دەوڵەتى ساختەو شتى تر

Wednesday, 26/02/2014, 12:00

1700 بینراوە


ئەوەتەى بۆنى ئەو كێكە بڵاو بوەتەوە، ئیدى ئەوانەى ئۆپۆزسیۆن بوونى خۆیان بەو خەڵكە دەفرۆشت، هەم پرش و بڵاوبوونەتەوە، هەم وازیان لەو وشەیە هێناوە، تەنانەت هەن حەز ناكەن گوێیشیان لەو وشەیە بێت، ئەمەش بەتەواوەتى گۆڕەپانەكەى بۆ فیکەبازی تەخت كردوە، سەروبەندى خۆپیشاندانەكانى 17ى شوبات، ئەز لە یەكێ لە كەناڵەكان بەرنامەم هەبوو لەسەر بارو دۆخەكە، دواى تەواوبوونى بەرنامەكە، زونگى مۆبایلەكەم لێیداو برادەرێك، بە گازندەوە گوتى، " برادەر سەرۆك لە ئیتالیایە بۆ ئەوەى كاربۆ دەوڵەتى كوردى بكات و ئەو نەورۆزە دەوڵەت رادەگەیەنین، تۆش كەوتویتە رەخنە و تانەو تەشەر و قسەى ناخۆش " من هەر رەخنەم گرتبوو، ئوستادەكانى تانە و تەشەرو جنێو لە شوێنى دیكەن، من دڵنیابووم شتێك نیە لە بەرنامەى حزبەكانى باشورى كوردستاندا بە ناوى دەوڵەتى كوردى، ئەسڵەن ئەوان هەر گەمەیان بە دەوڵەت دێت، خۆ مالكى و شارستانى و دەوڵەتى یاسا چەند جارێك بێمنەتیان كردن، لەو بارەیەوە، نەك هیچ نەكرا، لە هەموو ئێراقا لەو بارو دۆخەى ئێستادا لە وشیارزێبارى و بابەكر زێبارى ئێراقى تر نادۆزیتەوە، دەوڵەتى كوردى بە قسەى زل چێ نابێت، كوا كام پڕۆژەو بەرنامەو كارى دیبلۆماسى و لۆبیكارى، ئاخر لۆبى حزبى لەدەرەوە رووى كوردیشى شێواندوە، نەك ئەوەى كار بۆ ئەوە بكەن پشت و پەنا پەیدا كەن، لە باشورى كوردستان هەرگیز خەڵك بۆ ئەوە ئامادە نەكراوە لەسەر پێى خۆى بوەستێ، بەمەش هەرگیز لەسەر دەستى ئەمانە دەوڵەت دروستناكرێ، ئاخر لە دەوڵەت دروستكردنەوە، هاتوینە سەر ئەوەى داوا بكەین ئاوى دوكان و دەربەندیخان بگرینەوە، دواتریش بكرێتە مەكرەمەو بەردرێتەوە، ئەمە نوكتەى بڕوانامە لێسەندنەوەكەى زانكۆى سەلاحەدینى بیر خستمەوە، مرۆڤ دەبێت تڕحێو لەو چەكانەى كورد، یان داواى گرتنەوەى نەوتى كەركوك، لە كاتێكا كورد نیوەى خەڵكى ئەو شارەیەو ناتوانێ بێڕەزامەندى ئەوانى تر هەنگاو بنات، كاتى خۆیشى كە لیستى برایەتى كەركوك داوایان كرد بیانگێڕنەوە سەر هەرێم، كە نوێنەرى هەموو لایەكى تیابوو نەك بە قسەیان نەكرا، بگرە وەك دەست و دیارى دواى چەند ساڵێك داود ئۆغڵویان بردە كەركوك .
لەو یەك دوو رۆژەدا رۆژنامەى باسى پارتى، بە مانشێتى مەزن لە لاپەڕەى یەك نوسیویەتى پارتى بیر لە كۆنفیدراڵى دەكاتەوە، ئیدى قسەشى تیاكراوە، ئەدى دەوڵەتەكەى دوو ساڵ لەمەوبەر چى بەسەر هات، یان ئەوە هەر بۆ قریودانى خەڵك و كۆكردنەوەى دەنگ و لە بیر بردنەوەى ئازارەكانى دەستى دەسەڵاتى كوردى بوو .
سەرەتایى ترین رێگاكانى دروستكردنى دەوڵەت من جارى تریش گوتومە، رێكەوتنە لە گەڵ بە غدا بۆ جیا بوونەوە لێى، ئەم هەڕەشەو گوڕەشەیە نایخوا، توركیاش خۆى وەزعى هى ئەوە نیە كورد ى باشور پشتى پێببەستێ، خۆ توركیا تا ئێستا كەرامەتى ئەوەى نیە زمان ئازاد كات و خەڵك بە كوردى گۆرانى بڵێن، ئیدى چۆنى دەخوێنیتەوە ئازادى .
نە دەوڵەت دروست دەكرێت و نەكۆنفیدراڵى كەس بە پولێك دەیكڕێت تۆ بە 10 ساڵ بستێك ناوچەى دابڕێنراوت نەهێناوەتەوە، بەچیەوە چەكى بەهێزت لە دەستایە، ئەرێ گەلۆ ئەو چەكانە بۆ كەى هەڵگیراون .دەساڵە پارەى ئەو میللەتە كەس نازانێ بۆ كوێ دەڕوات و دەبرێتە دەرەوە باسى چەكى بەهێزیش دەكرێت .
واى لە كورد، واى لەكورد

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە