ئیسڕائیله‌کان خۆیان چۆن باس له‌ (داوود پێغەمبەر) ده‌که‌ن

Thursday, 12.20.2012, 12:00

3704 بینراوە


شازین هێرش (یائیل دەیان) ى كچى جەنەڕاڵى بەناوبانگى ئیسرائیلى (مۆشێ دەیان) Moshe Dayan (1915-1981)، لە پارلەمانى ئیسرائیلیدا وتارێكى كورتى خوێندەوە لە ژێر ناوى (كنێست و ڕوداوى نێربازیى داوود پێغەمبەر)، كە دواتر لە ڕۆژنامە جیهانیەكاندا بەم شێوەیە بڵاو كرایەوە:
((یائیل دەیانى نوێَنەرى باڵى چەپ لە پارلەمانى ئیسرائیلدا، پاش خوێندنەوەى چەند دێڕێكى تەوڕات سەبارەت بە پەیوەندیى عاشقانەى (داوود) لەگەڵ كوڕە جوانەكەى شاوول (یەكەم پاشاى ئیسرائیل)، داواى لە نوێنەرانى كنێست كرد كە خۆیان لەپلەو پایەى پیرۆزیى و موقەددەسیى ئەم پێغەمبەر و پاشا مەزنە بپاریزن)) (ڕۆژنامەى هیراڵد تریبیۆن، 12 ى تشرینى دووەمى 1993).
ئەم وتەیەى یائیل دەیانى كچى بەناوبانگترین جەنەراڵى ئەو وڵاتە كە لەنێو كنێستى ئیسرائیلدا ڕایگەیاند لە دیمۆكراتیترین پارلەمانى پەنجا و سێ وڵاتى جیهانى ئیسلامیى ئەمڕۆدا ڕێگا بە كەسێك نادرێت كە تێڕوانینێكى بەو شێوەیە لەبارەى بابەتێكى مەزهەبى بخاتەڕوو. جا با بزانین بۆچوونى (تەوڕات و قورئان) لەبارەى ئەم پێغەمبەرەوە چیە؟
هەر سێ كتێبە یەكتاپەرستیە ئاسمانیەكان (تەوڕات، ئینجیل، قورئان) ڕێزێكى تایبەتی لە داوود پێغەمبەر دەنێن و پایەیەكى بەرزی بۆ دادەنێن و بە یەكێك لە پێغەمبەرە ناودارەكانى خودا و بەنو ئیسرائیلى دەدەنە قەڵەم.. بەڵام ئەگەر بەوردى لە ژیانى ئەم پێغەمبەرە ورد بینەوە و چاوێك بە لاپەڕەكانى كتێبى پیرۆزى پەیمانى كۆن תנ״ך (العهد القدیم) دا بخشێنین، ئەوا توشى سەرسوڕمان و بەدگومانییەكى گەورە دەبین بەرامبەر بەم پێغەمبەرەى خودا كە چۆن كتێبە ئاسمانیەكان وەك بەندەیەكى گوێرایەڵ و خوداپەرست وەسفى دەكەن، بەڵام لەگەڵ هەڵدانەوەى لاپەڕەكانى ژیانى ئەم پێغەمبەرە لە كتێبى پەیمانى كۆن بەگشتى و كتێبى دووەمى ساموێل שמואל ב بەتایبەتى، ئەوا دەگەینە ئەو ڕاستییەى كە ئەم پیاوى خودایە تاوانێكى ئەنجام داوە كە ناشێت لە پێغەمبەرێكى خودا بوەشێتەوە. جا با بزانین كتێبى پیرۆزى پەیمانى كۆن תנ״ך بە چ شێوەیەك باس لەم پێغەمبەرە دەكات.
((لە دەمەو ئێوارەیەكدا داوود پاشا لە جێگاكەى خۆى هەستا و چووە پشت ماڵەكەیانەوە و كەوتە پیاسە كردن، چاوى بە ژنێك كەوت خۆى دەشت و ئەو ژنەش ڕوخسارێكى یەكجار جوانى هەبوو، ئینجا داوود كەسێكى نزیكى خۆى نارد تا زانیارى لەبارەى ئەو ژنەوە بدەنىَ، ئینجا بە داوودیان گووت: ئەو ژنە (بەتشەبەع) ى ژنى (ئوورییا) یە (سەردارى ئیسرائیل لە جەنگ دژ بە موئابیەكان)، داوودیش پیاوەكانى خۆى نارد تا بیهێننەلاى، ئیتر ژنەكەیان هێنایە لاى داوود، ئینجا دەستى لەگەڵدا تێكەڵ كرد و لەگەڵیدا نوست.. دواتر ژنەكە گەڕایەوە ماڵەوە و پاش ماوەیەكیش سكی پڕ بوو، نامەیەكیشى بۆ داوود نارد و نوسیبووى (سكم پڕە). دواى ئەوەش داوود ئووریاى مێردى بانگ كرد و پێی گوت: بڕۆ ماڵەوە پێكانت بشۆ، مەبەستیشى لەم قسەیە ئەوە بوو كە بڕواتە ماڵەوە و لەگەڵ ژنەكەیدا بنوێت و وا بزانێت كە سكى لەو پڕ بووە. بەڵام ئوورییا لە ماڵى داوود ولەگەڵ سەرگەورەكانى داووددا نوست و نەڕۆیشتەوە ماڵى خۆیان، ئەم هەواڵەشیان بە داوود گەیاند كە ئورریا نەڕۆیشتۆتەوە ماڵى خۆیان، ئینجا داوود بە ئووریاى گووت: ئەى تۆ لە سەفەر نەگەڕایتەوە بەڵام بۆچى نەچویتەوە ماڵى خۆتان؟ ئووریاش گوتى: سەربازانى ئیسرائیل لە ئۆردوگاكەدا نیشتەجێن و بەندەكانى بەڕێزیشتان لە بیاباندا چادریان هەڵداوە، منیش بە چ شێوەك بچمەوە ماڵەوە و بخۆم و بخۆمەوە و لەگەڵ ژنەكەمدا بنووم؟ سوێند بە گیانى تۆ ئەم كارە ناكەم. داوودیش كە ئەمەی بینى، نامەیەكى بۆ (یوئاب) ى فەرماندەى بەرەى شەڕەكان كە لەبەرامبەر بەنو عەممووندا وەستابوون، نوسى و خودى ئوورییاش نامەكەى بە دەستى خۆى گەیاند و لە نامەكەشدا نوسرابوو: كە ئووریا لە بەرەكانى پێشەوەى جەنگدا بەجێ بهێڵە و دواوەشى چۆڵ بكە تا بەربكەوێت و بكوژرێت. هەر لەو كاتەشدا یوئابى سەركردە شارەكەى گەمارۆ دابوو ئوورییاش لە شوێنەكەى خۆیدا مایەوە چونكە دەیزانى پیاوە ئازاكانى دوژمنى لێیە، بۆیە ئووریایان بەجێهێشت و خەڵكى شارەكەش هاتنە دەرەوە و جەنگیان لەگەڵ یوئابدا كرد و ئووریاشیان كوشت. ژنەكەى ئووریاش كە بیستى مێردەكەى كوژراوە پرسەى بۆ دانا، كە ڕۆژى پرسەكەشى تەواو بوو، داوود پێغەمبەر هێنایە ماڵى خۆیان و كوڕێكى لێى بوو)) ( تناخ -תנ״ך ، كتێبى دووەمى ساموێل שמואל ב' بابى یازدە).
كاردانەوەى (یەهوەיְהוָה) ى خوداى ئیسرائیلیش لەبەرامبەر ئەم تاوانەى كە داوود ئەنجامی دا لە كتێبە پیرۆزەكەیاندا بەم شێوە هاتووە: (خوداوەند پەیامێكى بۆ داوود نارد و فەرمووى: من ماڵى سەرگەورەكەت (شاوول שָׁאוּל ، یەكەم پاشاى ئیسرائیل) ـم بە تۆ بەخشى، ژنەكانیشیانم خستە باخەڵتەوە، جا ئەگەر ئەمەشت بەلاوە كەم بوو ئەوا جارێكى تر دوبارەم دەكردەوە! بەڵام بۆچى داوێنپیسیت لەگەڵ ژنى ئووریا كرد و مێردەكەشیت بە شمشێرى بەنو عەمموون بە كوشت دا؟ بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو گوناهەشى كە كردت، ئەوا لێت خۆشدەبم و نامریت، بەڵام كوڕە حەرامزادەكەت دەمرێت (( تناخ -תנ״ך ، كتێبى دووەمى ساموێل שמואל ב' ، بابى دوانزەهەم، 7-14)
لێرەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامە واقعییەى كە پێغەمبەرانیش وەك مرۆڤى ئاسایین و شایستەى هەڵە و لادانن. لەدواى ئەم كارەساتەشەوە داوودى پێغەمبەر هەست بە شەرمەزارییەكى گەورە دەكات و سەرجەم كتێبى زەبوورתהלים (مەزموورەكان) یش پاڕانەوەیە لە خودا تا لە گوناهەكانى خۆش بێت.. هەر بۆیە تا كۆتایى تەمەنیشى بەو شەرمەزاریە مایەوە! تەوڕات درێژە بەسەرگوزشتەى ئەم پێغەمبەرە دەدات و لە چەند دێرێكدا هاتووە: (داوودی پیر و بەساڵاچوو هەرچەندە جل وبەرگى دەپۆشى گەرمى نەدەبووەوە و خزمەتكارەكانیشى پێیان گوت: با داواى كچێكى جوان بۆ گەورەمان بكەین تا لە باخەڵتا بخەوێت و گەورەمان گەرمى بێتەوە. ئینجا لە هەموو ناوچەكانى ئیسرائیلدا داواى كچێكى جوانیان كرد، كیژۆلەیەكیان بەناوى (ئەبیشەگی شوونەممی) دۆزییەوە كە ڕوخسارێكى یەكجار جوانى هەبوو) ((( تناخ -תנ״ך كتێبى یەكەمى پاشایانמלכים א ' ،بابى یەكەم، 1-3).
زۆربەى لێكۆڵەرەوانى تەوڕات ئاماژە بەوە دەكەن كە داوود نێربازیش بووە، بەڵگەی ئەمەش لەو لاواندنەوەیەدا هاتووە كە داوود لەدواى بیستنى هەواڵى مەرگى لەناكاوى (یۆناتان) كوڕى لاو و جوانى شاوولى یەكەم پاشاى ئیسرائیل بۆى چڕیوە و، دەقەكەشى لە كتێبى دووەمى ساموێل (بابى یەكەم، 26-27) دا هاتووە كە دەڵێت: (یۆناتانى برام، لاى من چەند خۆشەویست بوی چونكە خۆشەویستى من بۆت تەنها خۆشەویستیى نێوان دوو برا نەبوو بەڵكو وەك خۆشەویستیى پیاوان بۆ ژنان بوو). هەر بە هەمان شێوەش لە دوایدا داوود بۆ ڕازیكردنى جەبعونییەكان حەوت كوڕى شاوول (براى یۆناتانى دەنكى داوود) ی تەسلیمى ئەوان كرد تاكو لە سێدارەیان بدەن، هەروەها سەركردە و كوڕى مامى شاوول كە پێشتر بە نیازى تەماح بە لاى خۆیدا ڕای كێشابوو، بەدەستى ئەو پیلانەكەى دژى شاوول بەئەنجام گەیاند، تا خۆى بچێتە شوێنەكەیەوە، دواى ئەوەش كە داوود گەیشتە دەسەڵاتى خۆى، بە شمشێر كوشتى و لەدواى مەرگیشى پرسەى بۆ گێڕا و عودى بۆ دەژەنى و سروودى بۆ دەچڕى: (( تناخ - תנ״ך كتێبى دووەمى پاشایانמלכים ב' ، بابى سێیەم، 32-33).
دووبارە لە كتێبى(( تناخ - תנ״ך )) دا هاتووە كە داوود، ژیانى كۆمەڵایەتی و چەكداریی خۆى بە دزى و ڕێگرى دەست پێ كردووە، كە لەگەڵ (600) پیاوى ڕێگر و دز تاڵانكارى و كوشتاری لە ناوچە جیاجیاكاندا ئەنجام داوە، تا جارێكیان بۆ ئەوەى هەواڵى ئەو تاوانانەى كە ئەنجامى داون نەگاتەوە لاى (ئەخیش אָכִיש )ى پاشای (گەت גַּת)، هەموو پیاوان و ژنان و هەتا منداڵى شیرەخۆرەشى سەربڕى(((( تناخ - תנ״ך كتێبی یەكەمی ساموێل שמואל א' ، بابى بیست و حەوتەم، 8-12)، كاتێكیش پیاوە ڕێگر و چەتەكانى داوود ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەم كارە دەربڕی و كەوتە بەر هەڕەشەى كوشتن، داواى لە "خوا" كرد چارەیەكى بۆ بدۆزێتەوە، "خوا" ش ئامۆژگاریی كرد كە پەلامارى خاكى دەوڵەمەند و بەپیتى عەمالیقە بدات تا دز و تاڵانچییەكان لەو خاكەدا تاڵانچێتی و دزیى خۆیان بكەن و لە تۆش (داوود) ڕازی بن، (هەمان كتێب، بابى سییەم). لەدواى گرتنى شارى (ریببە) ش كە خەڵكەكەى جوامێرانە و بوێرانە بەرگرییان لەبەرامبەر سوپا تاڵانچیەكەى (داوود) كرد، داوودیش فەرمانی بە سوپاكەیدا كە سەرجەم دانیشتوانى ئەو شارە بخەنە ژێر باری ئیش و كار بە تەور و مشار و كورەى خشت ((تناخ - תנ״ך كتێبى ساموێلى دووەم(שמואל ב' ، بابى دوازدەهەم). سەرەڕاى ئەم هەموو تاوانەى كە داوود پێغەمبەر ئەنجامی داوە كەچى لە لاپەڕەكانى (( تناخ - תנ״ך )) هەمان پێغەمبەر بە كوڕى خوداوەند و بە یەكەم نۆبەرەى ناسراوە، كە لەلاى خوداوە لەسەر عەرشەكەى دانیشتووە و گۆچانى دەسەڵاتدارێتیى لەلایەن خوداوە بەدەست هێناوە، خواش لەبارەى داوودەوە گوتوویەتی: ((من بە دواى مەڕەكاندا دەگەڕێم و ونم كردوون، دەمەوێت بلەوەڕێن و پشوو بدەن و شوانەكەیانم ون كردووە كە ئەوانە بلەوەڕێنێت، واتە بەندەى خۆم "داوود" من یەهوە "خودا" ى ئەوانم و بەندەشم داوود میرى ئەوان بوو (تناخ - תנ״ך ، كتێبى حزقیال پێغەمبەر יחזקאל ، بابى سى و چوارەم، 11-24).



داوود لەسەر جێگەی مردنی، لەگەڵ ئەبیشەگی شونەممیی ژنی(وێنەیەكى گریمانەیى)


ئەوەى لێرەدا خستمانە ڕوو، ژیان و بەسەرهاتى داوود پێغەمبەرە، كە "قورئان" ى موسڵمانان بەو پەڕى ڕێزەوە باسى ئەم پێغەمبەرە گەندەڵە دەكات، ئەوەى جێگاى سەرنجە كە خودى كتێبى (تناخ - תנ״ך ، كە بەلاى جولەكەكانەوە پیرۆزە و وەك دەقێكى ئیلاهى تەماشاى دەكەن، دان بەم كردەوە تاوانكاریانەى "داوود" دەنێت، كەچى (قورئان) هەرچى تاوان و گوناهى ئەم پیاوە هەیە دەیسڕێتەوە و وەك موعسووم و بێگوناه لە قەڵەمى دەدات ! لێرەدا گەشتێكى خێرا بەناو سوورەتەكانى "قورئان" دا دەكەین و سەرگوزەشتەى "داوود" یش دەخەینە ڕوو تا بزانین ئەم پێغەمبەرە بە چ شێوەیەك لاى موسڵمانان پیرۆز كراوە:
لە قورئاندا هاتووە:
(يا داوود إنا جعلناك خليفةً في الأرض فاحكم بين الناس بالحق ولا تتبع الهوى فيضلك عن سبيل الله إن الذين يضلون عن سبيل الله لهم عذاب شديد بما نسوا يوم الحساب) (ص: 26)
واتە: (ئەى داوود! تۆمان كردە جێنشین لە زەویدا، دەی دادپەروەرانە بەپێی هەق لەنێو خەڵكدا حوكم بدە، و شوێن ئارەزوو مەكەوە، چونكە گومڕات دەكات و ڕێگاى خودات لـێ ون دەكات، ئەوانەشى ڕێگاى خودایان ون كردووە سزایەكى تووند دەدرێن، چونكە ڕۆژى لێپرسینەوەیان لەیادى خۆیان بردۆتەوە)
ئەم ئایەتەى سەرەوە ئەوەمان بۆ دەردەخات كە خودا سەرەڕاى ئەو نیعمەتەشى كە بە داوود پێغەمبەری بەخشیوە، كەچى ئاگادارى دەكاتەوە كە بە دادپەروەرانە حوكم لەسەر زەویدا بكات و دواى ئارەزوەكانى نەكەوێت چونكە نابێت ڕۆژى لێپرسینەوە و سزادانى خودا لەبیر خۆى بەرێتەوە، هەر لێرەشدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەى كە (داوود) كارێكى گوناهكارانەی ئەنجام داوە و، قورئانیش ئاگادارى ئەو (زینا) یەیە كە داوود لە دژى بەتشەبەعى خێزانى ئووریا ئەنجامى داوە و سەرەنجام ئووریاشى بە كوشت داوە، تاكوو پەردە بەسەر تاوانەكانیدا بدات و توشى شەرەمەزارى نەبێت.
لە قورئانیشدا چیرۆكی داوود و ئەوەی بەرامبەر (بەتشەبەع) و (ئووریا) ی مێردی كردویەتی ، بەشێوەیەكی هێمایی و زۆر نهێنى باس كراوەو دەڵێت:
(وهل أتاك نبأ الخصم إذ تسوروا المحراب، إذ دخلوا على داوود ففزع منهم قالوا لا تخف خصمان بغى بعضنا على بعض فاحكم بيننا بالحق ولا تشطط واهدنا إلى سواء الصراط. إن هذا أخي له تسع وتسعون نعجةً ولي نعجة واحدة فقال أكفلنيها وعزني في الخطاب. قال لقد ظلمك بسؤال نعجتك إلى نعاجه وإن كثيراً من الخلطاء ليبغي بعضهم على بعض إلا الذين آمنوا وعملوا الصالحات وقليل ما هم وظن داوود أنما فتناه فاستغفر ربه وخر راكعاً وأناب. فغفرنا له ذلك وإن له عندنا لزلفى وحسن مآب) (ص: 21-25)
واتە:"ئایا هەواڵی ئەوەتان پێنەگەشتووە كە كێشەیەكیان هەبوو، بە دیواردا سەركەوتن و خۆیان گەیاندە میحرابەكەی! كاتێك خۆیان كرد بە ژووردا و چوونە لاى داود، ئەویش لێیان ترسا، بەڵام ئەوان گوتیان: مەترسە، هەردووكمان ناكۆكییەكمان هەیە و لایەكمان ستەمی لە لایەكی ترمان كردووە، داواكارین كە بە دادپەروەری لە نێوانماندا بڕیار بدەیت و لایەنی هیچ كەسێكمان نەگری، رێنمایشمان بكە بۆ رێگای راست و درووست. یەكێكیان گوتی: بەڕاستی ئەم برایەم نەوەد و نۆ مەڕی هەیە، بەڵام من تەنها یەك مەڕم هەیە، كەچی پێم دەڵێت ئەو مەڕەشم بدەرێ، بە قسەی زل و زۆرزانى دەیەوێت لێم زەوت بكات.داود گوتی سوێند بە خوا بێگومان ئەو برایەت ستەمی لێكردوویت بەوەی دەیەوێت تاكە مەڕەكەی تۆ بخاتە سەر مەڕەكانى خۆی، لە راستیدا زۆربەی ئەوانەی شەریك و هاوكارن ستەم لە یەكتری دەكەن، جگە لەوەی كە ئیمان و باوەڕیان هەیە و كار و كردەوەی چاك ئەنجام دەدەن، ئەوانیش زۆر كەمن.ئینجا دوو كەسەكە دیار نەمن و ئەوسا ئیتر داود زانی كە ئێمە تەنها تاقیمان كردووەتەوە، لەبەر دوو هۆكاری سەرەكی، یەكەم لەبەر ئەوەی فێر بێت بە پەلە حوكم دەرنەكات، دووەم لەبەر ئەوەی سوێندی خوارد لەسەر هەر شتێك كە لێكۆڵینەوەی دەربارەیەوە نەبوو. ئیتر دوای لێخۆشبوونی لە پەروەردگاری كرد و چۆكی دادا و كڕنۆشی برد و داواى لێبوردنی كرد، ئێمەش لەو هەڵەیەی خۆش بووین، بێگومان ئەو لە نزیكان و خۆشەویستانی ئێمەیە و خۆشترین جێگە و رێگەمان بۆ ئامادە كردووە" (تەفسیری ئاسان).

لەم كۆمەڵە ئایەتەدا ناڕاستەوخۆ باسی ئەو چیرۆكە كراوە: بە داوود وتراوە چی دەڵێیت دەربارەی كەسێك نەوەدونۆ سەر مەڕی هەیە بەڵام تاقە سەر مەڕێكی هاوڕێكەی داگیر كردوە بۆ خۆی؟! مەبەستیش ئەوەیە كە داوود ژنی تری هەبوە بەڵام ژنەكەی ئووریای داگیر كردوە بۆ خۆی.
(( قورئان)) ئەم چەند ئایەتەى سورەتى (ص) ى لەچەند بەندێكى ((تناخ תנ״ך- كتێبى ساموێلى دووەمשמואל ב' )) وەریگرتووەو بەكەمێك دەستكاریكردنەوە دایڕشتۆتەوە و دەقەكەشى بەم شێوەیە خراوەتە روو:
((خوداوەند، (ناتان) ی پێغەمبەرى ناردە لای داوود و پێیگوت: دوو پیاو لە شارێكدا هەبوون یەكێكیان دەوڵەمەند و ئەوی تریان هەژار بوو. پیاوە دەوڵەمەندەكە مەڕو مانگایەكی زۆری هەبوو. بەڵام هەژارەكە جگە لە بەرخۆلەیەك كە كڕیبووی و بەخێوی كردبوو لەگەڵ خۆی و مناڵەكانیدا گەورە ببوو هیچی تری نەبوو. بەرخۆلەكە لە نانەكەی دەخوارد لە جامەكەی دەخواردەوە لەباوەشیدا وەك كچی خۆی دەنووست. پیاوە دەوڵەمەندەكە میوانێك ڕووی تێكرد بەڵام ڕازی نەبوو یەكێك لە مەڕو مانگاكانی خۆی ببات تا ژەمێك بۆ میوانەكە ئامادە بكات. لەجیاتی ئەوە بەرخۆلەی كابرای هەژاری بردو بۆ میوانەكەی ئامادە كرد. تووڕەیی داوود لەسەر پیاوەكە گڕی گرت و بە ناتانی گووت بە گیانی خوداوەند ئەو پیاوەى ئەو كارەی كردووە دەكوژرێت و چوار ئەوەندە هەقی بەرخۆلەكە دەدات، چونكە ئەو كارەی لێ وەشاوەتەوە و بەزەیی نەبووە! ناتانیش بە داوودی گوت: ئەو پیاوە تۆیت! خوداوەند خوای ئیسرائیل ئاوهای فەرموو: من دەستنیشانم كردی بەپاشا بەسەر ئیسرائیلەوە لەدەست شاووڵ ڕزگارم كردیت، ماڵی گەورەكەتم پێ دایت و ژنەكانیم خستە باوەشتەوە وماڵی ئیسرائیل و یەهودام پێ دایت و گەر ئەوەش كەم بوایە ئاو ها و ئاوا وئاوام بۆ زیاد دەكردیت!. بەڵام بۆچی وشەی خوداوەندت بەهەند نەگرت و لەبەر چاویدا خراپەت كرد؟ تۆ ئوریای حیتیت كوشت و ژنەكەیت كرد بەژنی خۆت و ئەوت بەشمشێری نەوەی عەمون كوشت؟ ئێستاش لەبەر ئەوەى ئەو گوناهەت كرد، هەتاهەتایە شمشێر لە ماڵەكەت نابڕێت، چونكە تۆ منت بەهەند نەگرت و ژنەكەی ئوریای حیتیت بردو كردت بە ژنی خۆت. خوداوەند ئاوها دەفەرموێ: ئەوەتا من لە ماڵەكەتدا خراپەت بەسەردا ڕاست دەكەمەوە، بەبەرچاوی خۆتەوە ژنەكانت دەبەم و دەیاندەم بەو كەسەی كە لێتەوە نزیكە تا بەرۆژى ڕووناك لەگەل ژنەكانتدا بخەوێت. تۆ بەنهێنی ئەو كارەت كردو منیش ئەم كارەبە ئاشكراو لەبەردەم هەموو ئیسرائیلدا بەرۆژى ڕووناك ئەنجام دەدەم ! داوود بەناتانی گووت تاوانم دەرهەق بە خوداوەند كرد. ناتانیش بە داوودی گوت خوداوەندیش لە تاوانەكەت خۆش بووە و نامریت تەنها ئەوە نەبێت كە بەم كارە دوژمنەكانی خوداوەندت دلخۆش كردووە، ئەو منداڵەی بۆت لەدایك دەبێت ئەوا دەمرێت.
ئینجا ئەومنداڵەی داوود كە لە ژنەكەی (ئوریا) لەدایك بوو خوداوەند لێیدا و نەخۆش كەوت و داوودیش بۆ منداڵەكەی لە خودا پاڕایەوەو ڕۆژووی گرت و چووە ژوورەوە ، بەپاڵكەوتوویی لەسەر زەوی مایەوە و ڕیشسپیانی ماڵەكەی چوونە سەری تا لە زەوی بەرزی بكەنەوە بەڵام ئارەزووی نەكرد و نانی نەخوارد. لەڕۆژی حەوتەمدا منداڵەكەی مردو خزمەتكارەكانی داوود ترسان پێی بڵێن منداڵەكە مردووە چونكە گوتیان هێشتا منداڵەكە زیندووە، قسەمان لەگەڵیدا كرد و گویێ لێ نەگرتین، ئیتر چۆن پێی بڵێین منداڵەكە مردووە! لەوانەیە كارێكی خراپتر بكات!! داوود دیققەتیدا خزمەتكارەكانی لەناو خۆیاندا چرپە چرپ دەكەن، ئینجا زانی كە منداڵەكە مردووە. جا داوود گوتی: منداڵەكەم مردووە؟ ئەوانیش گوتیان: بەڵێ مردووە!!. داوود یش لە زەوی ڕاست بوەوە و خۆی شت و ڕۆنی دا لە خۆی و جلەكانی گۆڕی و چووە ناو ماڵی خوداوەندەوەو كڕنووشی برد و پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەكەی و داوای نانی كرد،بۆیان دانا وخواردی. خزمەتكارەكانی پێیان گوت: ئەم كارە چی بوو كردت؟ لە كاتێكدا منداڵەكە زیندووبوو، ڕۆژووت گرت و گریایت بەڵام كە مرد هەستایت و نانت خوارد؟ ئەویش گوتی: لەكاتێكدا منداڵەكە زیندوو بوو ڕۆژووم گرت و گریام وگوتم كێ دەزانێ بەڵكو خوداوەند بەزەیی پێمدا بێتەوەو منداڵەكە بژی. ئیستاش كە مردووە بۆچی ڕۆژوو بگرم؟!. ئایا ئەتوانم بیگێڕمەوە؟؟ من دەچم بۆلای ئەو بەڵام ئەو ناگەڕێتەوە بۆلای من. ئینجا داوود دڵنەوایی بەتشەبەعی ژنی دایەوە و چووە ژوورەوە بۆلایی و لەگەڵیدا نووست و منداڵێكی بوو ناوی نا (سڵێمان) ،خوداوەند خۆشی ویست و لەڕێگای ناتان پێغەمبەرەوە لەپێناوی خوداوەندا ناوی نا یەدیدیا)) (((تناخ תנ״ך- سامۆێلى دووەمשמואל ב' )) بابى سێزدەهەم، 12-25).
لەو چیرۆكەی داوود و ئوریای حیتیدا كە لە بەشی پێشودا خستمانە ڕوو، قورئان بەناڕاستەوخۆ و دەقەكانى(((تناخ תנ״ך - بەئاشكرا، ئاماژە بۆ چیرۆكی داوێنپیسیى داوود پێغەمبەر دەكەن (كە دڵنیا نین واقیعیە یان نا). بەڵام ئەوەى لە هەمووى قێزەونترە ئەو چیرۆكی دەستدرێژییە سێكسییەیە كە (ئەمنۆن) ى كوڕى داوود پێغەمبەر دەیكاتە سەر (سامار)ى خوشكىو پەردەى كچێنى دەدڕێنێ كە ئەم رووداوەش هێندە قێزەونە هەست بەشەرم دەكەم كە لێرەدا بۆتانى دەخەمە روو. . . كورد دەمێكە دەڵێ "گیا لەسەر بنجى خۆى دەڕوێت"، ئەم پەندەش دەقاو دەق لەسەر كوڕەكەى داوود پێغەمبەر جێبەجێ دەكرێت، بەڵام بەهەر حاڵ پێغەمبەرانو بنەماڵەكانیان ئەگەر بەپێی ئەو چیرۆكانە بێت كە دەگێڕدرێنەوە شەرعیان بەسەردا ناسەپێتو خاوەنی كۆمەڵىَ تایبەتمەندین كە باوەڕدارى سادە بۆى نییە بیان بەزێنێت, بەڵام ئێمەى تۆمەتبار بە بێباوەڕی و زەندەقە هەرچییەك بڵێین سوودى نیە، چونكە ئەو پیرۆزیەی دەبەخشرێت بە پێغەمبەران ڕێگە لە هەمو پرسیار و ڕەخنەیەك دەگرن. هەر لە ئەزەلەوە پێغەمبەران، بەتایبەتی ئەوانەی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوا بوون، زۆرترین ژنیان بۆ خۆیان حەڵال كردووەو سنوری چوار ژنەشیان بۆ بڕوادارانی شوێنكەوتەیان داناوە، كە ئەمەش عەقلیەتێكى تەلمودى جولەكەیە كە دەڵێت "پێویستە هەموو پیاوێك چوار ژن زیاتر نەهێنێت" (تەلمود - תלמוד ، یەڤاموت، 65ئەلیف) . جا نازانین بۆچى پێغەمبەران هێندە عاشقى فرەژنى بوون!! ئایا ئەوە كاریگەریی چیرۆكە ئایینیەكانە كە بەو شێوەیە وێنەیان دەكەن یان واقیعێكە و ئەو كەسانە پشتیان بە پلەوپایەی خۆیان بەستوە بۆ هێنانەدیی حەزە سروشتیەكانیان. جابابزانین كوڕەكەى داوود پێغەمبەریش چ كەتنیكى ناوەتەوەو بەچ جۆریك شوێن پێى باوكى موقەدەسى هەڵگرتووە: دووبارە لە كتێبى سامۆئیلى دووەمدا שמואל ב' هاتووە كە:

(ئەبشالۆمی كوڕی داوود خوشكێكی جوانی بەناوی سامار هەبوو، ئەمنۆنی كوڕی داوود حەزی لێكرد. ئەمنۆن لەتاو ساماری خوشكی مەست و حەیران بوو چونكە پاكیزە بوو، ئەمنۆن دەستی تێنە دەچوو هیچی لێ بكات. ئەمنۆن هاوڕێیەكی هەبوو ناوی یونادابی كوری شەمعی بوو كە برای داوود بوو پیاوێكی زۆر دانا بوو، پێى گوت شازادە بۆچی رۆژ لە دوای رۆژ لاواز دەبیت؟ ئەمنۆنیش پێی گوت من ساماری خوشكی ئەبشالۆمی برامم خۆش دەوێت. یونادابیش پیى گوت لەناو جێگاكەدا پاڵ كەوەو خۆت نەخۆش بخەو گەر باوكت هات بۆ بینینت پێى بڵێ با ساماری خوشكم بێت بۆ لام و شتێكم دەرخوارد بدات و خواردنەكەش لەبەر چاومدا ساز بكات, بەشكم تەماشای بكەم و بتوان لەدەستەكانی شتێك بخۆم. ئینجا ئەمنۆن پاڵكەوت و خۆی نەخۆش خست, پاشاش هات بۆ بینینی و, ئەمنۆن بەپاشای گوت با ساماری خوشكم بێت بۆ لام و لەبەرچاومدا دوو كێك دروست بكات و لەدەستەكانی شتێك بخۆم، جا داوود ناردی بەدوای ساماردا بۆ ماڵەوە و پێى گوت بڕۆ بۆ ماڵی ئەمنۆنی برات و خواردنیی بۆ دروست بكە. ساماریش چوو بۆ ماڵی ئەمنۆنی برای و ئینجا هەویری بردو شێلای و لە بەرچاویدا كێكی دروست كرد و سووری كردەوەو تاوەكەی بردو خستیە بەردەمی, بەڵام ئەو ڕازی نەبوو بیخوات و بەوانەی دەوروبەری گوت هەموتان بچنە دەرەوە و ئەوانیش چوونەدەرەوە. ئینجا ئەمنۆن بە ساماری گوت خواردنەكەم بۆ بێنە بۆ شوێن خەوەكەم تابە دەستت بیخۆم. ساماریش ئەو كێكەی دروستی كردبوو هەڵیگرت و بردیە ژوورەوە بۆ شوێن خەوەكەی ئەمنۆنی برای،ئە ویش دایەدەستى تا بیخوات, بەلام ئەمنۆن باوەشی پیاكردو گوتی ئەی خوشكەكەم وەرەپاڵكەوە لەگەڵمدا. ئەویش پێى گوت سەرم شۆر مەكە براكەم چونكە لە ئیسرائیلدا شتی وا ناكرێت! ئەم كارە ناشیرینە مەكە!! ئەی من بەو ئابرووچوونە مەوە ڕوو لە كوێ بكەم؟! ئەی تۆ؟ تۆش لە ئیسرائیلدا وەك ناكەس بەچەیەكت لێ دێت! ئێستاش تكایە لەگەڵ پاشادا قسە بكە چونكە ئەو قەدەغەم ناكات لە تۆ بەڵام ئەو گوێى لێ نەگرت و پڕی دایێ و لەگەڵیدا پاڵكەوت. پاش ئەوەى كەچیژ سیكسییەكەى دامركاندەوە ئەمنۆن زۆر ڕقی لێى بۆوە تەنانەت زۆرتر لەو خۆشەویستیەی كە خۆشی دەویست. ئینجا ئەمنۆن پێى گوت هەستەو ونبە لەبەرچاوم! ئەویش پێ وت نەخێر! ئەم خراپەیەت بە دەركردنم گەورەترە لەوەی تریان كە پێت كرم. بەڵام ئەو گوێی لێ نەگرت بەڵكو خزمەتكارەكەی بانگ كردو گوتی ئەمەم بۆ بكەرە دەرەوە و دەرگاكە لەدوایەوە داخە. ساماریش جلێكی ڕەنگاوڕەنگی لەبەردا بوو چونكە كچی پاكیزەكانی پاشا عەبای لەم جۆرەیان لەبەر دەكرد. خزمەتكارەكەی كردیە دەرەوە و دەرگاكەی لە دوایەوە داخست. ئینجا سامار خۆڵەمێشی كرد بەسەری خۆیدا و جلە ڕەنگاو ڕەنگەكەی لەبەری خۆی دا دادڕی و دەستی گرت بەسەریەوە و بەگریانێكی بەرزەوە ڕۆیشت. ئینجا ئەبشالۆمی برای پێ وت بێدەنگبە خوشكم ئەو براتە و ئەم كارە لەدڵمەگرە. ئینجا سامار بە تەنیایی لە ماڵی ئەبشالۆمی برای ژیا. لە كاتێكدا داوود پاشا هەموو ئەم شتانەی بیستەوە زۆر توورەبوو. ئەبشالۆمیش نەبەچاك و نەبەخراپ قسەی لەگەڵ ئەمنۆنی برای نەكرد، چونكە سەری ساماری خوشكی شۆڕ كردو پاشان زۆر ڕقی لە ئەمنۆن دەبۆوە. پاش دووساڵیش لە كاتێكدا ئەبشالۆم لە بەعل حاسوری نزیك ئەفرایمدا چەند شوانێكی مووبڕی هەبوو، هەموو كورەكانی پاشای بۆ ئەوێ بانگهێشت كرد. ئینجا ئەبشالۆم چوو بۆ لای پاشاو وتی ئەوەتا خزمەتكارت چەند مووبڕێكی بۆ هاتوون ،با پاشا و خزمەتكارەكانی لەگەڵ خزمەتكاری دا بڕۆن. پاشاش بە ئەبشالۆمی وت نەخێر كوڕم هەموومان نایەین نەوەك بارگران بین بەسەرتەوە، ئەبشالۆمیش وتی: باشە لێگەرێ با ئەمنۆنی برام لەگەڵماندا بێت. پاشاش وتی بۆچی بێت لەگەڵتدا؟ ئەبشالۆمیش زۆری لێكردو ئەویش ئەمنۆن و هەموو كوڕەكانی پاشای لەگەڵدا ناردن. ئینجا ئەبشالۆم ئامۆژگاری خزمەتكارەكانی كرد و گوتی تەماشاكەن هەر كە ئەمنۆن تێر مەی و مەست بوو ،كە پێم وتن لەئەمنۆن بدەن ‏و بیكوژن من خۆم فەرمانم پێ نەكردوون؟ لەبەرئەوە بەهێز بن و ئازا بن. ئینجا خزمەتكارەكانی ئەبشالۆم ئەوەیان بە ئەمنۆن كرد كە ئەبشالۆم فەرمانی پێكردبوون و هەموو كوڕەكانی پاشا هەستان و هەریەكەو سواری ئێسترەكەی خۆیان بوون و هەڵاتن. لەكاتێكدا هێشتا ئەوان بەرێوە بوون، هەواڵ گەیشتە داوودو پێ وترا كە ئەبشالۆم سەرجەم كوڕەكانی پاشای كوشتووە ودەستی لەكەسیان نەپاراستووە, لەبەرئەوە پاشا هەستاو جلەكانی لەبەرخۆی دادڕی و لەسەرزەوی پاڵكەوت و سەرجەم خزمەتكارەكانیشی بەجلی دادڕاوەوە بەپێوە ڕاوەستابوون. ئینجا یونادابی كوری شەمعی برای داوود وتی باپاشام وانەزانێت كە سەرجەم شازادەكانیان كوشتووە بەڵكو بەتەنها ئەمنۆن مردووە چونكە لەو ڕۆژەی كە سەری ساماری خوشكی شۆڕكردووە، ئەبشالۆم بیری لەوە دەكردەوە. ئێستاش با پاشای گەورەم شتیكی وا نەخاتە دڵیەوە وبڵێ سەرجەم كوڕەكانی پاشا مردوون. بەڵكو بەتەنها ئەمنۆن مردووە. پاشان ئەبشالۆم هەڵات. ئینجا خزمەتكارە چاودێرەكە پێڵووی چاووی بەرز كردەوە تەماشای كرد خەڵكێكی زۆر لەنزیك چیاوە بەڕێگاكەی پێشی دا دەڕۆن. ئینجا یوناداب بەپاشای وت ئەوەتا شازەدەكان هاتن و هەرئەوە بوو كە خزمەتكارت وتی. پاش ئەوەی لە قسەكردن بۆوە شازادەكان هاتن و دەنگیان بەگریانەوە بەرزكردەوەو پاشا و سەرجەم خزمەتكارەكانیش زۆرگریان. ئینجا ئەبشالۆم هەڵات و چوو بۆ لای تلمای كوڕی عەمیهودەی پاشای جەشوور و داوود پاشاش هەموو ئەو ڕۆژانە بۆكوڕەكەی لاڵایەوە. ئەبشالۆم هەڵات و چوو بۆ جەشوور سێ ساڵ لەوێ مایەوە و داوودیش ئارەزووی كرد بچێتە دەرەوە بۆلای ئەبشالۆم چونكە خەمی مردنی ئەمنۆنی لەدڵی دا هێوەر ببووەوە.) (((تناخ תנ״ך سامۆێلى دووەم שמואל ב' ، بابى سیانزەهەم، 1-38)

جگە لەوەش (ابن كثير) لە كتێبە خورافییەكەی (ژیاننامەى پێغمەمبەران) دا كە سەرلەبەری ئیسڕائیلیاتە، لە زمانى چەندین هاوەڵانى پێغەمبەرى ئیسلامەوە وەریگرتوە، تەنانەت پێغەمبەرى ئیسلامیش زۆر بەگەورەیىو پیرۆزى لەداودى ڕوانیوە، لە قورئانیشدا لە چەندین سوورەت و ئایەتدا ناوى ئەم پێغەمبەرە جوولەكەیە هاتووە: كە بۆ زانیارى زیاتر دەتوانن بڕواننە ئایەتەكانی: (بەقەرە: 251)، سەبەو: 10-11)، (انبياء): 79-80)، (ص: 17-20)، (ص: 18-19)، (ئيسراء: 55) كە لەم ئایەتەى دوایدا دەڵێ: (وآتينا داوود زبورًا)، واتە: (كتێبى زەبورمان بە داوود بەخشى)، بەڵام ئەوەى ڕاستی بێت بە هیچ شێوەیەك (زەبوور) وەحیى خوداوەند نییە و سەرجەمیان دوعا و پاڕانەوەن لە خودا، كە لە شێوەى (گاتا) كانى زەردەشتیدایە، ئەمەش قسەى زانایانى جوولەكەیە كەبە شێوەى زمانى شیعرى نوسیویەتییەوە و لە ئەنجامى ئەو گوناه و (زینا) و تاوانانەى كە دەرهەق بە خەڵكى ئەنجامی داون. بەڵام نازانین بۆچى (قورئان) ئەوەندە جەخت لەسەر پیرۆزیى ئەم پیاوە دەكات، ئەمە لە كاتێكدا كە بە ئاشكرا لە كتێبى(((تناخ תנ״ך )) كە كۆمەڵێ دەقى پیرۆزى جوولەكەیە و تا ئەمڕۆش دەیخوێنن و بڕوایان پێیەتی، ئەم تاوانانەى (داوود) بە ڕاست دەزانن و بەلاشیانەوە شوورەیى و گوناه نین، چونكە جولەكەكان لەو بڕوایەدان كە مادام (داوود) مرۆڤ بووە و پاشایەك بووە، ئەوا دەگونجێت هەڵە و گوناه بكات. نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت كە ئەمڕۆ لە دەوڵەتى ئیسرائیلدا ئەستێرە شەش چوكڵەكەى داوود() بەسەر ئەوتانك وفرۆكە جەنگیانەوەیە كە بۆردوومانى فەلەستینییەكان (نەوەكانى جالوت) دەكەن، ئەو جالوتە فەلەستینیەى كە پیاوێكى نیشتیمانپەروەر و شۆڕشگێڕ بوو، لە پێناوى خاكەكەیدا گیانى بەخشى، كە داوودى جوولەكە بە شمشێر ملى پەڕاندو سەرەكەشى بەخەڵات بردەوە بۆ شاوڵ! كەچى "قورئان" داوود بە خوداناس و پیاوی خوا و جالوت بە كافر و ملهوڕ دەزانێت! ئەمەش هەڵگێڕانەوەی پێوەرەكان و تێكەڵكردنی ڕاستیەكانە: كەقورئان پیاوى نیشتیمان پەروەرمان لیدەكاتە خاین و پیاوی خیانەتكار و مرۆڤی داگیركەر دەكاتە پیاوی خوا و موقەدەس!
(فهزموهم بإذن الله وقتل داوود جالوت وآتاه الله الملك والحكمة وعلمه مما يشاء ولولا دفع الله الناس بعضهم ببعض لفسدت الأرض ولـكن الله ذو فضل على العالمين) (البقرة: 251)
واتە: (ئیتر بە فەرمانى خودا شكاندیانن و داوود جالوتى كوشت، و خوداش پاشایەتیى و دانایى پێبەخشى و ئەوەی ویستی فێری كرد، خۆ ئەگەر خودا هەندێ خەڵك بە هەندێكى تر لەناو نەبات هەموو زەوى پڕ دەبێت لە خراپەكاری، بەڵام خودا فەزڵو گەورەیی زۆرە بەسەر هەموو مرۆڤایەتیەوە).
لە كۆتایشدا، حەز دەكەم ئەوە لای خوێنەر ڕوون بێت كە ئێمە لێرەدا باسی چەند چیرۆكێكی ئایینیی نیمچە ئەفسانەییمان كرد كە مەرج نیە بنەڕەتێكی واقیعییان هەبێت،كەسێتیی (داوود) بەپێی لێكۆڵینەوە نوێكان، وەكو پاشایەكی جولەكە، كەسێتییەكی واقیعی نەبووە، زیاتر پێ دەچێت كەسێتییەكی ئەفسانەیی بوبێت كە دواتر جولەكە كەسێتیەكەیان گرتوەتە خۆ و ئەو چیرۆكانەیان داوەتە پاڵ.كە دواتر لە( تەلموود תלמוד) دا كەسێتیی داوود زیاتر پیرۆز كراوە. قورئانیش ئەو چیرۆكانەی تەوڕات و تەلموودی لەخۆگرتوە، بەڵام هەوڵیشی داوە هەندێك لەو چیرۆكانە كە ئاكاری خراپ دەدەنە پاڵ داوود پەردەپۆش بكات.



سەرچاوەكان

1-كتاب المقدس،كتب العهد القديم،الاصدار الثانى 1995،الطبعة الرابعة،جمعية الكتاب المقدس فى لبنان
2-تێكستەكانى تناخ ،كۆمەلەَى دەولى كتێبى پیرۆز-cd
3- تولد ى دیگر شجاع الدین شفا،چاپ چهارم،دى ماە1378ژانویە2000