تا شایەتحاڵەکان مابن، ئێوە ناتوانن بە ئارەزووی خۆتان مێژوو بنووسنەوە (بەشی چوارەم)

Friday, 18/04/2014, 12:00

3816 بینراوە


مایکل مۆر (Mickael Moore)ی دەرهێنەر و هونەرمەندی ئەمەریکی، فلیمێکی دۆکۆمێنتاری بەناوی (Capitalism: A lov story) بەرهەمهێناوە، لەو فلیمەدا خێزانێک پیشان دەدات، کە پیاوەکەیان ماوەیەکە بێکار کەوتووە، چیدی ناتوانێت قەرزی خانووەکەی بداتەوە، کە لە بانک کردوویەتی، لەبەر ئەوە خانووەکەی لێدەسننەوە. لە رۆژئاوا و ئەمەریکا، بەم شێوەیە بانکەکان بە یارمەتی پۆلیس و دامودەزگای پەیوەندییدار،  ئەگەر خێزانێک نەتوانێت قەرزەکەی لە کاتی خۆیدا بداتەوە  لە ماڵەکە فڕێ دەدەنە دەرێ و دەست بەسەر خانووەکەیدا دەگرن.
لەو کاتەدا ژنەکە قسەیەک دەکات لە ماناکەیدا ئەوە دەگەیەنێت، کە (بە لێسەندنەوەی ئەم خانووە بەشێک لە مێژووی خێزانەکەمان فەوتا و نەما). قسەکە لە دەقیقەی (8:23)ەوە دەست پێدەکات

لێرەوە منیش دەمەوێت ئەوە بڵێم، کە: بۆ نووسینەوەی مێژوو زۆر جار تەنیا گێڕانەوەی رووداوەکان بەس نیین، بەڵکو پاراستنی ئەو شوێنەی رووداوەکانی تێدا قەوماون، ئەوانەش بەشێکن لە مێژوو، میللەتێک نەک مێژووەکەی خۆی دەنووسێتەوە، بەڵکو پارێزگاری لەو شوێن و شوێنەوارانەش دەکات، کە رووداوەکانی تێدا دروست بوون، ئەو شوێنانە دەبنە بەڵگە بۆ راستکردنەوە و سەلماندنی گێڕانەوەی مێژووەکە.
دوای رووخانی سەدام و نەمانی رژێمی بەعس، کابرایەکی عەرەب، خەڵکی بەغدا، کە چەندین ساڵە دەربەدەری وڵاتانە، لە ساڵی ٢٠٠٣ دەچێتەوە بەغدا، سەردانی کەسوکار و هاوڕێ و گەڕەکەی دەکات، کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ئەمەریکا قسە بۆ راگەیاندنێکی عەرەبی دەکات و دەڵێت: شار و گەڕەک و ئەو ماڵانەی جێم هێشتبوون هیچیان لە شوێنی خۆیاندا نەماون، ئیستا من بە شار و بە نیشتیمانەکەم نامۆم، چونکە بە نەمانی ئەوانە زۆر شت لە دەست منیش چوون، هێندەی خەفەت بۆ ئەوانە دەخۆم، زیاتر خەم بۆ ئەو یادگارانەش دەخۆم، کە هەموو ساڵانی دەربەدەرییم بە خەیاڵ لەگەڵیاندا ژیاوم، ئیستا بیرکردنەوە و یادگارەکانیش نەمان و فەوتان.
ئەوانەی سەرەوە وەک نمونە بەڵگەن بۆ پێناسەی مێژوو، مێژووش یان زانستی مێژوو بەم شێوەیەی خوارەوە پێناسە دەکرێت:
"بریتییە لە گێڕانەوە و نووسینەوەی ئەوەی لە رابردوودا روویداوە، لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری رووداوەکە، شرۆڤەکردن و بەستنەوەی بە کات و سەردەمی خۆیەوە، بەراوردکردنی لەگەڵ ئیستا و پێشبینی کردن بۆ داهاتوو. ىۆیە هەر لێکۆڵینەوە و قسەکردنێک لەسەر مێژوو بە هزر و بیرکردنەوە بنووسرێتەوە، بایەخی زانستیی نابێت"
بەپێی تیوری فیزیکییش دەتوانرێت بگووترێت مێژوو بریتییە لە کۆتایی و بەجێهێشتنی ئیستا، کە دەبێتە رابردوو. رابردوو بە کیلۆمەتر و پێوەری تیژیی تێپەڕبوونی تیشک دەپێورێت، واتە مێژوو تەنیا بە تێپەڕبوونی شەو و رۆژ، یان ساڵ دیاریی ناکرێت، کە زەوی بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە، یان زەوی بە دەوری رۆژدا دەسوڕێتەوە و وەرزەکانی لێدروست دەبێت، بۆیە پێناسەی مێژوو دیسان بریتیی دەبێت لەو جوڵانەوەیەی کە ئیستای تێدا جێدەهێڵرێت، بۆ ئەوەی پێ بنێتە داهاتوو، ئەو جوڵانەوەیە دەبێتە رابردوو واتە کۆتایی جوڵانەوە واتا (مێژوو).
مێژوونووسێکی رووسیش لەسەر مێژوو دەڵێت: مێژوو مامۆستا و فیرکەر نییە، تا فێرت بکات و زانیارییت بداتێ، بەڵکو چاودێرێکی  کەللەرەقە، بەسەر ئەوانەوە کە پەند لە وانەکان وەرناگرن.
"تعريف جامع للتاريخ لأحد المؤرخين الروس يقول:
"إن التاريخ ليس معلما، بل هو رقيب عتيد. هو لا يُعلم أي شيء، لكنه يعاقب بقسوة على عدم استيعاب الدروس".
دەسەڵاتی پارتە کوردییەکان و خاوەن کۆمپانیا و بازرگانەکان زیاتر لە دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە ئەو شوێنەی لە نیشتیماندا کە بەستراوە بە مێژووەوە پارێزگارییان لێنەکردووە.  ئەمانە ئەو شۆڕشگێڕانەی شاخ بوون، کە ئیستا نیشتیمانیان کاول و تێکداوە. نەوشیروان مستەفا لە کتێبی (بە دەم رێگاوە گوڵچنین/ بەرگی یەکەم) لاپەڕە (٦١) دەنووسێت: لە ژیانی چەند ساڵەی شاخـدا، چەند جارێ لە کاتی هەڵکەندنی بناغەی خانو بۆ بارەگا و سەنگەر لە هەندێ ناوچەی شاخاوی دا، کارکەرەکان چەند جارێ توشی گۆزە و خشت و ئێسکوپروسکی کۆن بوون، بەوپەڕی بێباکیەوە گۆزەکانیان ئەشکان و ئێسقانەکانیان فڕێ ئەدا.....).
لێرەدا نەوشیروان چەند راستییەک دەدرکێنێت، یەکەمیان خۆی وەک بەرپرسی دووەم لە دوای تالەبانی رێگری نەکردووە لەوەی نەهێڵێت ئەو پێشمەرگانە پاریزگاری لە پاشماوە کەلتوریی و مێژووییەکان بکەن، دووەم ئەو پێی وابووە، ئەمەش بەشێک نییە لە ئەرکی شۆڕش، بەڵکو تەنها چەکهەڵگرتن و تەقەکردن و پیاوکوشتن شۆڕشە، نەک پاراستنی کەلتور و شوێنەوارە مێژووییەکان. لەو سەردەمەدا منیش لە دەرەوە بووم، جارێکیان پۆلێک پێشمەرگە بە خۆشیی و پێکەنینەوە بۆیان گێڕامەوە، کە رێیان کەوتبووە قەدپاڵ شاخێک، لە بەردی شاخەکە چەند نەخش و وێنەی کۆنی لێهەڵکۆڵرابوو، ئەمان بە کڵاشینکۆفەکانیان نیشانەیان لێگربوویەوە، ئەوەی ئەمڕۆ دەسەڵاتی کوردی دەیکات وەک تێکدانی شوێنەوار و خانووە کۆن و شەقام و گۆڕستانەکان دیوێکی دیکە بۆ تەواوکردنی ئەو وێرانکارییە، کە لە سەردەمی شاخدا دەستیان پێی کردبوو. دوژمن و داگیرکەرانی کورد زیاتر رێزیان لە مێژووەکەمان گرتووە، ئەوەی بۆ ئێمە مابوویەوە، خۆمان نەمانهێشبوونەوە، بەڵکو ئەوان پاریزگارییان لێی کردبوو، چونکە ئەوان لەگەڵ نیشتیمانەکەماندا، دەیان ویست مێژووەکەش داگیر بکەن، تا لە رێگای مێژووەوە خاکەکەشمان بکەن بە موڵکی خۆیان وەک بەڵگەیەک رەوا بە داگیرکردنی خاک و نیشتیمان بدەن. جەلال تالەبانی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠- ٢٠٠٢دا هەڕەشەی لە سەددام حسێن کرد گوتی:
"کەرکوک شارێکی کوردییە، بۆ سەلماندنی قسەکەم بڕۆن سەیری گۆڕستانەکان بکەن، ئەوانە بەڵگەن"
 هەفتەیەک بەسەر ئەو قسەیەی تالەبانییدا تێنەپەڕی، سەدام فەرمانی دەرکرد گۆڕستانی کوردەکانیان لە کەرکوک تێکوپێک دا، ئەمەش دیوێکی دیکەی سەرانی کوردی پێشان دا، کە چۆن بە دوژمن دەڵێن، وەرە ئەوەی کە بیرت لێنەکردۆتەوە بیکەیت، من پێت دەڵێم بیکە.
ئەوانەی سەرەوە کورتەیەک بوو، بۆ پێناسەی زانستی مێژوو، کە هەموو میللەتێک لە چوارچێوەی ئەو پێناسەیەدا مێژووەکەی دەنووسێتەوە، زۆربەی مێژوونووسانی کورد، سیاسیی بوون، مێژوویان لە پێناو ناساندنی خوود و بیروباوەر و حیزبەکانیاندا  نووسیوەتەوە. هەر رووداوێکی مێژووییش ئەو مەرجانەی سەرەوەی تێدا نەبێت و بە درۆ بنووسرێتەوە، ئەو نەتەوەیە ناتوانێت پێناسەی راستەقینەی خۆی بکات. لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین، هەربۆیە کورد مێژووەکەی شێواندراوە، عەبدوڵڵا ئاگرینیش وەک سیاسییەک و سەر بە حیزبێکی دەسەڵات، یەکێکە لەوانەی، دەیەوێت دوور لەو  مەرجانەی سەرەوە و بە دڵی پارتیی و بنەماڵەی بارزانی بەشێک لەو مێژووە بنووسێتەوە.
لەم کورتە باسەی سەرەوەدا لەسەر پێناسە و گرنگی شوێنەوارە مێژووییەکان دەمەوێت لە دەرگای بەشی چوارەم و کۆتایی باسەکە بدەم، ئەویش قسەکردنە لەسەر عەبدوڵڵا ئاگرین و ئەو دیدارەی، کە لە توێی کتێبێکدا کۆیکردۆتەوە و ناوی لێناوە (لاپەڕەیەکی گەش لە مێژووی کاژیک)، لەوێدا هەندێک زیادەی خستۆتە سەر، کامیل ژیریش لە وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاردا بە کورتیی وەڵامی عەبدوڵڵا ئاگرینی داوەتەوە. بۆیە من ئەو مافەم بە خۆم نەدا، ئەوەی پەیوەندیی بە منەوە نەبێت، قسەی لەسەر بکەم، بەڵام وەک رەخنەگرێک بە کورتی سەرنجی خۆم دەنووسمەوە. وەک بیرخستنەوەیەکیش دەمەوێت ئەوە بڵێم، کە قسەکردن و نووسینەوەی ئەو مێژووە تەنها بۆ چەند ساڵێک لە سەردەمی منداڵیی و هەرەتی لاوییمدا پەیوەندیی بە منەوە هەبووە، من پاسۆکییم نەکردووە و بڕوام پێیان نەبووە، زۆربەی ئەندامەکانیانم لەناو پارتیی و پاراستندا بینیوەتەوە، کاتێک د. عەبدوڵڵا لە باسکردنی مێژووی کاژیکدا ناوی من دەهێنێت و بزووتنەوەکە بە کەسایەتییەکی وەک ئیدریس بارزنیشەوە دەبەستێتەوە و پیرۆزی دەکات، لێرەدا تەزووی ئازارێک بە گیانمدا دێت، لە ناخەوە هەست بە ئازاری دەروونی دەکەم، ئەگەر نەیەمە دەنگ، هەست دەکەم فێڵم لێکراوە و لەگەڵ کەسانی گومانلێکراودا بە هێڵێکی چەوتدا رۆیشتووم، کە ئەوان بۆ حیزبێک و دەزگایەکی سەر بە بنەماڵەی بارزانی کاریان کردووە! 
ئەم ریزە وەڵامەی من لەو چوار بەشەدا، کە لەسەری قسەم کردووە لەو هەستەوە سەرچاوە دەگرن، بۆیە خۆم خستە نێو ئەم شەڕەوە.
*************************
عەبدوڵلا ئاگرین لە هەناوی ئەو دیدارەدا یادگاری خۆی دەگێڕێتەوە، خۆی کردووە بە بەشێک لە مێژووی (کاژیک)، تا ئەو شوێنەی راستگۆ بێت، مافی خۆیەتی، ئەوەی جێگای سەرنجە کاتێک باس لە مێژووی ئەو حیزبە دەکات، مەلا مستەفای بارزانیی و ئیدریسی کوڕی بە نەتەوەیی و بە بەشیک لەو مێژووە دەناسێنێت، جگە لەوە کەسانی وەک محەمەد عەزیز و شێخ محەمەدی هەرسین، کە دوو کەسی ئەو سەردەمەی پاراستن بوون، پارتی گەلی کوردیان دروست کرد، کاک عەبدوڵڵا ئاگرین ئەم دوو کەسایەتییەش بەرز دەنرخێنێت. ئەو مێژووەی ئەمیش دەیەوێت بینووسێتەوە، لە پێناسەکردنی زانستیانەی مێژوو دەچێتە دەرێ و بایەخێکی وای نامێنێت، کە بتوانرێت لەناو دەقە مێژووییەکاندا ببێتە جێگای بڕواپێکردن، کەسانی وەک د. جەمال نەبەز و کامیل ژیریش، کە خاوەنی بەشێکن لەو مێژوو، ئەمانیش زۆربەی گێڕانەوەکانی عەبدوڵڵا ئاگرین بەدرۆ دەخەنەوە، کە من لێرەدا لەسەر ئەوانەش قسە دەکەم.
****************************
دیدارەکە کەناڵی (NRT) کردوویەتی، د. جەمال نەبەز سەبارەت بەو کەناڵە ئەمە دەگێڕێتەوە:
"بەر لەوەی NRT بکەوێتە کار، کەسێکی سەر بە کۆمپانیای نالیا لە ئەڵمانیا پێوەندیی بە دۆستێکی منەوە کردبوو، تکایان کردبوو لێی، پێم بڵێ بەشکو رازییم بکات بەوەی لە تەلەفیزیۆنی NRT بە گوتووێژێک لەگەڵ من دەستپێبکات. منیش بە دۆستەکەمم گوت، تکایە بپرسە لێیان بزانە ئەو TVیە هی حیزبێکە، یان نا؟! ئەگەر هی حیزبێکە، ئەوە دەبێت ببورن من گوتوبێژ ناکەم لەگەڵیان، خۆ ئەگەر سەر بە هیچ حیزبێک نییە، دەبێ بزانم هی کێیە و پارەکەی لە کوێوە دابین دەکرێ؟! بە دۆستەکەمیان گوتبوو: "تەلەفیزیۆنەکە سەر بە هیچ حیزبێک نییە و هی خێرەومەندێکە" منیش گوتم: دە پێیان بێژە جەمال نەبەز ئامادە نییە لەگەڵ (Mr. X) میستەرێکی ئێکسی خێرەومەند گوتوبێژ بکات.".
د. جەمال نەبەز گومانی لەسەر ئەوەش هەیە، کە بەو هۆیەوە ویستوویانە ناوی بهێننە پێشێ و رەنگە لەو گوتوبێژەدا بە مەبەست باسی کاژیکیان لەگەڵدا بکردایە، وەک خۆی دەڵێت، "٥٠ ساڵ زیاترە لە کوردستاندا چالاکی نەماوە، تا ناچاری بکەن وەڵام بدەمەوە، بۆیە دواجار لە عەبدوڵڵا ئاگرینەوە وەکو یەکەم کەس دەستیان پێکرد، لە کاتێکدا عەبدوڵڵا ئاگرین یەکێک نەبووە لە دامەزرێنەرانی کاژیک و هیچ تێکۆشینێکی رۆشنبیرانەی لە پێناوی کاژیکدا پێوەدیار نەبووە".
********************
وەک لە بەشەکانی تردا قسەم لەسەر "پارتی گەلی کورد" کرد، ئەوەم روونکردەوە، ئەم حیزبە دروستکراوی پارتیی بووە. زۆربەی ئەندامانی ئەم حیزبە لە نمونەی محەمەد عەزیز و شێخ محەمەد هەرسین لە رێگای پارتی گەلی کوردەوە، بە پلان چوونە ناو کاژیکەوە، دوای رووداوی کانی ماسی و کوشتنی کۆمەڵیک لە ئەندام و کادیری شیوعییەکان، سلێمانییان جێهێشت و چوونەوە لای پاراستن، کاژیک تەنها قاوغەکەی مابوویەوە، مەبەستی پاراستن و بنەماڵەی مەلا مستەفا، ئەوەبوو، کە لە دەرەوەی بوونی خۆیان شکستی بە هەموو رێکخراو و حیزب و بزووتنەوەیەک بهێنن.
عەبدوڵڵا ئاگرین لە پێشەکی نووسینەوەی دیدارەکەیدا (لاپەڕەیەکی گەش لە مێژووی کاژیک) ئەو کتێبە پێشكەش بە محەمەد عەزیز دەکات و دەڵێت:
(كاكە محەمەد عەزیز (خاڵە حەمە) ئەو مرۆڤە مەزن و خۆنەویستەى نەیهێشت لەژیانی سیاسیم و كار و چالاكی حزبیمدا بگلێم). شێخ مەحمەد هەرسینیش بەڕێزەوە ناو دەهێنێت، هەڵبەتە د. عەبدوڵڵا ئاگرین بۆ خۆشی ئەندامی "پارتی گەلی کورد" بووە. کاتێک خوێنەر پێشەکی و مێژووەکە لە زمانی د. عەبدوڵڵا ئاگرینەوە دەخوێنێتەوە، سەری لێ تێک دەچێت، نازانێت لە کوێدا کاژیک بناسێتەوە و جیاوازییەکان چۆن ببینێتەوە؟ ئەو پرسیارەی لا دروست دەبێت، کە ئایا بە راستیی کاژیک حیزبێکی نەتەوەیی سەربەخۆ بووە، یان بەشێک بووە لە پارتیی و دەزگای پاراستن؟ قسە و بۆچوونەکان وەها تێکەڵ بەیەککراون، خوێنەر دەگەیەنێتە ئەو بڕوایەی بڵێیت کاژیک لە ناو رەحمی پارتییدا دروست بووە، هیچ جیاواییەک نابینێت، چ لە بیرکردنەوە و هەڵوێستدا، چ لە چالاکیی و هەڵسوکەوتی زۆربەی ئەندامانی ئەو سەردەمەی کاژیکدا. ستایشکردنی پاراستن و بنەمالەی بارزانیی بەتایبەتیی مەلا مستەفا و ئیدریسی کوڕی، گوایە ئەوانیش نەتەوەیی بوون و باش بیریان کردۆتەوە، ئەمانە قسەی د. عەبدوڵڵا ئاگرینە لەوێوە بێ هیوامان دەکات، کە بڵێین:
کورد تا ئیستا رێکخراوێکی نەتەوەیی، یان ناسیۆنالیستی کوردیی نەبووە، چونکە وەک نەتەوە خۆی نەناسیوە، هەڵبەت ئەو بزووتنەوە و چالاکییە نەتەوەییەی لە ٧٠ ساڵەی رابردوو، لە ئیستاشدا بوونیان هەیە پارتیی و یەکێتیی خاوەنی بوون، ئەمانە توانیویانە، لە رێگای هەڵگرتنی داخوازیی و بانگەشەی دروشمی نەتەوەییانە، هەستی نەتەوەی کوردیی بێ بایەخ و گوماناوی بکەن، تەنانەت بەهەمان هەناسە چەند کەسایەتییەکی ناو کاژیکیش ئەوەیان بۆ بنەماڵەی بارزانی نەشاردۆتەوە، بە نمونە پاش پەنجا ساڵ کامیل ژیر کوفرێکی سیاسیی دەکات، لە وەڵامی پرسیاری ژمارە ٣٦ دا بە مەلا مستەفا دەڵێت: (بارزانی سەركردەیەكی جەوامیر بووە).

لەم گرتە ڤیدیۆیەدا ببینن، کە چۆن مەلا مستەفا وەک کەسایەتیی و سەرکردەیەک دەردەکەوێت، ئاستی وشیاریی سیاسیی و جەوامێریی ئەم سەرکردەیە چۆن بووە!؟
کامیل ژیر وەک یەکێک لەوانەی کاژیکیان دروست کردووە ئەم لێکدانەوەیەی لەسەر بارزانیی هەبێت، دەتوانین بگەینە بەشێک لە خاڵی شکستەکانی ئەو حیزبە، هەروەها ئەحمەد هەردییش وەک کامیل ژیر، ساڵی ١٩٩٨ لەندەن لای چەند برادەرێک وتبووی مەلا مستەفا سەرکردەیەکی هەڵکەوتووە، هەر کاتێک چووبمە لای لەبەرم هەڵستاوە و رێزی لێگرتووم، لای د. جەمال نەبەزیش وتوویەتی: دەبێت ئێمە لە نێوان پارتیی و بارزانییدا جیاوازیی بکەین، لەگەڵ مەلا مستەفادا بین، نەک لەگەڵ پارتیی. لێرەدا دیسان ئەمە ئەوە دەسەلمێنێتەوە، کە کاژیک وەکو بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی، خاوەنی سەربەخۆیی خۆی و ئایدۆلۆژیایەکی نەتەوەیی خۆی نەبووە، هەمیشە مۆتەکەی پارتیی لەسەر سنگی وەستاوە، هەربۆیە نەیتوانی گەشە بکات، بوونی عەقڵیەتی ئەم جۆرە سەرکردانە، ئازادیی لە کاژیک سەندبوویەوە.
د. جەمال نەبەز لەسەر پەیوەندی بنەماڵەی بارزانی بە کاژیکەوە دەڵێت:
"لە بنەماڵەی مەلا مستەفای بارزانی، چ خۆی، چ کوڕەکانی، هیچ پەیوەندییەکیان بە کاژیکەوە نەبوو، ئەوەی کە ئەبدوڵڵا ئاگرین و کامیل ژیر گوتیان، گوایە ئیدریسی کوڕی مەلا مستەفای بارزانی نەتەوەیی و لە کاژیکەوە نزیک بووە، ئەز خۆم ئاگام لەوە نییە و باوەڕیشم پێی نییە، چونکە ئەگەر وابووایە، پارتی نەیدەتوانی ئەو هەموو دوژمنایەتییە بەرامبەر کاژیک بکا، بەتایبەتی بەرامبەر بە من".
د. جەمال نەبەز درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: "پارتی، چ پێش سەردەمی گەڕانەوەی مەلا مستەفای بارزانی لە سۆڤیەت و چ پاش ئەوەش، بە ئاشکرا و بە نهێنی دوژمنایەتی بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیی کوردستان و هەڵگرتنی ئاڵای کوردستانی دەکرد، بەتایبەتی دژایەتی منی دەکرد، چ لە کوردستان، چ لە ئەوروپا،" "...... ..... پارتییەکان ئێمەیان بە شۆڤێنی لە قەڵەم دەدا".
د. جەمال نەبەز دەڵێت: 
"پارتی لە مێژووی ٦٨ ساڵەی خۆیدا، هیچ کاتێک حیزب، یان رێکخروێکی نەتەوەیی، یان ناسیۆنالیست، یان دیموکرات نەبووە، بەڵکو بە شێوەیەکی گەلەکۆمەکی فرەچەشندا و لە ژێر ئاڵای کوردایەتیی ساختەدا بە راستەوخۆ لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە براوە بەڕێوە."
د. جەمال نەبەز ئەم گوتانەی بە دەستوخەتی خۆی نووسیوەتەوە، کۆپییەکی بۆ من ناردووە، وەک ئاگاداری کردمەوە، بە نیازە بیکات بە وتارێکی دوور و درێژ و قسەی لەسەر بکات، من بەتەنیا ئەوەندەم بەباش زانی بۆ نووسینەکەی خۆم کەڵک لە بەشێکی وەربگرم، بە پێویستیشم نەزانی لەوە زیاتر درێژەی بدەمێ لێرە بەدواوە کۆتایی بەم باسە مێژووییە دەهێنم.
کتێبەکەی ئەبدوڵڵا ئاگرین:
دیدار و وەڵامەکانی کامیل ژیر:

-------- چەند پۆستکارتێکی هونەرمەندانی کورد لە حاجی هۆمەران پێش ئاشبەتاڵ بە چەند مانگێک ساڵی ١٩٧٤ ---------


بەشەکانی پێشووتر:

تا شایەتحاڵەکان مابن، ئێوە ناتوانن مێژوو بە ئارەزووی خۆتان بنووسنەوە (بەشی یەکەم)


تا شایەتحاڵەکان مابن، ئێوە ناتوانن مێژوو بە ئارەزووی خۆتان بنووسنەوە (بەشی دووەم)


تا شایەتحاڵەکان مابن، ئێوە ناتوانن بە ئارەزووی خۆتان مێژوو بنووسنەوە (بەشی سێیەم)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە