جەماعەتى سڕینەوەو رەتكردنەوە

Saturday, 16/01/2010, 12:00

3394 بینراوە


وەك لاى هەمووان ئاشكرایە كە جیاوازییەكى مەودا فراوان لەنێوان ئێمەو شارستانى رۆژئاوادا هەیە كە ناتوانین خۆمانى لێگێلبكەین یان نادیدەى بگرینو بیسڕینەوە، وەك چۆن لەم سەردەمەدا مەسەلەى سڕینەوە لە كۆمەڵگەى ئێمەدا بووە بە باو، هەر كاتێ هەستبكەین كە كەسێ لەگەڵ دیدو بۆچوونەكانى ئێمەدا جیاوازى هەیە، یان لە ئێمە باشترە، ئەوە هەوڵدەدەین بیسڕینەوە، تا خۆمانى لێرزگار بكەینو كەسێ نەبێ خەیاڵمان بە بیركردنەوەى ئاڵۆز بێزار ماندو بكا! بەڵام (جەماعەتى سڕینەوەو رەتكردنەوە) چۆن دەتوانن راستیى باڵادەستى رۆژئاوا لەهەموو بوارەكاندا بەسەر ئێمەدا نادیدە بگرن! تەنانەت هەر ئەوان نوێنەرى ئەو ئاكارو رەفتارەن كە ئایینى ئیسلام بانگەشەى بۆ دەكا، نەك ئێمە، ئێمە تەنها كۆمەڵێ بوونى ونین، لە گۆڕەپانى بووندا!
ئێمە مێشكى خۆمان لە خەمى بیركردنەوەى جدىو زانستیى رزگاركردوەو تەنها بووینە بە كۆمەڵێ بەكاربەرى ئەو شمەكانەى كە رۆژئاوا دەمانداتێ، ئەمەش بە بۆچوونى هەندێ، بە خاڵێكى پۆزەتیڤ ئەژمار دەكرێ، چونكە حەوانەوەى مێشكو زیهنمانە، كەچى كەسانى تر مێشكو زهنیان بەخۆڕایى ماندوو دەبێ ، گاڵتەیان پێدەنو دەڵێن ئاى ئەو كەسەش چەندە گێلو نەفامە كە خۆى ماندوو دەكا تا نهێنییەكى زانستیى ئاشكرا دەكا، بەڵام ئێمە بە ئامادەیى دێتە بەردەستمان!
رۆژئاوا بە دۆزینەوەى نوێى ئاسمانەوە خۆى ماندوو سەرقاڵ دەكاو كەشتى ئاسمانى دروست دەكاو ناخى فەزا تەى دەكاو تاقیكردنەوە ئەنجام دەدا، بەڵام ئێمە بڕیارمانداوە بەبێ ئەوەى تەنانەت پیچەك لە ئاسمان رابمێنین، بە نەمرى لەسەر زەویدا بژینو بمرین، بێ مەعریفەییمان ناچارى خۆبەدەستەوەدانى كردووین، پێمانوایە ئینسانى رۆژائاوایى لە رووى زانستییەوە لە ئێمە زیرەكو زرنگترە، جا ئەگەر بە ئاشكراش دان بەمەدا نەنێین، ئەوا زمانحاڵمان لەگەڵ ئەم رستە قورسەى سەر دەروون هاوتاو یەكانگیرە.
ئەوە چەكەكانمان! دەسكردى رۆژئاوایە، جلو بەرگەكانمان هەر ئەوان دیزاینیان كردوەو دروویانن، هەر ئەوانیش بە شێوەیەكى زۆر ترسناك بیریان لە دروستكردنى چەك كردەوە، هەر خۆیانیش هەندێ جۆرى چەكیان لێقەدەغە كردووین، تا هەر خۆیان باڵادەست بن!
(سكولاریزم) داهێنانى دەستى رۆژئاوایە، تەنانەت مۆدێلى جلو بەرگمانو ئامێرەكانى وەكو ئۆتۆمبیلو فڕۆكەو ... تاد، هەروەها ئامرازەكانى ناوماڵمان رۆژئاوا بۆى دروستكردووین، ئێمە تەنها بەكاربەریانین، كە خاوەنى نە فیكرو نە زەوقین! ئێمە تەنها لاسایى كارەكانیان دەكەینەوە، بەڵام لاساییەكانمان ناگاتە ئاستى ئەفراندن!
بۆ زۆر دوور بچین، خۆ ئێمە خواردەمەنیشمان هەر لە رۆژئاواوە هاوردە دەكەین، بەدرێژایى مێژووى مرۆڤایەتى، سەیرترین سەردەم، ئەو سەردەمانەیە كە مرۆڤ تێیدا لە ئەنجامى دواكەوتوویى خۆیدا نەتوانێ هیچ شتێ دروست بكاو دەستەوئەژنۆیە بەرامبەر هەر داهێنانێك، بەڵام رۆژئاوا بە مەبەستى دەستراگەیشتنیان بەسەركەوتنە زانستییەكانیانو زاڵبوون بەسەر بەربەستەكاندا لە پێناوى مرۆڤایەتیدا هەنگاوەكانیان خێراتر دەكەن.
ئایا عەقڵ قبووڵى دەكا مرۆڤ لەسەردەمێكدا بژى كە جلو بەرگو خواردنو خواردنەوەى، شێوازى جلو بەرگ لەبەركردنىو ئاخاوتنى، تەنانەت (هیوایەتەكانى)و چەكو دیكۆرى ماڵەكەىو هەموو سیماكانى ژیانى، هاوردەى وڵاتانى ترو كەسانى تر بێو بەپێى بەرژەوەندىو میزاجى فرۆشیار بێ؟! فرۆشیار(رۆژئاوا) تابلۆى ئەمڕۆى وێنە كێشاوە، ئەو خۆى لە هەندێ شت بێبشى كردووین، تا خۆى باڵادەست بێ، هەر ئەوەشمان دەداتێ كە قازانجى لێدەكا، هەر بۆیە ماوەى نێوانمان زۆر بە فراوانى ماوەتەوە، هەتا ئێمەش لەسەر ئەم جۆرە بیركردنەوەیەى ئێستاماندا بمێنینەوە، كە هەر چاومان لە پاڵدانەوەو خۆبەدەستەوەدانە، خوێنەرى ئازیز، بەبێ زویر بوون، ئەوا ئەو ماوەیەى نێوان ئێمەو رۆژئاوا هەروا بە فراوانى دەمینێتەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە