بژه‌ن بژه‌ن بێ به‌ڵا بی، مه‌علوم نیه‌(پۆڵا)عه‌وڵا بی (پۆڵا)عه‌وڵا نیم و حه‌سه‌نم، بۆیه‌ باشی ئه‌ژه‌نم

Sunday, 03/01/2010, 12:00

1434 بینراوە


به‌داخه‌وه‌ ئه‌و کاته‌ی ئه‌بینی گه‌نجێ به‌ڕێکه‌وت هه‌لێکی زێڕینی بۆ هه‌ڵئه‌که‌وێت وله‌قه‌ی لێ ئه‌دات، هه‌ر ئه‌و کات هه‌ست ئه‌که‌یت هه‌نگاوه‌کانی تری کورت دێنن و گه‌لێ زووش ئه‌پووکێته‌وه‌. پۆڵا یه‌کێك بوو له‌وانه‌ی هه‌لێکی باشی له‌کوردستان پۆستدا بۆ هه‌ڵکه‌وت وبۆماوه‌یه‌ك کرا به‌ سه‌رنووسه‌ری ئه‌و سایته‌ی که‌ خه‌ونی له‌چاوی چه‌ندین گه‌نده‌ڵ ومشه‌خۆرو سیخووڕ حه‌رام کردبوو. بوونی گه‌نج و ڕاسپاردنی ئه‌و مه‌شخه‌ڵه‌ پیرۆزو گه‌وره‌یه‌ پێی ،شه‌ره‌فێکی گه‌لێ مه‌زن بوو.لێ دۆڕاندی.

پۆڵا وه‌ك له چه‌ند بۆنه‌یه‌کدا ڕه‌خنه‌و گله‌یی له‌سایته‌کانی تر ئه‌کرد، که‌بۆچی بابه‌ت وووتاره‌کانی ئه‌و بڵاوناکه‌نه‌وه‌، به‌ووته‌ی خۆی بێ، نووسه‌رێکی خراپ نیه‌و له‌ئاستێکی به‌رزدایه‌، لێ بۆچی ئه‌م چانسه‌ی پێ ناده‌ن وبابه‌ته‌کانی بۆ بڵاو ناکه‌نه‌وه‌؟. لێره‌دا ئه‌بوو براده‌رانی کوردستان پۆست هه‌ڵوه‌سته‌یه‌کیان له‌سه‌ر ئه‌م گله‌یی وڕه‌خنانه‌ی پۆڵا بکردایه‌و پرسیاریان لێبکردایه‌، که‌ئایا بۆچی ئه‌وه‌نده‌ له‌خه‌می ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی تۆ له‌سایتێکی وه‌ك ئه‌وانه‌ی خۆت ئاماژه‌ت پێداوون بڵاو بکرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا کوردستان پۆست وه‌ك تاقیگه‌و کێڵگه‌یه‌کی به‌پیت بوه‌ بۆ گه‌نجێکی وه‌ك تۆ ،تا بتوانی به‌په‌یژه‌ی ئه‌زمووندا هه‌ڵبگه‌ڕێیت و وورده‌ وورده‌ تواناکانی خۆت گه‌شه‌ پێبده‌یت و ببیته‌ خاوه‌ن ناوێکی گه‌وره‌ و که‌سایه‌تیه‌کی ناودار.

ئه‌وه‌نده‌ی من هه‌ستم کردبێ سه‌باره‌ت به‌ پۆڵا ئه‌وه‌بوو، ئه‌وه‌نده‌ی له‌خه‌می ئه‌وه‌دابوو ئه‌و ڕۆمان و په‌رتووکانه‌ی بۆ بڵاو بکرێته‌وه‌و له‌کوردستان به‌چاپیان بگه‌یه‌نێ، ڕه‌نگه‌ هیچ کاتێ له‌خه‌می ئه‌وه‌دا نه‌بوه‌ تا چه‌ند که‌ڵك به‌خوێنه‌ری کورد ئه‌گه‌یه‌نێ،به‌ڵگه‌م بۆ ئه‌وه‌ش شێوازی نووسینی بوو، که‌له‌زۆر کاتدا جۆرێ له‌گرانی وئاڵۆزی و به‌کارهێنانی ووشه‌ی فووتێکراو بوو، لێره‌وه‌ پۆڵا که‌وته‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی که‌وه‌ك مریشکه‌که‌ وویستی چاو له‌قازه‌که‌ بکات و هێلکه‌ی ئه‌و بکات. ئه‌و هیچ کات خۆی به‌که‌متر نه‌ئه‌زانی له‌به‌ختیار عه‌لی و، هه‌موو خولیای ئه‌وه‌بوو چۆن ڕۆژێ بتوانێ ئه‌میش به‌رهه‌مه‌کانی به‌چاپ بگه‌یه‌نێ ووه‌ك به‌ختیار له‌بۆرسه‌ی نووسیندا بازاڕ گه‌رم بکا. به‌ڕای من گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ مرۆڤی نووسه‌ر تێ ئه‌که‌وێ ئه‌وه‌یه‌، کاتێ ده‌ست ئه‌کا به‌نووسین بیر له‌وه‌ بکاته‌وه‌ که‌ چه‌ند په‌رتووك وشیعرو ڕۆمان ئه‌نووسێ،وه‌یان بابه‌ت و ووتاره‌کانی چه‌ند دێڕ وچه‌ند ووشه‌ن وه‌یان له‌کاتی دابه‌زینی ووتارێکیدا چه‌ند که‌س کرته‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌که‌ی ئه‌که‌ن،وه‌یان له‌په‌راوێزی بابه‌ته‌که‌یدا چه‌ند که‌س به‌ تێچین به‌شداری ئه‌که‌ن، وه‌یان بۆ ماوه‌ی چه‌ند له‌و سایته‌دا ئه‌مێنێته‌وه‌. وه‌له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه‌ که‌نووسه‌ر خۆی به‌راورد بکا له‌گه‌ڵ نووسه‌ری ترداو هه‌وڵ بدات غار غارێن بکا، چونکه‌ وه‌ك ئاشکرایه‌ که‌س له‌که‌س ناچێ وبیر کردنه‌وه‌و بۆچوونی که‌س له‌هی که‌سی تر ناچێ، بۆیه‌ پۆڵا گه‌لێ سه‌رسام بوو به‌به‌ختیار عه‌لی ویستی هه‌رچۆنێ بێ هێلکه‌که‌ی ئه‌و بکات. بۆیه‌ خۆی فڕێدایه‌ باوه‌شی ده‌سه‌ڵات و وه‌ك شاعیره‌کانی کاتی ده‌وڵه‌وتی عه‌باسی داوای خه‌ڵات وبه‌خشیش ئه‌کا.

کاتێ به‌ختیار عه‌لی به‌ڕێکه‌وت ئه‌و هه‌له‌ی بۆ هه‌ڵکه‌وت که‌بتوانێ لای ده‌سه‌ڵات خۆی ئارایشت بکاو دیوی ناوه‌وه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ی خۆی ئه‌یه‌وێ نیشانی ده‌سه‌ڵات بدات، ئێدی کار ئاسانی بۆ ئه‌کرێ وبه‌رهه‌مه‌کانی بۆ به‌چاپ ئه‌گه‌یه‌نن، ئه‌م ڕێکه‌وته‌ی به‌ختیاریش، ته‌نها وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ کاتێ له‌قه‌ره‌باڵغی بازاردا یه‌کێك هه‌ڵئه‌نوتێ وبه‌ده‌ما ئه‌که‌وێ، له‌ناکاودا جگه‌ له‌یه‌ك که‌س که‌به‌هانایه‌وه‌ ئه‌چێ وده‌ستی یارمه‌تی بۆ درێژ ئه‌کا، ڕه‌نگه‌ چه‌ندینی تریش له‌وێ بن، که‌ڕه‌نگه‌ هه‌ندێکیان هه‌ر نیگایه‌ك بکه‌ن وگوێی پێنه‌ده‌ن و به‌جێی بێڵن ، وه‌یان هه‌ندێکی تریان به‌ڵکه‌ وه‌ك ڕوداوێکی پڕ ته‌شقه‌ڵایی لێبنواڕن وپێشی پێ بکه‌نن، لێ ته‌نها ئه‌و که‌سه‌ی که‌ یارمه‌تیه‌که‌ ئه‌دا ئه‌و هه‌له‌ی به‌باشی قۆستۆته‌وه‌. پۆڵا ئه‌بوو تێبگات ، که‌هه‌موو نووسه‌رێ نابێ به‌ته‌مای ئه‌وه‌ بێ، بابه‌ته‌کانی به‌چاپ بگه‌یه‌نرێ وببێ به‌ناوێکی ناودارو هه‌موان بیناسین و وه‌نابێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بێ که‌ڕۆژانه‌ دیداری له‌گه‌ڵدا ساز بدرێ. پۆڵا ئه‌بوو گه‌لێ باوه‌ڕی به‌ دیارده‌ی " ڕێکه‌وت" بوایه‌، چونکه‌ به‌ڕاستی ته‌نها ئه‌م دیارده‌یه‌ که‌هه‌موو یاساکانی گه‌ردوون ومرۆڤایه‌تی پێکه‌وه‌ به‌ستوه‌. مارکس ئه‌ڵێ" جیهان گه‌لێ ئاسانترو خۆشتر ئه‌بوو، گه‌ر دیارده‌ی "ڕێکه‌وت" بوونی نه‌بوایه‌. بۆیه‌ پۆڵا ئه‌بوو به‌و هه‌له‌ی بۆ ی ڕه‌خساوه‌، که‌ئه‌ویش ته‌نها ڕێکه‌وتێك بوه‌. پێی قایل ببوایه‌و هه‌وڵی بدایه‌ خۆی توشی ئه‌و کاره‌ نه‌کردایه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌رگیز په‌شیمانی دادی نایه‌ت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە