جەنگ هەمیشە ناڕەوایەکانی دەسەڵاتمان بۆ نومایش دەکات!

Friday, 13/03/2015, 12:00

1509 بینراوە




گەر بەرپاکردنی جەنگ لەمێژووی مرۆڤایەتیدا قازانجێکی تایبەتی بۆ چینی فەرمان ڕەوا تێدا نەبوایە،ئەوا جێی گومان دەبوو کە جەنگ هەمیشە لە بەردەم دەرگای هەژاراندا خۆی مەڵاس دابایە.
بەرپا کردنی جەنگ ئامانج لێی تەنها بۆ سەپاندنی زیاتری چینی چەوسێنەری سەرکۆمەڵگایە بەسەر کۆی کایەکانی ژیاندا. جەنگ هەمیشە برسێتی و بێکاری و نەبوونی بەشوێن خۆیدا هێناوە بۆ ئەو چینەی خزێنراوەتە نێو گڕی جەنگەکانەوە.
کێشمەکێشی نێوان چینی سەرمایەداران و حاکمانی فەرمان ڕەوای سەر کۆمەڵگاکان لەهەرچ نەتەوەیەک و زمانێک و ئاینێکدا، هۆکاری هەڵگیرسان و بەرپاکردنی جەنگەکانن لەپێناو سەپاندنی فەرمان ڕەوایی خۆیان بەسەر ئەوی بەرانبەریان دا.


زۆرجار گوێمان لێ دەبێت کاتێک دەڵێن مرۆڤەکان پەیوەست کراون بەچارەنوسیانەوە،ئەو چارەنوسەی هەر ئەفسانەیەکی ڕوتی دەستکردی چینی فەرمانڕەوای ئاینی و ناسیۆنالیستەکان بوە. لەئاوا هەڵ خەڵەتاندنێکدا لەماوەی هەزاران ساڵی ڕابردوو تا ئێستا، چینی بەرهەمهێنەر و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا گیرۆدەی ئاوا درۆیەکی مەزن کراون. درۆیەک هەروەک تۆڕی جاڵ جاڵۆکە ئاسا خۆی لەنێو زهنی ئەو چینە ژێردەستەکراوە ئاڵاندوە و، وا دەردەکەوێت کەچیتر خۆڕزگارکردن لێی کارێکی مەحاڵ دەبێت و هەرچی لەبۆی مایەی خۆش حاڵیە،بڕواکردنیەتی بەو ئەفسانە چارەنوسازیەی کە لەنێو تەوێڵی نوسراوە.
بەرهەمی بەرپاکردنی جەنگەکان بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی نەبوە لەنێو سیستەمی چەوسێنەری باودا،بەپێچەوانەوە،بەرپاکردنی جەنگەکان هەمیشە بۆ پاراستن و مانەوەی چینی فەرمان ڕەوای چەوسێنەر بوە بەسەر کۆمەڵگاکاندا. ئەوەی لەنێو جەنگدابەرهەم هێنراوە،مانەوەی ژێر دەستەیی و درێژەدان بەبرسێتی و بێکاری و ناڕەوایەتی کۆمەڵایەتی بوە.

جەنگی ئەم سەردەمە نوێیەی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و هاوپێچ لەگەڵ سیستەمە دیکتاتۆرەکانی وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی زلهێزانی جیهاندا،درێژەدانە بەهەمان ناڕەوایەتی و پەلکێش کردنی زۆرینەی چینی هەژار کراوە بۆ نێو زهنیەتی ئەوەی لەچارەنوست نووسراوە لەئەزەلەوە، دووبارە کردنەوەیەکە، کە خودی سیستەمی دەوڵەت نەتەوەی سەردەست پێی هەڵدەستێت و، بەداری دەستیان کە بەکارهێنانی ئیحساساتی دواکەوتوانەی نەتەوەیی و ئاینیە، ئەو چینە خەسێنراوە ڕەوانەی نێو بەرەکانی جەنگ دەکەن و کۆی ژیانێکی نەبوو دەکەنە بەشی ژیان بۆیان.
چینی دەسەڵاتداری حاکم،کەپێکهاتوە لەبەرەی قەومی و دینی،هەمیشە بەو چەکە ڕزیوەی نێو دەستیان پەرە بەئاگری جەنگ دەدەن و لەو نێوەدا قەڵغانی بەدڕەوشتانەی ڕاسیزم و شۆفێنیزم درێژە پێ دەدەن بۆ بەکوشت دانی ملێونان لە مرۆڤە هەژارکراوەکان.
جەنگی ئەم سەردەمەش لەنێو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا،درێژە دانە بەو دڕندایەتیە بەدڕەوشتیەی نێو سیستەمی چەوسێنەری حاکم. برەودان بەجەنگ، گەر قازانجێکی بۆگشت کۆمەڵگا تێدا بوایە،ئەوا دەمێک بوو بنبڕیان دەکرد،چونکە گەر گشت کۆمەڵگا ببن بەخاوەن ژیانێکی مرۆییانە،ئەوکات بوونی جەنگ قازانجێک نابەخشێت بە چینی فەرمان ڕەوای چەوسێنەری ناداد پەروەر.
کۆتایی هێنان بە جەنگ و نەمانی مردن لە برسێتیدا،تەنها بەکۆتایی هێنان بەسیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری دەستەبەر دەکرێت،بەمانەوەی ئەو سیستەمە دڵ ڕەقە خود پەرستیە،بەمانای درێژەدان دەبێت بەجەنگ و کۆی کاولکاریەکانی نێو ماشێنی جەنگ و درێژە کێشانی ئەفسانەی ئەوەی لەچارەت نووسراوە هەرئەوە دەبێت!؟

تاهیر حاجی حەسەن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە