تا ئەم لەحزەیە تاڵەبانی کرێچییە؟؟؟؟ سەرۆکە کرێچیەکەی عێراقی فیدراڵ!

Monday, 28/06/2010, 12:00

3362 بینراوە


ساڵی رابردوو لە بەرواری 2009/11/24 ئەم وتارەم لە ماڵپەڕی كوردستان پۆستی خۆنەویست خستە بەردیدی خوێنەران، بۆیە بە باشم زانی بۆ جارێكی دیكە بیخەمەوە پێش چاوی خوێنەران، چونكە لە نێوەڕۆكی راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە دەكەم كە مامی مامان ئەوەندە ساڵە وەكو كرێچیەك سكرتێری ئەو حیزبە بووە، بۆیە پێش ئەوەی بكرێت بە ویراسە، خاوەنە شەرعییەكەی خۆی جڵەوی فەرمانڕەوایەتی وەردەگرێت، ئەوانەشی وا ناڕازین، با سیر بخۆن و زوڕنا لێبدەن؟!

کاتی خۆی لە یەکێک لە رۆژنامە زورناژەنەکانی عێراقدا ئاگادارییەک بڵاو کرابووەوە کە ئەگەر هەر کەسێک پسووڵەی خۆراکی سەرۆکی دۆزییەوە دەتوانێت پەیوەندیی بە شوێنە تایبەتیەکانەوە بکات، چونکە ئەگەر ئەو پسووڵەیە نەدۆزرێتەوە، لە بەشە خۆراکی مانگانە بێبەش دەبن و لە برسان دەمرن! رەنگە کەسانێک مانشێتی ئەم وتارە ببینن راست بۆ ئەوە بڕۆن کە خوا نەخواستە منیش خەریکی ماستاو سارد کردنەوەم، یان لە هەوڵی جوانکردنی سورەتی تاڵەبانیدام! یان هەندێکی دیکە پرسیاری ئەوە بکەن، ئایا ماقولە یەکێک ساڵانە یەک ملیۆن دۆلار تەنها بۆ قات خەرج بکات و لە خانوی کرێدا دانیشتبێت؟!

لێرەوە بە باشی دەزانم روونکردنەوە بدەم بۆ خوێنەرانی خۆشەویست، ئەم کرێیە پەیوەندی بە خانوەوە نییە، ئێستا راست دەپرسن، ئەدی کو بابم؟ بەندەش لە وەڵامتاندا دەڵێت، تاڵەبانی بۆ سالانێکی زۆر دەڕوات کرێچی ماڵی ئیبراهیم ئەحمەدەو لە شوێن خانوو حیزبێکی بە کرێ گرتووە، ئەمەش بۆ یەکەمین جارە لە سەر گۆی زەوی حیزب بە کرێ بدرێ، ئەم حیزبە وەکو پرۆژەیەک، لە سەرەتادا بیرۆکەکەی لە لای باوکی خانمی یەکەمی عێراقەوە گەڵاڵە بوو، ئەویش نەک لە پێناو بەرژەوەندی باڵای کوردو کوردستان، بەڵکو تەنها لە پێناو دژایەتیکردن و لەت و پەتکردنی پارتی و خستنەوەی جیاوازی لە نێوان سۆرانی و بادینی، ئەگەر ئەمەیان بۆ چووە سەر؟ ئەوە بێ گومان لە لایەن دوژمنانەوە مەدالیای زێڕین دەکرا بە بەرۆکی ئەو پیاوەی کە لەدار سێو کەوتبووەوە، خودی ئیبراهیم ئەحمەد باش لەوە گەیشبوو کە پێویستی بە واجیهەیەک هەیە، چونکە لە لایان روون نەبوو تا چەند لەم پرۆژەیە سەرکەوت و دەبن، بۆیە بە باشیی زانی هەر لە سەرەتاوە لە رێی چاوە کاڵەکانی هیرۆوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر تاڵەبانیدا فەرز بکات، لە گەڵ نزیک بوونەوەی تاڵەبانی لە هیرۆ، ئیبراهیم ئەحمەد توانی نەخشەی رێگا بۆ تاڵەبانی بکێشێ و وا لە خەڵکی بگەیەنێت کە ئەوە تاڵەبانیە لە پشتی ئەو سیناریۆیانەوەیە، ئەو واتە باوکی خانمی یەکەم، هەر لە سەرەتاوە بیرۆکەی ئیستیغلالکردنی تاڵەبانی لە لای گەڵاڵە بوو بوو، بۆیە توانی لە رێی کچەکەیەوە سوود لە راکێشانی تاڵەبانی بۆ نێو گەمەکە ببینێت، چونکە لە لای ئیبراهیم ئەحمەد ئەوە ئاشکرا کرابوو کە تاڵەبانی گەنجێکی بێ مەبدەئەو دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بە سەریدا بسەپێنێ و چوار چێوەی بۆ بکێشێت، هەر لە یەکەم هەنگاوییەوە توانی وێنەی تاڵەبانی لە کەسێکی شۆڕشگێڕەوە بگۆڕێت بۆ کەسێکی خائین و خۆ فرۆش، گۆڕینی کاراکتەری تاڵەبانی، گۆڕینە لە هەیکەلیەتی بیر کردنەوەو تێڕوانینی ، باوکی بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی توانی تاڵەبانی فۆرمات بکاو بەرنامەکانی بۆ یەکجاریی بگۆڕێت!


ئیتر لەو کاتەوە ئەوە تاڵەبانی نیە تەحەکوم بە خۆی دەکات، بەڵکو ئەوە ئەو چوار چێوەیە کە بۆی دانراوە نەحەکومی پێوەدەکات، هەر ئەو چوار چێوەشە حوکمی ئەو کەسانە دەکات کە وا دەزانن تاڵەبانی حوکمیان دەکات، تاڵەبانی بۆ ساڵانێک دەڕوات رۆڵێکی دەمامکدار دەبینێت، رۆڵێک لە زۆر شوێندا بە ئاشکرا سەر لێشێواوی پێوە دیارەو مرۆڤ هەست بە ئیزدواجیەتەکەی دەکات، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تاڵەبانی بە میزاجی کەسێکی دیکە ئاراستە دەکرا، نەک خۆی ئاراستەکان دەستنیشان بکات، چونکە ئەگەر خودی تاڵەبانی خاوەنی بڕیار ببوایە، هەرگیز نەیدەتوانی بەو شێوەیە حەیای خۆی هەرزان فرۆش بکاو بە تەنگ ئابرووی خۆیەوە نەچێت، بۆیە لە کەسێتی کاراکتەرێکی درۆزن، دەبێت چاوەروانی درۆ بین، ئەگەر بڵێ دەوڵەتی کوردی خەونەو ئەویش مانگە شەوە، دەبێ ئەو قسانە ئاوەژوو بکەینەوە، چونکە ئەو خۆی باش دەزانێ مەهامی ئەو چیە، بۆیە ئەوە لەناو هەمانەکەیدایە، سەگبوون و سەگ وەرین لە لای ئەو شتێکی ئاساییە، چونکە خۆی لەو بابەتەیە و پێش ئەوەی بە خەڵکی بڵێت، زۆر بە خۆی وتراوە بە عەمەلیش کردویەتی، ئەو لەبەر ئەوەی کاراکتەرێکی سێرکی مەترسیداری هەیە لە روانگەی خۆیەوە لە هەموو شتەکان دەروانێت، مانیعاتی نیەو گوێیشی لێی نیە گاڵتە بە ئەنفال و کیمیا باران و هەموو رموزەکانی کورد بکات، چۆن جاران بە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی دەوت شۆرمەلە، ئێستاش بەلایەوە گرنگ نیە لە پێناو ئەوەی دڵ ئاراستە کەرەکانی نەێشێنێ هەر وەکو مامی رەحمەتی داوای لێبکرێ کوردو کوردستان لە هەر چرکەیەکدا هەرزان فرۆش بکات، بە قەناعەتەوە دەیکات، ئەوە تاڵەبانی نیە هێندە کابرایەکی لیبراڵ بێت تا ئەو هەموو ئازادیە بدات بە هیرۆی خێزانی، بەڵکو ئەوە هیرۆیە توانیویەتی لە رێی تەونێکی جاڵجالۆکەییەوە تاڵەبانی لە ناو بدات و هەرچی بیەوێت یان بیانەوێت پێی بکەن.


هیرۆی برایم ئەحمەد ئەگەر خۆی بە خاوەن ماڵ نەزانیایە چۆن لە دوای ئەوەی کە لیستی گۆڕان سەرکەوتنی گەورەی لە سلێمانی بە دەستهێنا، دەیتوانی خۆی بکات بە لێپرسراوی مەڵبەند، ئەوەی ئەم خاتونە کردی، مەسیجێکی ئاشکرای ئەو کرێچیچتیەی تاڵەبانیە لە ماڵە حیزبێنیەکەی خانەوادەی برایم ئەحمەددا، خاڵێکی دیکەی ئەو بەرپرسیارێتیە، ئەویش ئەوەیە لە مەودوا هیرۆ خان متمانە بە تاڵەبانی ناکات، چونکە ئەویش ئەوەی بۆ روون بووەتەوە کە تاڵەبانی لەم دوواییە حیزبەکەی ئەوانی وەک پەیژەیەک لێکردوەو لە رێی ئەو حیزبە کرێیەوە بە مەرامی خۆی گەیشت و ئیتر بە لایەوە گرنگ نیە ئەو خانوە حیزبیە دەفرۆشرێت یان تەخت دەکرێ، هیرۆش بە باشی لەو راستیە گەیشتوە کە ئیدی تاڵەبانی وەکو کەسێکی ئینتیهازی پشتی کردۆتە پرۆژەکەی ئەوان و ئەوەی بە لایەوە گرنگ نەبێت ئەو پرۆژە وەهمییەیە کە سالانێکە ئەوی تێدا وەکو بەرپرسی یەکەم تێیداناسرا بوو.



بۆیە بۆ پشت راستکردنەوەی ئەم راپۆرتە شیکارییە، ئەو هەڵوێستەی هیرۆی کچی ئیبراهیم ئەحمەدە کە لە بەر ئەوەی ی ن بە موڵکی خۆی و بنەماڵەکەی دەزانێت و باش لەوە دەگات کە ئەگەر باوکی رەحمەتی نەبوایە تاڵەبانی هەرگیز نەیدەتوانی کاراکتەری سەرکردەیەکی موزەیەف ببینێت، چونکە ئەوەی لە تاڵەبانیدا بوونی نەبێت، خەسڵەتەکانی سەرۆکە، بۆیە هەمیشە ئەوەی لە پشتی پەردەوە تەحەکومی بە تاڵەبانی کردووە ئەو خانمە بووە، نەک تاڵەبانی، زۆر ئاساییە وەکو پێشینان وتویانە ژنت بە دەستی خەڵکەوە بێت نەک ماڵت، هیرۆش هەست بەوە دەکات کە ئەگەر ماڵەکەی لە ژێر دەستی تاڵەبانی نەکێشێتەوە ئەوا رەنگبێت هەر هەمووی بکەوێتە ژێر دەستی ئەو شۆربا خۆرە نمەک و داوێن پیسانەی کە لە بەر مامە حەمەیی قسەیەکی زۆر قۆڕیان کردووە بە بنێشتە خۆشەی سەر زمانیان و بە بێ شەرم وا خۆیان دەردەخەن وەک ئەوەی جەلالیزم لە هزرەوە سەرچاوەی گرتبێت، دەڵێن ئێمە جەلالین، ئەو بۆیە خۆی دەخاتە شوێنی مەرکەزی قەرارەوە تا نوقتەی سەنتەر بۆ خۆی کۆنترۆڵ بکاو لە کاتی مردنی تاڵەبانیدا جڵەوی دەسەڵات بۆ خۆی و خانەوادەکەی کۆنترۆڵ بکات، هیرۆ هەموو ماستاو چێکان بەباشی دەناسێ و باش ئاگای لە جم و جۆڵیان هەیە، بە باشیش ئەو راستیە دەزانێت ئەو مەکتەب سیاسیانەی ی ن وەفایان بۆ دایکی خۆیان نەبووە نەک بۆ خودی سکرتێرە تەزویرەکەیان! درک بەوەش دەکات کە ناتوانێت هەر لە ئێستاوە هەردو کوڕەکەی تێکەڵ بە گەمەکە بکات، چونکە دەزانێت ئەگەر وا بکات ئەوە بە خەراب لە سەری دەشکێتەوە، بۆیە پێی باشە جارێ لە رێی مەڵبەندەوە زەمینەی ئەوە خۆش بکات بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەوە بدات بە گوێی هەوادارانیدا کە ئەوە ئەوانن لە پشت کاراکتەری تاڵەبانییەوە، ئەوەش ئەوانن خاوەنی راستەقینەی ئەو حیزبەی کە بە یەکێتی دێتە ناساندن، هەر بەوەشەوە ناوەستێت ئەگەر پێویست بکات هەموو شکستەکانی یەکێتیش دەخاتە ئەستۆی تاڵەبانیی و لە سەر ئەم شکستەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەش ئەگەر پێویست بکات، روونکردنەوەی خۆی دەدات و دەتوانێت لەو نێوەندەدا بەڵگەش بخاتە بەردەم هەوادارەکانیەوە، هیرۆ پاش دیراسەتێکی ورد ئەوجار بریاری ئەوەی دا کە لە رێی مەڵبەندەوە بەرگری لە حەقیقەتی خۆیان بکات، هەندێک ئەو بڕیارەیان بە شێوەیەک شیدەکردەوە کە بە هەڵەدا چووبوون، چونکە حەقیقەتی ئەو راستییەی کرێچێتی بوونی تاڵەبانییان نەدەزانی، یان پێیان سەیر بوو کە خۆی بۆ بۆ مەکتەب سیاسی هەڵنەبژارد؟ مەڵبەندی کرد بە وێستگەی خۆی و بارگەی لێیخست؟ چونکە هیرۆ بە باشی لەو راستییە دەگات بوونی ئەو لە نێو مەکتەب سیاسییدا بە بێ كۆنگرە بە واتای هیچ دێت و ناتوانێت لەوێوە ئیش بۆ کۆدەتایەکی سپی دژ بەو رۆبۆتانە بکات کە مێردە بێ مەبدەئەکەی درووستی کردوون، بەڵام لە رێی مەڵبەندی بڕیارەوە، مەڵبەندی سلێمانیەوە دەتوانێ کش مەلیک بکاو ئەوانەی وا لە دەرەوەی بازنەکەی خۆی ببن دەتوانێت بە شێوەیەکی سیحری پەراوێزیان بکاو لە گەمەکە بیانکاتە دەرەوە.



بۆیە هیرۆ لە کاتی شکستەکەیانەوە بە دەستی لیستی گۆڕانەوە، وا هەست دەکات وادەی کرێگرتەکەی تاڵەبانی بە سەر چووە و ئەگەر بە تەمای ئەوە بێ لە گەڵ تاڵەبانیدا عەقد نوێ بکاتەوە، ئەوە دەبێ چاوەڕوانی ئەوە نەبێ یەک فلس بکاتە گیرفانی خۆیەوە، چونکە لەرێی سیاسەتی فاشیلانەی تاڵەبانییەوە ئەو حیزبە بووە بە حیزبی ویراسەو هەر کەسە بە کەیفی خۆی داوای برا بەش دەکات، تاڵەبانیش کورسیەکەی خۆش بێت، یەکێتی بە فلسێک، خانەوادەی ئبراهیم ئەحمەدیش بە ئانەیەک، بۆیە هیرۆ بە پلانێکی تاکتیک ئامێز دەیەوێت قەرەبووی ئەو زەرەررو زیانانە بکاتەوە کە تاڵەبانی لە سەر حیسابی ئەوان لە لگاوی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیدا دۆڕاندویانیەتی، هەر چەندە ئەگەری گرتنە دەستی مەڵبەندێک لە لایەن هیرۆوە کارێکی ئاساییە، چونکە ئەو حیزبە حاڵی حازر داری بە سەر بەردیەوە نەماوە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانێت خانووەکەی لە سەر مۆدیلێکی تازە نۆژەن بکاتەوە، ئەوەیان دەبێ هەرچی داهاتی کۆمپانیای نۆکان هەیە لەو پێناوەدا خەرجی بکات، چونکە ئەمجارەیان نەک حیزبێک، بەڵکو لە بەرنامەیدایە ئەگەر بۆی بکرێت مانیعاتی نییە لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی بنەماڵەیی خۆیاندا سلێمانیش بە کرێ بدات، بەڵام بە داخەوە وا بڕیارە کە تاڵەبانی ئەمجارە، لە دەرەوەی گەمەکە بێت، چونکە ئەوە لە لای روون بووەتەوە کە تاڵەبانی وەفای بۆ خۆی نییە، بە تەنگ سومعەی خۆیەوە نییە، ئیتر چۆن سومعەو ناوی بەرانبەر دەبێت بە شوێنی سەرنجی، بە تایبەتیش ئەوە بۆ ماوەیەکی زۆر دەڕوات تاڵەبانی وازی لە کرێگرتن هێناوە، چونکە خەریکی کاری بازرگانییە بە چارەنووسی نەتەوەیەکەوە.
ستۆکهۆلم
2009/11/24

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە