سوریا و هەژمونی ناوچەکە - بەشی چوارەم

Friday, 13/09/2013, 12:00

1836 بینراوە







تائێستا هەموو شتێک دەربارەی سوریا چۆتە تەوەری هەواڵە گەرمەکانی ڕۆژەوە، کە بۆ ئەم هەواڵ و باس و ڕوداوانە، ئێمە هیچ پێویستیەکمان پێینیە داخۆ چۆن و کێ لەسەر ئەم ئەسپە تۆپیوە گرەو دەکات، ئاخۆ کاکە ئۆباما تۆزێک زیاتر بەزی خورەیەکەی بەردەکەوێ یان خاڵە پۆتین، ئەم گەمە بۆگەنە لە یاری تاوڵە دەچێت کە لایەن دوو تیمی بەناوبانگی جیهانی کێشمەکێشی لەسەر دەکەن، داشەکانی ناو تاوڵەکەش ئەو میللەتە بێئاگانەنن کەتائێستاش مەستی خەو بەرینەداون، هێشتا سەردەمی فانۆش و مۆمە لە هزرو جەستەی ئەواندا، بۆیە ئەوانیش هیچ باکێکیان نیە لەو خەڵوەتەی ئەوانی پێ موهتاد بووە هتد.
ئەوەی بەلای منەوە گرنگە کێشەی کوردە کە چۆن و لە پێناوی چیدا باوک مردوکراوە، ئایە میللەتی کورد خەڵکی هەسارەیەکی ترە کەوا بە کۆمەڵگاکانی دەورەبەرمان نامۆیان، یان خوێنی هەموو تاکێکی کوردە، کە شیرین ترە لە مرۆڤێکی ئاسایی ئەم ژینگە چەنچاڵە، کە سەردەمی ناشرینکردنی مرۆڤە بە دەستی مرۆڤەوە.
ئاوڕێک یان هەڵدانەوەی چەند لاپەرەیک لە بەرخودانی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوادا، بۆ ئەم کورتە نوسینەم ناشێت، چوونکە من نامەوێت بچمە ناو دیرۆکی ئیمڕۆ و دوێنێی پارچەیەک لەو دڵەی کە کۆڵۆنیزمی بریتانی هەنجن بە هەنجنی کرد.
گریمان کێشەی ناوخۆیی سوریا بە ڕێگای دبلۆماسی هاتە بنبەست (هیچ ئاشتیەک ناگەڕێتەوە بۆ ناو سوریا تا ئەسەد لەسەر تەختبێ)،
ئەی ئایە سەرکردایەتی کورد بە گشتی و سەرانی کورد لە کوردستانی خۆرئاوا هیچ پاساوێک یان ئاڵتەرنەتیڤێکی تریان هەیە بۆ ئەو پلانەی کە دێتە پێش بە پۆزەتیف و نێگەتیف، یان ئەم جارەش ئەمانیش چاوەڕێی قەدەردەکەن، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە با جارێ هیچ بڕیاڕێکی پێش وەخت نەدەین.
تەنها من دەمەوێ لەو سۆنگەیەوە بدوێم کە بۆچی کوردستانی خۆرئاوا، لە هەموو پارچەکانی تری کوردستان زیاتر و زیاتر گرنگترە و پێداویسترە، وەک؛
١- خوێندنەوەیەک بۆ پەیمانی سیڤەر ١٠/٨/١٩٢٠ دوایی گۆڕا و بوو بە سایکس پیکۆ، دەبێ کورد بە شێوەیەکی ئەکادیمیانە خوێندنەوەیەکی ژیرانەتری بۆ بکات و بتوانێ لابی بۆ دروست بکات و دۆسیەکەی زیندوو بکاتەوە.
٢- کوردستانی خۆرئاوا بەشی ڕۆژئاوایی دەکەوێتە سەر دەریایی سپی نێوڕاست کە گرنگترین و ستراتیەجێتی دێپاچەکەیە، کە کورد دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بکات، لەبەرئەوەی سنورت بە دەریاوەیە، کەچی کورد زۆر بەداخەوە کەمتەرخەمەو خوێندنەوەی دووری بۆ نەکردوە.
٣- نزیکی خۆرئاوایی کوردستان بە ووڵاتی ئیسرائیلەوە (بۆ ئەمەیان بە یارمەتی ئیسلامیەکان توندڕەوەکان، بەرژەوەندی نیشتمانی لەسەروی هەموو بەهاکانەوەیە) هتد.
٤- تێکەڵی جۆریی نەتەوەیی جیاواز و جیاوازی ئاینی لە ناو پێکهاتەکانی خەڵکی سوریادا، کە بۆ ئەمەیان ووڵاتانی ڕۆژئاوا دەمێکە بەرنامە ڕێژوو پلاندانانیان بۆ کردوە، بۆ بەهەدەر وەرگرتنی ئەم خاڵەمان ئێستا چۆن ووڵاتانی رۆژئاوا بەرگری دەکەن لە برا مەسیحیەکانیان و ووشەی جەنگی کروسێدەیی سەدەی ١١ و ١٣ مان بەرگوێ دەکەوێتەوە، کەچی ئێمەی کوردیش لە بەردەمی حەجەکەداین و دەڵێین کوردی خۆرئاوا خوێن لە لوتیان نەهاتوە، کە هەرچەندە مافی ڕەوای خۆمانە.
هەر گۆڕانکاریەک و دابەشبوونی سوریا بە قانزانجی کوردە، ئەگەر ئەم جارەش تورکیا وازمان لێ بێنێت، کە وازیش ناهێنێ.
٥- ئەگەر سوریا کەوتە هەر جۆرە جەنگێکەوە، چ جەنگی ناوخۆ یان دەرەکی، دەبێت کورد یەکەم سودمەند بێت، یەک لە سفر باشترە، واتە ئێمەی کورد لەناو ماڵی خۆماندا حسابی میوانمان بۆ کراوە و لە لای دوژمن و نەیارەکانمان حسابی خانەخوێمان بۆ نەکراوە، بۆیە ئەم جەنگە بەهەر بارێکدا بکەوێ کورد هەناسەیەکی درێژتری بەردەکەوێتەوە.
٦- شۆڕشگێڕە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، کە دەستیان گرد بەسەر هەر خێرو بیرێکی کوردستاندا، بەتایبەت نەوت ئەگەر کەمیشبێ هەوڵبدەن و داوا لە کۆمپانیا بێگانەکان بکەن نەوتەکەیان بۆ بگوێزێتەوە، چوونکە کۆمپانیا گەورەکان خۆیان دەتوانن ڕێگایی بۆ پەیدابکەن و خێری نەوتەکە بۆ گەڕانەوەی ئەو بەشانەبێ کە لەکۆندا کوردنشین بووە و تا کەنارەکانی دەریایی خۆرهەڵاتی نێوڕاست دەڕوات، هەموو شتێک دەگونجێ ڕووبدات لە ئەنجامی کۆشش و ماندوبوون.(دەبێت کورد قانزانجی گەوەرەتربدات بە ووڵاتانی سوپرپاوەرەکان، تا تورکیا و ئێران و هتد).
٧- لە زوترین کاتدا، گرێدانی کوردستانی باشور بە کوردستانی خۆرئاواوە و فڕێدانی ناوەکەی باشور و خۆرئاوا بۆ کوردلاند، یان هەر ناوێکی تری کوردستانی بێت. ئەمە نەدیرۆکە و نەخەوە، بەڵکو ڕیالیزمی ڕیالیزمیتە، نزیک بوونەوەی گەژبینییەکانمانە.
٨- بانگەشەی مافی هەموو ئەو کەمە نەتەوانەی کە دەکەونە ناو خاکی کوردستانەوە، بەتایبەت برا تورکمانەکانی کەرکوک و دەوروبەری، برا ئاشوریەکانمان، کڵدانەکان و ڕاگەیاندنی ئازادی تەواو بۆ هەموو ئاین و ئاینزایەک لە هەر پارچەیەکی کوردستان هتد.
٩- کوردستان بکرێتە لانەی ووڵاتان و کاسانی پسپۆڕ لەکاری سەرمایە گووزاری، کە ئاسان کاریان بۆ بکرێ تا بتوانن پارەکانیان بخەنە گەڕەوە و سەرمایەی کوردستان گەشەپێبدەن، هەم کوردستان زیاتر ئاوەدانی بەخۆوە دەبینێ و هەم سەرمایەکەی ئەوان دەبێت بە پشت و قەڵای ئابوری و سیاسی بۆ ئێمە.

ئیمڕۆ کۆی سەرژمێری کورد لەسەروی چل ملیۆن کەسەوەیە، ئەگەر ئیمڕۆ کورد هەست بەبوونی کەسایەتی تاکی خۆی نەکات، ئەی کەیی دەیکات، تاکەی هەر دەبێت کورد چاوەڕێی سۆزو خێری بێگانە بکات، تاکەی خوانی خۆمان لەسەر سفرەی بێگانە بخۆین، تاکەی بێگانە خاوەن ماڵبێ و ئێمە میوان، تاکەی بترسین لەو ڕاستگۆیەیی کە خەون و خەیاڵی هەموو تاکێکی کوردە، تاکەی ئاڵاکەیی ئێمەش بە فەرمی لەتەک ئاڵای ووڵاتانی دنیادا نەشەکێتەوە، تاکەی ئێمە ژمارە هاوڵاتی دوو یان کەمتربین، تاکەی کۆیلە بین، تاکەی خەونی سەربەخۆیی کوردستان بە چوانە مەرگی لە گۆڕنێین و هتد.

لە ئەنجامی ئەم هەموو لۆلۆ هەی لێلێ یەدا، دەڵێن؛
کە خۆتان داوایی ناکەن و تەباو هاوڕانین، هەتا ماون بەسکێک تێرو بە دەش دەبێت برسیبن، کەخۆتان ووڵاتان کردوە بە تاریکستان و تەنها لەساڵی ٢٠٠٧ وە بۆ ٢٠١٠ زیاد لەسەرویی شەست هەزار ئافرەت کوژراوە، سووتاوە یان لاقەکراوە لەو کوردستانەی کە ئێوە ناوتان لێناوە کۆمەڵگای مۆدێرن، کە خۆتان ووتاری سیاسیتان یەک نیە گازندەش مەکەن، کە خۆتان ناوماڵی خۆتان ڕێک نەخستۆتەوە، ئەم گارەگاریەشی ناوێت، کە خۆتان سیستەمێکی یەکسانتان پێ دروستناکرێ، باسی فەلسەفەی دیموکراسیش مەکەن، چوونکە ئێمە چەندە لە بنەما دیموکراسیەکان نزیک بینەوە، دەهێندە دۆزەکەمان پاڵپشت و دۆستی ئینترناسیۆناڵی بۆ پەیدا دەبێت، چەندە دۆستیشمان هەبێ، دەبێ ئەو ڕاستیەش بزانین کە دە ئەوەندەش ناحەزو نەیارو دوژمنمان هەیە، چوونکە ئەوەندە مرۆڤی فاشست، دەمارگیر، شەمشەمە کوێراوی، دوواکەوتو هەیە کە چاویان هەڵنایەت بەم تۆزە ئازادیەی کە کورد هەیەتی، من بەرگری لە هیچ پارت و ڕێکخراوێک ناکەم و ئیشی منیش نیە، تەنها لەو سۆنگەیەوە دەمەوێت بئاخافم کە ڕەوایە بە دۆزی کورد، تەجروبەی ژیان و کاری ڕۆژانەم بووە، لە ئەنجامی کۆبونەوە باڵاکانی چ سەرکردایەتی کورد یان کەسانی شارەزا و پسپۆر لە کار و باری سیاسی و سەربازی ئەمریکیدا، کە هێندەی دە زانکۆ بۆ من سودی هەبوە و زیاتر ئەو دەرگا و پەنجەرانەیان بۆم کردومەتەوە کە لە پێشدا پێی نامۆ بووم، بۆیە دەیڵێم و دەیڵێمەوە، ڕۆژی ڕوناکی کورد خەرێکە لە کەل سەردێنێتەدەر، بەڵام نابێت ئەو ووشە سواوە دووبارە و سەد بارەیی بکەینەوە و بڵێین؛ خوا گەورەیە، ڕاستە خوا گەورەیە، بەڵام خواش هزرو ژیری پێبەخشیویت کە بەکاری بێنیت، کورد یەک میللەتە و کوردستانیش یەک خاک، هەموو دەستەکان بکەین بەیەک دەست، بەیەک هێز،بەیەک وتار و ئاسەواری ئۆخەی ئۆخەی هەر کەس بۆخۆیی لە گۆڕنێین و تەنها و تەنها خۆمان فریای خۆمان دەکەوین، پارەو پولی دنیا ئەوە ناهێنی کە یەکتری لەسەر داچۆڕین، گاندی، ماندێلا و جۆرج واشنتۆن چیان لەگەڵ خۆیان برد، ناوەکانیان هەتا پرنسپڵی مرۆڤایەتی بمێنی بە نەمری و گەشاوەیی دەمێنێ، دوو کەسایەتی نەمری ئەمریکی بە ناوی ڕاکفیلەر و مۆرگن ئەمریکایان دروست کرد و بوە گەورەترین و بەهێزترین ووڵات لە دنیادا، لە ئەنجامی سیستەمی سەرمایەگووزاری هەرەوزیدا.
کوردستان هێندە دەوڵەمەندە سەرخان و ژێرخانی بەشی هەموو تاکێکی کورد دەکات، نەک چل ملیۆن بەڵکو چوارسەد ملیۆنیش، بەڵام کە خۆمان بەرنامەیەکی توکمەمان نەبێت باشترە ئاسنی سارد نەکوتین و چیتر کوڕی کوردی ئەم میللەتە هەژارە نەکەین بە سوتماک.
یان ئەوەتا با هەموو بەیەکەوە مەچەکی لێهەڵکەین و یەک هەڵوێست و یەک ئاوات بزاڤەکامان بەرەو ترۆپکی سەرکەوتن بەرین و هەموو بەرپرسیار بین بەرامبەر ئەم ڕۆژە، کە سەرکەوتنەکەی بۆ هەموو تاکیکی کوردبێت، بێ جیاوازی و کەسی شیاویش بۆ جێگای شیاو دانێین و دوربێ لە چاوی پارت پاتێنە، بنەمایی ئازادیش بۆ هەموو تاکێکی کورد دەستەبەرکەین، ئەگەر کەسێکیش ڕەخنەیەکی تەندروستی گرتبێت لە هەر کەس و لایەنێک بە چاووی دوژمن خوێندنەوەی بۆ نەکرێ، چوونکە کەسی خۆت گۆشتەکەشت بخوات ئسقانەکەت ناشکێنێ و ئەویش هەر ڕۆڵەی ئەو میللەتە خێرلەخۆ نەدیوەیە کە چەندین ساڵ بزاڤی بۆ کردوەو قوربانی بۆ داوە و لەسەری ئاوارەبووە، کۆنگرسمان و سەنەتۆرەکانی ئەمریکا لە ناو کۆبونەوەکانیاندا یەکتری کەوڵ دەکەن بۆ بەرژەوەندی میللەتەکەیان، کە هاتیشنە دەرەوەی پەرلەمان یان کۆنگرس هاوڕێ و برای یەکن، ئێوارانیش لە یەکێ لە باڕەکاندا دوو پێک وویسکی لە چاوی تۆیی بۆ هەڵدەدەن و قاقاو پێکەنینەکەیان دەگاتە هەواری خاڵی من وتۆ و نەباشیان دیوە و نەباران، ئەی کەواتە ئێمە ئەم شەڕە پەڕۆیەمان لە سەر دابەشبونی کام کەلاوە کۆنەیە، جارێکیتر دەیڵێمەوە ئێمە هەموو بە یەکەوە جوانین، ئەگەر سوتاین با هەموو بە یەکەوە بسوتێین و ئەگەر ژیاشین با هەموو بە یەکەوە بژین.

تیشکۆ زەند
کالیفۆرنیا، ئەمریکا







نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە