هەژارانى وڵات و گەلەگورگێك!!!

Wednesday, 10/06/2009, 12:00

2360 بینراوە


مەترسن لەهەژاری چونكە هەموو كەسێك ناتوانێت هەژاربێت .
پێشوازی لە هەژاری بكەن چونكە سەرەتای دروست بوونی شۆرشێكە هەژاری بنبڕ دەكات.
هەژارتان خۆش بوێت چونكە دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندكان بەردەوام لێیان دەترسن.
ئەمڕۆ هەرێمى كوردستان بووەتە جێگاى گەلێك داهێنان و تازەگەرى ، بەڵام نەك داهێنان و تازەگەرییەك كە هاوڵاتییەكانى سوودى لێ ببینن بەڵكو داهێنانێكە ئاوات و هیواى خەڵكى ئەم هەرێمە هەلا هەلا دەكات و قیمەجنى دەكات دەسەڵاتى كوردی لەم داهێنانەدا گەورەترین هەنگاو دەنێت بۆ گەڕانى فراوانترین بازنەى تۆتالیتار و دیكتاتۆرەكانى دنیا بۆ دەسكەوتنى تیژترین نەشتەرى بڕندەى ئەوان و لەسەر تاكى ئەم وڵاتەى تاقیدەكاتەوە و كارەكانى خۆی پێ جێ بەجێ دەكات. دەسەڵاتى كوردی ئەو دەسەڵاتەیە كە زیاتر لەنیوەى بەعسی لەدەسەڵاتى خۆی تێپەڕاند و تائێستاش نەیتوانى بچوكترین مافی سەرەتایی هاوڵاتیان كە كارەبایە دابین بكات ، لەپاڵ ئەم وێرانەییەدا گورزى هەژاركردن بەكاردەهێنێت بۆهەژاركردنى خەڵك .كارەساتى دەسەڵاتێك لەوەدایە هاوڵاتییەكانى یان ئەندامەكانى ناو دەسەڵاتەكەى هەژار بخات و گەمارۆى ئابوری تاكە كەسیان لەسەر جێ بەجێ بكات ، لەوە كارەساتتر ئەوەیە ئەو كەسانەى ناو دەسەڵات كەئێستا گەمارۆی هەژاری تاكەكەسیان خراوەتە سەرئەیكەنە گۆڵمەز و جەماوەرى پێ دەوروژێن و نەهامەتییە چەند ساڵییەكانى پێشوو ئێستا باس دەكەن كە دەبووایە زووتر ئەم ڕاستیانەیان بۆهاوڵاتیان ئاشكرا بكردایە . لێرەوە ئەوەى دەبێتە مێگەل و وەبەر دەنرێ دیسان هاوڵاتیانن لەلایەن هەمان ئەو كەسانەوە كە پشكى هەرە گەورەیان لەگەندەڵكردنى كوردستان و شەڕی ناوخۆدا هەبووە ، ئێستا لەدەروازەیەكى ترە وە دەیانەوێت بەجۆرێكى تر دەسەڵات بگرنە دەست كە لەبەرژەوەندى خۆیاندا بێت .هەژاركردن و موچە بڕین لەلایەن دەسەڵاتەوە لەوكەسانەى كە پێشتر سەمع و تاعەتیان بۆ یان هەبووە زەنگێكى ترسناكە بۆ سەرجەم خەڵكى وڵات ،دوور نییە ئەو قسە سادەییەى لەناو خەڵكیدا بیستوومە نەبێتە ڕاستى [ دەنگمان بۆ نەدەن بایەعییەكانتان دەبڕین] .
فیكرەى هەژاركردن و برسیكردنى هاوڵاتیان تەنها بەموچە بڕین نییە بەڵكو هەژاركردنى مۆدێرن لەبەرنامە سەرەكییەكانى ئەم دەسەڵاتە ئیفلیجەیە وەكو فراوانكردنى مەیدانى هێزى چەكدارو بچوك كردنەوەى بازاڕى كاركردن ، زیادكردنى دامەزراندى بێشومارى حیزبی و كەم كردنەوەى جووتیار بەرهەمهێنانى ناوخۆ و ......هتد.
ئەم كارەى دەسەڵات كوشتنێكە مرۆڤ بەچاوەكانى سەر بۆی دەڕوانێت و جەستەى شەكەتى بێ جوڵەى لەبەردەستى دەسەڵاتدایە بەهەر جۆرێك بیەوێت دەیسوڕێنێتەوە .
دەسەڵاتێك كەگەلەكەى خاوەنى گەورەترین تراژیدیاى وەك ئەنفال و كیمیاباران بێت جێگاى داخە ئێستا هەمان ڕەفتارى بەعس درێژە پێ بدات ، بەڵام لەكاتى جیاواز و بە ئاوازى جیاواز !!!
ئەگەر بەعس نەشتەرى بەكارهێنابێت بۆ سەربڕینى خەڵكى ئەوا ئەم دەسەڵاتە هەم نەشتەر و هەم لۆكە بەكاردەهێنێت بۆ سەربڕینى خەڵكى ئەم وڵاتە .
ئەمەش دەردێكى كوشندەیە كە خەڵكى وڵات دەبێت زۆربەوردى و هەستیارییەوە مامەڵەى لەگەڵدا بكات وە بەپێچەوانەوە دەبنە نێچیری گەلەگورگێكى دیكە و بەرەو لارە دۆڵێكى تریان دەبەن و پێش گەمارۆدانى ئابورى تاكە كەسی و هەژاركردنیان ،زمانیان دەبڕن وخوێنى جەستەیان دەگرن و هەڵمەقوتیان دەكەن .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە