لەكفری سیناریۆكەى سۆرانی مامە حەمە دوبارە دەبێتەوەو دادگاو پۆلیس و ئاسایش لێی بێدەنگە

Friday, 05/02/2010, 12:00

1493 بینراوە


16رۆژ پێش ئێستا لەكفری سێ كەس بە ئۆتۆمبیلێكی جێب واز هەوڵی رفاندن و كوشتنی رۆژنامەنوسێك دەدەن و پاش ناسینەوەى یەكێك لەو سێ كەسە لەلایەن رۆژنامەنوسەكەوەو سكاڵاتۆماركردن لەسەری، كەچی دادگاى كفری لەسكاڵاكەى نەپرسیوەتەوەو پۆلیس و ئاسایشیش خۆیان نەكردووە بە خاوەنی دۆسێكە.
رۆژنامەنوس و ئەندامی دەستەى كارگێڕی چاودێری كوردۆساید سەباح عەلی قارەمان لەبارەى هەوڵی رفاندنەكەیەوە رایگەیاند "هەر ئەو كاتە یەكێك لەو سێ كەسەم ناسیوەتەوەو پێشمەرگەیەكی دێرینی یەكێتییە، سكاڵام لەسەر تۆمار كردووە، ئەوە بۆ ماوەى 13 رۆژە ئەو دادوەرە لەسكاڵاكەمی نەپرسیوەتەوە، لەكاتێكدا پەیامنێری رۆژنامەیەك لەسەر ناردنی نامەیەك بۆ بەڕێوەبەرى كارەباى كفری بە مەبەستی ئامادەكردنی هەواڵێك، كەچی ئەو بەرپرسەى كارەبا سكاڵاى لەو پەیامنێرە تۆماركردو یەكسەر فەرمانی گرتنی دەركراو حەوت جار پۆلیس چووەبەر ماڵەكەیان و دواتر بە كەلەپچەكراوى رەوانەى دادگایان كرد، ئەی بۆچی بۆ سكاڵاكەى من دادگا خۆی كپ كردووە".
دۆسێی ئەو رۆژنامەنوسە هاوشێوەى دۆسێكەى سۆرانی مامە حەمەیە، بەڵام بە ئاشكاربوویی، وەك خۆی دەڵێت "ئەم دۆسێیەى من لەدۆسێكەى سۆرانی مامە حەمە كەمتر نییەو لەهەوڵی تیرۆركردن رزگارم بووە، ئەگەر بۆ ئەوەى سۆرانی مامە حەمە ئەڵێن بەڵگەیەك ئاشكرا نەبووە خۆ ئەوەى من ئاشكرا بووەو كەسەكە ناسراوەتەوە، بەڵام ئەگەر بیانكوشتمایە دەیانوت كامەیە بەڵگە".
هاوكات ئەو رۆژنامەنوسە رای وایە كە ئەو دادگایە سەربەخۆ نییە، "من گومانم هەیە لەسەربەخۆیی ئەو دادگاو دادوەرە، یان لەچەند رۆژ داهاتوودا سكاڵاكەم دەگوێزمەوە بۆ دادگاى سلێمانی و لەدادگاى تاوانەكانیش سكاڵا تۆمار دەكەم، یاخود سكاڵاكەم دەهێڵمەوە بۆ ئەو كاتەى كە دادگا سەربەخۆ دەبێت".
گومانم هەیە دەستێك لەپشتى ئەم كارەوە بێت، چونكە من دوژمنایەتیم لەگەڵ هیچ كەسێكدا نییەو نەبووە، تەنها بە ئاشكراو چاونەترسییەوە كاری رۆژنامەوانیم كردووەو ئەمەش هۆكارى رفاندن و تیرۆركردنەكەم بووە".
لەپرسیاری ئەوەى بۆچی دواى 16 رۆژ هیچ لێپێچینەوەیەكی یاساییتان نەكردووە، دادوەری لێكۆڵینەوەى كفری عادل عومەر وتى "ئەگەر زرووفی دۆسێكە پێویست بە فەرمانی دەستگیركردن نەكات ئەوا فەرمانی دەستگیركردن بۆ كەس دەرناكرێت، هەروەها دەبێت سكاڵاكەر شایەت و بەڵگەى هەبێت كە ئەو كەسە هەوڵی رفاندنی داوە".
هاوكات ئەو دادوەرى لێكۆڵینەوە وتى "ئەو كەسەى سكاڵای كردووە دەتوانێت بەدواداچوون بۆ دۆسێكەى بكات و تانە لەدادگا بدات، ئەو كاتە منیش تەماشاى ئەوراقەكانی دەكەم و ئنجا بە پێی یاسا بڕیار دەدەم".
سەباح عەلی قارەمان نیگەرانە لەوەى چەندین بەرپرسی باڵای حكومی ئاگادار كردووەتەوە لەدۆسێكەى، بەڵام گوێێ پێنەدراوە، "سەرۆكی پەرلەمان و دكتۆر بەرهەم و حاكم قادر بەرپرسی ئاسایشی گشتی زۆر بە وردى لەدۆسێ و كێشەكەم ئاگادارن كەچی بێدەنگییان هەڵبژاردووە، ئەگەر بیانكوشتمایە ئەوكات لاف و گەزافی هەیەو نییەى بەڵگەیان لێدەدا، ئیتر نازانم چ دڵێك بەم كوردستانە خۆش بكەم".
شایەنی وتنە سەباح عەلی قارەمان ئامادەكارو بەشداری چەندین خۆپیشاندان و چالاكی مەدەنی كردووە لەهەولێرو سلێمانی و گەرمیان و كفری بە تایبەت، هەروەها نزیكەى شەش ساڵە لەبوارى رۆژنامەنوسیدا كار دەكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە