كوردستان و مەترسیە چاوەڕوانكراوەكان ... تێكشكاندنى سیناریۆى ئەسپەكەى تەروادە

Sunday, 05/08/2012, 12:00

1590 بینراوە


گومان لەوەدا نییە كە گۆڕانكاریەكانى هەرێمەكە لەبەرژەوەندى كورد دایە ، ئەو یارییە سیاسیەى كە دەمێكە چاوەڕى دەكرا ، ئێستا سەرەداوەكانى وەدەركەوتوە و خەڵكى ئاسایى هەستى پێدەكات ، ئەوەى لە سوریا روو دەدات ، رووداوێك نییە تەنیا پەیوەندى بەو وڵاتەوە هەبێت ، ئەگەر بەگوێرەى تیۆرى یارى دۆمینۆ شرۆڤەى بۆ بكەین ، كەوتنى رژێمى ئەسەد لە سوریا ، كەوتنى ژمارەیەكى تر لە رژێمە سەركوتكاریەكانى ترى ناوچەكە لەگەڵ خۆیدا دێنێت ! یاخود بە لایەنى كەم قەیرانەكە دەپەڕێتەوە بۆ چەند وڵاتێكى تر كە ئێران. لە پێشەوەى هەموانە ...
سوریا هەستیارترین ئەڵقەیە لە نیو كەوانەى شیعى ، كە شیعەكانى لوبنان بە عیراق و ئێران دەبەستێتەوە ، پچرانى ئەو ئەڵقەیە واتە هاتنە ئاراى بۆشاییەكى سیاسى و عەسكەرى كە یەكەمین قوربانى حزب و لڵاى لوبنانى دەبێت ، لەبەرئەوەى یەكسەر لە نیوكەوانەى شیعى دادەبڕێت و بە تەنیا دەمێنێتەوە ، كە ئەمە لە رووى سەربازییەوە بە كۆتایى ئەو هێزە هەژمار دەكرێت ، هەر بۆیە دەبینین ئیسرائیل مرخى لێخۆشكردوەو لە ئێستاوە بە بیانووى كەوتنە دەستى چەكى كیمیاوى بۆ ئەو هێزە ، یاخود گوێزرانەوەى چەكى كۆكوژى لە رژێمى سوریاى رووخاو بۆ دەست حزب و لڵا ، زەمینەى شەڕ خۆش دەكات ، پێشبینى دەكرێت لەگەڵ كەوتنى رژێمى ئەسەد ، كە تەنها مەسەلەى كاتە ، دوو رێگا لەبەردەم حزب و لڵا دەمێنێتەوە ، خۆ بەدەوەستان ، یاخودشكستێكى سەربازى گەورەو دواتریش لەناو چوون ...دوەم خاڵ پەڕینەوەى ئاژاوەكە بەرەو عیراق دەبێت ، سەنگەرى پێشەوەى ئێران ، ئەویش لە رێگاى دروستكردنى قەیرانێك لەگەڵ هەرێمى كوردستان ، بە تایبەتش ناوچەى زەرد ، كە لەكاتى ئێستادا بەشێكى گرنگە لە هاوپەیمانیەتى دژە ئێران .بۆ ئەوەى شەڕەكە نەگوازرێتەوە ناو خاكى ئێران و دواى سوریا، عیراق و هەرێمى كوردستان بكاتە خاڵى بەرگریكردن لە بەرژەوەندیەكانى خۆى و شەڕەكەى لەگەڵ رۆژئاوادا لەوێ بكات!هاوكات رێ لەپەرەسەندنى كورد بگرێت و بەر بە لێشاوى رزگاربوونى كوردان بگرێت ، كە دواى سوریا ئەگەرى پەڕینەوەى وڵاتەكەى ئەویشى هەیە!
ئەو گۆڕاناریانەى چاوەڕى دەكرێن لەو ناوچەیە لە شێوەى پیتى Z ئینگلیزیدا خۆى دەنوێنێت ، كە لە خوارەوە را دەست پێ بكات ، ئەگەر هەرێمى كوردستان وەك خاڵى سەرەتا وەرگرین و سوریا وەكو خاڵى دووەم و هێڵێكیان لەنێوان راكێشین ، ئەوە هێڵى ژێرەوەى Z كەیە ، بەپەڕینەوەى بۆ ئێران هێڵە خوارەكە دەست پێدەكات ، بە هەڵوەشانەوەى ئێرانیش هیچ بەهایەك و بیانگەیەك بۆ توركیایەكى وا گەورە ، خاوەن خەونى نوێكردنەوەى ئیمپراتۆریاى عوسمانى نامێنێت و لە رووى جیۆۆلەتیكییەوە تێكدەشكێنرێت!!!
ئاشكرایە كەوا كوردستان دەكەوێتە چەقى ئەو گۆڕانكاریانەو سوودمەندى یەكەم لێى كوردە ، ئەمە واتاى ئەوەیە كە هاوكێشە هەرێمى و گۆرَانكاریە نێو دەوڵەتییەكان لەبەرژەوەندى كورددایە، دەمینێتەوە بارى ناوەخۆى كورد ، كە بەهیچ جۆرێك لە ئاست ئەو گۆڕانە گەورانەدا نییە ،هەرێمى كوردستان ، بەو توانا ئابورى و جیۆپۆلەتیكیەى هەیەتى ،دەتوانرا زۆر لەوە پێشتر بڕوا كە هەیە ، كەچى بەداخەوە ،ئەو ئەقڵیەتە سیاسەى ئەو هەرێمە بەڕێوە دەبات، لە قۆناغى سیستەمە دواكەوتوە دژ بەگەلەكانى ناوچەكەدا دەژى ، وێنەى لیبیاو سوریا و میسر و ...هتد ، لە جیاتى دامەزراندنى حكومەتێكى مۆدێرنى مەدەنى ، خەریكى سەپاندنى حوكمى بنەماڵەیی دواكەوتوون ، كە ئەمە بە تەنها پارتى ناگرێتەوە ، بگرەو یەكێتیش خاوەن هەمان پڕۆژەى بنەماڵەییە !بۆیە ناكرێت ئەو شێوازى بیركردنەوەیە لەو گۆڕانكاریە گەورانەى ناوچەكە تێبگات ، تەنیا باى هێندە نەبێت كە دەكەوێتە بەر بەرژەوەندى و پلانى زلهێزو هێزە هەرێمیەكان !
رزگار بوونى رۆژئاواى كوردستان ، دەروازەیەكى فراوانتر لەبەردەم گەشەسەندن و پێشوەچوونى دۆزى كورد دەكاتەوە،كە دەكرێت هەرێمى كوردستان رۆلێكى پۆزەتیڤانەى تێدا بگێرێت ، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە ، رۆڵى هەرێم ، بە تایبەتیش رۆڵە پارتى دیموكراتى كوردستان ، كە لەرووى جوگرافییەوە نزیكترەو كاریگەرى زیاترە ، رۆڵێگە جێگاى ترس و دڵە راوكێیە ، چونكە ئەو بەتەواوى تەسلیمى توركیا بوەو پەیوەندییەكى گوماناوى خەتەرناكى لەگەڵیدا هەیە و جێگاى سەدان نیشانەى پرسیارى مەترسیدارە ، هەرچەندە لە رێكەوتننامەى هەولێرو لەیەكتر نزیك كردنەوەى باڵەكانى كورد لە سوریا رۆلێكى پۆزەتیڤانەى بینى ،بەلام ئەو پێشكەوتنانە هەرگیز لەگەڵ بەرژەوەندییەكانى توركیا،پاڵپشتى یەكەمى پارتى یەك ناگرێتەوە ،ئەو گومانە زۆر بەهێزە كە پارتى ببێتە ئەسپەكەى تەروادەو هەمان سیناریۆى ساڵى 1992 باشورى كوردستان ، كە بەوەكالەتى توركیا شەڕى PKK یان كرد و دواتریش بەربوونە گیانى یەكتر، دووبارە ببێتەوە ،بە تایبەتیش پێكهاتەى سیاسى بزاڤى سیاسى لە رۆژئاواى كوردستان لەبارو گونجاوە بۆ ئەم سیاسەتە ، باڵێكى گەورەش لەهێزەكانى رۆژئاوا بە تەواوى لە لایەن پارتییەوە كۆنترۆڵ كراون و سیاسەتەكانى ئەو جێبەجێ دەكەن ، تەنانەت دەتوانم بڵێم لە رووى دەروونیەوەش بۆ شەڕى ناوخۆ ئامادەكراون!
ئاشكرایە ئێستا توركیا راشكاوانە دەڵیت ، ئەگەر PKK دەست بەسەر گوندو شارەكان دابگرێت ، ئەوان پەلامارى رۆژئاواى كوردستان دەدەن ، نكوڵیش لەوە ناكرێت كە PKK گەورەترین هێزە لەو ناوچەیەو بە حوكمى ئەوەى سەركردایەتى ئەو حزبە هاوپەیمانێكى سوریا بووە ، لە رووى جەماوەرییەوە پێگەیەكى بەهێزو فراوانیان لەو ناوچەیەدا هەیە ، پاشان ناكرێت ئەوە پشت گوى بخرێت ، كە رژێمى سوریا ، دڵنیایە لەوەى ئەو كۆتایى هاتوەو هەڵوێستى توركیاشى لەبەرچاوە ! بۆیە وەك لێدانەوەى زللەیەك لە توركیا ، بە شێوەیەكى ناراستەوخۆ كوردستانى رۆژئاوا بۆ هاوپەیمانەكانى بەجێدەهێلێت !واتە مەبەستى یەكەمى رژێمى بەشار ئەسەد چۆڵكردنى رۆژئاواى كوردستانە بۆ PKK ، بەمەش لە لایەك وەك ئاماژەى پێكرا تۆڵە لە توركیا دەكاتەوە ، لە یارمەتیدانى سوپاى ئازاد ، كە لە راستیدا هەموو شتێكن تەنیا ئازاد نین ، لە لایەكى تر هێزەكانى لە كوردستانیش دەكێشێتەوە بۆ بەرگریكردن لە خۆى !!! ئەمە ئەو سیناریۆیەیە گە توركیاى هەراسان كردوە ، بۆیە ئەگەرى ئەوە زۆر بەهێزە كە توركیاش كار لەسەر هەمان سیناریۆى 1992 باشورى كوردستان بكاتەوە ، دەسكەلا یەكەمیشى پارتى دەبێت !پێشینەى پەیوەندیەكانى توركیاش لەگەڵ پارتى و چەند جارێك دەستگرتنى و هێنانەوەى بۆ كوردستان ،ئەگەرى ئەو سیناریۆیە بەهێزتر دەكات!
دەبێت لەو قۆناغە خەڵكى كوردستان لەو سیناریۆیانە هوشیار بن ، تەنانەت هێزەكانى باكوریش ، لەوانە PKK دەبێت زۆر ئەقڵمەندانە بیر بكەنەوەوەو نابێت لە پەناى هەر بیانگەیەك بێت بخزێنە نێو شەڕێكى لەو بابەتەوە ، كە لە ئێستادا رێگاى بۆ خۆشدەكرێت ، ئەگەر بۆ ماوەیەك بتوانن دان بە خۆیاندا بگرن ، گۆڕانكاریەكانى ناوچەكە كوردستانى رۆژئاوا بەرەو سەقامگیرى و پێشكەوتنێكى خێرا دەبات و حاڵەتێكى دیفاكتۆى وەك هەرێمى كوردستان دێتە ئاراوە ، بەمەش مەسەلەى كورد تەكانێكى زۆر گەورە دەدا ، چونكە رزگار بوونى دوو بەش لە كوردستان و بوونى بەشى سێیەمى كە رۆژهەڵاتى كوردستانە، لە بن دەستى سیستەمێكى سیاسى لاتەریك كراو بیزراوى نێودەوڵەتى ، دوا رۆژێكى گەشتر لەبەردەم كورد دەكاتەوە،هێور بوونەوە و سیاسەتى پشوودرێژى ، شكست بە سیاسەتەكانى توركیا دێنێت لەو ناوچەیەداو بە پێچەوانەى ئەمەش لە بەرژەوەندى كورددا دەشكێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە