یەکەم ڕۆژی دەسپێکی قوتابخانەکان لە ئێران و بارودۆخی مناڵانی نەتەوە بندەستەکانی ئەم وڵاتە

Sunday, 22/09/2013, 12:00

2090 بینراوە


ئەوڕۆ ٣١ی خەرمانانی ٢٧١٣ی کوردی (٢٢/٠٩/٢٠١٣) یەکەم ڕۆژی دەسپێکی قوتابخانەکانە لە ئێران. نزیک بە یەک ملوێن و دووسەد هەزار مناڵ بۆ یەکەم جار دەچنە قوتابخانە کە زیاتر لە نیوەی ئەم مناڵانە لەمڕۆ بەولاوە دەبێ بە زۆرەملێ بە زمانێک بخوێنن کە زمانی دایکیان نییە و لەگەڵ ئەم زمانە هیچ ئاشناییەکیان نییە.
دوێنێ بەرپرسی وەزارەتی فێرکردن و پەروەردەی ئێران ڕایگەیاند: ئەوساڵ بە ١٢ ملوێن و سێسەد هەزار خوێندکار و هەروەها یەک ملوێن و سی هەزار مامۆستا و بەڕێوەبەرەوە پێشوازی لە ساڵی خوێندنی ٩٢ بۆ ٩٣ی (کۆچیی خۆری) دەکەین. ئەو هەروەها وتی کە ژمارەی خوێندکارانی پۆلی یەکەمی ئەوساڵ ٣٠ هەزار کەس لەچاو ساڵی پێشوو زیادی کردووە و دەگاتە یەک ملوێن و سێسەد هەزار کەس.
بەپێی ژمارەی خەڵکی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران دەکرێ بەراوردی بکەین کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەم خوێندکارانەی بۆ یەکەم جار دەست بە خوێندن دەکەن لە نەتەوە بندەستەکانی نیشتەجێی ئێرانن کە زمانی دایکیان فارسی نییە و لە ١١ ملوێن خوێندکارەکەیتریش کە پێشتر دەستیان بە خوێندن کردوە زۆرینەیان نافارسن و پێشتر مەجبوور کراون کە بە زمانی فارسی بخوێنن.
ئەم خوێندنە زۆرەملێیەی زمانی فارسی لەکاتێکدایە کە بە ڕای پسپۆڕانی ئەم بووارەوە، پێویستە مناڵان لە پێنج ساڵی یەکەمی تەمەنیان ٨٠ لەسەدی زانیارییە سەرەتاییەکانی ژیانیان لە ناو بنەماڵەکانیاندا فێر دەبن و ئەو مناڵانەی کە مەجبوور دەکرێن کە زمانێکی جیاواز لە زمانی دایکیان بخوێنن، لە داهاتوودا لەگەڵ گرفتی جیددی بەرەوڕوو دەبنەوە. بۆ وێنە لە ڕووانگەی (عەسەب ناسییەوە) زمانی دایک لە بەرامبەر زمانەکانیتر کە کەسێک دواتر فێریان دەبێ، جێگەیەکی جیاواز لەناو مێشکدا دەگرن بە شێوەیەک کە لە زۆر بووارەوە هەر زیانگەلێکی بچووکیش بە مێشک لەم بووارانەوە دەتوانێ هۆکاری تێکدان یان تێکەڵکردنی زمانی دایک یان زمانەکانیتری بۆ ئەم کەسە بەدواوە بێت.
ئەمە تەنیا گۆشەیەکی بچووکی ئەم زیانانەیە کە مناڵەکانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران پێیانەوە دەناڵێنن، جیا لەوەیکە ئەم مناڵانە لە داهاتووشدا بە هۆی قسەکردن بە زاراوەیەکی جیاواز لە زاراوەی فەرمیی فارسی، لەگەڵ هەڵاواردن لە بازاڕی کار دا بەرەوڕوو دەبن.
ئەم هەلومەرجە داسەپاوە لەکاتێکدایە کە هەر لە ساڵی١٩٦٦ وە کە پەیماننامە ناونەتەوەیی مافەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرا، ئەم وڵاتانەی کە ئەم پەیماننامەیان پەسند کرد، پێویست بوو ئەم مافانەی لە بەیاننامەی جیهانیی مافی مرۆڤدا هاتوون، لەبەرچاو بگرن و پێی پابەند بن. پەیماننامەی ناونەتەوەیی مافە ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییەکان ئێستا زیاتر لە چل ساڵە کە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کراوە و زۆربەی هەرە زۆری وڵاتان و لەوانەش ئێران کە ئەندامی ئەم ڕێکخراوەن، پەسندیان کردووە. لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینی ئەم دوو پەیماننامەیە، واتە پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و هەروەها پەیماننامەی مافە ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییەکان، لە ئەنجومەنی یاسادانانی ئێرانیش بە جیا پەسند کراون، کەچی پاش تێپەڕبوونی ئەم هەموو ساڵە، هیچکام لەو دەوڵەتانەی لە ئێران هاتوونە سەر کار سەرەڕای ئەم هەموو سامانەی وڵات نەیان ویستووە ئەم ئیمکانە بۆ خوێندکارە نافارسەکان بڕەخسینن کە بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن!
پرسیارێکی سادە کە لە کۆتاییدا دێتە پێش ئەمەیە کە ئایا لە بنەڕەتدا تاکەکانی نەتەوە نافارسەکان لە ئێران وەک شارۆمەندی ئێرانی دێنە هەژمار بۆ ئەوەی ئەم مافە سەرەتاییانەیان پێ بدرێت یا نەتەوە نافارسەکان، نەتەوەگەلێکی جیاوازن لەم ئێرانەی کە لە لایەن حکوومەت و نەتەوەی دەسەڵاتدارەوە داگیر کراون؟ 

سەعید سنەیی

٣١ی خەرمانانی ٢٧١٣ی کوردی 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە