وانە پەروەردەییەکان بۆ کۆمەڵگای کوردستان! - بەشی سێەم و کۆتایی

Tuesday, 30/04/2013, 12:00

1380 بینراوە









تیرۆر کردنی سەردەشت عوسمان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کوردیدا چمان پێدەڵێت؟

ئاخۆ گەر ئازادی دەربڕین لە کۆمەڵگای کوردستاندا بەرقەرار بوایە سەردەشت تیرۆر دەکرا؟
ئاخۆ گەر دادگایەکی بێلایەن بونی هەبوایە لە کوردستاندا، سەردەشت عوسمان وەک تیرۆریستێک دەپێکرا یان وەک هێمای ئازادیخوازێک دەردەکەوت؟

کاتێک چەمکی خۆشەویستی و ئازادی تیرۆر دەکرێت لە کۆمەڵگادا، نیشانەی ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە تەواو کار بە سیستەمێکی دیکتاتۆریانەی قێزەون دەکات.

ڕفاندن و تیرۆر کردنی سەردەشت لە ٤/٥/٢٠١٠ دا، تەواوی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان خستە ژێر پرسیارەوە، چونکە ئەو دەسەڵاتە هەردەم لافی ئەوە لێ دەدات کە وێنەی ئەو لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەگمەنە، لەوەی توانیویەتی ئازادی دەربڕین و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگادا جێکەوتە بکات و بە حیسابی دەسەڵات، خەڵکی کوردستان لە تەواوی خەڵکانی وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵات زیاتر گەشتونەتە ئامانجە دیموکراتی و ئازادیەکانی خۆیان. ئاخۆ لە ڕاستیدا وایە؟ یان ئەوە تەنها ئەو چەواشەکاریەیە کە لەلایەن دەسەڵاتداران و میدیاکانیانەوە ڕۆژانە دەفرۆشرێن بە خەڵکی کوردستان؟ لە هەرێمی کوردستاندا زۆرترین ڕێژەی ژن کوشتنی تێدا ئەنجامدراوە لە ماوەی مێژوی بیست و دوو ساڵەی دەسەڵاتدارێتی ئەحزابی حاکمی کوردیدا، ئاخۆ دەبێت ئازادی و دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ چۆن چۆنی بێت لای ئەم دەسەڵاتدارە بەڕێزە کوردیە!!!!!!!!!!!!!!!!!
کاتێک خەڵکی کوردستان ناڕەزایەتیەکانیان دەردەبڕن و گازندەیان لە دەسەڵات هەیە، بێ پێچ و پەنا، دەسەڵات ئەو ناڕەزایەتی و گردبونەوە جەماوەریانە بە ئاژەوەگێڕی و خیانەتی نیشتمانی و دەستی دەرەکی لە پشتیەوە تۆمەتبار دەکات. ئاخۆ ئیتر کامە جۆری ئازادیە کە دەسەڵاتی کوردی دەیەوێت لە کۆمەڵگاکەیدا بونی هەبێت؟ ئاخۆ باشتر نیە بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان و سەرجەم دام و دەزگا ئیداریەکانی سەر بە حیزبیان، کە بەمادەیەکی یاسایی نێو یاساکانی خۆیان، سەرجەم خەڵکی خوار دەسەڵاتی خۆیان بکەن بەڕەعیەت، بۆ ئەوەی ئیتر لەنێو گوزەران و پەروەردەی ڕەعیەت ئاسادا، ناڕەزایی بوون ڕاستەوخۆ بەمانای مل لێکردنەوە دێت و ئەو کاتیش خەڵکانێک نامێننەوە لەو جوگرافیایەدا ئامادە بن ناڕەزایەتی دەر بڕن دەرهەق بەژیانی ژێر دەستەییان؟ بەڵام لەمەی ئێستادا، لەنێو یاسا و دەستوریدا، چ عێراق یان کوردستان، هاوڵاتی مافی تەواوی پێدراوە و لەم نێوەشدا هاوڵاتی دەتوانێت بەئازادانەی خۆی دەربڕی خواستەکانی بێت. لەو دیوو ئەم درۆ شاخدارانەوە کە لەنێو یاسا و دەستوردا هەیە، هەرچ ناڕەزایەتیەک گەر بە قازانجی خودی هەیمەنەی دەسەڵات نەبێت، ئەوکات بەڕێژنەی گولەی میلیشیاکان وەڵام دەدرێتەوە.
ئازادی دەربڕین و ئازادی بۆئەوەی وەک چەمکێکی بەهادار ببینین، لە هەرێمی کوردستان و عێراقی نوێدا، هەر هێندەی ئەو ئازادی دەربڕینەیە کە لە ڕژێمەکانی پێشوتری عێراقدا بونی هەبوە، چونکە ڕژێمەکانی پێشوو، تاک ڕژێم و تاک دەسەڵات بوون، بەڵام ئەمی ئێستا، فرە حیزب و فرە دیکتاتۆریە، لێرەدا، هەر حیزب و لایەنێک کۆمەڵێک هەوادار و گوێ لەمستی بۆخۆی کڕیوە و بەپێی بەرژەوەندی و ئامانجە تایبەتیەکانی خۆیان خەریکی ئەو جۆرە لە سیاسەتکردنن کە بەقازنجی خۆیان دروست بێت، نەک بەشوێن ئاڵوگۆڕی مەزنی کۆمەڵایەتیەوە بن. ئەم جۆرە سیاسەتەی ئەمڕۆ لە عێراق و کوردستاندا ئامادەیە، تەنها دەتوانێت وەک فرە ڕەنگیەکی نێو کۆی پەروەردەی بۆرژوازیانەی نێو ئەو سیستەمە بێت و لەم نێوەدا ئەوەی بەرقەرا نیە خودی چەمکی ئازادی و مافەکانی هاوڵاتی بونە. کەواتە لێرەدا دەتوانین بڵێین کۆی سیاسەتی بەرەی کوردی و بەرەی عەرەبی عێراقی، سەرچاوەی ئەو کۆ هیلاکەت باریەن کە دراوە بەسەر شانی خەڵکی عێراق و کوردستاندا.
گەر لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئازادی دەر بڕین و دادگای بیڵایەن بونی هەبوایە، ئەوا نە سۆران و نە سەردەشت و نە ئەوانی پێش ئەم دوانەش لەسەر کاری سیاسی و نوسین تیرۆر کران و گووم کران، بونی نەدەبوو. ئەوە شکستی سیاسیەکانی کوردە کە هەریەکە و بەپێی گەڵاڵە نامەیەک ژێر بەژێر ڕێکەوتن هەیە لە نێوانیاندا و بەکۆی گشتیان ئامادەن دیفاع لە هەلومەرجێک بکەن، بەغەیری پەروەردەی شکست و بێئیرادەککردنی مرۆڤ هیچی کەی لێ بەرهەم نەهاتوە.
سەردەشت عوسمان، بەرهەمی نێو هەلومەرج و بارودۆخێک بوو، کە هێشتا قسەکردن و ڕەخنە کردنی دەسەڵات و بەرپرسان تێیدا بڤەی گەورە بوو. گەر وانەبوایە و ئەو دەسەڵاتە، یەک کەم جورئەتی هەبوایە، بەو شێوە ڕەزیلانە پەنای بۆ تیرۆر کردنی ئەو گەنجە نەدەبرد. تیرۆری سەردەشت، هەرکەسێک لەم بەرکردبێتی و یان لەو بەر، کۆی هەردوو لای دەسەڵات لێی بەرپرسیارە لە ئەنجام دانی ئەو کارە نامرۆڤانەیە. خۆ گەر ئەو دەسەڵاتە بۆخۆی بەرهەمی ترس و تۆقاندن و وەک ئەو دەسەڵاتی پێشوو هەڵگری هەمان چەمکی دیکتاتۆریانە نەبوایە، دەکرا بەلایەوە ئاسایی بێت، کاتێک بەر ڕەخنە دەکەوێت، گەر ئەو بڕوای بەخۆی و عەدالەتی خۆی هەیە، با لێ گەڕیایە دادگایەکی بێلایەن و دوور لە سانسۆر بیتوانیایە ئەو کەیسانە هەڵگرێت، بێ ئەوەی بەنهێنی لەنێو بردنی ئەو مرۆڤە بەتوانایانە ئەنجام بدرێت. ئەوە گەورەترین تاوان بوو کە دەسەڵاتی کوردی کردی دەرهەق بەو مرۆڤانەی تەنها قەڵەمیان چەکی دەستیان بوو. سەردەشت عوسمان، موڵکی هیچ حیزب و لایەنێک نەبوە، بەڵکو ئەو تەنها ئومێد و خواستی هاتنە ئارای کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەهرەمەند لە ژیانی دوور لە ترس و ملکەچ کردن بوە.
بانگهێشت کردنی ئیسماعیل بێشکچی بۆ هەرێمی کوردستان و بەخشینی مەدالیای ڕێز لێنان بۆی، جێگای خۆیەتی و جێگای خۆیەتی وەک خوێندمەوە کە فەرهاد پیرباڵ داوای کردوە تاکێک لە پێڵاوەکانی بەرێت و لە مۆزەخانەدا دای بنێت، ئەمە هەموی جێی دەست خۆشیە، بەڵام ئاخۆ گەر دوو ڕوی نەبێت بۆ سیاسیەکان و ڕۆشنبیرەکان، و بنەماکانی ئازادی و خۆشەویستی بونی هەبێت، بۆچی سەردەشت و دوعاکان دەکوژرێن لە هەرێمی کوردستاندا؟ ئاخۆ کامە کەلتور و چەمکی ئازادیخوازی هەیە، بێت بەو ئەندازەیە دوو ڕووی نیشان بدات لەیەک کاتدا. ئیسماعیل بێشکچی لە پێناوی ئازادی خەڵکی کوردستاندا، زۆرترین تەمەنی خۆی لەنێو زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیادا بەسەر بردوو، ئامادەش نەبوو بۆ چرکەیەک پەشیمان بێتەوە لەو بڕیارو باوەڕەی خۆی. بەڵام نازانم بێشکچی ئاگای لەوە هەیە لە هەرێمی کوردستاندا، مەسەلەی خۆشەویستی و ئازادی بۆ مرۆڤ لەکام پێوەردایە؟ ئاخۆ تۆ بڵێی بێشکچی ئاگای لەوە بێت کە سەردەشت عوسمان تەنها لەسەر نوسینەکانی تیرۆر کراو دواتریش لەلایەن دادگای حیزبەوە بە تیرۆریست درایە قەڵەم؟ ئاخۆ بێشکچی ئاگای لەو ڕێژە ترسناکە هەیە لەوەی ژنان بە چ جۆرێک لەژێر ستەمی چەوساندنەوە و بێ ڕێزی و کوشتنی جەستەیدان، لە ژێر سایەی ئەو دەسەڵاتەی هەردەم باس لە ئازادی و دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ دەکات؟ من بێشکچی بە مرۆڤێکی زۆر بەڕێز دەبینم، چونکە ئەوێك وێنەی کەمە لە نێو فەرهەنگ و کەلتوری فاشیزمانەی دەوڵەتی تورکدا، کە ماوەی نەوەد ساڵە کۆمەڵگا گۆش دەکەن بەوەی تورک بوون مانای گەورەیی و مەزنی ئەو دەگەیەنێت و ئەو کۆمەڵگاکانی تر بچوکن و تا ڕادەی نەبوون دەخوێنرانەوە لە نێو ئەو پەروەردەیەدا. هەڵکەوتنی کەسانی وەک بێشکچی هەردەم دەبێت شایانی ڕێز لێنان بن، چونکە دیفاعی ئەو بۆ دەسەڵاتی کوردی نەبوە هێندەی بۆ ئازادی کۆمەڵگای کوردستان بوە.
خەڵکی کوردستان گەر قبوڵی یاسا و ڕەفتاری کۆمەڵگایەکی بەڕەعیەت بوو بکات، ئەو کات، ناتوانێت هەڵگری چەمکی خۆشەویستی و چەمکی ئازادی بێت، چونکە ئەم دوو چەمکە، نیشانەن بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی بەهیچ شێوازێک قبوڵیان نیە دەستەو تاقمێک لەسەرەوە بێن و حوکمیان بکەن و، جێگاو ڕێگایان بۆ دیاری بکەن. لە نێو پەروەردەی کۆمەڵگایەکی خاوەن خۆشەویستی و ئازادا، کۆمەڵگا بۆخۆی دەتوانێت هەڵسوڕێنەری نێو کایە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان بێت و پێویست بوون بە دەستەو تاقمێک لەسەروە لەنێو ئەو کۆمەڵگایانەدا جیگای نابێتەوە.
پەروەردەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، بە ئەندازەیەکە، تەواو دژی چەمکی ئازادی و چەمکی خۆشەویستی بوونە، چونکە لە غیابی ئەو دوو چەمکەدایە، کە زۆرترین بێڕێزی و بێمافی هەیە لەنێو پەروەردەی کۆمەڵگا و خودی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی دەسەڵاتی کوردیدا، کوشتنی ژنان و تیرۆر کردنی مرۆڤێک لە سەر ڕا دەر بڕین، دەر ئەنجامێکە، کە لەنێو خواستی ئەو دەسەڵاتەدا، هیچ ئاڵوگۆڕێک نیە لەوەی کە وەک ڕژێمی دیکتاتۆری دوێنێ نەبێت.
پیشاندانی زینجیرە درامای گەردەلول، بۆ ئەو نەوەیەی کە ڕژێمی بەعسی نەدیبوو، ڕەنگە وا بێت کە خەڵکی فێر بن بزانن ڕژێمی پێشوو بە چ ئەندازەیەک دژی خواستەکانی خەڵکی کوردستان و خەڵکی عێراق بوە، ئەوە وەک دەرخستنی ئەو مێژوە تاریکە لە دەسەڵاتی ڕژێمی پێشوو جێی خۆیەتی. بەڵام دەکرێت بپرسین، کامایە ئەو جێخستنە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەی کە جوانتر و بە پێز تر بێت و لە دوێنێ نەچێت کە پێش کەشی خەڵکی کوردستانتان کردبێت؟ ئاخۆ بەرهەمهێنانی کەلتوری فەسادی ئیداری و گەندەڵی و تیرۆر کردنی مرۆڤ و بێ بەها بوونی تاک لە نێو کۆمەڵگادا، بەمانای جێخستنی ئازادی و خۆشەویستی دەگەیەنێت، یان دوو بارە کردنەوەی هەمان فەرهەنگی تێک شکاندنی ئیرادەی مرۆڤ دەگەیەنێت کە ئەو هەزارەها لە مرۆڤی بە ئیرادە لە نێو زیندانەکانی بەعسدا ئامادە بوون گیانی خۆیان بەخت بکەن لە پێناو جێخستنی کۆمەڵگایەک کە چیتر ترس و کوشتن و بێڕێزی تێیدا نەبێت؟
دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان، هەمیشە ئەو دەسەڵاتە بچوک و ترسنۆکانەن، بەبێ کوشتن و بەرهەمهێنانی ترس لە نێو کۆمەڵگادا ناتوانن بژین. گەر دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا، کاری لەسەر گۆڕانی پەروەردەیی کۆمەڵایەتی و جێخستنی ڕێز و خۆشەویستی و یەکسانی نێو تاکەکان بکردایە، ئەوکات، دەکرا بۆ بەرپرسانی پلە یەک و دوو، لە دورەوە سەیری نێو شار نەکەن و بەبێ پاسەوان خۆیان بهاتنایەتە نێو شار و ژیان گوزەرانی ڕۆژانەی خەڵکی ببینن. دەرچونی هەر بەرپرسێک بۆلایەک، لەنێو کەژاوەی دەیان سەیارەی جام ڕەشدا، نیشانەی ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو بەرپرسە زۆر بەتوانایە و لە نێو دڵی کۆمەڵگادایە، بە پێچەوانەوە، نیشانەیەکە، بۆ دەسەڵاتێک کە بێجگە لە فەرهەنگ و کەلتوری ڕق، هیچ شتێکی تری بەرهەم نەهێناوە. گەر وانەبوایە، ئەوان نەدەبوون بە ملیاردێر و کۆمەڵگاش بەهەژار کراو. جێخستنی پەروەردەیەکی یەکسانی خواز و دابین کردنی پەروەردەیەک کە چەمکی ئازادی تێیدا جێکەوتە بکرێت، دەبێتە بەرزترین مێژوی سپی بۆ ئەوە دەسەڵاتە. کەسایەتیە سیاسیە ملیاردێرەکان، تەنها دەتوانن وەک بازرگانێکی دز و چاوچنۆک لە کۆمەڵگادا مێژویان بۆ بنوسرێتەوە، چونکە بوون بە ملیاردێر بەمانای چەوساندنەوەی چینێک و کۆمەڵگایەک دەگەیەنێت. سەرۆک و پیاوی سیاسی، دەبێت بە پارەو سامانەکەیەوە شانازی نەکات، بە پێچەوانەوە ئەو کەسایەتیانە دەتوانن هەڵگری چەمکی سەرۆک بن، کە لە مێژودا توانیویانە پەروەردەی مەزنی کۆمەڵایەتی وە بەرهەم بهینن، کە چەمکی ئازدی و خۆشەویستی تییدا فەراهەم کراوە. نوسینەکانی سەردەشت، تەنها دەرخەری واقعیەتێک بوون کە کۆمەڵگا لەنێو کایەیەکی تەواو چینایەتیدا ژیان بەسەر دەبات، کار کردن و خەبات کردن لە پێناو ژیانێکی ئازاد و یەکساندا مەرجی بەکۆمەڵگا بوون دەگەیەنیت. تیرۆری سەردەشت عوسمان، تیرۆر کردنی کەسێک نەبوو بەتەنها، بەڵکو دەسەڵات لەو ڕێگایەوە، ویستی سەرجەم کۆمەڵگا تیرۆر بکات و چیتر باسێک نەبێت لەوەی ڕەخنە لە دەسەڵات بگیرێت. بەڵام ئاخۆ دەسەڵات بەو کارەی توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت یان هێندەی تر خۆی خستۆتە بەر ڕقی لە بن نەهاتووی کۆمەڵگای ئازادیخوازەوە؟




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە