ئەحمەد نستانی: ئەحمەد تۆفیق‌و دوکتور قاسملوو دوو سەرکردەى حیزبى دێمۆکرات بوون

Monday, 06/09/2010, 12:00

2345 بینراوە


ماوەیەکە لە لایەن یەک لە سایتەکانی چالاک بۆ باشووری کوردستان، کەس یان کەسانێک بە شێوەی جۆراوجۆر رووداوەکانی ناو حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوانی کۆنگرەکانی ٢ و ٣ی ئەم حیزبە شەن و کەو دەکەن و لەم بارەوە بە لایەنگری یان دژایەتی لە هەر یەک لە ئەحمەد تۆفیق کەسی یەکەمی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دووهەم و دوکتور قاسملوو سکرتێری هەڵبژێرداروی کۆنفرانسی سێهەم و کۆنگرەی سێهەم چەندین بابەت بە ناو یان بێ ناو بڵاو کراونەتەوە.
ئەحمەد نستانی خۆی یەکێک بووە لەو کەسانەی کە لە ناخی رووداوەکانی ئەو سەردەمەدا بووە و نیزیکی هەردوو ریبەریی حیزبی دێموکرات ئەحمەد تۆفیق و دوکتور قاسملووش بووە. ئەو پێی وایە کە چ دەرکرانی دوکتور قاسملوو لە کۆنگرەی دووهەم و چ دەکرانی ئەحمەد تۆفیق لە کۆنگرەی سێهەمی حیزبی دێموکرات ناعادەڵانە و ناڕەوا بوون. لە خوارەوە چۆنیەتی رووداوەکان لە زمان ئەوەوە دەخوێنینەوە:
من ئەحمەد نستانى لەدایک بووى ساڵى (1324ه بەرامبەر بە 1945ز.)، ساڵى (1341 ه بەرامبەر بە 1962ز) لە گوندى نستان وەک ئەندامى حیزبى دێموکراتى کوردستان لە یەکیک لە شانەکانى تەشکیلاتى حیزبى سازمان دراوم. ساڵى(1343 ه بەرامبەر بە 1964ز) بەرەسمى لەبنکەى سونێ ى باشوورى کوردستان بووم بە پێشمەرگەى حیزبى دێموکراتى کوردستان. حیزبى دێموکراتى کوردستان بە درێژایى تەمەنى هەورازو نشێوى زۆرى بڕیوە، بەوحاڵەش تاکوو ئێستا بە هیچ کام لە ئامانجە گشتییەکانى نەگەیشتوە، بەداخەوە ناکۆکییە نێوخۆییەکانى حیزبایەتى زۆرجاران گەیشتوونەتە لوتکەو جارو باریش بۆتە هۆى لێکترازان و ئەوەى بەسەر زمان و نووکى قەڵەمماندا هاتوە دەرهەق بەیەکترى کۆتاییمان نەکردوە. هەروەها لە یەکگرتنەوەو ئاشتبوونەوەو یەکتر لەباوەش گرتن بەهەمان شێوە. بۆ وێنە لە بەریەک ترازانى کۆمیتەى ساغکەرەوەى حیزبى دێموکرات و پاشان ئاشتبوونەوە و لەئامێزگرتنى دواى کۆنگرەى دووەم لە سونێ، چوونەدەرى گرووپى 7 کەسى لە کۆنگرەى چوار و دواتر گەڕانەوەى کادر و پێشمەرگەیان بە کادرى رێبەریشەوە و لە ئامێزگرتنیان. رۆیشتنى زیاتر لە480 کادرو پێشمەرگە و ئەندامانى رێبەرى لە کۆنگرەى 8، لە ئاکامیشدا تێکەڵبوونەوە و شایى و زەماوەند بۆ ماوەى دوو رۆژ لە قەڵاى دێموکرات لە کۆیە و سەرەنجام لەتبوونى حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران لە دواى کۆنگرەى 13 ولە باوەشگرتنى ئەو دواییەى کاک حەسەنى شەرەفى و مامۆستا عەبدوڵڵاى حەسەن زادە لە رێوڕەسمى پەردەلادان لەسەر مۆنۆمێنتى شەهید د. قاسملوو ... هتد نموونەى بەرچاوى ئەو بارودۆخەن کە حیزبى دێموکرات پێیاندا تێپەریوە. دیارە لێرەدا نەک وەک نەسیحەت بەڵکو وەک داوایەکى برایانە داوا لە لە هەموو کادرو پێشمەرگە ودۆست و لایەنگرانى هەردوو حیزب دەکەم کەهەر کاتێ رەخنە لە یەکترى دەگرن با رەخنەکان سازندە و لە بەرژەوەندیى گشتیى حیزب دابن. کاتێک لە نووسینەکانیان لەسەرچاوە کەڵک وەردەگرن زۆر بەوردى بیانخوێننەوە و زانیاریى زیاتر وەربگرن، چونکوو دەبێ ئەو ڕاستییە قەبوولڕ بکەین هێندێک لەو سەرچاوانەى باس لە مێژووى حیزبێکى سیاسیى وەک حیزبى دێموکرات یان رێبەرانى دەکەن لێلڕ و ناڕوونن و زۆربەیان گێرانەوەو نەقڵى قەولن. با هەموومان ئاگادارى دڵى بریندارى کەس وکارى شەهیدان بین و خەڵکى کوردستانیشمان لێ نەڕەنجێ کە هەمیشە حیزبى دێمۆکراتیان خۆش ویستوەو پاراستوویانە.
من زۆر لە دوو سەرکردەى شەهید، ئەحمەد تۆفیق و د. قاسملوو نزیک بووم و بیرەوەریى خۆش وناخۆشم لەگەڵیان دا هەیە. بەڕاستى دەتوانم بڵێم هەردوکیان نموونەى سەرکردەى وەفادارو ورەبەخش بەگەلەکەیان بەتایبەت بە کادرو پێشمەرگە بوون. لێرەدا بیرەوەرییەک دەگێڕمەوە:
ساڵى 1367 ه بەرامبەر بە 1988ز. لە قەڵادزێ لە لایەن بەکرێگیراوێکى کۆمارى ئیسلامى تەقەم لێکرا، لە مەرگى حەتمى رزگار بووم لە نەخۆشخانەى حیزبى چاک بوومەوە، چوومەوە ماڵێ، کە ئەوکات ماڵمان لە قەڵادزێ بوو. بۆ پلینۆمى کۆمیتەى ناوەندى بانگهێشت کرابووم، تا لە قەڵادزێ را چووم وەدرەنگ کەوتم، پلینۆم دەستى بەکارەکانى خۆى کردبوو، منیش کە چوومە ژوورێ، کۆبوونەوە دەستى پێکردبوو، شەهید د. قاسملو هەستا سەر پێ و گوتى: "بەخێر بێیەوە شەهیدى زیندوو." بەشدارانى پلینۆم هەستان و دەستیان بە چەپڵەلێدان کرد، کە ئەوە زۆر هێزێکى نوێ ى پێ بەخشیم لە خەبات وتێکۆشانم دا.
شەهید د.قاسملو کەسێکى رەخنە پەزیر بوو، بە روویەکى ئاوەڵاوە لەگەڵ خەڵک بەرەوڕوو دەبوو و دەدوا، زۆر تایبەتمەندیى دیکەى هەبوون کە ئەگەر باسیان بکەین بە سەدان نووسینى ئەم شێوەیە تەواو نابن.
شەهید ئەحمەد تۆفیقیش نموونەى سەرکردەیەکى بەورە بوو، بەڵام مخابن دەستى رۆژگار نەیهێشت و زوو لە گەلەکەى و لە حیزبەکەى ئەستاند. کەسێکى وەفادار بە گەلەکەى و بەهاوڕێَیانى بوو، من بۆ ماوەیەکى زۆر لەنزیکەوەو لەمەیدانى بەکردەوەدا لەگەڵ ئەحمەد تۆفیقى کارم کردوە، بەتایبەتى دواى کۆنفرانسى 3 ساڵێک و شەش مانگ لە بەغدایە لە گەڵى بووم و لە یەک ژوور پێکەوە دەژیاین. کەسێکى بە شەهامەت بوو، مودیریەتى زۆر باشى هەبوو، خاوەنى زۆر تایبەتمەندیى دیکەش بوو کە باسکردنیان لە نووسراویەکى ئاوادا ناگونجێن، هەروەک ئەو کەسانە دەژیا کە لە گەڵى بوون، مانگانە کە وەک پەنابەرى سیاسى حقوقێکى وەردەگرت سەرفى مەخاریجى ئەو هاوڕێیانەى دەکرد کە لە گەڵى بوون، سەروەت وسامانى بە لاوە گرینگ نەبوو.
ماوەیەک لەمەوبەر بەرێزان حەکیم حوسین زادە، ئارمین ناوێک و کەسێک بەناوى پێشمەرگەى بێناو یان هاوسەنگەرى شەهید ئەحمەد تۆفیق، سەبارەت بەو دوو شەهیدە لەسەر سایتەکان نوسراوەیان بڵاو کردۆتەوە، کاتَێ خوێندمنەوە هەستێکى ناخۆش لەلام دروست بوو، بیرم لەوە دەکردەوە کە دەبێ بەڕاستى ئەو هاورێیانە لە مەیدانى کردەوە لەگەڵ ئەو دوو شەهیدە بووبن یان هەر بەنەقڵى قەول و بەپشت بەستن بە سەرچاوەى ناڕوون نووسیویانن. دیارە من زۆر کەم بەدواى ئەو نوسراوانەدا دەکەوم، بەڵام ئەو چەند نووسراوەیە واى لێکردم بە ئەرکى سەر شانى خۆم بزانى ئەگەر بەکورتیش بێ روونکردنەوەیەک بدەم.
بەپێویستم زانى کە هەڵەکانى نووسینەکانى پێشمەرگەى بێناو، لە چەند خاڵ دا کورت بکەمەوە، یەکەم: ئەوەیە خۆى ناناسێنێ کە ئایا بەکردەوە کەسێکى تێکۆشەر بووە، یان ئەندامێکى تەشکیلاتى نهێنى، یان لایەنگرو دۆستى ناسراوى حیزبى دێموکرات، یان کەسایەتیەکى ناسراو لەنێو خەڵکدا؟ ئەوانە هیچیان دیار نین.
دووەم: تەنیا شەهید ئەحمەد تۆفیق بەرێبەرو خەباتگێرى حیزبى دێموکرات دەزانێ؛ تەنیا خەبات و تێکۆشانى ئەحمەد تۆفیقى لەلا پیرۆزە و بە رەواى دەزانێ، ماباقى خەبات و تێکۆشانى هەموو لایەک بە لادان و خیانەت بە هەژمار دێنێ.
سێیەم: دواى سەرکەوتنى گەلانى ئێران، دەستپێکردنەوەى تێکۆشانى حیزبى دێموکراتى کوردستان بەدەستکردى سەدام حوسێن و حیزبى بەعس دەزانێ و چاوى 5000 کادرو پێشمەرگەى شەهیدى حیزبى دێموکرات و هەزاران شەهیدو کەم ئەندام لە خەڵکى بێ دیفاعى رۆژهەڵاتى کوردستان نابینێ، ئەوەش عەیبێکى گەورەیە بۆ کەسێک کە ئیدعا دەکا مێژوو راست دەکاتەوە.
بەهەرحاڵ من بە مەبەستى روونکردنەوەى زیاتر لەو پێوەندییەدا چەند تێبینى و روونکردنەوەیەکم لە سەر وتارى "چل ساڵ چەواشەکاریى ڕاستییەکان، د. عبدالرحمن قاسملوو نیشتمان پەروەر بووە یان خیانەتکار" هەیە.
ناوبراو دەڵێ: کۆمەڵێک گەنجى مهابادى ساڵى 1960 ز. واتە 50 ساڵ بەر لە ئێستا دەستیان بەخەبات و تێکۆشانى سیاسى کردوەو ناوى چەند کەسایەتییەکى سیاسى دەهێنێ، لەنێویاندا ناوى مامۆستا ئاوارەو سمایلى شەریف زادە دەبا و هەروەها دەڵێ ئەوکات ئەحمەد تۆفیق وەک سکرتێرى گشتى حیزب هەڵبژێردراوە.
بەڵام راستییەکەى ئەوەیە کە مامۆستا ئاوارەو سمایلى شەریف زادە ساڵى 1343ه. بەرامبەر بە 1964ز. سەرەتاى دەست پێکردنى خەبات و تێکۆشانیان بووە. هەروەها ئەحمەد تۆفیقیش ئەوکات کادر یا ئەندامى رێبەرى بووە و لە دوا کۆنگرەى دووەمەوە کەسى یەکەم لە حیزبى دێموکراتى کوردستان دا بووە.
هەروەها باسى ئەوە دەکا کە حیزبى دێموکرات بەرێبەرایەتیى ئەحمەد تۆفیق دەستى بەخەباتى سیاسى و چەکدارى و شەڕِى پارتیزانى کردوە. کە ئەو قسەیە دوورە لە راستى، بەڵکو کۆمەڵێک لە کادرەکانى حیزب ساڵانى 1339و 1340 دێنە کوردستان عێراق و ساڵانى 1960و1961 کە بەرە بەرە شۆرشى کوردستانى عێراق دەست پێدەکا ئەوانیش بەسەرپەرستى سولێمانى موعینى (فایەق)، ئەحمەد تۆفیق و چەند کەسانى دیکە کۆمەڵێک پێکەوە دەنێن بەناوى (حیزبى دێموکرات). هەم هاوکاریى شۆرش لە باشوورى کوردستان دەکەن، هەم بنکە لەسونێ و شێنێ سەنگەسەر دەکەنەوە. ماباقى جاروبار بەتیمى (10تا15) کەسى بە سەرپەرستى سولەیمانى موعینى هاتوچۆى ئێران دەکەن بۆ وەرگرتنى یارمەتى و هاوکارى بۆخۆیان، یا شۆرشى کوردستانى عێراق. جگە لەوە هیچ جووڵانەوەیەکى چەکدارى و شەڕى پارتیزانى لە گۆڕێ دا نەبووە.
بۆ روونکردنەوەى زیاتر دەبێ بڵێم بە سەرپەرستى سلێمانى موعینى سەفەرێکمان تا ناوچەى مهاباد هەبوو، پازدە کەسمان لەگەڵى بوون، لە "پانەسەر"ى مەنگورایەتى لەگەڵ رەئیس پاسگاى نەبیاوایە بەناوى سەلاح و چەند ژاندارمەیەک تووشى دەرگیرى بووین. لەو دەرگیرییەدا ژاندارمێک بریندار بوو، ئەوانی دیکەشمان بەدیل گرتن. دواى ئەوەى ئێوارێ کۆبووینەوە، ـ مەلا حەسەنى رەستگاریش حزورى هەبووـ کەوتینە بیرکردنەوە کە چ بکەین بۆ ئەوەى ئەو دەرگیرییە دەنگى لێ نەیەت. ساغ بووینەوە کە رەئیس پاسگا سوورەت جەلەسە بنووسێ و کۆمەڵێک خەڵکى دێ بۆى ئیمزا بکەن کە ئەو دەرگیرییە لەگەڵ چەند قاچاغچیەک بووە، نەک پێشمەرگەى حیزبى دێموکرات.
لە شوێنێکی دیکە دەڵێ: "حیزبى شوعى عێراقى بەهۆى ئەو دۆستایەتیەى لەگەڵ حیزبى تودەى ئێران دەیبێ رەحمان قاسملوو بەتودەیى دەزانێ و داوا لە حیزبى دێموکرات دەکا د. قاسملووى ئازاد بکا. رەحمان قاسملوو کە ئازاد دەبێ حیزبى شیوعى عێراقى لە وەزارەتى دارایى دایدەمەزرێنێ."
د. قاسملوو کە دێ بۆ کوردستانى عێراق زۆر نامێنێتەوەو دەڕوات بۆ دەرەوەى عێراق. حیزبى دێموکراتى کوردستانیش بنکەو زیندانى لە سلێمانى نەبووە، حیزبى شیوعى عێراقیش ئەوکات دژى دەوڵەتى عێراقێ لە خەبات دا بووە. ئەوەى کە حیزبى شیوعى لە وەزارەتى دارایى دایمەزراندووە، ئەویش دروست نیە. چونکە د.قاسملوو ساڵى 1970 دواى بەیاننامەى 11ى ئازار و ڕاگەیاندنى خودموختارى بۆخەڵکى کوردستانى عێراق بە سەرۆکایەتى مەلا مستەفاى بارزانى، هەلى بۆ رەخسا و لەو دەرفەتە کەڵکى وەرگرت و گەڕایەوە بۆ عێراق. ئەوکات دەوڵەتى عێراق داواى لێدەکەن بۆ رێکخستنى بودجەبەندى هاوکارییان بکا، د. قاسملوو تا ساڵى 1974 و دەستپێکردنەوەى شەڕى شۆرشى کوردستانى عێراق لەگەڵ دەوڵەتى عێراق لە وەزارەتى دارایى عێراق کار دەکا. ساڵى 1974 کە شەڕ لەگەڵ دەوڵەتى عێراق دەست پێدەکاتەوە د.قاسملوو دەست لەکار دەکێشێتەوە.
هەروەها دەڵێ: "بیست و حەوت کەس لەو پێشمەرگانەى کە دەگەڵ ئەحمەد تۆفیقى تێکەڵاوییان هەبوو چوون بۆ بەغدایە." لەنێو ئەو بیست و حەوت کەسەشدا ئەمن واتە ئەحمەد نستانی لەگەڵیان بووم، لە درێژەى ئەو باسەدا دەڵێ کە د.قاسملووش بە تێکەڵاوى لەگەڵ عەبدولخالەق سامەرایى ئەندامى بەرجەستەى حیزبى بەعس گەڕاوەتەوە عێراقێ و تێکەڵاوى لە گەڵ ئەحمەد نستانى پەیدا کردوە بۆ ئەوەى پیلانێک بۆ لە ناوبردنى ئەحمەد تۆفیق دابڕێژن. ناوبراو لەم بارەوە ئاوای نوسیوە: "دوکتور قاسملوو بە ئەحمەد نستانى گوتووە تۆ بڕۆ بۆ لاى ئەحمەد تۆفیق، پێى بڵێ دەتوانم 200 پێشمەرگە لە کوردستانێ ڕا بێنم بۆ بەغدایە. منیش نامەیەک بە زمانى ئەحمەد تۆفیق دەنووسم بۆ مەلا مستەفاى بارزانى و سازمانى جاسووسى ئەمریکاو کارێکى واش دەکەم لە سەیتەرەى کەرکووکێ نامەکەت لێ بگرن، تۆ نیگەران مەبە من دوایى تۆ ئازاد دەکەم."
پێشمەرگەى بێ ناوونیشان! ئەو باسەى لەو پێوەندییەدا نووسیوتن ئەوەندە ئاڵۆزو بێ بنەمان، کە دەبێ باش بزانى کە خەڵکى کوردستان باوەڕ بەو تۆمەتانە ناکەن، منیش لە لایەن خۆمەوە نیگەران نیم و ویژدانم ئاسوودەیە کەچەندە لە شەهید ئەحمەد تۆفیق نزیک بووم، ئەو قسانەى تۆ هیچ کاریگەرییەک لەسەر ویژدانى من دانانێن.(لێرەدا پێم باشە کە باسى ئەوە بکەم کە ئیشاڵا بەم نزیکانە بیرەوەرییەکانم لەکتێبێک دا چاپ و بڵاو دەکەمەوە و هەموو ئەو باسانەم تێدا کردووە.) بەهەر حاڵ پێشتریش باسم کردوە ئەحمەد تۆفیق دواى کۆنفراسى 3 نامەیەکى بۆ ناردبووم بۆ کۆیە، کە چوومە بەغدایە بۆ خزمەتى گوتى: "دوو پێشنیارم هەیە یەکەم: ئەگەر بتانهەوى بێن بۆ بەغدایە داواى پەنابەریى سیاسیتان لەدەوڵەتى عێراقێ بۆ دەکەم. دووەم: من لەگەڵ برادەرانى جەبهەى میللى، د. محمودى پەنایى و د. مرادى رەزم ئاوەر قسەمان کردووە کە بتوانین ئیدامەى تێکۆشان بدەین لە کوردستانى ئێران." منیش بە ئەحمەد تۆفیقم گوت کە هەردوو پێشنیارەکەم پێ باشن، بەڵام ئەگەر بکرێ وەک پەنابەرى سیاسى وەربگیرێین. لەگەڵ ئەحمەد تۆفیق وا ساغ بووینەوە من بگەرێمەوە بۆ کوردستانێ (عێراق) و لەگەڵ برادەرانى کوردستان باسى هەردوو پێشنیارەکە بکەم. کاتێک گەڕامەوە کوردستان لەگەڵ برادەران باسى پێشنیارەکانم کرد. زۆر کەس ئامادەیى خۆیى نیشاندا. من بۆ جارى دووەم چوومەوە بۆ غدایە بۆ لاى ئەحمەد تۆفیق و پێمگووت زۆر کەس ئامادەیى هەیە. ئەحمەد تۆفیق (عدم تعرچ)ێکى مەکتەبى پێوندییەکانى عێراقى بۆ هێنام و گەڕامەوە کوردستان و کاروانى ئەوەڵ نزیک بە 40 کەسم برد بۆ بەغدایە. د. محمودى پەناهى و د. مرادى رەزم ئاوەر، لە برادەرانى جەبهەى میللى کە زانیبوویان ئەحمەد تۆفیق خەڵکى لەدەورە کۆبۆوتەوە، بانگى ئەحمەد تۆفیقى دەکەن و پێى دەڵێن: "هەر تێکۆشانێکى دەتانهەوى ئیدامەى بدەن دەبێ بە ناوى حەبهەى میللیەوە بێ."
ئەحمەد تۆفیقیش دەڵێ شتى وا قەبوڵ ناکەم، پەیوەندییەکەش لەگەڵ دەوڵەتى عێراقێ لە رێگاى برادەرانى جەبهەى میللیەوە دەبێ. کاک ئەحمەد تۆفیق کە هاتەوە بۆ ماڵێ، گوتى دەبێ دەست ڕابگرین و کەسى دیکە جارێ نەیە بۆ بەغدایە. چونکە من لەگەڵ برادەرانى جەبهەى میللى تێکچووم. ئەوە بوو برادەرانى کوردستانمان ئاگادار کردەوە کەس نەیەت بۆ بەغدا تا ئاگاداریان دەکەینەوە. دوو جاران من لەگەڵ کاک ئەحمەد تۆفیق چووین بۆ لاى د. مەحموود پەناهى و دوکتور مورادى رەزم ئاوەر، بەڵام قسەى کۆتاییان هەر ئەوە بوو. رێگاى پەیوەندى لەگەڵ دەوڵەتى عیراقێ، ئەوان بوو. ئەحمەد تۆفیق لەوبارەوە تەنیا پەنابەرى سیاسى بوو، دەوڵەتى عێراق ئەحمەد تۆفیقیان ئاگادار کرد کە ئەو نەفەراتەى لە کوردستانێ ڕا هاتوون تەحویلیان وەربگرێتەوە. چونکە قەراربوو دەوڵەتى عیراقێ جێگاورێگاو تەئمیناتیان بدا بەڵام ئەوەى نەکرد. ئەوە بۆ ئەحمەد تۆفیق شەرایەتێکى ئێجگار سەخت بوو. ئەحمەد تۆفیق هیندێک دۆستى فەیلى لە (شۆریجەى) بەغدایە هەبوون دووکاندار بوون، زۆر دەوڵەمەند بوون. حاجى محەممەد ناوێکى مەهابادیشى دەناسى دووکانى زێرینگەرى لە (سوق البنات) هەبوو. لەگەڵ ئەحمەد تۆفیق چووین بۆ لاى فەیلیەکان و حاجى محەممەد، مەوزووعەکەمان بۆ باس کردن و داواى کۆمەک و یارمەتیمان لێ کردن. پارەیەکى زۆریان داینێ کە چووین لە "تەل محەممەد" خانوویەکى گەورەمان بۆ سەڵتەکان گرت و لە (باب المعڤم)یش خانوویەکمان بۆ بنەماڵەکان گرت. هەموو تەئمیناتێکى ژیانمان هەم بۆ پێشمەرگە سەڵتەکان، هەم بۆ بنەماڵەکان دابین کرد. بە تەواوى تەمابڕاو بووین لە برادەرانى جەبهەى میللى. کاک ئەحمەد داواى پەنابەریى سیاسى بۆ کردین. ماوەیەکى زۆر بەدواى ئەو داخوازییەماندا هاتین و چووین، بەڵام لە نەتیجەدا دەوڵەتى عێراقێ وەکوو پەنابەرى سیاسى وەرى نەگرتین. ئیقامەیان داینێ بۆ کارو کاسبى. ئەو برادەرانە کە بردبوومن بۆ بەغدایە، زۆر نیگەران بوون داوایان لێکردم کە بە هەر شێوەیەک بێ هەوڵ بدەم بۆ گەڕانەوەیان بۆ کوردستانێ. منیش لەگەڵ کاک ئەحمەد تۆفیق باسم کرد، ئەحمەد تۆفیق گوتى: "هەر رێگایەکى بەباشى دەزانى بۆ گەڕانەوەیان من پێم باشە." منیش گوتم: "پێم باشە پێوەندى بە برادەرانى حیزبى دێمۆکراتەوە بگرم بۆ گەڕانەوەیان." کاک ئەحمەد تۆفیقیش گوتى: "منیش زۆرم پێ باشە." یۆسفى رێزوانى ناسراو بە عەبدوڵڵا شلێر دووکانى عەککاسى هەبوو لە (تل محمد)، چووم بۆ لاى پێم گوت: "دەمهەوێ چاوم بە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە بکەوێ." عەبدوڵڵا گوتى: "لێرە بە، ئێستا دێمەوە." زۆرى پێ نەچوو کە هاتەوە مەلا رەحمانى کاژەیى لەگەڵ بوو. بە مەلا رەحمانم گوت: "دەمهەوێ چاوم بەمامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە بکەوێ." مەلا رەحمان گوتى: "بە سەر چاوان، کە چوومەوە پێیان دەڵێم بەیانى وەرەوە ئێرە جوابەکە چى بوو پێت دەڵێمەوە." بەیانى سەعاتى 10 چوومەوە دووکانى عەوڵا شلێر، مەلا رەحمان لەوێ بوو گوتى: "سەعاتى 3ى دوانیوەڕۆیە وەرە ئێرە، پێکەوە دەچین بۆ لاى مامۆستا عەبدوڵڵاى حەسەن زادە." سەعاتى 3ى دوانیوەڕۆى رۆژى دوایى هاتمەوە دووکانى عەوڵا شلێر، مەلا رەحمان لەوێ بوو پێکەوە چووین بۆ لاى مامۆستا عەبدوڵڵاى حەسەنزادە. دواى چاک و چۆنى باسى گەڕانەوەى برادەران بۆ کوردستانم لەگەڵ کرد. مامۆستا گوتى:" زۆرم پێ باشە، بەڵام دەبێ لەگەڵ برادەرانیش مەوزووعەکە باس بکەم. بەیانى سەعاتى 10 وەرەوە دووکانى عەبدوڵڵا شلێر جوابەکەت وەرگرەوە." بەیانى سەعاتى 10 کە چوومەوە دووکانى عەبدوڵڵا شلێر، مەلا رەحمانى کاژێ لەوێ بوو گوتى: "موافقەت کراوە لەسەر گەڕانەوەتان بۆ کوردستانێ، خۆتان ئامادە بکەن و ئاگادارمان بکەنەوە، بەڵام ئەوەڵ تیمى کە دەگەڕێتەوە دەبێ تۆیان لەگەڵ بى." منیش کە هاتمەوە لەگەڵ ئەحمەد تۆفیق باسم کرد گوتم: "موافقەتیان بۆ گەڕانەوەمان کردووە، بەڵام شەرتیان ئەوە بووە ئەوەڵ تیم منیان لەگەلڕ بم." ئەحمەد تۆفیق زۆرى پێ باش بوو. ئەوە بوو لەسەر ڕەزایەتى تەواوى ئەحمەد تۆفیق گەڕاینەوە بۆ کوردستان. من ساڵ و نیوێک بوو لە کۆیە و قەڵادزێ خەریکى کاروو کاسبى بووم کە ئەحمەد تۆفیق لە بەغدایە گیرا .
ئەوەیە ڕاستیى رووداوەکان، نە لەگەڵ د. قاسملوو دانیشتووم و نە هیچ پیلانێک لەگۆرێ دا بووە بۆ لەنێوبردنى ئەحمەد تۆفیق. ئەوەى کە جەنابت باسى دەکەى کە من لە سەیتەرەى کەرکوک گیرابم، شتى وا ئەسڵ و ئەساسى نیەو ئیستاش شاهیدى زیندووى ئەو سەردەمە زۆرن. وەک: (عبداللە حەسەن زادە، مەلاحەسەنى رەستگار، مەلا رەسوڵى پێشنماز، کەریم نستانى، کەریم حداد، عەبدول نستانى و زۆر کەسى دیکە.)
هەروەها لەئاخرین لاپەرەى نووسراوەکانى دا ئەوەى بەسەر زارى داهاتووە بێ تێبینى گوتوویەتى و دەڵێ: "محەممەدئەمینى سیراجى بۆخۆى لەبەرگى نیزامى دا ئەحمەد تۆفیقى شکەنجە داوە." هەروەها دەڵێ کە دواى ئاشبەتاڵى مەلا مستەفاى بارزانى ساڵى 1975 (55) کەس لەئەندامان و رێبەرانى حیزبى دێموکرات وهاورێیانى ئەحمەد تۆفیق بۆ وێنە ناوى سەید مەلا ڕەشیدى حوسێنى دەبا کە کەریم حداد و محمدامینى سیراجى لەگەڵ عەسکەرى دەوڵەتى عێراقێ تەحویلى دەوڵەتى ئێرانیان داونەوە. لێرەدا هەوڵى خۆم دەدەم بە کورتى تێبینى و روونکردنەوە لەسەر ئەو مەسەلەیە باس بکەم:
خوالێخۆش بوو محەممەد ئەمینى سیراجى لەسەر پرسە جیاوازەکان بۆچوونى تایبەتى خۆى هەبووەو باس کردووە، لە بارى سیاسى کەسێکى بە نێوەرۆک بوو. شاهیدى بۆ دەدەم کە ئازارى مێروولەیەکیشى نەداوە تا ئەوەى کە ئەشکەنجەى ئەحمەد تۆفیقى کردبێ. دەزانم زۆر کەسى دیکەش شاهیدى بۆ دەدەن.
بە وتەى پێشمەرگەى بێناو و نیشان گوایە کەریم حداد و محمدامینى سیراجى لەبەرگى نیزامى دا لەگەڵ عەسکەرى عێراقى 55 کەس رێبەرو ئەندامانى حیزبى دێموکراتیان لەسنوور تەحویلى ئێراق دابێتەوە." دەوڵەتى عێراق هیچ پێویستییەکى بە کەریم حداد و محمدامینى سیراجى نەبووە، بۆ ئەوەى کە 55 کەس و ئەندامانى رێبەرایەتى تەحویلى ئێران بداتەوە. بە کورتى لەسەر ئەو 55 کەسە کە جەنابت وەک هاوسەنگەرى شەهید ئەحمەد تۆفیق باسیان دەکەى پێم باشە روونکردنەوەیەک بدەم:
ئەو 55 کەسە تێکەڵاوێک بوون لە پاشماوەکانى بزووتنەوە چەکدارییەکەى 46و47 و ئەو پێشمەرگانەى کە وەک پێشمەرگەى رەسمیى شۆرش بوون لەکوردستانى عێراق و خەریکى کارو کاسبى بوون و بەناوى (کۆمەڵەى یەکسانیى حیزبى دێموکراتى کوردستان) و مەلا سەید ڕەشیدى حوسێنى وەک سەرپەرستى گشتى ئەو کۆمەڵەیە بوو. ئەوانە بەناوى حیزبى دێموکراتى کوردستان تێکۆشانیان ئیدامە نەداوە، بەڵکو وەک کۆمەڵەى یەکسانى حیزبى دێموکراتى کوردستان چالاکییان کردوە و بنکەى رەسمیان لە سڵێ و ئێنزێ بووە، سەر بە شۆڕش بوون و دواى هەرەسهێنانى شۆڕشى کوردستانى عێراق، دەوڵەتى عێراق تەحویلى ئێرانى دانەوە. بۆ ئاگاداریى دۆستانى حیزب و ئۆگرانى میژووەکەى یەک نەفەریان بۆ یەک رۆژیش نەگیرا. ئەوەى کە پێشمەرگەى بێناو باسیان دەکا و لەنێو ئەوانەشدا ناوى مەلا سەید ڕەشیدى حوسێنى دەبا، بە کورتى یەک مەورید لەسەر خوالێخۆشبوو مەلا سەید ڕەشیدو ئەحمەد تۆفیق باس دەکەم کە لە بەرگى یەکەمى نیوسەدە تێکۆشانى مامۆستا عەبدوڵڵاى حەسەن زادە هاتووە کە: "مەلا سەید ڕەشیدى حوسێنى گوتوویەتى: شەهید ئەحمەد تۆفیق لاى من باسى کردووە کە بە حەسەنى برازامم سپاردووە کەسەدیقى ئەنجیرى بکوژێ، بۆیە من لە ئەحمەد تۆفیق جودا بوومەتەوەو هاتوومەتەوە کوردستان." بە کورتى ئەوە تەنیا بۆ زاخاوى مێشکى جەنابت بوو، دەنا من نە لە ڕابردوو و نە ئێستاش باەوەڕم بەو قسەیە نەبووە کە مەلا سەید ڕەشید گووتوویەتى چونکە هیچ بەڵگەیەکى روون نیە کە شەهید ئەحمەد تۆفیق بڕیارێکى لەو بابەتەى دابێ.
پێشمەرگەى بێناو کە خۆى وەک هاوسەنگەرى ئەحمەد تۆفیق دەناسێنێ، باس لەوە دەکا کە شەهید د. قاسملوو کۆنگرەى 3ى لە بەغدایە گرتووەو ئەوەش دەکاتە بەڵگە بۆ ئەوەى تۆمەتى بەعسى بوون بخاتە پاڵ دوکتۆر قاسملوو. بۆ بەرچاوڕوونى جەنابت کۆنگرەکانى 11 و12 ى حیزبى دێمۆکراتیش لە کەرکووک گیراون. دیارە شاراوە نیە کە حیزبى دێموکراتى کورستان پێوەندى بەدەوڵەتى عیراقەوە بووە و یەکێتى نیشتیمانى و پارتى دێموکراتى کوردستانیش لەوە ئاگادار بوون. ئەوەى جێگەى شانازییە ئەوەیە کە دواى رووخانى دەوڵەتى عێراق، بە قەت تاڵە موویەک بەڵگەیەک لەو پێوەندییەدا نەدۆزرایەوە کە حیزبى دێمۆکرات بەزیانى گەلى کورد لە هەر پارچەیەکى کوردستان جووڵابێتەوە.
ناوبراو دەنووسێ: "ئەوکات هیچ کەس نەیدەتوانى باسى کورد و کوردایەتى بکا، بەڵام د. قاسملو کونگرەى 3ى لە بەغدایە گرت." کاکى خۆم دیارە جەنابت تەنیا ڕوویەکى ڕووداوەکان دەخوێنیەوە، ڕاستە لەو کاتانەى کونگرەى 3 لەبەغدایە بەسترا شەهید ئەحمەد تۆفیق پەنابەرى رەسمى دەوڵەتى عێراق بوو، بەڵام هیچ بەماناى ئەوە نیە کە ئەحمەد تۆفیق پێوەندییەکى نامەشرووعى لەگەڵ دەوڵەتى عێراق بووبێ یان خیانەتى کردبێ. یا لە شوێنێکى دیکەدا باس لە هۆکارى هەڵگیرسانى شەڕى نەغەدە دەکاو د. قاسملوو بە تاوانبار دەزانێ. بەرێزم! ئەوکات نەغەدە کۆمیتەیەکى حیزبى هەبوو کەوا بزانم سەعید کوێستانى و موهەندیس حاجى ئەحمەدى و مەلا محمدى خچری و چەند کەسێکى دیکەى لێبوون، خەریکى بەرنامەڕیزى بۆ جیگاو رێگاو ئامادەکاریى میتینگى حیزبى دێموکراتى کوردستان بوون کە "مەلا حەسەنى" ئیمام جومعەى ورمێ و دارو دەستەکەى لەوە ئاگادار دەبن و پلان هەم بۆ تێکدانى متینگ و هەم بۆ هەڵایسانى شەڕ دادەرێژن.
هەروەها ناوبراو باس لەوە دەکا کە ئەحمەد تۆفیق هەڵوێستى بەرامبەر دژبەرەکانى زۆر سالم بووە و سلێمانى موعینى و مامۆستا ئاوارە لە ئەحمەد تۆفیق جیابوونەوەو بەجیا تێکۆشانیان هەبووە و ئەحمەد تۆفیقیش هیچ دژایەتیەکى نەدەکردن. راستییەکەى ئەوەیە سلێمانى موعینى و مامۆستا ئاوارە لە ئەحمە تۆفیق جودا نەبوونەوە، بەڵکوو ئەودەم ئەحمەد تۆفیق لە بارزان بوو. ئەو بەرێزانەش باوەڕیان وابوو کە جووڵانەوەیەکى چەکدارى پێویستە لە کوردستان دەست پێ بکرێ. ئەو جووڵانەوەش بەناوى جووڵانەوەى 46- 47 دەستى پێکرد و لەو پێناوەشدا بەشانازى گیانى خۆیان پێشکەشى نیشتمان و گەلەکەیان کرد. لە بەشێکى دیکەدا دەنووسێ کە دوکتۆ قاسملوو هەڵوێستى بەرامبەر بە ڕەکەبەرانى ناسالم بووە و کاتێک کاک سەید رەسوڵى بابى گەورە کە نەفەرى دووەم لە دەفتەرى سیاسیى حیزبى دێموکرات بووە لە سڵێ بە د. قاسملو دەڵێ ناتوانم کارت لەگەڵ بکەم و ڕۆیشتوە بەرەو رانیە، هەر ئەو رۆژە دوکتۆر قاسملو پێشمەرگەى ناردوونە سەر رێگاى و لەپشتى شارۆچکەى سەنگەسەر سەید ڕەسوڵیان تیرۆر کردوە.
پێویستە هەموو دڵسۆزان و ئۆگرانى مێژووى حیزب بزانن کە ئەوکات بنکەى دەفتەرى سیاسى لە سڵێ نەبوو، لە بۆڵێ بوو، شەهید سەید رەسوڵى بابى گەورە ئەندامى کومیتەى ناوەندى بوو و نەفەرى دووەم لە حیزبدا نەبووەو کاک سەید رەسوڵ ماوەى ساڵێک دەبوو لە سلێمانیە خەریکى کارو کاسبى بوو و لەشارى سلێمانى لە گەڕەگى توى مەلیک سەعاتى 4ى بەرەبەیانى لەلایەن چەند بەکرێگیراویکەوە کە دەچن لە دەرگا دەدەن و سەید ڕەسوڵ بۆخۆى دێتە دەرێ و دەرگایان لێدەکاتەوە، تەقەى لێدەکرێ و تیرۆرى دەکەن. بەو شێوەیەیە شەهیدبوونى سەید رەسوڵ، نەک لە پشت سەنگەسەرێ کە لە وتارەکەى پێشمەرگەى بێناودا هاتوە. ئەوەى لێرەدا باسم کرد تەنیا گێڕانەوەی ڕاستیەکانەو بە دوورە لە هەر چەشنە دەمارگرژییەک، چونکە ئەحمەد تۆفیقم زۆر باش ناسیوەو زۆریشم خۆش ویستوە.
مەسەلەیەکى کوردى هەیە دەلێ: "چاکى مەکە با خەراپ نەبێ." سەبارەت بە هیندێک مەسەلەى دیکە کە هێناویەتە گۆڕێ، وێدەچێ زۆربەى کتێب و نامیلکەکانى نەخوێندبێتەوە. بەداخەوە لە هێندێکیان دا باس لەوە دەکرێ کە شەهید ئەحمەد تۆفیق بڕیارى کوشتنى ئەسعەدى خودایارى و سەدیقى ئەنجیرى داوە، من ئێستاش و لە ڕابردووشدا ئەوە ڕەت دەکەمەوەو ڕەتم کردۆتەوە، چونکە هیچ بەڵگەیەکى ڕاست ودروست لە بەر دەست دا نیە کە سەلمێنەرى ئەوە بێ، بۆیە پێویستە کە لە قسەو نووسینەکانماندا زیاتر ورد بینەوە. کاکى خۆم کە خۆت وەک هاوسەنگەرى ئەحمەد تۆفیق دەناسێنى، وێڕاى رێزى تایبەتیم کە لە ناو جەرگەى کۆمارى ئیسلامى داى و وازت لە تێکۆشانى حیزبایەتى نەهێناوەو ودەتهەوێ خزمەت بە نەتەوەکەت بکەى، ئەوەى من باسى دەکەم تەنیا بەشێکە لەو ڕاستیانەى کە لە نزیکەوە ئاگاداریان بووم و لە گەڵیان ژیاوم.
ناوبراو هەروەها لە دێرەکانى خوارتردا دەنووسێ: "مامۆستا و جەماعەتەکەى تاوانبارن، چونکە ئەوان لە کادرە کۆنەکانن و لە هەموو شتێک ئاگادارن." هەروەها دەڵێ کە هەموو سەرکردەکانى حیزبى دێموکرات لە 1972 تا ئەورۆ وەکو یەک تاوانبارن. پێویستە بزانین کەسایەتیى سیاسى هیچ بەم شیوەیە بیر ناکاتەوە کە هەموو سەرکردەیەک بە یەک شووڵ بکوتێ، بۆ نموونە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە تەنیا تاوانى ئەوەیە کە لە ژیاندا ماوە، حەقە رەخنەى لێ بگرى، بەڵام حەق نیە وەک تاوانبار ناوى ببردرێ، چونکە پێم وانیە هیچ کەس وکۆمەڵێکى سیاسى بەبێ بەڵگە ئەوەى قبوول بکا.
دواتر دەکەوێتە تۆمەتبار کردنى شەهید د.قاسملووو دەڵێ: "بڕیارەکانى کونگرەى دووەم بخوێننەوە، کە دوکتۆر قاسملوو بەهۆى هاوکاریى ساواک و خەیانەت بەکورد لەحیزبى دێموکرات دەرکرا." نازانم پێشمەرگەى بێناو چۆن ئیدعا دەکا هاوڕێى ئەحمەد تۆفیق بووە، من هاورێ و هاوسەنگەرى شەهید ئەحمەد تۆفیق و نیگابان و پارێزەرى کۆنگرەى دووەم بووم، بە باشى دەزانم نە جەنابت و نە کەسى دیکە نابێ دڵ بەو بڕیارە خۆش بکا، چونکە ئەو بڕِیارە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانى کونگرەى دووهەم بەحیساب دێ. هاورێ گیان! دیارە د. قاسملوو گیراوەو بۆخۆشى ئەوەى نەشاردۆتەوە کە سازمانى ئەمن داواى هاوکاریى لێکردوە، بەڵام ئێمەو کۆمەڵانى خەلکى کوردستان ئەوە دەزانن کە شەهید د. قاسملوو کاتێک لە زیندان ئازاد بووە هاتۆتە کوردستانى عێراق و نە هیچ بەڵگەیەک لەبەر دەست دایە کە هاوکاریى ساواکى کردبێ و نە هیچ خەیانەتى بەکوردیش کردبێ. حەقە هەموومان ماناى خەیانەت بزانین.
لێرەدا نمونەیەک باس دەکەم: لەسەردەمى رژێمى پەهلەوى ئەمن وکەریم نستانى لە لایەن چەند بەکرێگیراوێکى ساواک لەسنوورى عێراق تەحویل دراینەوە و لەزیندانى رەزایە (ورمێ) بووین و سێ مانگ لە موجەرەدى ئیعدام دابووین، دوایە حوکمەکەمان شکاو بوو بە زیندانى ئەبەدى شا. لەبەندى حەوت بووین، ئەو بەندە 35 زیندانیى سیاسى تێدا بوون، لەنێو ئەوانەدا هەبوو حوکمى ئێعدامى هەبوو و دواتر دەرەجەیەک شکابوو ببوو بە ئەبەد. هەبوو 16 ساڵ حوکم درابوو، لەنێویاندا "فتورایى" ناوێک کە سەرهەنگ بوو، پەروەندەکەى هاوکاریى مجاهدینى خەڵق بوو. دوکتۆر تەقى ئەفشان جوزوەیەک وهێندێک بەڵگەو مەداریکى چریکى فیدایى لێ گیرابوون، ڕەزا باکرى لە جەریانى جووڵانەوەى چریکە فیداییەکانى خەڵک لە "سیاکەل" گیرابوو. سازمانى ئەمن پێى گوتبوون دەبێ نەدامەت نامە بنووسن و ئەگەر ئازادبوون هاوکاریمان بکەن، قەبووڵیان نەکردبوو، 16ساڵ حوکم درابوون دەیانگووت ئەگەر وەکو ئێستامان زانیبایە سەدجار نەدامەت نامەمان دەنووسى و دواى ئازادبوونمان ئێرانمان بەجێ دەهێشت. مەبەست لەهێنانەوەى ئەو بیرەوەرییە ئەوەیە کە سازمانى ئەمن ئەوکات داواى هاوکارى لەهەر بەندکراوێکى سیاسى دەکرد، بەڵام مەرج نیە هەموو هاوکاریى ساواکیان کردبا. د. قاسملووش ئەگەر بەڵێنى هاوکاریشى دابێت هاوکاریى ساواکى نەکردوە.
یان لە بەشێکى دیکەى نووسینەکەى پێشمەرگەى بێناودا باسى ئەوە هاتوە کە جەلالیەکانى66 وبازرانییەکانى 31 ئاب بە بڤەى دەزانن کە باسى کۆنگرەى دووەم بکەن. ئەوە نە وەزیفەیە ونە پێوەندیى بەهیچ کام لەو دوو هێزەوەیە کە بێن و باسى کۆنگرەى دووهەمى حیزبى دێموکراتى کوردستان بۆ ئێمە بکەن. حیزبى دێموکراتى کوردستان لەئارشیوى خۆیدا باسى کۆنگرەى دووهەمى وەکوو باقى کۆنگرەکانى دیکە کردوەو بەڵگەنامەکان لەئارشیوى ئەو حیزبەدا جێگاى تایبەتى خۆیان هەیە. هەروەها باس لەوە دەکا کە کۆنفرانسى سێ لە بەغدایە گیراوە، بەڵام ئەوە دوورە لە راستى و کونفرانسى سێ لە شارى کۆیە گیراوە. ناوبراو دەڵێ ئەودەم ئەحمەد تۆفیق لە زیندانى "ئەبوو غریب" بووە، لە حاڵێک دا ئەوکات ئەحمەد تۆفیق لە بەغدایە وەکوو پەنابەرى سیاسى دەژیا. بۆ روونکردنەوەى زیاتر لەو پێوەندیەدا بیرەوەرییەک زیاد دەکەم:
ئەوکات لە کۆیە بووم، دواى چەند رۆژێک لە گیرانى کونفرانسى 3، ئەحمەد تۆفیق نامەیەکى بۆ نوسیبووم بە سادق ناوێکدا بۆى ناردم. لەدواى ئەحواڵپرسى، نووسیبووى ئەگەر دەکرێ سەردانێکمان بکەى، نوسیبووى سادق (عدم تعرچ)ى دوو کەسى پێیە. لەگەڵ کەریم نستانى و محمدى برام باسى نامەى ئەحمەد تۆفیقم کرد، گوتیان پێمان باشە. ـ کەریم نستانى ئێستا لە سوئێد دەژى، بەڵام محمدى برام شەهید بووەـ لەگەڵ سادق چووین بۆ بەغدایە. کاک ئەحمەد ئۆفیق ئەودەم ماڵەکەى لە بەتاوێنى نزیک شارع سەعدون بوو، مام عەبدولخالەق و رەحیمى کوڕىو کاک تاهیر ناوێک لەوێ بوون. ئەمن ساڵێک و شەش مانگ لەو شوقەیە لەلاى ئەحمەد تۆفیق ژیاوم. ئەحمەد تۆفیق کە گیرا لە ئەمنى عامى بەغدایە بوو، نەک ئەبوو غریب. هیوادارم ئەو روونکردنەوە کورتە بەشێکى هەرچەند بچووک لە تارمایى لاپەڕەکانى مێژووى حیزبى دێمۆکرات و جووڵانەوەى کورد رووناک بکاتەوە.

لە وتارێکى دیکەدا کە لەوەڵامى پێشمەرگەى بێناو یان هاوسەنگەرى ئەحمەد تۆفیق لە لایەن بەڕێز حەکیم حوسێن زادەوە نووسراوە، منیش تێبینییەک لە سەر ئەو نووسراوە دەخەمە بەر دیدى خوێنەران. تێیدا هاتووە: "ئەگەر تاوانێک دژى ئەحمەد تۆفیق کرابێ مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە و مەلا حەسەنى رەستگار شەریکى ئەو تاوانەن، چونکە ئەوان دوکتۆر قاسملویان هێنایەوە ناوحیزبى دێموکرات." بەرێزم د. قاسملوو پێشتر بەرنامەى هەبوو کە ئەگەر دەرفەت هەبێ بگەرێتەوە، ساڵى 1970 کاتى دەرچوونى بەیانییەى 11ى ئازار و ڕاگەیاندنى خودموختارى بۆ خەڵکى کوردستانى عێراق بە سەرۆکایەتى مەلا مستەفاى بارزانى، د.قاسملوو دەرفەتى بۆ رەخساو لەو دەرفەتە کەڵکى وەرگرت و گەڕایەوە و زۆر لەو بەرنامەیەى کە پێشتر دایڕشتبوو سەرکەوتوو بوو و توانى ریزەکانى حیزبى دێموکرات وەسەریەک بخاتەوەو لەو پەرش وبڵاویەى کە هەبوو بیهێنێتە دەر .

نوسراوەیەکى دیکەم لەو پێوەندییەدا لەسەر دوو سکرتێرى شەهیدى حیزبى دێموکراتى کوردستان واتە شەهید ئەحمەد تۆفیق وشەهید دوکتۆر قاسملوو بە قەڵەمى ئارمین خوێندەوە، هەرچەندە من دوور و نزیک نایناسم و ناوبراو بەحەق یان بە ناحەق بۆچوونى خۆى نووسیوە، منیش کە بۆخۆم بەکردەوە لەنێو رووداوەکان دا بووم ولەسەرچاوەى لێڵ کەڵکم وەرنەگرتووە، ئەوەى بەچاو بینیومە باسى دەکەم. بەڕێز ئارمین دەڵێ: "حیزبى دێموکرات دووباڵ بووە، یەکیان سەر بە ئەحمەد تۆفیق و ئەوى دیکە سەر بە د. قاسملو." هەروەک پێشتریش باسم کردوە ئەمن ساڵى 1343 هەتاوی، بەرامبەر بە 1964زایینی بە رەسمى بوومە پێشمەرگەى حیزبى دێموکراتى کوردستان. ئەو کات د. قاسملوو رۆیشتبوو بۆ دەرەوەى وڵات. مەسەلەى دووباڵى، بوونى نەبووە. پاکانەى ئەوەى ناکەم بڵێم ئەودەم لەنێو ریزەکانى حیزبى دێموکراتدا ناکۆکى نەبووە، بەڵکوو پۆلێک هاورێى حیزبى کۆمیتەیەکیان بەناوى کۆمیتەى ساغکەرەوە پێک هێنابوو، بە باشى ناوى چەند کەسیانم لە یادە وەک: (کاک مەلا حەسەن رەستگار، قادر شەریف، سەعید کوێستانى و حوسینى مەدەنى) و پۆلێک هاورێى دیکەشیان بەدەورەوە بوو، ئەوانە هیچ پەیوەندیەکیان بە د.قاسملۆوە نەبوو. هەروەها ناوبراو دێتە سەر باسى کونفرانسى دووەم و دەنووسێ: "کاتێک کۆنفڕانسى دووەم گیرا، ئەندامانى هەڵبژیردراوى کۆنفرانس، د. قاسملو و ئەحمەد تۆفیق بوون." بەڵام راستییەکەى ئەوەیە کە کۆنفرانسى دووەم دواى کۆنگرەى دووەم لەبنارى قەندیل بۆ تەرمیم کردنەوەى کۆمیتەى ناوەندیى هەڵبژێردراوى کۆنگرەى دووەم گیراوە، کە ئەمیرى قازى و مەلا سەید ڕەشید ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى دەبن و مامۆستا عبداللە حەسەن زادەو سەید رەسوڵى بابى گەورە و مەلاحەسەنى رەستگاریان پێوە زیاد دەبن، نە شەهید د. قاسملو و نە شەهید ئەحمەد تۆفیق لەو کونفرانسەدا بەشدار نابن.
ئارمین دەڵێ: "عەیبى گەورەى ئەحمەد تۆفیق ئەوە بوو کە زۆر لە مەلا مستەفاى بارزانى نزیک بوو." دیارە نزیک بوونەوە لە شەخسى مەلا مستەفاى بارزانى نە تەنیا عەیبى گەورە نەبوو، بەڵکوو شانازییەکى گەورەش بوو، نەک بەو شێوەیەى کە ئێستا جەنابت بیرى لێدەکەیەوە. هەروەها لە شوێنێکى دیکەى ئەو نووسراوەدا دەنووسێ: "بە نزیک بوونەوەى ئەحمەد تۆفیق لە مەلا مستەفاى بارزانى، حیزبى دێموکراتى کوردستان سەربەخۆیى سیاسیى خۆى لە دەستدا." بەڕاستى کەسایەتیى سیاسى شتى وا ناڵێ. تەنیا ئەوەندە دەڵێم کە کۆنگرەى دووەم بە سەرۆکایەتى ئەحمەد تۆفیق بەستراو خودى بەستنى ئەو کۆنگرەیە ئەوە دەگەیەنێ کە حیزبى دێموکراتى کوردستان سەربەخۆیى سیاسى خۆى پاراستوە. نازانم جەنابت سەربەخۆیى سیاسى چۆن هەڵدەسەنگێنى!؟
هەر لەدرێژەى باسەکەیدا ئارمین دەڵێ: "بە نزیکبونەوەى ئەحمەد تۆفیق لە مەلا مستەفا، بەشێک لە کادرە پێشکەوتووەکان لە حیزبى دێموکرات دوور کەوتنەوە." وڵامى ئەو پرسیارە بە جێ ماوە کە ئەو کادرانە کێ بوون؟
هەروەها دەنوسێ: "بە هۆى سیاسەتە چەوتەکانى ئەحمەد تۆفیق چەند ڕەوتێک بە سەرۆکایەتیى مەلا محمدى شەڵماشى ناسراو بە مەلا ئاوارە سەریان هەڵدا."
بەرێز! ئەو سەرچاوانەى کەڵکت لێ وەرگرتوون، زۆر جێگاى متمانە نین. مامۆستا ئاوارە لە کوردستانى عێراق هیچ ڕەوتێکى نەبووە. مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە لە "نیوسەدە تێکۆشان"، لە بەرگى یەکەمدا باسى مامۆستا ئاوارە دەکا کە لە ناوچەى سوێسنایەتى و شارى سەردەشت تەشکیلاتێکى مونەززەم و رێک و پێکى هەبووەو کارى تێدا کردوە. بەم پێیە هیچ پێویستییەکى بەدروستکردنى ڕەوت لە کوردستانى عێراق نەبووە؛ هەروەها کاتێک باس لەسیاسەتە چەوتەکانى ئەحمەد تۆفیق دەکرێ، دەبێ سەرنج بدەینە ئەو راستییە کە ئەحمەد تۆفیق بە تەنیا نەبووە، حیزبى دێموکرات و کۆمیتەى ناوەندى هەبووە، لەنێو کومیتە ناوەندى دا کەسایەتیى گەورەى وەک سلێمانى موعینى (فایق)، سەدیقى ئەنجیرى، ئەمیرى قازى، مەلا سەید ڕەشیدى حوسینی، باپیر شکاک (نەحۆ)، مامۆستا مەلا رەحیمى مەریجەڵانى ناسراو بە میرزا ئەحمەد و زۆر کەسى دیکە هەبوون. بەڵام جەنابت تەنیا ناوى ئەحمەد تۆفیق دەهێنى. هەموو حیزبێکى سیاسى خاڵى لاوازى هەیە نەک بە ماناى سیاسەتى چەوت، حیزبى دیموکراتیش تەنیا بریتى نەبووە لە ئەحمەد تۆفیق.
بەرێز ئارمین لە بەشێکى دیکەى وتارەکەی دا هێرش دەکاتە سەر ئەحمەد تۆفیق و دەڵێ: "ئەسعەدى خودایارى و سەدیقى ئەنجیرى بە بڕیارى ئەحمەد تۆفیق شەهید کراون." بەداخەوە نازانم تەمەنى کاک ئارمین چەندە، ئەسعەدى خودایارى 45 ساڵ پێش ئێستا لەنزیک "خڕێ دوبەى" لە کوردستانى عێراق شەهید دەکرێ، ئەوکات ئەحمەد تۆفیق لە دەشتى بیرێ کەپران ناوچەى بارزان لەلاى خوالێخۆش بوو مەلا مستەفاى بارزانى دەبێ. ئەگەر جەنابت بەڵگەیەکى روونترت هەیە، بیخە بەر دیدى خوێنەران تا منیش داواى لێبوردنت لێ بکەم.
هەروەها سەبارەت بە شەهیدکردنى سەدیقى ئەنجیرى، ئەوکات کە شەهید دەکرێ و بێ سەروشوێن دەبێ، ئەحمەد تۆفیق لەبارزان لە ژێر چاوەدێرى ئەسعەد خۆشەوى دا بوو و رێگاى هیچ هاتوچۆیەکى نەبوو، نەخۆى و نە ئەو کەسانەى لەگەڵى بوون نەیانتوانیوە بچن بۆ ئەو سنوورانە. یان باسى ئەوەى دەکرێ کە حەسەنى برازاى ئەحمەد تۆفیق ئەو کارەى کردبێ، بەڵام ئەوکاتەى کە کاک سەدیق شەهید دەکرێ، حەسەن خۆى تەحویلى ئێران دابۆوە. بۆ زانیاریى زیاترى خوێنەران، مامۆستا هەژار لە چێشتى مجێوردا دەڵێ: " کاک سەدیق لە لاى ئێمە لە ڕادیۆى بوو، هەواڵنێرى ئاڵمانى دەهاتن، ئێرانیشیان لەگەڵ بوون ، ئێمەش بە کاک سەدیقمان گوت تا ئەوانە دەڕۆن لێرە مەبە. نارەحەت بوو ڕۆى." هەر لەوبارەوە خالیدى حیسامى دەڵێ: "لە لاى ئێمە بوو چوو بۆ دەم چۆمى و نەگەڕایەوە." جا بۆیە ئەوەش هەر نەقڵى قەولە. کاک ئارمین گیان بۆ ئەوەى مێژوو نەشێوێ، زۆر بەدواى ئەو نەقڵە قەولانەدا مەڕۆ. بۆ دڵنیاکردنى جەنابت تا ئێستا هیچ بەڵگەنامەیەک کە شاهیدى مردوو یا زیندوو نیە کە بە بڕیارى ئەحمەد تۆفیق ئەوکارە کرابێ.
کە باس لە نزیکایەتى ئەحمەد تۆفیق و مەلا مستەفا دەکرێ، هەروەک باسم کرد ئەوکات کۆمیتەى ناوەندى هەبووە، هەر بڕیارێکى درابێ، کۆمیتەى ناوەندى داویەتى نەک ئەحمەد تۆفیق. بۆ زانیاریى زیاترى جەنابت و ئۆگرانى مێژووى حیزبى دێموکرات نموونەیەک لەسەر شەهید د.قاسملوو دەهێنمەوە چون هەرکاتێک باسى شەهید بوونى دەکرێ، دەگوترێ نەدەبایە شەهید د. قاسملوو فریوى دەوڵەتى ئێرانێ بخوا و تەنانەت بەرپرسانى حیزبییش هەمان شت دووپات دەکەنەوە. من شاهیدى ئەوە دەدەم کە لەبۆڵێ لەپلینۆمى کۆمیتەى ناوەندى دا د. قاسملوو مەسەلەى وتووێژى هێنایە گۆڕێ و گوتى ئێران داواى وتووێژى کردوە، چەند کەسایەتیشى وەک نێوبژیوان باس کردن. تەنها مەلاحەسەنى شیوەسەڵى موخالیفى ئەو وتووێژە بوو، ماباقى تەواوى کۆمیتەى ناوەندى موافق بوون و د. قاسملوویان وەک نوێنەر بۆ وتووێژ دیاری کرد. جا ئەو بڕیارە بڕیارێکى هەڵە بوووبێ یان نا، بڕیارى گشتیى کۆمیتەى ناوەندى بووە. هەر بۆیە جەنابت دڵنیا بە کە بڕیارەکانى ئەوکاتیش بڕیارى گشتى بوون نەک بڕیارى تاکە کەسى.
ئارمین هەروەها جوڵانەوەى 46و47 بە دژایەتیى ئەحمەد تۆفیق دەزانێ بەڵام لە راستیدا ئەوکات کە ئەو جوڵانەوەیە دەستى پێکرد، ئەحمەد تۆفیق لە بارزان بوو و هیچ ڕەوتێکى نەبوو، ئەمن یەکەم کەسى جوڵانەوەى 46و47 لە خزمەت سلێمانى موعینى(فایەق) دابووم . ڕەنگە دەست پێکردنى جوڵانەوەى 46و 47 هۆکارى دیکەى هەبووبن، بەڵام بە دڵنیاییەوە هیچ پەیوەندیەکى بە شەهید ئەحمەد تۆفیقەوە نەبووە.
دواتر دێتە سەر مەسەلەى کۆنفرانسى 3و بەشداریکردن و نەکردنى ئەحمەد تۆفیق وهەروەها باسى مەسایلى نێو کۆنفرانس و دانیشتنى دوایى کۆنفرانس لەگەڵ ئەحمەد تۆفیق دەکا و لە نیهایەتدا دەرکردنى ئەحمەد تۆفیق لە حیزبى دێموکرات دێنێتە گۆڕێ. ئەو باسەت ئەوەندە ئاڵۆزو پچڕ پچڕە کۆکردنەوەى پێویستە، لێرەدا هەوڵ دەدەم هیندێک وردتر باسى بکەم. ئەحمەد تۆفیق بۆ کۆنفرانسى 3 دەعوەت نەکرابوو، ئەمن ئەوکات هەر لە کۆیە بووم، لە دواى کۆنفرانس کەچووم بۆ بەغدایە بۆ لاى ئەحمەد تۆفیق و بە یەکەوە دەژیاین، ئەوکات عەبدوڵڵا حەسەن زادە و محەممەدئەمینى سیراجى 2تا3 جار لەگەڵى دانیشتن. ئەحمەد تۆفیق کە قسەى بۆ ئێمە دەکرد باسى ئەوەى دەکرد کە لە گەڵ حیزب دانیشتوەو داواى گەڕانەوەیان لێکردوە بۆ ناو حیزب. دەیگوت منیش قسەم ئەوەبووە کە ئەگەر بۆ کۆنفرانس بانگتان کردبام و نەهاتبام حەق بە ئێوە بوو، بەڵام کە بانگتان نەکردووم حەق بە منە، من ئاوا ئامادە نیم. با گۆنگرە یا کۆنفرانسێکى دیکە بگیرێ ئەوکات من دێم و قسەى خۆم دەکەم. ماوەیەک دوای ئەو دوو سێ جار دانیشتنە ئەحمەد تۆفیق بەرەسمى لەحیزبى دێموکرات دەرکرا. ئەو دەرکردنەى شەهید ئەحمەد تۆفیق دەچێتە ئەو خانەیەوە کە کۆنگرەى دووەم د. قاسملووى پێدەرکرد. زۆر بە سەراحەت دەڵێم کە ئەو دوو بڕیارانە (دەرکردنى د. قاسملوو و ئەحمەد تۆفیق) هەردوکیان ناعادڵانەو نارەوا بوون.
پێویستە بگوترێ دواى ئەو دانیشتنەى عەبدوڵڵا حەسەن زادە و محەممەد ئەمینى سیراجى لەگەڵ ئەحمەد تۆفیق، بەڵگەنامەیەک، نووسینێک ،خەیانەت، یا لادانێک لە ئەحمەد تۆفیق نابیندرێ.
بۆ زانیاریى زیاتر (چل ساڵ خەباتى) د. قاسملوو بخوێنەوە بزانە بەئەندازەى تاڵە موویەک لەسەر ئەحمەد تۆفیقى نووسیووە؟ وە زۆر کەس لە ژیان داماون وەک (هاشمى کەریمى ، حەسەنى رەستگار، مەلا ڕەسوڵى پیشنماز، رەئووفى مەلاحەسەنى، شێخ باییز، ڕەشید فەلاح، فتح اللە هەورامى، میرزا سەعید هەورامى، میرزا رٍەسوڵ هەورامى، کەریم حداد، عەبدول نستانى و کەریم نستانى) دەتوانن باسى بکەن کە ئایا خیانەتەکانى ئەحمەد تۆفیق چى بوون؟
بەرێز ئارمین دەڵێ دواى دەرکردنى ئەحمەد تۆفیق لەلایەن دەوڵەتى عێراق، د. قاسملوو داواى لە رێبەرایەتیى حیزب کرد کە دەبێ هەوڵ بۆ ئازادکردنى ئەحمەد تۆفیق بدرێ.
پێم خۆشە بەڕاشکاوى بڵێم کەهیچ لایەنێکى سیاسى بەحیزبى دێموکراتیشەوە و هیچ کەسایەتییەک هەوڵیان بۆ ئازادکردن یان، ملاقات کردنی ئەحمەد تۆفیق نەداوە، با کەس خۆى پیاو چاک نەکا.
ئەحمەد تۆفیق لەلایەن مودیرى ئەمنى گشتى "نازم گوزار" گیرابوو. نازم گوزار بە هاوکاریى ئێران خەریکى خۆ ئامادەکردن بۆ کوودەتا بوو، کودەتاکەى ئاشکرابوو، خۆى و چەند کەسێک گیران و ئێعدام کران، لەو نێوەدا زۆر کەس لە زیندانى ئەمنى گشتیان کوشتن یا لە زیندانە ژێر زەمینەکاندا مردن و هیچ لایەن و کەسایەتییەکیش وە دواو شوێن پێى ى شەهید ئەحمەد تۆفیق نەکەوت.
بەرێز ئارمین لە درێژەى نووسینەکەیدا دەڵێ: "لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کەسێکى وەک ئەحمەد تۆفیق هیچ پێگەیەکى کۆمەڵایەتى لەناو خەڵکى کوردستان و حیزبى دێمۆکرات دا نەماوە بۆچى دەبێ د. قاسملوو هەوڵى لەناوبردنى بدا." نازانم جەنابت چۆن دەتوانى ببى بە وەکیلى خەڵکى کوردستان و حیزبى دێموکرات و باسى نەبوونى پێگەى کۆمەڵایەتیى ئەحمەد تۆفیق بکەى، لەحاڵێکدا ئەحمەد تۆفیق لە دواى کۆمارى کوردستان و بووژانەوەى حیزبى دێموکرات نەفەرى یەکەم بووە. دیارە هەر کەس خاوەن بیرو بۆچوونى خۆیەتى و دەبێ ڕێزى لێ بگیرێ، بەڵام شەرعیەتدان بە بوختان بە بێ بوونى بەڵگەو تاوان خستنە پاڵ مرۆڤێکى وەک شەهید د. قاسملو زۆر ئەستەمە. هەروەها ناوبراو باس لەوە دەکا کە ئامانجى لەو نووسینە، چەواشەنەکردنى خەڵکە و ئەوەیە کە ڕاستییەکان بەو جۆرەى کە هەن باسیان بکرێ. دیارە ئاواتى هەموومان ئەوەیە بەبێ بەڵگە بوختان و خیانەت نەدەینە پاڵ سەروەرانمان و ڕاستییەکان بەو جۆرەى کە هەن بخرێنە سەر لاپەڕەکانى مێژوو.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە