فازیڵ میرانی و مەحموودە سوور ئینقیلاب بەسەر مەکتەب سیاسییەوە دەکەن

Thursday, 23/09/2010, 12:00

2131 بینراوە


دەمێک بوو دەمویست لە ڕاپۆرتێکدا بارودۆخی ناو مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ خەڵک شیی بکەمەوە بە تایبەتیش بۆ هەزاران لە کادیرانی مەغدووری ناو لقەکانی پارتی و لەناویشیاندا کادیرانی هەولێر بۆ ئەوەی باشتر لە ڕەفتاری نا حیزبییانەی تاقمێکی ناو مەکتەبی سیاسی ئاگاداربن کە وەکو مافیا هەڵسوکەوت دەکەن، بەڵام هەندێک لە رەفتاری ناشیرینی ئەوانە لەم کاتەدا کە لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی سێزدەی پارتی دەست بە کار بووە وای لێ کردم کە جارێ زوو بەم بابەتە تیشک بخەمە سەر هەوڵە خۆسەپێنەرەکانیان لە سەروەختی ئامادەکاری بۆ کۆنگرە بۆ ئەوەی هەموو لایەک تێ بگەن کە چۆن ئەوانە لە پێناو بەرژەوەندی شەخسییان گاڵتە بە ماندووبوون و زەحمەتی هەزاران لە کادیرانی ئەم حیزبە دەکەن.
بەر لە چەند مانگێک مەکتەبی سیاسی بۆ هەنگاونان بۆ سازدانی کۆنگرە، کە هەموو هەوڵێکیشیان سەرف دەکرد بۆ ئەوەی ئەمساڵیش کۆنگرە نەبەسترێت بەڵام بە هۆی فشاری کادیراندا بە ناچاری هاتنە ژێربار، بڕیاری دەست نیشان کردنی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەیان دا. تاک تاکەو لەملاو ئەولا دەمانبیستەوە کە ئەندامانی ئەو لیژنەیە کێن، پرسیارمان لە برپرسانی خۆمان و لە هەڤاڵانمان لە لقەکانی تردا کرد بۆ ئەوەی بزانین کە لە ناو لقەکانەوە ئەم کەسانە هەڵبژێردراون و لە چۆنیەتی دەست نیشانکردنیان و پێوەرەکان ئاگاداربین، بەڵام بە داخەوە زانیمان کە ڕاستەوخۆ و بە مەرکەزی و بێ پرس کردنی هیچ لقێک ئەم لیژنەیە داندراون. تا ئێرە ئەمە جێگای ڕەخنەیە و تێبینیمان لەسەر شێوازەکە هەیە بەڵام ئەوەی ئێمەی تووشی سەرسوڕمان کرد و وای لێ کردین کە بە وەڵام بێین، ئاشکرا بوونی ناوی ئەندامانی ئەم لیژنەیە و چۆنیەتی دابەش کردنیان بەسەر لیژنە فەرعییەکاندا کە تێیدا ئامانجی پیلانگێڕانەی فازیڵ میرانی و مەحموودە سوور بە ئاشکرایی بەدەر دەکەوێت.

پێشوەختە لە دانانی سەرۆکی ئەم لیژنەیەوە قسە دەکەم کە ئەویش فایەقە ڕەشە چەند ساڵێک جێگری فازیڵ میرانی بووە لە وەزارەتی ناوخۆ
فازیل و خولە سوور بێ شەرمانە هەرچی دەست و پێوەندەکانیان هەیە لە ناو لیژنەی باڵا و لیژنە فەرعییەکانیان داناوە، کە بۆ دروستی قسەکانمان و شیکردنەوەی پیلانەکەیان تەنها چەند نموونەیەکیان لێ باس دەکەم. سەرەتا ئەوەی لە هەولێر سەروکاری لەگەڵ پارتی و کادیرەکانی هەبێت باش دەزانێت کە جەمال جەلال  ناسراو بە (حاکم جەمال) کە بەر لە چەند مانگێک بۆ سەرخستنی پیلانەکانیان کردیانە بەرپرسی رێکخستنی لق و عەریف تاریق گەردی کە بەساختەو تەزویر بە ١٠ ساڵ لە نێوان زانکۆکانی سوریا و لوبنان و پاشانیش زانکۆی سەلاحەددین ئەمڕۆ پێشناوی دکتۆری لەخۆناوە کە وەڵامی ئەم پرسە بۆ پڕۆفیسۆر سەعدی بەرزنجی جێدەهێڵم چونکە ئەو لە ووردەکارییەکان باشتر ئاگادارە، ئەمڕۆش لە لیژنەی باڵای ئامادەکاری بڕیار بە دەستن. لە ناو لیژنەکەدا زیاتر لە ١٠ کەسی دەڤەری بیتوێن و پشدەری تێدایە کە هەموویان سەر بە خولە سوورن. بە حوکمی ئەوەی سەرپەرشتیاری مەکتەبی ناوەندی جەماوەرییەکانەو بەم دواییەش هەر لە ناو بەرنامەی پیلانەکانیدا کەسێکی پشدەری کردە بەرپرسی مەکتەبەکە، زیاتر لە حەفت ئەندامی ئەو مەکتەبەی کردۆتە ئەندامی لیژنە و زۆربەی بەرپرسی مەکتەبی جەماوەرییەکانی لقەکانیشی کردۆتە ئەندامی لیژنە.

فازیڵ میرانیش  نەک ئەمڕۆ بەڵکو هەر لەو ڕۆژەی وەکو سکرتێری مەکتەبی سیاسی دەست بەکار بوو، هەرچی دەست و پێوەند و چلکاوخۆر و دەنکەکانی و تەنانەت براو هاوسەر و خزم و کەسی دەنکەکانیشی لە ناو لق و رێکخستنەکانی پارتیدا پلە و پۆستی پێدان کە زیاتر لە دەیان نموونە لەبەر دەستن بەڵام لەبەر باری کۆمەڵایەتییان ناویان ناهێنین. ئەمڕۆش بۆ تەواوکردنی پیلانەکانی بەشێکی زۆری ئەم خەڵکەی لە ناو لیژنەی ئامادەکاریدا دامەزراندووە کە هەر بۆ نموونە ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین، هەردوو (بەیان)ەکەی کە چەندین جار لە ووتار و نووسینەکاندا پەیوەندییان لەگەڵ فازیڵ میرانی دا بە ڕوونی باس کراوە ئەمڕۆش نوێنەری ئەون لە ناو لیژنەکەدا، کەسێکی  وەکو (عبدالستار سادق) کە ئێستا لە کۆلێژی دیجلە قوتابییە، ئەمڕۆ دەوڕاست و نوێنەری فازیلە لە هەولێر و لەسەر زمانی ئەوەوە هەڕەشە لە سەدان کادیری بە توانا و سەنگین دەکات، بە هەمان شێوە جێبەجێکاری پیلانەکانیتی لە ناو لیژنەکەدا،ئەبوزێڕۆ لە ناو لیژنەکەدایە، بە هەمان شێوەی مەحموودە سوور لەبەر ئەوەی فازیل میرانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی ناوەندی پەیوەندییەکانە، کە هەر هەموو ئەندامانی ئەو مەکتەبە خۆی دایمەزراندوون، پێنج کەسی لێ کردۆتە ئەندامی لیژنە  وەکو سمکۆ خدریشەوە کە پەیوەندییەکی زێدە تایبەتی لەگەڵ فازیلدا هەیە، جگە لە چەندین کەسی تر کە کادیرانی پارتی وەکو ڕۆژی ڕووناک لایان دیارە.
ئەمە بە گشتی بوو بەڵام وەکو کادیرێکی هەولێری دەمەوێت زیاتر ئەوە ئاشکرا بکەم کە فازیل و خولە سوور چ پیلانێکیان دژی کادیرانی هەولێر هەیە ئەویش بە دانانی لیژنەی سەرپەرشتی لقەکانی هەولێر کە تێکڕایان لە چلکاوخۆرەکانی ئەم دوو کەسەن بە تایبەتیش فازیل میرانی کە ئیبراهیم ئەحمەد سمۆ سەرۆکی لیژنەکەیە و ماوەیەک سکرتێری بووە و کوڕی یەکێک لە جاشەکانی (٦٦) ە لە دهۆک و باوکی لە خۆشەویستی ئیبراهیم ئەحمەد ئەم ناوەی لێ ناوە و خۆشی بۆ شاردنەوەی ئەم ڕاستییە تەنها بە ناوی ئیبراهیم سمۆ خۆی دەناسێنێت. ئەندامانی تری لیژنەکەش ئەبوزییڕۆ و چەند چلکاوخۆرێکی ترن کە ئەگەر ئەمان مەبەستێکی دیاریکراویان نەبێت بۆ خۆیان تووشی ئەو زەلیلییە دەکەن؟

لێرەوە ڕووی قسەم ئاڕاستەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی دەکەم و سەرسوڕمانم لە بێدەنگییان لەو پێشێلکارییانەی ئەم دوو کەسە، بە تایبەتیش کاک ئازاد بەرواری کە دوورکەوتنەوەی ئەو لە مەکتەبی سیاسیدا ڕێگای بۆ خۆشکردوون بۆ جێبەجێ کردنی پیلانە گڵاوەکانیان، هەروەها لە کاک زەعیم عەلی کە نوێنەری کادیرانی هەولێرە لە نێو مەکتەبی سیاسیدا و ئەو کاتەی کە ئەو بەسەر چیاکانی کوردستانەوە لە بەرگری بوو لە کوردستان، فازیل لە ئەمریکا ژیانی دەگوزەراند و خولەش لە نێو کۆمەڵگەی پەناهەندان لە ئێران خەریکی دڵداری بوو، ئومێد دەکەم کە چی تر بێ دەنگ نەبێت و بە فێڵەکانی ئەوانە فریو نەخوات.

لە کۆتاییشدا داوا لە هەموو کادیرانی دڵسۆز و بە شەڕەف دەکەم کە لە ناو کۆنگرەدا بە دەست و پەنجەکانیان (نا) بۆ ئەوانە و دەستوپێوەندەکانیان هەڵبژێرن و وەکو قەڵایەک لەبەردەمیان و دژی پیلانە نەگریسەکانیان بوەستنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە