مسته‌فا چاوڕه‌ش کوڕ و کچێکی له‌ گوندی (‌تیمار) به‌ده‌ستی خۆی کوشت، که‌ دڵخوازی یه‌کتربوون

Saturday, 12.04.2010, 12:00

1741 بینراوە


له‌ کۆتایی هه‌فتاکاندا، بۆ سه‌ردانی کاکم ڕێگای قه‌ره‌داغم له‌ شێخ محێدینی سلێمانیه‌وه‌‌ گرته‌به‌ر و به‌ره‌و هه‌زارمێرد، سه‌رزه‌ل و کونه‌کۆتر ملم نا، پاشانیش بۆ قازانقایه‌ دواجاریش بۆ گوندی تیمار به‌ڕێکه‌وتم.
ئه‌و‌سا گوندی تیمار 40 بۆ 50 ماڵێک ده‌بوو، تیمار په‌نایه‌کی باش بوو بۆ پێشمه‌رگه‌، ئه‌و‌ کات من ده‌رچویی زانکۆ بووم، بۆیه‌ ئه‌و ڕێگایه‌م به‌قاچاغ بڕی، ده‌مویست له‌گه‌ڵ کاکمدا و له‌ هه‌رێمه‌که‌ی ئه‌واندا ببمه‌ پێشمه‌رگه ‌و به‌چه‌ک به‌رگریی له‌ خاکه‌که‌م بکه‌م؛ ئه‌وکات بڕیاره‌که‌م پێ نه‌درا و گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ سلێمانی هۆکاره‌که‌شی مسته‌فا چاوڕه‌ش بوو!
ئه‌و شه‌وه‌ له ‌تیمار له‌ ماڵێک ماینه‌وه‌ به‌یانی له‌گه‌ڵ کاکم که‌وتینه‌ قسه ‌و باسی ئاسایی کاکم خۆشییه‌کی ئازادیی له‌چاوه‌کانمدا به‌دیی ئه‌کرد، ئه‌و به‌ئه‌زمون و به‌خێوکه‌رم بوو، پاش شه‌هید بوونی باوکم ئه‌و بوو به‌ منداڵیی هه‌موومانی گه‌وره‌کرد و جێگه‌ی باوکی گرته‌وه‌ بۆمان، هه‌ر زوو تێمگه‌یشت، که‌ ده‌مه‌وێت ببم به‌ پێشمه‌رگه‌ و نه‌ڕۆمه‌وه‌، که‌وتینه‌ ئاخاوتن ئه‌و بڕوای وابوو که‌ بۆ من کارێکی نه‌شیاوه ‌و ده‌توانم له ‌شار باشتر بژیم و هه‌ردوکمان خۆمان بۆ ئه‌م پێشمه‌رگایه‌تیه‌ ته‌رخان نه‌که‌ین، خوشکانیش پێویستیان به‌ برایه ‌و ده‌بێت یه‌کێکمان له ‌شاربین، بۆیه‌ بوونی من هاوکارییه‌کی باشه‌ بۆ خێزانه‌که‌مان. هه‌میشه‌ ئه‌وه‌شی ده‌گوته‌وه‌، ئێستا تۆ زانکۆت ته‌واوکردوه‌ و ده‌توانیت کارێکی باشتر له‌م کاره‌ بکه‌یت، خزمه‌ت به‌ گه‌نجانی شار بکه‌یت و فێری خۆشه‌ویستی نیشتیمانیان بکه‌یت، ئه‌مه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ کاری پێشمه‌رگایه‌تی بکه‌یت.
ئه‌و ڕۆژه‌ قسه‌یی زۆری بۆمکرد و له‌گه‌ل یه‌کتر زۆر راستگۆیانه‌ ده‌دواین، ئه‌وه‌ یه‌که‌م جارم بوو له‌گه‌ڵ کاکم بکه‌ینه‌ قسه ‌و باسێکی جدیه‌وه‌، پێشتر هه‌روه‌ک باوک ته‌ماشام ده‌کرد و له‌ئاستیدا هیچ پرسێکم قه‌ت نه‌بووه‌؛ به‌ڵام پێشمه‌رگه‌بوونه‌که‌ی ئه‌وه‌ی لێ سه‌ندبۆوه ‌‌و کردبوویه‌ کوڕی نیشتیمان، وه‌ک کوڕێکی گه‌له‌که‌ی سه‌یری منی ده‌کرد، من بۆ خۆم ئه‌مه‌م‌ زۆر لاسه‌یربوو.!
هه‌وڵه‌کانی کاکم بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ و هێورکردنه‌وه‌م خستمیه‌ گومانه‌وه‌.! تا دوایی بۆ خۆم بڕوای ته‌واوم هێنا و گه‌ڕامه‌وه‌. ژیانی ژێر ده‌ستیم له‌و ‌ساته‌دا پێ باشتربوو، له‌ پێشمه‌رگه‌بوون.!

به‌ره‌و مزگه‌وته‌که‌ی تیمار ده‌چووین، مسته‌فا چاوڕه‌ش له ‌به‌رده‌م مزگه‌وته‌که‌دابوو، قسه‌ی له‌گه‌ڵ کوڕێکی ته‌مه‌ن 19 بۆ 20 ساڵێکدا ده‌کرد، کوڕه‌ ده‌پاڕایه‌وه ‌و ده‌یوت به‌چی باوه‌ڕ ده‌که‌ن ئه‌وه‌تا دایکی هاتووه‌ هه‌مویان ده‌زانن و ئاگادارن، منیش هه‌ر له‌و کاته‌دا به‌ کاکم وت ئه‌وه‌ چییه‌.؟ بۆ ئه‌وگه‌نجه وا ده‌پاڕێته‌وه‌؟ ‌ کاکم چیرۆکه‌که‌ی بۆ گێڕامه‌وه‌که‌ ئه‌مه‌یه:
‌(پێش 8 ڕۆژ چووینه‌ ناوشار بۆ چالاکی، له‌ڕێگای قه‌ره‌جاوه‌ و وڵوبه‌ ئه‌م کوڕ و کچه‌مان بینی و مسته‌فا چاوڕه‌شیش وتی، ده‌یان به‌ین له‌گه‌ڵ خۆمان، هه‌رچه‌نده‌ من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووم به‌ڵام ئه‌و وتی خه‌ریکی بێ ئه‌خلاقین و ده‌بێت بیان به‌ین، ئه‌وا هێناومانن بۆ ئێره‌.
کچه‌که‌ ده‌ڵێت: ئێمه‌ دڵخوازیی یه‌کین و ماڵی باوکم ڕازی نابن به‌م کوڕه‌م بده‌ن‌؛ بۆیه‌ ئێمه‌ش بڕیارمان داوه‌ بڕۆین له ‌شار، ئێوه‌ش ده‌توانن له‌ که‌سوکارمان بپرسن، ئه‌وسا خێرتان ده‌گات با ماڵی باوکم هیچ له‌م کوڕه‌ نه‌که‌ن).
تا ئه‌وکاته‌ من کچه‌که‌م نه‌بینیبوو، وتم ئه‌ی کوا کچه‌که‌؟ وتی له‌و ماڵه‌یه‌ و ده‌ست به‌سه‌ره‌ و دایکی دوێنێ هاتوه‌ بۆ لای ده‌یه‌وێت بیباته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌؛ زۆرم لاسه‌یر بوو، ئه‌وکوڕه‌ مناڵه‌ چۆن وا بووه‌ به‌نێچیری ئه‌م پێشمه‌رگانه‌‌، کاکم وتی کچه‌که‌ مناڵێکی لاوازتره‌ و خه‌ریکه‌ ده‌مرێت له ‌ترسا.

چیرۆکه‌که‌ دونیای لێگۆڕیم و که‌وته‌مه‌ پرسیارکردن له‌ خۆم، کوڕێک به‌ناوی فه‌رهاد له‌دووه‌م ڕۆژدا هاتبوو بۆ سۆراخی کوڕ و کچه‌که فه‌رهاد دوای بووه‌ پێشمه‌رگه‌ی ناوشار و له‌سلێمانی شه‌هیدکرا، ئه‌و فه‌رهاده‌ ناسرابوو به‌ فه‌ره‌لووته‌،له‌گه‌ڵ گروپی شێخ خالید ،نه‌وه‌یی سه‌مون و، هیوا بێ قۆڵ و به‌هادینه‌ کوێر و سه‌..... دا کاریی ده‌کرد. هه‌مویان شه‌هیدبوون ته‌نها سه‌... نه‌بێت‌ ئه‌و له ‌ژیاندا ماوه‌.
مسته‌فا چاوڕه‌ش به‌ فه‌ره‌لووته‌یی وتبوو، ڕه‌میان بکه‌، ئه‌مانه‌ بێ ئه‌خلاقن، هه‌ر بۆیه‌ فه‌ره‌لووته‌ که‌سوکاره‌که‌ی تێگه‌یاندبوو هاتبونه‌ تیمار، به‌ پاڕانه‌وه‌‌، دایکی کچه‌که‌ به‌قورعانه‌وه‌ به‌ره‌و ڕووی مسته‌فاچاوڕه‌ش چووبوو وتبویی: بیکه‌ به‌خاتری ئه‌م قورعانه‌ به‌ره‌ڵایان بکه‌، ئه‌ویش خۆی لێ لادابوو، بۆ ڕۆژی دوایی مسته‌فاچاوڕه‌ش کوڕ و کچه‌که‌ی ڕه‌میی کردبوو به‌ده‌ستی خۆیی، که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دێکه‌ ڕه‌می کردبوون لای گرده‌که‌وه‌، ئه‌و چیرۆکه‌ خه‌ڵکی تیمار هه‌موو وه‌ک 31 ی ئاب و شه‌هید کردنی سه‌رده‌شت عوسمان ده‌یزانن؛ بۆیه‌ منیش گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ شار و نه‌بومه‌ پێشمه‌رگه‌.!


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)