هەرەسی پرەنسیپە مرۆییەکان لە سایەی کۆنەپارێزی و پیاوسالاری و تاریکپەرستیدا

Saturday, 01/03/2014, 12:00

1981 بینراوە



بەپێی هەواڵەکان تەرمی دوو کچ بەکوژراوی لەناو گۆمێکدا لە ناوچەی سەیدسادق دۆزراونەتەوە. شێوەی کەوتنی تەرمی دوو ژنە قوربانیەکە خۆی لە خۆیدا کارەساتێکی جەرگبڕ وێنەدەکات.
چەند ساڵیک لەمەوبەر جارێکیان دانیمارکیەک لە فینلاند دوو کەسی بێتاوانی کوشت، هەموو دانیمارک بەو تاوانە هەژان و بووە بابەتی دیباتی وڵات بۆ ماوەی چەند هەفتە. لەبیرمە را‌هێنەری ناسراوی هەلبژاردەی تۆپی پێی دانیمارک رێکارد مۆلەر نیلسن کە ئەوسا لە فینلاند راهێنەر بوو، گوتی "بۆ یەکەمجار لە ژیانمدا شەرم لە خۆم دەکەم کە کەسێکی دانیمارکیم".
کە سەیری وێنەی ئەو ژنە کوژراوانە دەکەم و دەزانم ئەوە تەنها یەکێکە لە سەدان و هەزاران تاوان کە دژ بە کچان و ژنانی کوردستان ئەنجام دەدرێن، شەرم لە بوونی خۆم وەکو کورد و وەکو مرۆڤ دەکەم. ئەو تاوانە و تاوانە نامرۆییەکانی دیکە کە لە کۆمەڵگەی کۆنەپارێزو داخراوی کوردیدا روودەدەن جەرگی هەر مرۆڤێکی مافناس و خاوەن ویژدان بریندار و پارە پارە دەکەن.
دیارە هۆکارەکانی پشتی ئەو جۆرە تاوانانە گەلێ زۆرن و هەموویان بەشێوەیەکی سەرەکی سەرچاوە لە کۆنەپارێزی ئایینی، پیاوسالاری و کۆنەپەرستیەوە دەگرن. بەڵام گومان لەوەدا نییە هەنگاوی یەکەمی ئەو جۆرە تاوانە لەوەوە دەستپێدەکات، کە باوک و برا و مەلا و دراوسێ و مامۆستا بەچاوی مۆن سەیری کچێکی بێلەچکە دەکەن، هەنگاوە سەرەتاییەکان لەوێوە دەستپێدەکەن کە بیروباوەڕی ئایینی و ئیسلامیانە یا هەر روانەگەیەکی دیکەی کۆنەپارێز و پیاوسالار باوک و مام و برا دەکاتە ئاغای بڕیارەکانی خێزان سەبارەت بە ئازادی ژن و چارەنوسیان. هەنگاوە سەرەتاییەکان لەوەوە سەرهەڵدەدەن کاتێ ئازادی مرۆڤ لەژێرناوی ئاییندا قەدەغە دەکرێن.
بەرلە بڵاوبوونەوەی ئەو تاوانە دڕندانەیە، هەواڵێک بڵاوبووەوە کە مامۆستایەک لە خوێندگەیەکدا پرچی چەند خوێنکارێکی کچی بڕیووە لەبەر ئەوەی مامۆستا حەزی بە بێلەچکەییان نەکردووە و رای لە جۆری پرچداهێنانییان نەبووە. ئەو مامۆستایەی پرچی ئەو کچانەی لە خوێندگەدا بڕی کردارێکە کە ئایینی کۆنەپاریز و دژە ئازادی بەرهەمی هێناوە. هەر لەو رۆژانە هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە باوکێک گولەبارانی کچەکەی خۆی لە خەودا کردووە و کوشتوویەتی. ئەو باوکە ئەو داوایەی جێبەجێکردووە کە یاسا نەنوسراوەکانی کۆمەڵگەی کۆنەپارێز و داخراو سەپاندوویانە. پاشان ئەو وێنە جەرگبڕەی دوو ژنە قوربانیەکە دەرکەوت. ئەو براو و باوکانەی یا هەر کەسێکی دیکە کە ئەو ژنانەیان کوشتووە، کردارێکە کە هزر و بیروباوەڕی کۆنەپارێزی پیاوسالاری و ئایینی و ئیسلامیانە بەرهەمیان هێناوە. دەبێ چاوەروانی چی بکەین کاتێ داب و نەریت و نۆرمەکانی ١٥٠٠ ساڵی بەر لە ئێستا دەبنە نمونە و مۆدێلی ژیان لە کۆمەڵگەدا؟
تا هۆکارە بنچینەییەکانی کۆنەپارێزبوون و پیاوسالاربوون، داخراوی و دژەئازادی چارەسەر نەکرێن ئەو تاوانانەش بەردەوام دەبن، ژنان مافی مرۆڤبوونیان لێدەسەندرێتەوە و دەکرێنە کۆیلەی برا و باوک و مام و لە سەر پێکەنینێک، ماچێک، دۆستگیری یا تەنانەت گوێرایەل نەبوونێک دڕندانە سزادەدەرێن، هەتکدەکرێن، تیرۆردەکرێن و لەناو دەبردرێن.
بەرپرسیاری یەکەمی گەیشتنی کۆمەڵگە و مرۆڤەکانی بەو دواکەوتوویی و کۆنەپارێزی ئایینیە دەسەڵاتدارانن، ئەوانن کۆمەلگەیان گەیاندۆتە زەلکاوی تاریکی و نەزانی و دواکەوتوویی. لەهەموو کۆمەڵگەیەکدا دەسەڵات بەرپرسیاری یەکەمە لە پاراستنی ئاسایش و ژیانی هاوڵاتیانی، جگەلەوەی بەرپرسیارە لە گەشەپێدان و پێشخستنی کۆمەڵگە، کە کێشەکان سەرهەلدەدن، دەسەڵات ئەرکی لەپێش و سەرەکی لەسەر شانە کە چارەسەریان بکات. بەڵام کە کێشەکان زۆردەبن و لە هەڵکشاندا دەبن بێگومان سەڵماندنی ناسەرکەوتوویی و نابووتی دەسەڵات دەسەڵمێنن. بۆیە دەسەڵاتی نەگۆڕ و خۆسەپێنەری پارتی و یەکێتی بەرپرسیاری یەکەمن لە داخراوبوون و کۆنەپاریزبوونی کۆمەلگە، بەرپرسیارن لە دروستکردن و پێگەیاندنی ئەو هۆکار و فاکتەرانەی کە هانی ئەو تاوانانە دەدەن. ئەوانن رێگەیان داوە کۆمەڵگەیەک دروست بێت، مۆڵگەی مرۆڤە دلرەش و کۆنەپەرست و دژە ئازادیەکان بێت. کۆمەڵگەیەک کە مینبەری مزگەوتەکان و دیوەخانەکانی کردۆتە شوێنی بانگی شکاندنی سەروەری مرۆڤەکان و ژنان بەتایبەتی. دەسەڵات نەک تەنها لە دروستکردنی ژینگە کۆنەپەرست و ئایینپارێزەکەدا تاوانبارە، بەڵکو ئەو میکانیزمانەشیان پێگەیاندووە یا پاراستووە، کە تاوانکار دەپارێزن و تاوانەکان رەوا دەکەن. بۆنمونە ژیاندنەوەی خێڵەکیزم و نۆرمە خێڵەکیەکان و بەهێزکردنەوەی کۆمەلگەی کۆنەپارێزی پیاوسالاری، کردنی ئایین بە سەرچاوەی یاسا و نۆرمەکان، دروستکردنی ئەنجومونی حیزبی کۆمەڵایەتی، هەوڵی حەشاردان و رزگارکردنی تاوانباران لە رێگەی چارەسەری عەشایەری و بێدەسەڵاتی دادگاکان لە ئاست دەسەڵاتداران و بەمجۆرە نابوت و شەلکردنی دادگاکان ئەو هۆکار و میکانیزمە سەرەکیانەن کە پەنای تاوانکاران دەدەن، تاوانەکان رەوا دەکەن و رێگە بۆ دووبارە و سەدبارەبوونەوەیان واڵا دەکەن.
ئاخ چەندە دەردێکی گەورەیە، دەسەڵات خاوەنی پەیامێکی مۆدێرنی پێشکەوتووخوازانە نییە، دز و گەندەڵە، کۆنەپارێز و ناپاکە، بۆ پارە خۆی و خاک و وڵاتی هەراج دەکات.
ئاخ دیمەنی ئەو ژنە بەناهەق کوژراوانە چەندە جەرگبڕن، ئێمەی ئەندامانی کۆمەڵگە لە ئاست ئەو قوربانیانەدا چەندە شەرمەزارین.
ریسوایی بۆ ئەو تاوانبارانەی کە ئەو تاوانەی ئەنجام داوە
ڕیسوایی بۆ ئەو بیروباوەرەی کە پشتگیری ئەو تاوانە دەکات
ریسوایی بۆ ئەو دەسەڵاتەی کە کۆمەلگەی کوردی گەیاندە ئەو رۆژە
ریسوایی بۆ ئەو دەسەڵاتەی کە لە ئاست ئەو تاوانەدا دۆشداماوە و هاواکاریی بیر و هزری کۆنەپەرستانەی دژ بە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ دەکات.
ریسوایی بۆ ئەو رێکخراو و کەناڵانەی کە پیاوسالاری و کۆنەپارێزیی ئایینی لە کۆمەڵگەدا بڵاودەکەنەوە و دژی ئازادی ژن و مرۆڤەکان دەوەستن لەژێر ناوی ئاییندا.
دەبێ ژنان خۆیان سەربەستانە بڕیار لەسەر چۆنیەتی ژیانیان و چارەنوسی خۆیان بدەن، هیچ کەس و بیروباوەر و ئایینێک بۆی نییە ئەو مافەیان لێ زەوت بکات.
بژی مافی مرۆڤ
بژی ئازادی و سەربەخۆیی ژن


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە