تەنها لەكفری 10 فەوج و لیواو سریەى سەربازی هەیە

Thursday, 17/02/2011, 12:00

1373 بینراوە




"ئەو هێزانە بەدەستی حزبەوەیەو مەترسییە بۆ سەر هاوڵاتی كورد"
لەئێستا شاری كفری و دەوروبەرى هێزێكی سەربازی زۆری تێدایەو بووەتە هۆی بێزارى هاوڵاتیان و ئاماژە دەكەن كە حكومەت باشترە چوار كارگە بهێنێتە شارەكە نەك فەوج و بارەگاى سەربازی و چەكدارێكی زۆرو ئەگەر لەم شارە نایانگوێزنەوە ئەوا باشترە خەڵكەكەى بگوێزنەوەو بیكەن بە سەربازگەیەكی گەورە.
لەسەردانەكەیدا بۆ كفری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دكتۆر بەرهەم ساڵەح وتى هاتووم گوێتان بۆ رابگرم و كێشەكانتان بزانم، یەكێك لەو كێشانەى چەند رۆشنبیرو هاوڵاتییەك خستیانە روو دیاردەى تەقەكردن و چەكداری بوو لەكفریدا، جەنابیان بەڵێنیاندا بەدواداچوون بۆ ئەو كێشەیە بكەن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە.
گەنجێكی پۆلیس كە نەیویست ناوی بهێنرێت وتى یەكێتی و پارتی لەبری ئەوەى چەند كارگەیەك بهێنێتە شارەكەو هەلی كار بڕەخسێنێت و دوو پاركی بۆ دروست بكات، كەچی هەر خەریكی هێزو سەربازگە دروستكردنن، هەر ئەمەیە وای كردووە لە2008وە تا ئێستا زیاتر لە200 خێزان كفری بەجێبهێڵن.ە
لەبەرامبەر ناڕەزایی خەڵكی شارەكە لەو دیاردەیە بریكارى وەزیری ناوخۆ مامۆستا جەلال كەریم لەلێدوانێكدا بۆ ئاوێنە وتى "هەموو شارێك لیواو فەوجی تێدایە بۆ نموونە لەچەمچەماڵ و رانیەو كۆیەو كەلاریش هەیە، بەڵام ئەوەى من ئاگاداربم لیوایەكی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لێیەو مەشق دەكەن كە تەواو بوون بەجێیدەهێڵن، جگە لەو لیوایە پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتنى لێیە".
مامۆستا جەلال وتیشی "من دەپرسم ئەگەر ئێستا شەڕێك یان مەترسییەك لەگەڵ عیراقدا دروست ببێت كێ پارێزگارى دەكات، رێكخراوە مەدەنییەكان یاخود هێزی سەربازی، ئەوەتا رۆژانە دەیان جار ئاگادارمان دەكەنەوەو دەڵێن لەنێوان كفری-سلێمان بەگ و قوڕی چایی خەڵكانی دزو تیرۆریست بۆسە دادەنێن، ئێمەش ئەو هێزانەى بۆ دەنێرین، ئەگەر ئەو هێزانە نەبێت كێ دەیكات".
بریكارى وەزیری ناوخۆ زیاتر دواو روونیكردەوە كە ئەو هێزانە تازە دروستكراون و كە مەشقیان تەواو بوو دەگەڕێنەوە جێگاكانی خۆیان، "ئەى خۆ ناكرێت ئەو هێزانە ببەین لەجێگەیەك دایانبنێین نە ئاوی هەبێت و نە ئاوەدانی، دەبێت لەناو شارەكاندا مەشق بكەن".
كفری لەسەربازگەیەك دەچێت نەك لەشار، بریكارى وەزیری ناوخۆ هاوڕایە لەگەڵ ئەو قسەیەداو دەڵێت "راستە، بەڵام ئەو كفرییە لەرابوردووش هەروا بووە، جاری وا هەبووە لەكەلارەوە هێزمان ناردووە بۆ نێوان كفری و سلێمان بەگ و ئەو شوێنانەى لەسنوردان".
سەبارەت بەوەى چەند ساڵێكە بینایەكی گەورە بۆ زیندان دروستكراوە، كەچی لیوا هاوبەشەكەى یەكێتی و پارتی داگیریان كردووە، مامۆستا جەلال دەڵێت "ئەگەر هەر كاتێك بەغدا ئەو زیندانەى كفری كردەوەو داواى كرد ئێمە یەكسەر چۆڵی دەكەین".
قایمقامی كفری شێركۆ حسێن حامد لەچاوپێكەوتنێكی پێشوویدا لەرۆژنامەى ئاوێنە وتی "خۆم پشتگیری ئەو لیوایەم كردووە بێنە كفری، چونكە بووەتە هۆی جموجوڵی بازارو كارێكی باشە".

توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش پێی وایە لەمسەردەمەدا ئەو هەموو فەوج و هێزو سەربازگانە لەڕووى دەرونى و كۆمەڵایەتییەوە كاریگەری خراپیان هەیە بۆ سەر هاوڵاتیان.
توێژەرى كۆمەڵایەتى خالید عەبدولكەریم پێی وایە ئەو هەموو هێزو سەربازانە كاریگەرییەكى خراپیان هەیە بۆ سەر هاوڵاتیان، چونكە پیشاندانى هێز ئاماژەى عەقڵیەتێكن وادەزانێت بەردەوام گەورە بێت بەرامبەر بەهاوڵاتیان و ترسى لادروستبكات، بەتایبەتى كاتێك ناڕەزایى لەسەر نەبوونى خزمەتگوزاری و ناعەدالەتى دەردەبڕدرێت ئەم هێزانە پێشاندەدرێن بۆ ترساندن و بەحیساباتى هەندێ لەبەرپرسى حزبى دەتوانن كپاندن ئەنجام بدەن, ئەزمونیشیان هەیە لەكاتى هەڵبژاردن و موناسەبەتە حەماسییەكانى هاوڵاتیاندا چیان پێَشكەشكردوە، چونكە بەدەستی حزبەوەیە.
ئەو توێژەرە وتیشی ئەمڕۆ هاوڵاتى هۆشیارەو دەزانێت ئەگەر دەستورێك نەبێت بیپارێزت لەمەترسییەكان كەخۆیان باسى دەكەن ,ئەو هێزە لەچى دەیپارێزێت، لەوانەى كە بەعسى بون و دەستیان بە مێژووى كورد سورە؟، كەچى سەرۆكى هەرێم و كۆمار قۆلێانیانگرت و كێكى دەسەڵاتیان پێیان بەخشى، ئەمجۆرە سیناریۆیانە هیچ لەدەسەڵاتبینى هاوڵاتیان كەمناكاتەوەو ئەمجۆرە كردارانەش پێویستە ببرێن سنورى كوردستانیان پێى دیارى بكرێت نەك بئاخنرێنە شارێكەوە بۆچاودیرێكردن".
گۆڕانكارییەكانی تونس و میسرو ناڕەزایەتییەكان بوونەتە جێی تێڕامانی هەموو لایەك، ئەو توێژەرە رای وایە گۆڕانكارییەكانى دەوروبەریش سەلماندى كە هێز بۆ پاراستنى نیشتمانە نەك بۆ بەرژەوەندى چەند بنەماڵەو گروپێك، ئەمەیە زیهنییەتى هاوڵاتى گوماناوى دەكات لەو هەنگاوانە.
هێزەكانیش بریتین لەفەوجێك كە بارەگاكەى لەناو كفریدایە لەبەردەم ئاسایش، لیوای سێ بارەگاكەى لەنێو بیناى زیندانە نوێكەدایەو لەچوار فەوجی تێكەڵ لەیەكێتی و پارتی پێكدێت كە فەوجێكیان لەسەرووى كفرییەوەیە، سرێیەی ئیستتڵاع كە ژمارەیان زیاتر لە100 كەس زیاترەو بارەگاكەى لەناوەڕاستی كفریدایە، هێزێكی دیكەى پاسەوانیی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عیراق كە لەچوار سریە پێكدێت و ژمارەیان 700 بۆ 750 كەس دەبێت، فەوجێكی سەربازی دیكە لەنزیك كفری، سریەی جەبارە كە ژمارەیان زیاتر لە100 پۆلیسەو سەر بە بەرگری و فریاكەوتنەو بارەگاكەیان دەكەوێتە سەر ملەى ناساڵەح لەكفری، لەنێوان سلێمان بەگ تاكفری شەش سریەی دیكەى پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتن هەیە".



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە