەو ستراتیژیەتەى ئەمان پێش وەختە بەناوى یەكێتیەوە واژۆیان لەسەری كردووە .
هیوادارم هەموومان لە سەركەوتن مەغرور نەبین و لە نەهامەتى و كەوتن و دۆڕانیشدا بێ ئومێد نەبین، كوردستان بە فرە دەنگى و فرە ڕەنگى و ئەو دیموكراسیەوە جوانە كە بەهەموومان خزمەتى بكەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە