كوردستانپۆست بە بەڵگەوە بەشێك لە گەندەڵییەكانى وەزارەتى رۆشنبیرى بڵاودەكاتەوە

Friday, 06/08/2010, 12:00

2133 بینراوە


پەیامنێرى كوردستانپۆست_ هەولێر
پەیامنێرانى كوردستانپۆست هەمیشە لە هەوڵدان بۆ دەرخستنى گەندەڵیەكانى بەرپرسانى حكومى و حیزبی لە هەرێمى كوردستان، پەیامنێرمان چەند بەڵگەیەكى گەندەڵى لەسەر وەزارەتى رۆشنبیرى دەستكەوتووە، كە تێیدا بڕە پارەیەكى زۆر لە سەروەت و سامانى ئەو خەڵكە لە لایەن وەزارەتى ناوبراوەوە بە هەدەر دەبەن.

وەزارەتى رۆشنبیرى لە ناو هەرێمى كوردستان ناسراوە بە وەزارەتە گەندەڵەكە هەر لە سەردەمى سامى شۆڕش كە گەندەڵترین وەزیر بوو دواتر پارتى لەبەر لێهاتوویى لە دزى و گەندەڵیى كردیان بە ئەندامى پەرلەمانى عێراق، پاشانیش لە سەردەمى فەلەكەدین كاكەیى هەمان گەندەڵى بەردەوامى بەخۆیەوە بینى و لە ئێستاشدا بە هەمان شێوە بەردەوامى و ئیدامەدان بە گەندەڵى لەو وەزارەتە بوونى هەیە، چونكە گۆڕانكاریەكان تەنها وەزیرى گرتوەتەوە و بنەڕەتى نەبووە.

لە بەڵگەى یەكەمدا بە ئیمزاى شەماڵ حەوێزى (ئەمجەد ئەرشەد حەوێزى) بەڕێوەبەرى گشتى وەزارەتى رۆشنبیرى هاتووە كە بفەرموون لەسەر تەرخانكردنى بڕى هەشت ملیۆن و سى و چوار هەزار دینار بە مەبەستى كڕینى كەل و پەلى پێویست بۆ ژوورى بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیری و هونەرى هەولێر، ئەم پارەیەش لە بوودجەى بەڕێوەبەرایەتى خەرج دەكرێت، واتە ئەو بڕە پارەیە بۆ كڕینى كەل و پەلى ژوورەكەى خۆیەتى وەك بەڕێوەبەرى گشتى لە كاتێكدا كەل و پەلى ژوورەكەى هیچ عەیبێكى نییە، كۆی پارەكەش بە دۆلار دەكاتە زیاتر لە 4600 چوار هەزار شەش سەد دۆلار، بە ئیمزاى خۆیى و لە بەروارى 2-5-2010ى ژمارە 18_1226، كە هەمووى بۆ بەشى دارایى وەزارەتى رۆشنبیرى نێردراون و سەرف كراوە.

لە بەڵگەى دووەمدا وەك ئاگادارى و بە ئیمزاى شەماڵ حەوێزى كراوە، تێیدا هاتووە كە داوا لە بەڕێوەبەرایەتیەكان دەكات سەرجەم سەنتەر و تیپ و گروپەكان

بكەنەوە تا بڕە پارەى سێ مانگ وەربگرن، كە ئەوەش بە هەدەردانى سەروەت و سامانى نەتەوەى كوردە، كە زۆربەى كوڕە بەرپرسەكانى پارتى و یەكێتى هەستاون بە دامەزراندنى سەنتەر و گروپ، هەروەها لەگەڵ كۆمەڵێك لە چڵكاوخۆرەكانى دەسەڵات ئەوەش بۆ بە هەدەردانى سەروەت و سامانى ئەم گەلە، كە تێیدا زۆربەى ئەو سەنتەر و رێكخرا و گروپانە تەنها ناون و لە ئەساسدا بوونیان نییە، تەنها بۆ وەرگرتنى مینحەكانیان وجودیان هەیە.

لە بەڵگە نامەى سێیەمدا داوا لە بەشى دارایى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان دەكرێت كە هەستن بە سەرفكردنى بڕى بیست و سێ ملیۆن و شەش سەد و پێنج هەزار دینار، بە مەبەستى سازدانى ڤیستیڤاڵى ساڵانەى بەڕێوەبەرایەتى رۆشنبیرى منداڵان، بە بۆنەى 1-6-2010، وەك ئەو سەرچاوەى كە بەڵگەكانى بۆ سایتى كوردستان پۆست خستە روو، وتى: لەو ڤیستڤاڵەدا كە دوو كاتژمێرى خایاندووە، تەنها بڕى 8 هەشت ملیۆن سەرفكراوە و باقیەكەى بۆ گیرفانى شەماڵ حەوێزى و چواردەورەكەى بووە.

سەرچاوەكە لە درێژەى قسەكانى پێدانى ئەو بەڵگانە بە سایتى كوردستان پۆست وتى: وەزارەتى رۆشنبیرى فەرمانى كارگێڕییان دەركردووە كە هەستاون بە سەرفكردنى بڕى شەش ملیۆن و حەفتا و پێنج هەزار دینار، بە مەبەستى كڕینى كەل و پەل بۆیان، بەڵام بەڕێوەبەرایەتى هەیە لە قەزا و ناحیەكانى تر، كە نیو ئەوەندەیان بۆ سەرف نەكراوە، سەرچاوەكە ئاماژەى بە جیاوازى لە نێوان بارزانیەكان و سۆرانیەكان كرد، كە هەمیشە بارزانیەكان دەبێت لە سەرووى سۆرانیەكانەوە بن.

لە بەڵگەنامەى چوارەمدا بۆ بەشى دارایى وەزارەتى رۆشنبیرى كە هەستن بە سەرفكردنى بڕى یەك ملیۆن و چل هەزار دینار بە بۆنەى كردنەوەى پێشانگایەكى شێوەكارى بۆ یەكێ لە هونەرمەندەكان، كە ئەوەش بە پێى سەرچاوەكە تەواوى تێچوەكەى ناگاتە بڕى 400 چوار سەد هەزار دینار و باقیەكەى بۆ گیرفانى شەماڵ حەوێزى و چواردەورەكەیەتى.
هەمان سەرچاوە ئاماژەى بە سەرفكردنى بڕى شەش ملیۆن و نۆ سەد و سى و هەشت هەزار دینار كرد بە بۆنەى سازدانى ئاهەنگى نەورۆز لە دەڤەرى باڵەكایەتى، كە سەرچاوەكە وتى ئەو ئاهەنگە تەنها 4 ملیۆن دیناری تێچووە و باقیەكەى بۆ گیرفانى شەماڵ حەوێزى و باندەكەى بووە و وەزیری رۆشنبیرى و دیوانى چاودێرى دارایى لەبەر ئەوەى ناوبراو سەر بە بنەماڵەى بارزانییە و كۆنە شیوعیى و تازە پارتییە لێ پرسینەوەى لەگەڵ ناكەن.

سەرچاوەكە جیا لە گەندەڵى ماددى لە وەزارەتى رۆشنبیر و لەسەر دەستى شەماڵ حەوێزى بەرێوەبەرى گشتى وەزارەت بە بوونى بەڵگەیەك ئاماژەى بە گەندەڵیەكى ناوبراو دا، كە بە فەرمانى كارگێڕى بڕیارى پێدانى مۆڵەتى 120 سەد و بیست رۆژ بۆ فەرمانبەرێك بە ناونیشانى یاریدەدەرى سەرۆكى پیشەیى لە سەر میلاكى بەڕێوەبەراتی گشتى، كە بە پێى یاسا هەموو فەرمانبەرێك لە مانگێكدا بۆى هەیە سێ رۆژ مۆڵەت وەربگرێت، ئەگەر هاتوو كێشەیەكى واى هەبوو پێویستى بە مۆڵەتێكى زۆر بێت، دەبێت وەزیر ئیمزاى لەسەر بكات، بەڵام لەم بەڵگە نامەیەدا كە دەست سایتى كوردستان پۆست كەوتووە، شەماڵ حەوێزى كە بەڕێوەبەرى گشتی وەزارەتە ئەو سەڵاحیەتەى بە خۆى داوە و هیچ حیسابێكى بۆ وەزیر نەكردووە.

بەڕێزان فەرموون بۆ بینینى بەشێك لە گەندەڵیەكانى وەزارەتى رۆشنبیرى كە لە ساڵانى 2006ەوە هەتا ئێستا ریكۆردى یەكەمى شكاندووە لە بوونى گەندەڵى لە چاو وەزارەتەكانى ترى حكومەتى هەرێم. ئەو بەڵگانەش هەموو بە بەروار و ئیمزاى بەڕێوەبەرى گشتى وەزارەتن.
بۆ بینینی به‌ڵگه‌کان کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:

www.kurdistanpost.nu/biz/pdf_kp/wezareti_roshnbiri.pdf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە