قودسیەتی(كەركووك) لە ڕاڤەكردنی دوێنێ وئەمڕۆیدا بۆ سبەینێكی نادیار!

Tuesday, 11/09/2012, 12:00

2091 بینراوە







كەركووكی (قودس ـ دڵ ـ دایك ـ بەیداخ ـ ئایندە ـ كلیلی چارەسەركردنی كێشەكان ـ دوا هەناسەی نیشتیمان) یان سبەینێكی نادیار لەووڵاتێكی بێ ناسنامەی شوون بزركراو یان زەماوەندی سەركەوتنی ئازادیەكی بریندار یان ڕووخساری تۆزاوی و قیژەیەكی غەرق بووی ئەنفال لە لمی بیابانی غەدر بۆ دوێنێ وئەمڕۆی خەبات وسبەینێكی سەراباوی...
(كەركووك)بردنەوەی عەرشی سیاسەتە وبەتین كردنی بڵێسەی ئابووری نیشتمانە بۆ سبەی ئازادیمان ,بەڵام كەركووكێكی بێ خودان دەكەوێتە قوڕگی گورگەكان ئەگەر لەخەوە قوڵەكانی فەسادەتی سیاسی بە ئاگا نەهێین !با هەموومان بلێتی گەمە سیاسیەكانمان لە دەروازەی كەركووك فڕێ بدەین بۆ بینینی نمایشی شانۆی (گەڕانەوەی كەركوكی بزر بۆ ماڵی دایك) بابزانین كەركوكی ئاوێنەی مێژوومان وخەندە و فرمێسكی داهاتومان كەی لە لێواری پردی گەڕانەوە تروسكایی دەردەكەوێت بە یەكجاری, كەی بە برینە قوڵەكانی وبە ئاڵای سەركەوتنەوە دەهێتەوە ماڵی وون بووی !!!

كەركووكی دوێنێ :
ووشەی (كەركووك) وەك بەدبەختی خۆی لە ڕووی زمانەوانیشەوە هەر بەدبەخت بووە و هەریەك بە میزاجی ئاینی وتائیفی و سیاسی لە ڕاڤەكردنی زمانەوانی و هاتنی ووشەی (كەركووك)لە چ ووشەیەك شەرحی دەكات بۆ ئەوەی مۆركی ڕاستەقینەی شارەكە ببێتە هی لایەك, نەك شاری پێكەوە ژیان نەك دیوەخانی شەڕەفی كوردان كە مێژووش شەرم دەكات حاشا هەڵگر بێت بۆ ئەم ماڵە بە ئەمەك و بە وەفایەی كورد كە هەمیشە سێبەر بووە بۆ حەسانەوەی مێوانەكانی كەچی ئەمڕۆ كورد لەشارەكە دوای هەڵسانی لە خەوی دوێنێ و دونیای ئەمڕۆی ئازادی سیاسەت و زوو بیستنی هاواری میللەتان لەوسەری دونیا بۆ ئەو سەری تری كورد خەریكە بڵێت:(من بوومەتە بێگانەو بێگانەش خاوەن ماڵە!)...
ڕاوبۆچوونی جیاوازهەن بۆ شیكردنەوەی مانای ووشەی (كەركووك)(كرخاد بیت سلوخ)ئەم ووشە ئاشووریەی كەماناكەی (شارە شوورە دراوەكە)لەهەندێ شیكردنەوەی تریش (قەڵای سەلجوقیەكان) بە بۆچوونی هەندێكی تریش ووشەی(كەركووك)لە(كڕكڕ)هاتوە لەزمانەوانی سۆمەریەكان بە مانای (بڵێسەی ئاگرە بەتینەكە) ولەسەردەمی ساسانیەكانیش بە(گڕمەكان)واتە خاكە گەرمەكەو لای هەندێكی تریش بە شیكردنەوە تایبەتیەكانی خۆیان(قەرەكۆك)واتە ڕەگی ڕەش مەبەست لەو (نەوتەڕەشەی كە لەژێرخاكدایە) یان(كڕكۆك)ڕەگی ڵاڵ وكپ بۆ هەمان مەبەست, یان(قارقلوك) گەڕانەوەی بۆ تیرەیەكی عەشیرەتی (قفجاق)ئەمانە هەمووی مێژووی دووری چەند هەزار ساڵەو چەند ساڵانێكن و بە پێنووسی جیاجیا نووسراونەتەوە بۆ مەرامی تایبەتیش ئەمڕۆ بەكاردەهێنرێن ,گرنگترین شیكردنەوە بۆ ناوی (كەركووك) لەنووسراوەكانی (پلوتارخ) ی مێژوونوسی یۆنانی كۆن بەدیدەكرێت و وەك بنەمایەكی زۆر گرنگ بۆ ناونانی (كەركووك) دەبینرێت ,(پلوتارخ)ئاماژە بەو سەرچاوانە دەكات بۆ ناونانی (كەركووك)و دەیگەڕێنێتەوە سەر ئەسڵی ووشەی (باباگوڕگوڕ)ی ئەمڕۆ كەبە(كوڕكوڕا)ناسراوەو پاشانیش (میدیەكان) بۆ ناوی(كوڕكوڕا)پاشكۆی (ئۆك)یان(ۆك) زیادكرد بوو بە (كوڕكوڕۆك), (ئۆك)پاشكۆی ناوە لە لەهجەی خۆماڵی زاگرۆسیدا ...هەروەك (پلوتارخ)ئاماژەبە هاتنی سوپای مەقدۆنیەكان دەكات لە سووریاوە وگەیشتنیان بۆ ڕووباری (فورات)و پاشانیش پەڕینەوەیان لە ڕووباری (دیجلە)لە ساڵی 331 پێش زاییندا وڕۆیشتنی (ئەسكەندەری گەورە)بەرەو (بابیل)دوای جەنگە بەناوبانگەكەی لەگەڵ(داریۆشی سێهەم)ڕێچكەی (ئەڕڕابخا) یان (ئەڕابخی) (عەرەفە)كەركووكی ئەمڕۆی گرتەبەرو قەڵاكەی نۆژەنكردەوە وەك پێگەیەكی سەربازی بۆخۆی و(پلورتارخ)ئاماژە بە بڵێسەی ئاگرێكی ئەزەلی دەكات كە (باباگوڕگوڕ)ی ئەمڕۆیە...


(باباگوڕگوڕ)ناسراوە بەوگڕی ئاگرە ئەزەلیەی كەلە خاكەكەی بەبەردەوام دێتە دەرەوە بە شێوازی جیاجیا و چەندین سەدەیە تەمەنی و مێژووەكەی بۆ ساڵانێكی دووری پێش زایینیش دەگەڕێتەوە كە زیاتر لە 550ساڵ پێش زاین بەبەردەوامی گڕی ئاگرەكەی بەدیكراوە و شوانكارەكان جاران لەوەرزی زستانە مەڕوماڵاتەكانیان بۆ لەوەڕ دەهێنا ئەوێ تا گەرم ببنەوەو و لاشەی خۆشیان بە (ئاوی ڕەش) ئەو نەوتە ڕەشە دەشۆرد بۆ پاراستنی ڕۆحیان لە جنۆكەو ڕۆحی خراپ لە ساراو تەنیایی لەكاتی لەوەڕكردندن و شوانكاریدا وخەڵكانی تریش ئەم كارەیان ئەنجام دەدا ئەوان عەقیدەیان وابوو كەئەم ئاوە ڕەشە (نەوت)لە گیانلەبەری دڕندە دەیانپارێزێت بە هۆی ڕەنگ و بۆنە قوڕسەكەیەوە ,وەك پەرستگایەكی عیبادەتیشی لێ هاتبوو بۆ پیرۆزی ئاگر لەو سەردەمانەو لای ئاشوریەكانیش بە ژیانی بەرزەخ و دونیای ئەودیوی دوای مردن وەسفدەكرا كە ڕۆحە پیسەكانی تیا ئازاردەدەرێت بەو ئاگرەوە لە تێڕوانینی ئەوان خواوەند بەباوكی سوتێنەر یان توڕە وەك ئاگر ناوزەنددەكرابۆیە بە(كوڕكوڕا ـ باباكوڕكوڕا ـ باباگوڕگوڕ)دەناسراو كچەگەنجەكانی ئەوسەردەمەش بۆ زانینی بەخت ومرازەكانیان بە پەنجە قۆڵتێكیان بە ئەرزەكە دەكردو بە پەنجە كوونیان دەكرد ئەگەر ئاگر بڵێسەی بكردابوایە ئەوا ئەوان بە هاتنەدی مرازەكانیان شیاندەكردەوە و پێی دڵخۆش دەبوون !!! ..ئەم ئاگرە سروشتیە نیشانەیەك بوو بۆ بوونی گازو نەوت لەوێدا بەهۆی سروشتی جێۆلۆجی خاكەكەیی و پێكهاتەبەردینیەكەیی و زوو گڕگرتنی بەو هەوایە پڕئۆكسجینەی كەلەدەورووبەریەتی و دزەكردنی گازلەم كێڵگە نەوتیانەش بۆهۆكاری قڵش بوونی خاكەكەی دەگەڕێتەوەوبەئاسانی گازەكە گڕی دەگرت..
لەسەردەمی ئەمەویەكانیش نەوتی كەركووك سەرچاوەیەكی سەربازی گرنگ بوو بۆ مەنجەنیقەكانی بەرەی جەنگ و بۆ لالەو فانووس و چرای نەوتی ماڵەكان وشەقامەكانیش سوودێك و داهاتێكی گرنگ بوو ,لەسەردەمی عوسمانیەكانیش بەڕێگای سەرەتایی و پێشنەكەوتوو نەوتی تیا دەردەهێنراو سوودی لێوەردەگیرابۆ هەمان مەبەست..

نەوت و كەركووك و ئایندە:
بیرەنەوتی ژمارە 1 ی باباگوڕگوڕ كە سەربە كێڵگە نەوتیە ئەساسیەكانی كەركووكە لە27 ـ 10ـ1927 لەلایەن ئینگلیزەوە هەڵكەنرا و بەنۆبەرەی كاری هەڵكەندنی نەوت بۆ كۆمپانیای نەوتی عێڕاقی هەژماردەكرێت ودوای 85 ساڵ كاركردن وبەخشینی نەوت داخراو بە سیاجێكی سیمی دەوردراو ڕاگیرا كە ڕۆژانێك زیاتر لە 100 هەزار بەرمیل نەوتی تیا بەرهەم هاتوە وپێشەنگ بوە لەوەبەرهێنانی نەوت كە ئەوكاتانە هێزی دەرهێنانی نەوتی هەندێ كێڵگەی نەوتیش ئەو ژمارە زۆرە نەبوە بگرە هەندێك ووڵاتیش بۆ ئەم ساتانە هێزی وەبەرهێنانی لەم ئاستە نەبووە كە بیرەنەوتی ژمارە 1تەنها بیرێك بوە نەك كێڵگەیەكی نەوتیش!هۆكاری داخستنەكەشی وەك لای هەندێك كادیرو پسپۆری بواری نەوت دەیگەڕێننەوە بۆ سەردەمی ئابڵۆقەی ئابووری سەرعێڕاق لە دوای شەڕی كەنداو كە بەهۆی كەم دەرهێنانی نەوت و كەم هەناردەكردنی بۆ دەرەوەی ووڵاتەوە زۆر لە بیرە نەوتیەكان بەم دەردەیە چوون و ووشك بوون و هەندێك لە چاودێرانی ئابووری بە كارێكی سیاسی لەبازاڕی ئابووری ئەمڕۆی عێڕاقی وەسف دەكەن بەتایبەت ئەم ئاڵۆزی وكێشانەی لەنێوان حكوومەتی مەركەزی و حكوومەتی هەرێم دا بەدیدەكرێت و كارتی ترسیشە لەلایەن حكوومەتی مەركەزیەوە بۆ هەرێم و مەترسیشە بۆ قۆناغی جیابوونەوەو سەربە خۆیی كوردستان وەك لەسەردەمی ڕژێمی پێشوو بینیمان كە دوای داگیركردن و كێشانەوەیان لە هەرناوچەیەكی نەوتی ئەم كێڵگەنەوتیانەیان كپ دەكرد و پڕیاندەكردەوە ودایاندەخست تا پاڵەپەستۆی نەوتی دزەبكات بۆ سنووری ئابووری خۆیان ولە تێڕوانینی ئابووری بازاڕی نەوتی ئەوان بە تین تر بێت یانیش دەستیان بەسەردادەگرت بۆ سنووری سیاسی خۆیان و جیۆپۆلەتیكی ناوچەكەیان دەگۆڕی وەك ئەوەی لە داگیركردنی (كوەیت)بینیمان و ئەمڕۆی ناوچە دابڕێنراوەكانیش شاهید حاڵی دووبارە كردنەوەی ئەم سیاسەتانەی دوێنێن!كەركووك وگەرمیان تا خانەقین ومەندەلی و سنووری حەمرین خاكە پڕنەوت وپڕنهێنیەشاراوەكانە خاوەنی یەدەگێكی زۆردەوڵەمەندی نەوتیە لە عێڕاق وەك خودی عێڕاقیش دووەم پێگەی یەدەگی نەوتی جیهانە لە دوای سعودیە كەئەوەشیان ماڵكاولكاری ئەمڕۆی عێڕاقی بەدوا داهاتووە وبە هۆی نەبوونی سیاسەتێكی میانڕەو و حەكیمانە لە نێو لایەنە ناكۆكەكان بەهۆی ناكۆكی مەزهەبی و تائیفی و نەبوونی پلانێكی ئەكادیمی ئابووری و نەبوونی ستراتیژیەتی بەرەو پێشبردنی ئابووری ووڵات لەهەمووڕویەكەوە و تەنها تەركیزكردن لەسەر بازاڕی نەوت كە بۆ قۆناغی ئەمڕۆ پۆزەتیڤانەیە تا ڕادەیەك بۆ بەهێزكردنی ئابووری ووڵات ئەگەر ئارامی سەقامگیربێت . دەبێت ڕوئیای ئابووری ووڵاتیش گۆشەگیرنەكرێت و تەنها پشت نەبەسترێت بە نەوت و هەناردەكردنی, دەبێت سەیری فراوانكردن وگەشەپێدانی كەرتەكانی تریش بكرێت و فەرامۆش نەكرێن! ئەگەر بەڕاستی پەردە لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی لابدەین دەبینین هۆكاری بوونی ئەو نەوتەیە وایكردوە شەڕ وتیرۆر كۆتایی نەهێت و شكستی بە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی وگەشتوگوزارهێناوە لە عێڕاق كە ڕۆژانێك بوون عێڕاق دەڤەرێكی سەوزی پڕبەرووبوم وخاوەنی كشتوكاڵێكی بەهێز بوولە ئاستی نێودەوڵەتی و خاوەنی پیشەسازی تایبەت وشوێنی گەشتوگوزاریش بوو وەك دەبینین بازاڕی ئەو نەوتەش نەگەتیڤانە كاری كردۆتەسەر كەرتەكانی تر بەهۆی پشت گوێ خستنیان !!!بەهۆی پەرتەوازەیی و خۆویستی لەسەر مینبەری سیاسەتی عێڕاقی و تێوەگڵانی دەستی ناوخۆو دەرەكی بۆ دروستكردنی نائارامی ونەبوونی ستراتیژیەتی كاری بەكۆمەڵ ونەپاراستنی قودسیەتی دیموكراسیەت ئەوەشیان وایكردوە كورد دوای ماندووبوونێكی زۆری خەباتی سیاسی و چەكداری بێهێزتربكرێت تا نەتوانێ ماف و خەونە دزراوەكانی چەندین ساڵەی بۆ بگەڕێتەوە, ساكارترین نموونەشیان (كەركووك)ە زامدار و دزراوەكەی ئەمڕۆیە كە بەڵگە مێژوویی و دۆكۆمێنتەكان شاهێد حاڵی كوردستانیەتی كەركووكن وەك لە 9 ـ 2 ـ2004 زۆر بوێرانە فەخامەتی سەرۆك كۆمار (مـــــام جەلال)لە ڕۆژی موڕافەعە مەزنەكەلە كۆبونەوەیەكی ئەنجوومەنی دەسەڵاتی عێراقی بە دۆكۆمێنتی مێژوویی ونەخشەی سەردەمی عوسمانیەكان كوردستانی بوونی (كەركووك)ی سەلماند هەرلەوسەردەمەش كە كوردستان خاوەنی دەسەڵاتێكی تایبەت بە خۆی هەبوولەژێر فەرمانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا, پێش ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانیش بەهۆی پەرتەوازەیی كورد و كێشەی میرنیشیەنەكوردیەكان بۆ دەسەڵاتی جیاجیاوە نەتوانرا لە دواساتەكان كیانێكی سەربەخۆیی كوردی دابمەزرێت كە بوە هۆی لاوازی وسەرەنجام هەموولایەك كوردیان وەك مەقاش بۆ مەرامی تایبەت بەكارهێنا و ئینگلیزوفەڕەنسا لەژێر هێڵە نهێنیە جاڵجاڵوكیەكەی (ماسۆنی نێودەوڵەتی)وتەماعگیریان لە ئابووری ووڵاتان, هاتن كوردیان كردە قوربانی ناوچەكەبۆ مەرامی سیاسی وئابووری وستراتیژیەتی داهاتوویان و بەڵێنی زۆر بەكورد درا تا ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی دواتریش پێچەوانە كەوتەوە كەتا ئەمڕۆی كەركووكیش هەرئەم برینە مێژوویانە ساڕێژ نەبوونە ... ئەڵمانیەكان یەكەم كەس بوون كە هەوڵی دۆزینەوەی نەوتیاندا لە كوردستان و بە هاوكاری (مدحەت پاشا)ی والی (بەغداد)لە ساڵی (1860 ـ1880)لە خانەقین ومەندەلی نەوتیان دۆزیەوەو ئەوان ویستیان پاڵاوگەكەش لە سنووری مەندەلی وخانەقین بێت, كورد بۆ ئەوان باشتر بوو لەنەتەوەكانی تر بۆ پاراستنی ئابووری ئەڵمانەكان, بەڵام بۆ مەرامی تایبەتی و سیاسی (مدحەت پاشا)فەرمانیداپاڵاوگەكە لە (بەعقوبە) بێت تەمەنی ئەم ئایدیا ئابووریە زۆر نەبووبۆ بەختی كورد , بۆیە تاساڵی 1902 لەسەرووی خانەقین توانرا یەكەم بیرە نەوت هەڵبكەنرێت لە (چیای سوورخ) لەلایەن ئینگلیزەكان بەشێوازێكی پێشكەوتووتر و ئەمەش لە مێژووی هەڵكەندنی نەوتی عێراقی بەسەرەتایەك دەژمێردرێت بۆ نەوت وهاتنی كۆمپانیا بیانیەكان و وەك ڕیكلامێكی ئابووری باشیش بوو بۆ نەوت و گرنگیدان بە ناوچەكە و زیندووكردنەوەی ئابووری عێراقیش لێرەوە سەریهەڵدا كە كوردی تیا بوە سووتەمەنی سیاسەتە یەك لەدوایەكەكانی تری دەسەڵاتی عێراقی ,ڕژێمەكەی بەعس ئامانجی (ماسۆنیەتی نێودەوڵەتی)لەدەڤەرەكە دەقاودەق هێنا ئاراوە كە سووتماكی كەركوك بەڵگەیەكن بۆ كورد ! ڕووخانی ژێر خانی ئابووری عێراق و بازاری نەوت و چەك و نەخشە ڕێگای تازەی ئیسڕائیلی گەورە و ئاڵۆزیە مەزهەبیەكان و تائیفیەكانیش ئەوانەش هەموویان وەك دەنكە مرواری ملوانكەیەكن هەموویان بەیەكەوە گرێدراون و ئەوانەش مێژوون بە ماسكێكی نوێ دووبارە دەبنەوەو كەركووكی شاری كوردان و پێكەوە ژیان و لەهەرە دەوڵەمەندترین شارەكانی ناوچەكە لە دەستی تیرۆر و هەژاری و بێكاری دەناڵێنێت !ئەمانە هەمووی پرسیارن بۆ ئەم سینارێۆیانە كۆتاییان ناهێت!؟ ئەم سیناریۆیانە ئیقلیمین یان نێودەوڵەتین؟! شەڕی ئابوورین یان شەڕی تیرۆرن؟!بۆ كورد نەیتوانی جەخت بكات لەساتە وەختی ڕیكلامەكانی ماددەی 58 لە كەركووك كە قۆناغەكانی بەتەواوی نەڕۆیشت؟!!ماددەی 140 چەند ئامانجەكانی كورد دەپێكێت دوای زیاتر لە 67 دانیشتنی ئەم لیژنەیە چ دەكرێت بۆ ئایندە و گۆڕینی كورسیەكانی لیژنەكە خزمەتن بۆ كورد یان گۆڕینی ڕووخساری ژمارەی ماددەكان یان دەستكاریكردنی ناوەڕۆكی ماددەكان ؟!ئەوانە هەمووی پرسیارن بێ وەڵام دەمێننەوە !كەركووك ونەوت وپتڕۆدۆلار چەند هیواكانی كەركووكی ئەمڕۆ دەهێننە دی!؟كەركووك تا نەگەڕێتەوە سنووری هەرێمی كوردستان و كارتی سیاسی ئۆتۆنۆمی دان بە توروكمان و بەرقەراركردنی ماف و ئازادی بۆ نەتەوەكانی تری ئەم دەڤەرە دوای گەڕانەوە تا ئەم قۆناغەیە ئارامی و پێشكەوتن بە خۆیەوە نابینێت ئەم شەڕی تیرۆر و شەڕی مەزهەب و نەتەوەییە هەردەمینێت و ئاژاوەكان گەورەتر دەبن!كورد دەبێت لەم یاریانەی كەركووك دۆستێكی هەبێت كە هەمووشیان لە واقیعدا دوژمنن بۆ بێ بەختی كورد !! دەبێت شەنگال وموسڵ و خانەقین و مەندەلی تا حەمرین زیاتر ئەكتیڤ تر بكرێن وەك كارتێكی سیاسی و زیاتر گرنگی بدرێت بەم ناوچانە لەم قۆناغانەدا ,هەرێمی كوردستان دەبێت بەرەیەكی سیاسی هەمەلایەن بۆ ئەم دەڤەرانە پێكبهێنێت بەم شێوازە پانتایی یاریە شترەنجیە سیاسیەكان فراوانتر دەبێت و هەموو حزبەكانیش دەبێت فلتەرێكی حزبی دژە گەندەڵی لەم ناوچانە بەكار بهێنن بە دانانی خەلكی شیاوی سیاسی و بوێرو سەربازی و گرنگەبخزێنە ناو ئیدارەی ئەم ناوچە دابڕاوانەو خەڵكی بە تواناو ئەكتیڤ دابنێن و بەرنامەیەكی هەمەلایەنانەیان گەرەكە تا (كەركووك) هەناسەیەكی تری سیاسی سیما نوێ دەگرێتەبەر ..

تیرۆر و كەركووك وئەمنیەت:
ناوچە دابڕێنراوەكان بە تایبەت كەركووك چەند نا ئارام بێت ئەوەندە كارتێكی سیاسی باشە بۆ نەیارانی كورد بەمەبەستی بەعەسكەركردنی وەك جارانی بەعس و داماڵینی لەهەموو ئەتەكێتێكی شارستانی و مۆدێرن و پێشكەوتوو چونكە پێشكەوتنی ئابووری هەرناوچەیەك پەیوەستە بە ئەمنیەت و ئارامی نموونەش (حكوومەتی هەرێمی كوردستان)بۆیە ڕێگەنەدان بە گەڕانەوەی كەركووك بۆ ماڵی گەورەی كورد و بەهێزكردنی ئابووری ووڵات ئەم ئاژاوەو تیرۆرەی گەرەكە, ئەم ئاژاوەو تیرۆرە دوو ڕوخساری یەك دراون بۆدوژمنایەتی كورد, بە شێوازێكی یاسایی(عەسكەرتاریەت)ەكەی هێنانی هێزێكی دەرەوەی شارەكەیە وەك(ژووری عەمەلیاتی دیجلە)یان هەر هێزێكی تر كە دەیەوێت كوردستانی بوونی كەركووك بسڕێتەوە و بنەمای ئەم ئاڵۆزی وكێشانەش بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعس دەگەڕێتەوە بە هۆی شێواندنی دیمۆگرافیای كەركووك وگواستنەوەی شیعەكانی خواروو بۆ كەركووك وپڕۆسەی بەناو ئەنفال و تەرحیل و تەعریبكردنی كەركووكیش موعادەلەكانی شێواندوە و وەك گرێكۆرەیەكی لێهاتوە كردنەوەی وا ئاسان نابێت لەم ساتە وەختەدا كە دوێنێ پلانێكێ نێودەوڵەتی لە پشتەوەی ئەم سیناریۆیانە بوون, بێ دەنگی دونیای دوێنێ دەلیلێك بوون كە ئەمڕۆ هەستیان پێدەكەین ! ئەمڕۆش پلانە ئیقلیمیەكان وایكردوە زیاتر گۆمی یاریەكە ڵێڵ بێت و ئەم كابووسی ئیستیرادی تیرۆرە نێودەوڵەتیەیەش كە لە ڕەحمی (ئەلقاعیدەوە)هەزاران گەرای لە عێراقی دوای (سەدام)داناوە بەشێوازێكی نایاسایی كە هەمیشە ترس و تۆقاندنی پێیە بەهاوكاری ناوخۆیی !كەركووك وەك هەندێ دەڤەری هەستیاری تر بۆتە ستادیۆمی یاریە مەزهەبیەكان بۆ گرتنی دەسەڵاتی سیاسی وئابووری لە عێڕاق و زۆنی بەڵانسی 3 دەسەڵاتی باڵایە لە عێراق(شیعە ـ كورد ـ سوننە) لەگەڵ هەندێ لایەنی لاوەكی تر لەسەر حیسابی ماڵی كوردیدا كە سەرەنجام پۆزەتیڤانە بۆ لای كورد دەشكێتەوە لەكاتێكدا كورد وەك یەك بەرەی یەكگرتوو دوای هاتنەوەی سەرۆك (تاڵەبانی)جەخت لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140 بكەنەوە وەك قۆناغی یەكەم وگۆڕینی هەیكەلی ئەمنی ووڵات و وەرگرتنی مەلەفی ئەمنی (كەركووك)بۆ پێكهاتەئەسڵیەكانی شارەكە نەك مێوانانی شارەكە ! پاشەكشەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی دیجلەو هێزە هاتووەكانی تر بۆ شارەكە وە حیكمەت وەرگرتن لەسەردانەكەی (داود ئۆغڵو)كەسەرە داوی وەڵامدانەوەی (مالیكی)یە بۆ ئەم سەفەرە ئابووریە كە تا ئێستا كورد خۆی بۆ یەكلا نەكردیتەوە چونكە كورد لە جەنگڵستانی ئەم دەڤەرەنازانێت كێ گورگەو كێ مەڕە!زۆر زەڕورە كورد هەستی توركمان وكلدو ئاشورو عەرەبە ئەسڵیەكانی شارەكە بۆ لای خۆی قۆرخ بكات بە پاراستنی مافە ڕەواكانیان...
جێبەجێنەكردنی ڕێكەوتنامەی (هەولێر) و بڕیاری لە سێدارەدانی (تاریق هاشمی)خاڵێكی زۆر لاوازن بۆ زیادبوونی ڕێژەی تیرۆر لە (كەركووك)ئەوانە هۆكارنین چونكە لە كاتی كوشتنی (بن لادن وسەدام)یش كردەوە تیرۆریستیەكان لە (كەركووك)هەرلەم ئاستە بووە و چەندین ڕێكەوتنامەو بەڵێنی تریش بەر لە ڕێكەوتنامەكەی(هەولێر) جێبەجێنەكراون تیرۆریش لە كەركووك نە گەیشتۆتە ئەم ئاستەی ئێستای!!! ,بە هێزبوونی (ئەلقاعیدە)لە سووریا كارێكی زۆر نەگەتیڤانەی هەیە بۆ هەموو عێڕاق بەگشتی وگەڕانەوی بەعسیەكان و بێ كاری و نەبوونی سیستەمێك بۆ دیراسەكردنی سایكۆلۆژیەتی تاكی عێراقی لە پاشماوەكانی بەعس و ڕێگەگرتن لە كرداری خۆكوژی و گەڕانەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگاو بوونیان بە تاكێكی ئاسایی بەرنامەڕێژی دەوێت و نەبوونی ڕەفاهیەتی گوزەرانی لە ووڵاتێكی پڕنەوت و دەوڵەمەندی وەك عێڕاق و فراوانبوونی ڕێژەی گەندەڵی وپەراوێزكردنی بەشێكی زۆری كۆمەڵگاوگرنگیدان بە ڕەنگێكی تایبەت لە كۆمەڵگای عێڕاقی وایكردوە تیرۆر بن بڕنەكرێت , لێكۆڵینەوەو دیراسەكردنی تیرۆر بەشێوازێكی ئەكادیمیانە وسوود وەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەتە پێشكەوتووەكان وگرنگیدان بە ئەمنیەتی ووڵات لەم قۆناغە نەك بە پڕچەك كردن و دروستكردنی ووڵاتێكی سەربازی تری وەك سەردەمی بەعس ئەمانە هەمووی فاكتەرن بۆ تیرۆر لە (كەركووك) ,زیاتر گرنگیدان بە سیستێمی كامیراو سیستێمی ئەمنی پێشكەوتوو و دامەزراندنی كەسانی دڵسۆزو بە تواناو بە فلتەركردنی دام ودەزگا ئەمنیەكانی كەركووك و ئاماركردنی كەركووك لە ڕووی دانیشتوانانی و كردنەوەی فایلی ئەمنی و زانینی زانیاری لەسەر هاووڵاتیانی كەركووك ودەوروبەری و نەهێلانی خەرقی ئەمنی دەبنە هەنگاوێكی باش بۆ پێشكەوتنی ئابووری كەركووك كە خاوەنی بەهایەكی ئابووری زۆر بەهێزە و یەكدەنگی كوردو لایەنە سیاسیەكانی كورد لە كەركووك و یەكبوونی دەزگا ئەمنیەكانی كورد لە كەركووك ئەوانە هەمووی هەنگاوێكی سەرەتایین بۆ خزانە نێو ماددەی 140 بە حەكیمانەو بە هێزی نواندنی كورد لەكەركووك تا گەڕانەوەی كەركووك بۆ نیشتمانی دایك...

[email protected]








نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە