ژن بریتییه‌ له‌ (قاپ،جل،ماڵ،سێکس)

Friday, 11.06.2009, 12:00

3096 بینراوە


ڕگه‌زی مێینه‌ کاتێک که‌ له‌دایک ده‌بێت به‌ ئازادی دێته‌ دنیاوه‌،به‌هه‌مان شێوازی نێرینه‌ چاوهه‌ڵده‌هێنێت،هیچ جیاوازییه‌ک له‌ نێوانی ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌دا نابینرێت به‌ڵام له‌دوای له‌دایک بوون سنورێک و چوارچێوه‌یه‌ک بۆ ژن ده‌کێشرێت.کاتێک که‌ ناوی ژن ده‌هێنین به‌تایبه‌تی ژنی کورد یه‌کسه‌ر وێنه‌ی (قاپ و جل و خواردن دروستکردن و منداڵ به‌خێوکردن و تێرکردنی حه‌زه‌ سێکسییه‌ له‌ بن نه‌هاتووه‌کانی پیاوان دێنه‌ به‌رچاومان)له‌ هه‌مانکاتدا شه‌ره‌فی پیاویشمان بیر دێته‌وه‌ که‌ به‌هۆی ئه‌ندامێکی له‌شی ژنانه‌وه‌ ژن بووه‌ به‌ شه‌ره‌فی پیاو،پیاو خۆی کردووه‌ به‌خاوه‌نی ژن، که‌واته‌ ژن خاوه‌ندارێتی خۆی له‌ده‌ستداوه‌و بووه‌ به‌ موڵکی که‌سێکی تر،هه‌ر بۆیه‌ ژن ده‌سته‌مۆ ده‌کرێت و ده‌بێت به‌ کۆیله‌ی پیاو،خاوه‌نی ئه‌م کۆیله‌یه‌ش ئازاده‌ له‌وه‌ی چۆن ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ کۆیله‌که‌یدا ده‌کات و به‌کاریده‌هێنێت.ئه‌م هۆکارانه‌ وایان کردووه‌ پێگه‌ی ژن له‌ کۆمه‌ڵگادا به‌ره‌و لاوازی بچێت و مافه‌کانی پێشێل بکرێت.زۆر که‌سی تر پێش من ئه‌م کێشانه‌یان باس کردووه‌ به‌ڵام زۆربه‌یان کۆکبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ پیاوان هۆکاری ژێرده‌سته بوونی ژنان بوون، به‌ڵام من جیاواز له‌ ئه‌وان ده‌ڵێم ژنان خۆیان ڕۆڵێکی سه‌ره‌کییان بینیوه‌ له‌لاوازکردنی پێگه‌ی خۆیان و هه‌روه‌ها ژنان خۆیان به‌رپرسیارن له‌هه‌موو ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی که‌ به‌سه‌ریاندا دێت چونکه‌ ژنان ئاماده‌گی کۆیله‌بوونیان تێدایه ،گوێڕایه‌ڵ بوونی ژن بۆ پیاو به‌ چاک و خراپ هه‌روه‌ها ئامۆژگارییه‌ باوه‌کانی پیاوان هه‌روه‌کو گواره‌ ده‌که‌نه‌ گوێیان،ئه‌مه‌ وای کردووه‌ که‌ هه‌میشه‌ ژنان لاواز بن له‌ به‌رامبه‌ر پیاواندا.ژنان ته‌نانه‌ت متمانه‌یان به‌ خۆیان و توانای خۆیان نییه‌ له‌ ئیشوکاری ڕۆژانه‌شدا ده‌بێت پرس و ڕا به‌ پیاوان بکه‌ن پاشان بڕیار بده‌ن،ئه‌م بێ متمانه‌ییه‌ی ژنان به‌ خۆیان به‌ره‌و مردنی بردوون،مردن به‌و مانایه‌ نا که‌ به‌ جه‌سته‌ لامان نه‌مێنن و ڕۆحیان بفڕێت بۆ ئاسمان به‌ڵکو به‌و مانایه‌ی که‌ ئه‌م که‌سانه‌ ته‌نانه‌ت ناتوانن سود به‌خۆشیان بگه‌یه‌نن نه‌ک به‌ کۆمه‌ڵگا، ژیانی خۆیان به‌هه‌ندێک شتی لاوه‌کییه‌وه تێده‌په‌ڕێنن که‌واته‌ ئه‌م ژنانه‌ مردووی به‌شی زیندوو خۆرن.ژیانی ژنان به‌م شێوه‌یه‌ کاره‌ساته‌، ده‌بێت بزانین هۆکار چییه‌ که‌ ژنانمان مردوون و به‌مشێوه‌یه‌ ده‌ژین؟سه‌ره‌کیترین هۆکار ئه‌وه‌یه‌ که‌ تا ئێستا ژنان له‌ ئاستی هۆشیاری پێویستدا نین به‌رامبه‌ر به‌ ژیان،ڕێزی ژیانیان له‌لا نییه‌،ژیانیان بچوک کردۆته‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌کی بچوکی نێوان ژن و پیاو،بۆبه‌ده‌ستهێنانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئاماده‌ن هه‌موو کۆیله‌ بوونێک قبوڵبکه‌ن.کچانمان هه‌ر له‌ 13 ساڵییه‌وه‌ چاوده‌گێڕن بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کی سۆزداری، خۆشه‌ویستی ببه‌ستن له‌گه‌ڵ کوڕێکدا له‌ کاتێکدا هیچ یه‌کێک له‌ کوڕه‌که‌و له‌ کچه‌که‌ش له‌ مانای عه‌شق و خۆشه‌ویستی تینه‌گه‌یشتون لێی نازانن،یاخود کاتێک که‌ کچان داواکارییه‌کیان دێت خۆیان ده‌فرۆشن به‌رامبه‌ر به‌ ئاڵتون و ماڵ و په‌یوه‌ندییه‌کی سێسکسی دوور له‌ په‌یوه‌ندییه‌کی ڕۆحی.ده‌بێت لێره‌دا شیکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ووشه‌ی داواکاری بکه‌ین،کاتێک که‌ من داوای کتێبێکم کرد له‌ که‌سێک پاشان ئه‌و کتێبه‌ درا به‌ من،من ده‌بم به‌خاوه‌نی ئه‌و کتێبه‌ خۆم ئازادم له‌وه‌ی که‌ ده‌یخوێنمه‌وه‌ ده‌یدڕم هه‌رچی لێده‌که‌م،که‌واته‌ ئه‌و داواکاریه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ کاتێک له‌سه‌ر داواکاری کوڕێک کچێک درا پێی ده‌یکات به‌ژنی خۆی که‌واته‌ ئه‌و کچه‌ خاوه‌نێتی خۆی له‌ده‌ستدا،دیسان ئازادییه‌کانیشی له‌ده‌ستداو ئه‌م پیاوه‌ش به‌ئاره‌زووی خۆی گاڵته‌ به‌هه‌ست و نه‌ستی ئه‌و ژنه‌ ده‌کات،ڕۆژێک پێی ده‌ڵێت ژن بۆ چێشت لێنان درووست بووه‌، ڕۆژێک پێی ده‌ڵێت تۆ که‌ی ژنی ده‌بێت ژنێکی تر بهێنم،هه‌رجاره‌و به‌ناوی سوعبه‌ته‌وه‌ سوکایه‌تییه‌ک به‌ ژنه‌که‌ی ده‌کات ژنانیش ده‌بێت ته‌نیا سه‌یریان بکه‌ن و گوێیان بۆ بگرن نابێت ژنان له‌م جۆره‌ سوعه‌به‌تانه‌ به‌ پیاوه‌کانیان بڵێن چونکه‌ تۆمه‌تباریان ده‌که‌ن به‌وه‌ی ده‌مدرێژن و جوابی مێرده‌کانیان ده‌ده‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ باسی ئازادییان له‌لا بکه‌ن تۆزێک به‌ فه‌لسه‌فه‌وه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵدا بکه‌ن ئه‌وا بێ یه‌کو دوو هه‌موو دانه‌کانیان خراوته‌ ده‌میانه‌وه‌ چونکه‌ به‌به‌ڕه‌ڵا ناویان ده‌به‌ن و پێی ده‌ڵێن کێ فێری ئه‌م قسه‌ زلانه‌ی کردوون؟ئه‌مه‌ له‌ ناو پیاوانی ئاسایدا،له‌ناو پیاوانی ده‌سه‌ڵاتیشدا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵی لاوازکردنی تواناکانی ژنان ده‌ده‌ن وه‌کو چه‌ند جارێک ووتومه‌، ئه‌مه‌ له‌لای پیاوانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی زۆر به‌ڕوونی دیاره‌،ژنانیان بۆ سیخۆڕی به‌کار هێناوه‌ به‌پاره‌ی میلله‌ت ژنانیان هه‌ڵخه‌ڵتاندووه‌،به‌ناوی پێدانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ دیسان ژنان ڕاوکراونه‌ته‌وه‌،ته‌نانه‌ت ئاماده‌ نین ده‌سه‌ڵات بده‌ن به‌ ژن له‌کابینه‌ی نوێی حکومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا یه‌ک وه‌زیر ژنه‌.ته‌نانه‌ت له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانیشه‌وه‌ هه‌ست به‌که‌م ته‌ماشا کردنی توانای ژنان ده‌کرێت،ده‌بینین که‌مترین ژنمان له‌ تیڤییه‌کانه‌وه‌ به‌رنامه‌ی سیاسییان هه‌یه‌،زۆرترین به‌رنامه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه‌،پیاوان ئه‌و کچانه‌ به‌زیره‌ک داده‌نێن که‌ له‌ تیڤییه‌کانه‌وه‌ خۆیان باده‌ده‌ن و به‌رنامه‌ی گاڵته‌ ئامێزیان هه‌یه‌،چونکه‌ ئه‌م جۆره‌ به‌رنامانه‌ لاوازی ئافره‌ت پشان ده‌ده‌ن که‌ چۆن سه‌رنجی پیاو ڕاده‌کێشن به‌هۆی جوانی و خۆبادانه‌وه‌.له‌دواجاردا ئێمه‌ گه‌یشتوینه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که‌ ئێمه‌ی ڕه‌گه‌زی مێینه‌ پێویستمان به‌ خۆ رزگار کردن هه‌یه‌ له‌ کۆیلایه‌تی.ژنان ده‌بێت هۆشیار ببنه‌وه‌،هۆشیاربوونه‌وه‌ش چه‌ندین ڕێگای هه‌یه‌ گرنگترینیان خوێندنه‌وه‌یه‌،به‌لایه‌نی زۆر که‌مه‌وه‌ ده‌بێت ڕۆژانه‌ کاتژمێرێک بۆ دوو کاتژمێر بخوێنینه‌وه‌،خوێندنه‌وه‌ مێشکتان ده‌کاته‌وه‌،ده‌توانن هه‌موو ئه‌وکاره‌ساتانه‌ ببینن که‌ به‌سه‌ر ژندا دێت،کاتێک که‌ هه‌ستان به‌ ناهه‌مواری ژیان و به‌کۆیلایه‌تی کرد ئه‌و کاته‌ش بیر له‌ ڕزگاربوون و ئازاد بوون ده‌که‌نه‌وه‌،ئێمه‌ کاتێک که‌ ده‌ڵێین ئازادی وا هه‌ست مه‌که‌ن که‌باسی ئه‌وروپا ده‌که‌ین نه‌خێر ژنانی ئه‌وروپا هێنده‌ی ژنانی کورد کۆیله‌ن به‌ڵام ئه‌وان به‌شێوازێکی تر،ئازاد بوون قوربانیدانی ده‌وێت،کاتێک که‌ داوای ئازادیمان کرد دڵنیا بن ده‌بێت چاوه‌ڕێی زۆرترین توندوتیژی بین که‌به‌رامبه‌رمان بکرێت هه‌ر له‌ جنێودان تا له‌یان و کوشتنیش.به‌هه‌ڵه‌ تێ مه‌گه‌ن کاتێک ده‌ڵێین ژنان هێنده‌ی تر ئازادی له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن کاتێک شووده‌که‌ن.پێش ئه‌وه‌ی بیر له‌ شوکردن بکه‌نه‌وه‌ ده‌بێت ئێوه‌ خۆتان ئازاد بکه‌ن و خاوه‌ندارێتی خۆتان به‌ده‌ستبهێننه‌وه‌ پاشان شوو بکه‌ن به‌که‌سێک که‌ خاوه‌نی خۆی و بێت و بڕوای به‌ ئازادی هه‌بێت.هه‌روه‌کو سه‌رۆک ئاپۆ له‌ کتێبی عه‌شقی کوردا پێناسه‌ی ژنی ئازادمان به‌مشێوه‌یه‌ بۆده‌کات(ژنی ئازاد ئه‌و ژنه‌یه‌ که‌ خاوه‌نی خۆی و شوناسی خۆی بێ،خۆی نه‌فرۆشێت به‌ڵکو خۆی ببوژێنێته‌وه‌،به‌هێزی هزرو هه‌موو شێوازه‌ کاریگه‌رییه‌کانی گوزارشتکردنی هزر وه‌به‌هێزی ڕاسته‌قینه‌ی ڕێکخستن و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌موان فێری ژیان بکات)لێره‌دا سه‌رۆک دڵنیامان ده‌کاته‌وه‌ که‌ هه‌ندێک که‌س ئافره‌تێکی به‌م ڕه‌نگه‌ به‌مه‌ترسیدار ده‌بینن،چونکه‌ پێییان وایه‌ پێشکه‌وتنی ژنان به‌م جۆره‌ مه‌ترسی ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وان.
تێبینی:بۆ نوسینی ئه‌م ووتاره‌م سودم له‌ کتێبی عه‌شقی کورد وه‌رگرتووه‌ له‌ نوسینی سه‌رۆک عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان و وه‌رگێڕانی بۆ کوردی له‌لایه‌ن ئه‌ستێره‌ عه‌بدولجه‌بار.سوپاس بۆ ئه‌و دوو هاوڕێیه‌ی که‌ توانیم له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌و کتێبه‌م ده‌ستبکه‌وێت.
[email protected]‌ ‌ ‌