هه‌ڵمه‌تی توندره‌وه‌کانی سویسرا دژی په‌نابه‌ران

Monday, 11.22.2010, 12:00

422 بینراوە


24 کاتژمێر رۆژی 28ی نۆڤه‌مبه‌ر له‌ سویسرا راپرسیه‌ک سه‌باره‌ت به‌ ناردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی تاوان ده‌که‌ن، ئه‌نجام ده‌درێ، پارتی توندڕه‌وی گه‌لی سویسرا (SVP) هه‌ڵمه‌تێکی گه‌وره‌ی ده‌ست پێکردوه‌ له‌ پێناو سه‌رکه‌وتنی راپرسیه‌که‌.

له‌ یه‌کێک له‌و هه‌ڵمه‌تانه‌دا، دوو وێنه‌ی سه‌یری بڵاو کردۆته‌وه‌.

له‌ وێنه‌ی یه‌که‌مدا، 4 کچی رووت نیشان ده‌درێ که‌ پشتیان له‌ وێنه‌گره‌ وبه‌ره‌و قوڵایی ئاوی ده‌ریا ده‌ڕۆنه‌ پێش. له‌ وێنه‌ی دوهه‌میشدا، گۆلی زوریخ خراوه‌ته‌ به‌رچاو که‌ تیایدا کۆمه‌ڵێک ژنی موسڵمان به‌ جلوبه‌رگه‌وه‌ مله‌ ده‌که‌ن. پارتی ناوبراو له‌ ژێره‌وه‌ی وێنه‌کان ده‌نووسێ:

(ئه‌گه‌ر 28ی ئۆکتۆبه‌ر ده‌نگی به‌ڵێ نه‌ده‌ن به‌ راپرسیه‌که‌، سویسی 2030 وه‌ک ئه‌و وێنه‌یه‌ی لێدێ که‌ کۆمه‌ڵێک ژنی داپۆشراو مه‌له‌ی تێدا ده‌که‌ن. بۆیه‌ باش بیر بکه‌نه‌وه‌ و به‌گوێره‌ی ئه‌مه‌ ده‌نگتان بخه‌نه‌ سندووقه‌کانه‌وه‌.)

هه‌ندێک حزبی سویس له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م وێنانه‌ی (SVP) ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌ و پێیان وایه‌ شته‌که‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تر کراوه‌ته‌وه‌ که‌ هه‌یه‌. له‌ به‌رامبه‌ریشیدا محافزه‌کاره‌کان پشتوانی له‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ ده‌که‌ن.

سویس 28ی ئه‌م مانگه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر سندوقه‌کان. به‌گوێره‌ی ئه‌و راپرسیه‌، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی له‌ سویس تاوان ئه‌نجام بده‌ن، ده‌بێ ره‌وانه‌ی وڵاتی خۆیان بکرێنه‌وه‌.



(دەنگدراوە: 0)