كۆمەڵ و یەكگرتوو، بە پارتی ناوێرن بە راگەیاندنەكان فێرن!!

Thursday, 22/04/2010, 12:00

1432 بینراوە


وتەیەكی پەندی پێشینان هەیە دەڵێت (بە كەر ناوێرن بە كورتان فێرن)، ئا ئەمەیە ئەو پەندە كە كارو كردەوەو هەڵوێستەكانی هەردوو رێكخراوی سیاسی (كۆمەلی و یەكگرتووی ئیسلامی) دەگرێتەوە.
زۆر هەڵدەگرێت قسە لەسەر هەوڵوێست و كردەكانی رابووردووى هەردووك رێكخراوی سیاسی ناوبراو بكرێت، بەڵام بەندە زیاتر رەخنەو رەخنەكانی ئاڕاستەى ئەداو هەڵوێست و كارە موزایەدەییەكانی ئێستاى ئەو دوو رێكخراوە سیاسیەیە، كە چۆن بوونەتە هۆی هەڵخەڵەتاندن و چاوبەستكردنی بینەرو جەمارەو لەلایەك و دۆست و ئەندامانی خۆیان لەلایەكی دیكە، بیلزەبت ئا ئەوەیە بانێك و دوو هەوا.
لەچەند مانگی رابوردوودا بە هۆی وەرگێڕانی بەشێك لەكتێبی ئایاتی شەیتانی سەلمان روشدی و بڵاوكردنەوەى لەگۆڤارى چاوی خەڵك و لەمڕۆژانەشدا بەهۆی بڵاوكردنەوەى هۆنراوەى شاعیرێك لەگۆڤارى وێران هەردوو رێكخراوی ناوبراو موزایەدەكانیان بە ئایینی ئیسلامەوە چڕتر كردووەو دەكەنەوە، لێ ئێمە قسەمان لەسەر ئەوە نییە كە ئەو گۆڤارو نوسەرانە هەڵەو سوكایەتییان كردووە یان نا، یاخود سنوری سووریان شكاندووە یان نا، ئەوە تەوەرێكی دیكەیەو قسەو باسی دیكە هەڵدەگرێت، بەڵكو قسەمان لەسەر ئەوەیە كە ئەو دوو رێكخراوە سیاسییە بە هەمانشێوەی یەكێتی و پارتی چەند زیرەك و ئازان بە گیانی ئازادی ئەو رۆژنامەو گۆڤارو نوسەرانە، ئەوەندەش ئازاو بوێر بن بە گیانی ئەو بەرپرسە سیاسییەى كە حزبەكەى بە خودا شوبهاندو كردی بە خواى كورد.
زەرورە بپرسین كۆمەڵ و یەكگرتوو ئەو دەمەى محەمەدی مەلا قادر بە دەنگی بەرز هاوارى كرد (پارتی زۆر لەخودا زیاتری بۆ كورد كردووە)، ئەوەش شیكارى ئەوەى هەڵدەگرت كە ئاستی گەورەیی خودا دەكەوێتە خوار ئاستی گەورەیی پارتییەوەو دەبێت میللەتی كورد پێش پەرستنی خوا پارتی بپەرستن، سەیر لەوەدا بوو لەئاهەنگی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلامیشدا ئەو وتەیەی دابەگوێی موسوڵمانانی كوردستان و حزب و رێكخراوە ئیسلامییەكاندا.
نازانم ئەو دەم كۆمەڵ و یەكگرتوو لەكوێ بوون و بۆ بێدەنگیان هەڵبژارد لەبەرامبەر ئەو حزبەو ئەندامەكەى؟، تۆ بڵێی وەرگرتنی ئەو بڕە بوودجە حزبییە لەسوكایەتیكردن بە خودا گەورەترو پیرۆزتر بێت؟، ئەدی بۆچی هێندە بە گیانی ئەو گۆڤارو رۆژنامانە بوێرن؟، خۆ كفر نییەو نابێت كەمێك لەبەرامبەر ئەو دوو حزبە ناسییاسییە (یەكێتی و پارتی) وەرنە دەنگ، سەیرە بە راستی سەیرە، ئا ئەمەیە لمكردنە چاوی جەماوەرو رۆژ نییە بە ناوی ئەو ئایینە پیرۆز بەستەزمانەوە موزایەدەى دەنگهێنان و بەدەستهێنانی دۆست و لایەنگر نەكەن، ئەزانم ئەو هات و هاوارەتان بە گیانی ئەو گۆڤارو رۆژنامەو نوسەرو رۆژنامەنوسانە زیاتر مەبەستتان گەورەكردن و بە نرخكردنی حزب و رێكخراوەكانتانە نەك ئایینی ئیسلام و خوداوەند، چیتر كاتی ئەوە هاتووە بزانن چی دەكەن و چۆن هەڵوێستتان دەردەبڕن.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە