له‌مه‌ودوا شه‌قام په‌رله‌مانی ئێمه‌یه‌ و شتێکیش نییه‌ به‌ناوی سه‌رۆکی هه‌رێم

Tuesday, 02/07/2013, 12:00

1938 بینراوە



ڕاگه‌یه‌ندراوی (ڕۆژنامه‌نوسان و چالاکوانان و چین و توێژه‌کان)ی ناحیه‌ی چوارقوڕنه‌، سه‌باره‌ت به‌ درێژکردنه‌وه‌ی واده‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و کوده‌تا به‌سه‌ر شه‌رعییه‌تدا

بۆ:

- لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان
- ڕۆژنامه‌نوسان و ڕۆشبیران و چالاکوانانی مه‌ده‌نی
- سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌کانی ڕاگه‌یاندن
- ڕای گشتی

وه‌ک هه‌موومان ئاگادارین له‌ ڕۆژی 30/6دا و له‌کاتێکدا خه‌ڵکی کوردستان چاوه‌ڕوانی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵاتیان ده‌کرد له‌ ماوه‌یه‌کی نزیکدا، له‌ پڕۆسه‌یه‌کی دیموکراتیدا و له‌ ژێر چه‌تری هه‌ڵبژاردندا به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ "به‌ناو په‌رله‌مانی کوردستان" له‌ پیلانێکی نایاسای و نا ئاساییدا له‌ ڕێی په‌رله‌مانتاره‌ کۆنتڕۆڵکراوه‌کانی هه‌ردوو پارتی (یه‌کێتی و پارتی) بۆ ماوه‌ی دوو ساڵیتر ته‌مه‌نیانکرده‌وه‌ به‌به‌ر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکێکدا که‌ له‌ماوه‌ی هه‌شت ساڵی ڕابردوودا وه‌ک سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سه‌رکرده‌یه‌کی بێ کرده‌ و پیاوێکی یاخی له‌ یاسا و ویژدان حکومی ئه‌م هه‌رێمه‌ی کردووه‌
ئێمه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌وه‌ هه‌موولایه‌ک له‌وه‌ ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ له‌مه‌ودوا په‌رله‌مانی ئێمه‌ شه‌قامه‌ و شتێکیش نییه‌ به‌ ناوی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، که‌ له‌پڕۆسه‌یه‌کی دیموکراسیدا شه‌رعییه‌تی وه‌رگرتبێت، به‌ڵکو له‌مه‌ودوا وه‌ک سه‌رکرده‌ی پارتێکی کوده‌تاچی و سه‌رکرده‌ی گروپێکی یاخی له‌هه‌رێمی کوردستاندا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ین و په‌یامی ده‌ست خۆشیش بۆ نوێنه‌رانی گه‌ل له‌ پارته‌کانی ئۆپۆزسیۆن ده‌نێرین که‌ توانیان ئازایانه‌ نوێنه‌رایه‌تی ده‌نگی زیندووی شه‌قامی کوردی بکه‌ن و به‌رد بگرنه‌ ئه‌و وه‌همه‌ی که‌ده‌سه‌ڵاتی کوردی 22ساڵه‌ به‌ خه‌ڵکی ئازادیخوازی ئه‌م هه‌رێمه‌ی ده‌فرۆشێته‌وه‌ و ناوی ناوه‌ " دیموکراسی"،
ئێمه‌ پێمانوایه‌ سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ ماوه‌ی حکومڕانیه‌تی ئه‌م هه‌رێمه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی ڕووی دیموکراسییه‌تی ڕه‌شکرد و نموونه‌یه‌کی دزێوی حکومڕانی نیشانی ئێمه‌ و دۆست و دوژمندا نیو ئه‌وه‌نده‌ش له‌هه‌وڵی دابینکردنی ژیانێکی ئارام و ئاسایشدا نه‌بووه‌ بۆ تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا، و به‌رده‌وام به‌زه‌بری ئاگر و ئاسن ده‌ستی به‌ کورسییه‌که‌یه‌وه‌ گرتووه‌ نه‌بادا گه‌رده‌لوولی وشیاری خه‌ڵکی کوردستان کورسییه‌که‌ی له‌ده‌ست ده‌ربێنێت و خۆشی ڕه‌وانه‌ی دادگایه‌کی عادیلانه‌بکات، کوشتنی ڕۆژنامه‌نوس و ئه‌تککردنی دیموکراسی و سوکایه‌تی کردن به‌به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کان و ژن کوژی و سه‌رهه‌ڵگرتنی گه‌نجان بۆ ده‌ره‌وه‌ و خۆسوتاندن لاوانی بێنازی کوردستان و نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان بۆ سه‌ر خاکی کوردستان و تێکچوونی شێرازه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و لاوازبوونی ئینتیما لای تاکی کوردی و ئه‌مانه‌ و چه‌ندانی تریش له‌ده‌سته‌که‌وته‌کانی ئه‌م سه‌رۆکه‌یاخیه‌ن، ئیتر چ یاسایه‌ک ڕه‌وایه‌تی به‌درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی سه‌رۆکێکی له‌م شێوه‌یه‌ ده‌دات؟
په‌یامی ئێمه‌ بۆ سه‌رجه‌م ڕۆژنامه‌نوسان و ڕۆشنبیران و چالاکوانان و ئه‌و ڕێکخراو و گروپانه‌ی که‌ بۆ ئازادی تێده‌کۆشن و لایه‌نگرانی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان ئه‌وه‌یه که‌‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ڕووبه‌ڕووی ئه‌م خواسته‌ دیکتاتۆرییه‌ته‌ ببنه‌وه‌ که‌ پارتی و یه‌کێتی هه‌نگاویان بۆی ناوه‌ و شه‌قام بکه‌ن به‌ میمبه‌ری ناڕه‌زایه‌تی و گردبوونه‌وه‌ و که‌مپه‌ین و واژۆکردنه‌وه‌ و ئاگادارکردنه‌وه‌ی گروپه‌ نیوده‌وڵه‌تییه‌کان بکه‌ن به‌ کارتی فشار.

له‌کۆتاییدا ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌م واده‌ درێژکردنه‌وه‌یه‌ ته‌نیا بۆ دوو ساڵ نییه‌ به‌ڵکو بۆ داکوتانی ڕه‌گی هه‌تاهه‌تایی حوکمی بنه‌ماڵه‌ و تاقم و گروپێکی دیاریکراوه‌ که‌ ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌یه‌کی سیاسی و ئابوری و یاسایی ئه‌م هه‌رێمه‌دا گرتووه‌ و ئاماده‌یه‌ له‌پێناو ئه‌نجام نه‌دانی هه‌ڵبژاردن و ده‌ستاوده‌ستنه‌کردنی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌مان ئه‌زمونی 31ی ئابی 1996 دوباره‌ بکاته‌وه‌.

ناوه‌کان:
کامه‌ران مه‌لا عوسمان لشکر کوێستانی شێروان برایم خواز
شێرکۆ ڕه‌سوڵ سه‌لمان کۆچه‌ری به‌شدار عبدالرحمن
کارزان عوسمان ئاکۆ مامه‌ حه‌مه‌ ئاسۆ قادر له‌یل

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر