هۆشیاریی ته‌ندروستی بۆ تاکی کورد به‌شی (16) قه‌بزبوون

Thursday, 08/09/2011, 12:00

8918 بینراوە


هەم قەبزبوون یان گیران Obstipation
واتە بەزەحمەت بتوانی ڕیخۆلە ئەستوورە و کۆتایییەکەی لە پیسایی بەتاڵ بکەی یان بە واتایه‌کی تر کەمتر لە 3 جا ر لە هەفتەیەکدا پیساییکردن
من پێم وایە کە ئەمڕۆ زیاتر لە 30% خەڵکی کوردستان بە شێوەی کاتی یان بەردەوام بە قەبووزبوونەوە بناڵێنن، ژنانیش دوو بەرامبەری پیاوان بە قەبزییەوە دەناڵینن. ئەمەش جگە لە قەبزی عەقلی و بیرکردنەوەی سەرانی کورد لە باشووری کوردستان کە پڕ بۆ لە خیانەت ، دزیی و چەتەگەرییه‌ک کە زۆر پیسترە لەو پیسایییه‌ی کە لە ئەنجامی قەبزبوون لە ریخۆڵە دەمێنێتەوە.
خواردنی ڕۆژانەمان بە درێژای 9 مەتر کۆئەندامی هەزم (دەم ،سوورێنچک، گەدە، ڕێخۆڵە باریکە، ریخۆڵە ئەستوورە، پاشکۆی ڕیخۆڵە وکۆم)دا تێدەپەڕی و بەگشتی نزیکەی تا 30 سەعات دەخاێنێ. لەو ماویەدا هەرچی نیشاستە ،ڤیتامین ، پرۆتین، ئاو و ماددە بەکەڵکەکانی تر هەیە دەمژرێ ودەڕوا بۆ ناو سووڕی خوێن ولەش ، پاشماوەکەشی بەشێوەی پیسایی فڕێ دەدرێتە دەرەوە.

شێوەکانی قەبزی
1. قەبزی کتووپڕ
ئەم شێوە قەبزی یە دەگمەنە لەگەڵ ئازارێکی تووند، ئاوسانی وورگ، شۆك و ڕشانەوی پیسایی لە دەمەوە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ داخرانی ریخۆڵە لە شوێنێکەوە

ئەمەش پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاتر وچاودێری پزیشکی هەیە بگرە، تاکو نەشتەرگەریی بە پەلە. چونکە هەندێ جار هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەکتەی دەماغ یان بەهۆی خزینی باندی نێوان بڕبرەکانی پشت و پشت هێشانەوبێت.

2. قەبزیی بەردەوام:
ئەو حالەتەیە کە لە ماوەی 3/ 4 مانگ دا بە بەردەوام هەر4 ڕۆژ جارێک پیساییت بۆ بکرێ یان بۆ پیساییکردن پێویستت بە پاڵپێوەنانیكی زۆر بە هێزبێت لە سەر تەوالێت یاخۆت بە بەردەوام هەست بکەی، کە بەتەواویی خاڵی نەبووی لە پیسایی

قەبزی بەردەوام دەکرێتن بە 3 بەشەوە

1. Kologene Obstipation
بەهۆی کەمی جووڵەی ڕیخۆلە ئەستوورە ئەوەی لە ناوی دایە، کەمتر بەرەو خوارەوە دەروات و ئاوی ناو ریخۆڵە زیاتر دەمژرێ و پیسایی کە ش تووند تر دەبێت. هەندێ هۆکاری تریش هەن وەک (کەمی خواردنی سەلاتە، سەوزە و میوە، نەخۆشی کانی دەماخ، شەکرە، نەخۆشی پارکینسۆن، نەخۆشی غوودە، کە ماسی ڕیخۆڵە لەگەڵ لە دایک بوون و کاریگەری لاوەکی دەرمانەکانی نەخۆشی نەفسی وخەوتن، زەختی خوێن وچەندینی تر

.
2. Anorektale Obstipation
بەهۆی گۆڕانکاریی ریخۆڵە ئەستوورە و کۆمەوە (تەسکبوونەوەی کۆم، هاتنە دەرەوەی کۆتایی ریخۆڵە ئەستوورە لە کۆمەوە، کشان یان فراوانبوونی، ئەستووری ماسولکەکانی داخستنی کۆم هەر لە دایک بوونەوە، شیوانی جووڵەی ئاسایی کۆم و پێش کۆم بەهۆی گۆڕانکاریی ریخۆڵە ئەستوورە و کۆمەوە (تەسکبوونەوەی کۆم، هاتنە دەرەوەی کۆتایی ریخۆڵە ئەستوورە لە کۆمەوە، کشان یان فراوانبوونی، ئەستووری ماسولکەکانی داخستنی کۆم هەر لە دایک بوونەوە، شیوانی جووڵەی ئاسایی کۆم وپێش کۆم یان کەم بوونەوەی هەستپێکردنی.

3.Idiopatische Obstipation
ئەم جۆرەیان هۆکارەکەی دیارنییه‌ و زیاتر پەیوەندیی بەشێوانی کاری بەشی کۆتایی ریخۆڵە ئەستوورەوە هه‌یه‌ (ڕێکتووم).زۆر جار بەهۆی نەپەرژانەوە بەئەنقەس ڕاگرتنی پیساییکردنە سەرەڕای تەنگاو بوونت دەستی پێکرد، یان هۆکارەکانی فشاری کار و ژیانی ڕۆژانە واتە سترێس.

هۆکارەکانیشی بەگشتی
گۆڕانەکانی رێخۆڵە و ئاوسانی، خواردن بەشێوەی نادروست، کەمی خواردنەوەی شلەمەنی، ناڕیکی و شیوانی وەرگرتن و ئاڵو گڕی ماددەکانی کە لە ڕێگەی خواردنەوە وەردەگیرێن بە زۆری بەهۆی کەمبوونی ماددەی پۆتاسیوم (کالیۆم) ، زۆری کالیسۆم، کەمی جووڵەی لەش، لە دوای ئەو عەمەلیاتانەی کە لە وورگدا دەکرێن بە هۆی برین وتەسک بوونەوەی بۆڕی ریخۆڵە و شیوانی ریتمی ریخۆڵە.

کەمی ڤیتامین، نەخۆشی شەکرە، کەمبوونەوی چالاکی غوودە (هایپەرتریۆز)، ئاوسانی زراو، ژەهراوی بوونی دەمارەکان بەهۆی خواردنەوی ئەلکهولی زۆر یان کێشانی ماددە بێ هۆشکەرەکان وجگەرەکێشانی زۆرەوە.


نیشانەکانی بەگشتی
- لە سەرەتادا هەست بە جۆرێک ناخۆشی و نارەحەتی و باکردنێک دەکەیت.
- پیسایی کردن سەخت و کەمێک ئازاراوی دەبێت و پیسایی بچووک بچووک و ڕەق دەکەیت
- فشار و پاڵ پێوەنانێکی زۆرت دەوێ بۆ خاڵیکردنی ڕیخۆڵە. کەمبوونەوەی ئارەزوو بۆ خواردن. ڕەنگی زمانی کەسەکەش گۆڕانی پێوە دیارە.
- قەبزبوونی بەردەوام چەند ئاڵۆزێکی تەندروستی بەدوای خۆی دا دێنێ ئەگەر لە کاتی خۆیدا چارەسەر نەکرێت. وەک(هێمۆڕۆید واتە لای خۆمان پێی دەڵین مایه‌سیری. قەڵشی ووردی کۆم بەهۆی پیسایی کردنی ڕەقەوە. ئاوسانی (دیڤەرتیکولیتیس واتە التهاب ریخۆڵە). بەدەرکەوتنی کۆتایی ریخۆڵە لە کۆمەوە. زۆربوونی پیسایی خڕی کڵۆ کڵۆ و مانەوەی لە ناو ڕیخۆلە ئەستوورە، کە دەر ئەنجام دەگاتە حاڵەتی (کۆپرۆستازێ) واتە ئیدی ناتوانی چیتر پیسایی بکەیت و بەرەو خەستەخانە ئەگەرنا سەکتەی بەدوادا دێ.

دیاریکردنی نەخۆشییه‌کە
پرسیارو قسەکردن لە گەڵ تووشبۆکە. فەحسی وورگی نەخۆشەکە بە دەست لێدان وبیستەری دکتۆری (سماعە). فەحسی خوێن و میز بەدوای نۆرمالێ مادەکانی ناو لەش وەک پۆتاسێوم و کالسێۆم و ئەوانی تر. فەحسی خوێن لە ناو پیسایی. فەحسی سۆنەری ورگ. کۆڵۆسکۆپی ڕیخۆڵە ئەستوورو (نازور). ئەشیعەی وورگ. فەحسی کۆڵۆن ترانسیت. فەحس و پرسیاری باری دەروونی وحالەتی فشاری کارو ژیان.

چارەسەریی
هەنگاوی یەکەمی چارەسەر
بەوە دەست پێدەکات کە ئایا بەهۆی گۆڕانی شێوەی ژیان و زیاتر ئەوخواردنانەوەیە کە دەبنە هۆکاری قەبزبوون، یان کەمی جوڵە و کەم خواردنەوەی شلەمەنییەوەیە؟
کەواتە دەبێ ئاو و شلەمەنی زیاتر بخواتەوە لە جاران زیاتر بجووڵی و هەر لە دیوەخان و ژووری دانیشتنەکان پاڵ نەداتەوە و چاوەڕیی ئەوەبێت 3 ژەمە بۆی بێننە بەردەمی و ئەو خواردنانە کەم کاتەوە کە دەبنە هۆی قەبزبوون واتە لەجیاتی نانی سپی زیاتر نانی ڕەش و بۆر بخوات.، مەعکەرۆنی گەنم و برنج، سەوزە، میوەکانی وەک کاڵەک، هەنجیر، و قۆخ ئەمانە هەمووی بە تەڕی و ووشکی کوڵاوی دەتوانێ بیخوات و هەروەها شیریش.

لە خواردنی نانی سپی، گێزەر، مۆز، شوکولاتە وخواردنەوەی چای ڕەش دوورکەویتەوە.

دوورکەوێتەوە لە مانەوەی زۆر لە سەر تەوالێت (زیاتر نەبێت لە 5 دەقیقە) بەداڵغە و ڕۆژنامە خوێندنەوە و کێشەکانی ژیان لە ناو تەواڵیت چارەسەر نەکات. هەوڵبدات بۆ عادەتکردن دوای هەر جەمێکی نان خواردن بڕوا بۆ تەوالێت. ئەگەر هەستی بە کردنی پیسایی کرد بە ئەنقەس دوای نەخات و دوورکە وێتەوە لە سترێس.

پیاسە و ڕاکردن و هەمووجۆرەکانی وەرزش بەشێکن لە چارەسەری قەبزی. کەسە قەبزبووه‌کە دەتوانی هەموو بەیانیان تۆزێک بە تووندی بە ئاراستەی سەعات لە لەلای ڕاستی وورگەوە بەشێوەی بازنەیی بۆ ماوەی 5 دەقیقە رۆژانە دەست بە وورگی داهێنیت. یاخۆت وورگی بۆماوەی 10 سانیە بۆ ناوەوە (دواوە وەک هەناسە وەرگرتنێک) ڕاکێشی و بە هێواشی لێیگەڕی بۆ گەڕانەوی بۆ دۆخی جارانی واتە رۆژی 5 جار ئەم وه‌رزشه‌ بکات، یاخۆد بە بەکارهینانی ئاوی پاک لە کۆمەوە بۆ ناو ریخۆلە (پەمپێکی تایبەت بۆ ئەمە هەیە) کە زۆر بە خێرایی ریخۆڵە بەتال دەکات، بەڵام تەنها بەشی خوار و کۆتایی ریخۆڵە ئەستوورە بەتاڵ دەکات.

ئەگەربەمەش باشتر یان کافی نەبوو ئەوا بەهەنگاوی دووەم واتە هەنگاوی چارەسەری بە شێوەی دەرمان :

،بەشێوەی پێ هەڵگرتن لە ژێرەوە.

Bisacodyl یان Glyzerin
.

کەوچک لە گەڵ نان خواردنی بەیانیاندا 1-3 Lactulose سیروپی
یاخۆت خوێی مەگنێسیوم سولفات کەوچکێک تا دوو کەوچک دەکرێتە نیو لیتر ئاوەوە.
ئەمانەش کە دەدرێێت پێی تەنها دەبێت پیساییه‌کە نەرم ده‌کاتەوە نەک شلی بکات و ببێتە هۆکاری ئیسعال (واتە دەرمان زیاد لە پێویستی وەرگرتۆ).

خۆ ئەگەر هۆکاریش بە هۆی شیوانی کۆردیناسیۆنی نیوان ماسوولکە داخەرەکانی ناوەوە و دەرەوەی کۆم بێت ئەو دەتوانرێت دەرزی بۆتۆکسی لی بدرێ.

ئەگەر هاتوو هەر هەموو ئەم چارەسەریانە کەڵکی نەبوو ئەوا دەبێت لای دکتۆری تایبەت مەند جۆر و هۆکاری قەبزبوونەکە دایاری بکرێ و نەشتەرگەری تایبەتی بەپێ هۆکارەکە بۆ بکرێ.

لە کۆتاییدا هیوای چاک بوونەوە بۆ قەبزبۆکان دەخوازم


دکتۆر ناسر سۆرانی
پزیشکی گشتی وپزیشکی تایبەتمەندی چاو
ئەندامی یەکێتی دکتۆرانی سویسرا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە