جگە لەوەش (ابن كثير) لە كتێبە خورافییەكەی (ژیاننامەى پێغمەمبەران) دا كە سەرلەبەری ئیسڕائیلیاتە، لە زمانى چەندین هاوەڵانى پێغەمبەرى ئیسلامەوە وەریگرتوە، تەنانەت پێغەمبەرى ئیسلامیش زۆر بەگەورەیىو پیرۆزى لەداودى ڕوانیوە، لە قورئانیشدا لە چەندین سوورەت و ئایەتدا ناوى ئەم پێغەمبەرە جوولەكەیە هاتووە: كە بۆ زانیارى زیاتر دەتوانن بڕواننە ئایەتەكانی: (بەقەرە: 251)، سەبەو: 10-11)، (انبياء): 79-80)، (ص: 17-20)، (ص: 18-19)، (ئيسراء: 55) كە لەم ئایەتەى دوایدا دەڵێ: (وآتينا داوود زبورًا)، واتە: (كتێبى زەبورمان بە داوود بەخشى)، بەڵام ئەوەى ڕاستی بێت بە هیچ شێوەیەك (زەبوور) وەحیى خوداوەند نییە و سەرجەمیان دوعا و پاڕانەوەن لە خودا، كە لە شێوەى (گاتا) كانى زەردەشتیدایە، ئەمەش قسەى زانایانى جوولەكەیە كەبە شێوەى زمانى شیعرى نوسیویەتییەوە و لە ئەنجامى ئەو گوناه و (زینا) و تاوانانەى كە دەرهەق بە خەڵكى ئەنجامی داون. بەڵام نازانین بۆچى (قورئان) ئەوەندە جەخت لەسەر پیرۆزیى ئەم پیاوە دەكات، ئەمە لە كاتێكدا كە بە ئاشكرا لە كتێبى(((تناخ תנ״ך )) كە كۆمەڵێ دەقى پیرۆزى جوولەكەیە و تا ئەمڕۆش دەیخوێنن و بڕوایان پێیەتی، ئەم تاوانانەى (داوود) بە ڕاست دەزانن و بەلاشیانەوە شوورەیى و گوناه نین، چونكە جولەكەكان لەو بڕوایەدان كە مادام (داوود) مرۆڤ بووە و پاشایەك بووە، ئەوا دەگونجێت هەڵە و گوناه بكات. نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت كە ئەمڕۆ لە دەوڵەتى ئیسرائیلدا ئەستێرە شەش چوكڵەكەى داوود() بەسەر ئەوتانك وفرۆكە جەنگیانەوەیە كە بۆردوومانى فەلەستینییەكان (نەوەكانى جالوت) دەكەن، ئەو جالوتە فەلەستینیەى كە پیاوێكى نیشتیمانپەروەر و شۆڕشگێڕ بوو، لە پێناوى خاكەكەیدا گیانى بەخشى، كە داوودى جوولەكە بە شمشێر ملى پەڕاندو سەرەكەشى بەخەڵات بردەوە بۆ شاوڵ! كەچى "قورئان" داوود بە خوداناس و پیاوی خوا و جالوت بە كافر و ملهوڕ دەزانێت! ئەمەش هەڵگێڕانەوەی پێوەرەكان و تێكەڵكردنی ڕاستیەكانە: كەقورئان پیاوى نیشتیمان پەروەرمان لیدەكاتە خاین و پیاوی خیانەتكار و مرۆڤی داگیركەر دەكاتە پیاوی خوا و موقەدەس! (فهزموهم بإذن الله وقتل داوود جالوت وآتاه الله الملك والحكمة وعلمه مما يشاء ولولا دفع الله الناس بعضهم ببعض لفسدت الأرض ولـكن الله ذو فضل على العالمين) (البقرة: 251) واتە: (ئیتر بە فەرمانى خودا شكاندیانن و داوود جالوتى كوشت، و خوداش پاشایەتیى و دانایى پێبەخشى و ئەوەی ویستی فێری كرد، خۆ ئەگەر خودا هەندێ خەڵك بە هەندێكى تر لەناو نەبات هەموو زەوى پڕ دەبێت لە خراپەكاری، بەڵام خودا فەزڵو گەورەیی زۆرە بەسەر هەموو مرۆڤایەتیەوە). لە كۆتایشدا، حەز دەكەم ئەوە لای خوێنەر ڕوون بێت كە ئێمە لێرەدا باسی چەند چیرۆكێكی ئایینیی نیمچە ئەفسانەییمان كرد كە مەرج نیە بنەڕەتێكی واقیعییان هەبێت،كەسێتیی (داوود) بەپێی لێكۆڵینەوە نوێكان، وەكو پاشایەكی جولەكە، كەسێتییەكی واقیعی نەبووە، زیاتر پێ دەچێت كەسێتییەكی ئەفسانەیی بوبێت كە دواتر جولەكە كەسێتیەكەیان گرتوەتە خۆ و ئەو چیرۆكانەیان داوەتە پاڵ.كە دواتر لە( تەلموود תלמוד) دا كەسێتیی داوود زیاتر پیرۆز كراوە. قورئانیش ئەو چیرۆكانەی تەوڕات و تەلموودی لەخۆگرتوە، بەڵام هەوڵیشی داوە هەندێك لەو چیرۆكانە كە ئاكاری خراپ دەدەنە پاڵ داوود پەردەپۆش بكات.
سەرچاوەكان
1-كتاب المقدس،كتب العهد القديم،الاصدار الثانى 1995،الطبعة الرابعة،جمعية الكتاب المقدس فى لبنان 2-تێكستەكانى تناخ ،كۆمەلەَى دەولى كتێبى پیرۆز-cd 3- تولد ى دیگر شجاع الدین شفا،چاپ چهارم،دى ماە1378ژانویە2000