دواى سەردەشت نۆرەى منە!

Tuesday, 08/06/2010, 12:00

1555 بینراوە


دواى سەردەشت نۆرەی منە، تۆیە، ئەوە، هەموومانە.. ئەو با لاى پارتی و یەكێتییەوە بێت من و منەكانی تریش ئاسۆیان وەكوو سەردەشت و سۆران و كێ و كێ دەبێت،.. شەردەشت هەڕەشەى لێكراو رفێدراو كوژراو كردیان بە قوربانی فیشەك، ئا ئەوەیە كەلتورى ئەو دوو حزبەى بە وشەى قەڵەم و ئازادى و رەخە چاویان دادەگیرێت.. دڵیان توند دەبێت.. گێچی عەقڵ و هۆشیان سفر دەبێت، ئاخر هاوڕێم دوو حزبی خاوەن چەندین دەزگاى تۆقێنەرو داپڵۆسێنەری نایاسایى و هەزاران بەرپرسی نابەرپرسیار هەر ئەوەیان لێ چاوەڕوان دەكرێت.

بەلاتانەوە سەیر نەبێت گەر بڵێم :تەحەدا دەكەم هەر نوسەرو رۆژنامەنوسێكی سەربەخۆو بوێر نەك ئازاد، چونكە هەڵەیە لەم كوردستانە بڵێین ئازاد، گەر رۆژێك وتارێكی رەخناوی نوسیبێت یان بە مەسج و تەلەفۆن هەڕەشەو جنێوی پێدراوە یاخود بە ئیمەیڵێك چاوی لێسوركراوەتەوە، هەر دوو رۆژ دواى تیرۆركردنەكەى سەردەشت بەندە وتارێكی رەخنەئامێزی دەربارەى هەردوو فەرهاد پیرباڵ و مەسعود بارزانی نوسی، كەچی دواى یەك رۆژ لەبڵاوكردنەوەكەى بە ئیمەیڵێك بە ناوی (یۆلیا سۆران) یەك كۆڵ جنێوی ناشرین و هەرۆِەشەم بە زمانی هەولێری بۆ نێردراوەو جگە لەجنێودان بە خوشك و دایك و كەسوكارەكەم، نوسراوە گووى دەخۆى رەخنە لەسەرۆك بارزانی دەگریت، بۆیە یەكسەر ئەو ئیمەیڵەم بۆ چەند هاوڕێیەكم نارد، جا ئیتر چۆن نەڵێم دواى سەردەشت نۆرەى منە هاوڕێم.

دەبێت پارتی و یەكێتی و بەرپرسە ئازادی قەدەغەلێكراوەكانیان باش بزانن بە كوشتنی هاوڕێ سەردەشت و سۆران و دەیان رۆژنامەنوسی ترو چاوسوركردنەوە لێیان، سپارتاكۆسئاسا ئاوی (راپەڕین لەپێناو ئازادیدا) ناوەستێت و بەردەوامە لەرۆشتن بەرەو پێشەوە، ئیتر گێلییە بۆ هەر حزب و گرووپ و بەرپرسێك وابزانیت كوشتن و زمانی فیشەك دەتوانێت قەلەَم بێدەنگ بكات، دەبێت باش بزانن و تێفكرن كە بە كوشتنی رۆژنامەنوسێك سەد رۆژنامەنوسی دیكە چرۆ دەكات و سەوز دەبێت.

ئەمڕۆ بگرە پێشتریش خەڵكی كوردستان هێندەى لەئاسایش و دەزگاى زانیارى و پاراستن و دژەتیرۆر ترساون و دەترسن، هێندە لەتیرۆرو تیرۆریستان و لایەنێكی دیكە نەترساون و ناترسن، چونكە خودی خۆم سەدان جار زۆر كەس لەچین و توێژە جیاجیاكان سەدان جار بگرە رۆژانە پێیان وتووم (كاكە وریای خۆتان بن ئەڵێی ئاسایش و دەزگاى زانیارى و پاراستن و دژە تیرۆر ناناسن)، كەمێك دەمی خۆتان بگرن با نەتانكژن، ئێمەش هەمیشە وەڵاممان ئەوە بووەو وتوومان ژیان بۆ سەدام و سەدامییەكان و بەعس نەما ئیتر ئەو دەزگایانە چییە، بەردەوام بە خەڵكمان راگەیاندووە كە گۆڕینی سیستم و حكومەتە داپڵۆسێنەرو تۆتالیتێرەكان و هێنانەكایەى ئازادی و دیموكراسی و دژایەتیكردنی ناداپەروەرى و گەندەڵی پێویستی بە تەزحیەو گیانبەختكردنە، چونكە دوێنێ لەشاخ دەیان هەزار پێشمەرگە لەپێناو رزگاربوون لەستەمی بەعس گیانی خۆیان بەختكردووەو شەهید بوون، با ئێمەش لەپێناو ئازادی و نەهێشتنی گەندەڵی حزب و پێشمەرگەكانی دوێنێ و بەرپرسەكانی ئەمڕۆ دوو شەهید پێشكەشی كەسوكارو هاوڕێ و كۆمەڵگەكەمان بكەین، خۆ هەر رۆژێك دێت چۆك دابدەن.

ماوەتەوە بڵێین هێی جەنابی بارزانی و تاڵەبانی و بەرپرسانی یەكێتی و پارتی، چیتر لەریكلامی هەڵبژاردنەكان و بۆنەكاندا رستەى (با ئەزموونەكەمان نەشێوێت) مەفرۆشنەوە بە میللەت،.. چیتر بازرگانی بە وتەى (ئەو ئازادییەى بەدەستهاتووە) مەكەن، لێتان قبوڵناكەین خراپەكارى و گەندەڵیتان بە دەستكەوت نیشانمان بدەن، شورەییە ئیتر مەڵێن (كوردستانی ئارام)، چیتر سەرو بنی زمانتان (هەولێر دوبەى دووەمە) مەدەن بە نێو چاوانماندا، چونكە ئەمڕۆ هەولێر پایتەختی تیرۆرو كوردستان ئەفریقایە.

نازانم ئێوە شانازی بە چییەوە دەكەن؟!، بوونی دەیان زیندانی نهێنی و چەوساندنەوەى زیندانیانی كوردستان، تێهەڵدان و رفاندن و كوشتنی رۆژنامەنوس، ئافرەت سوتاندن، نانبڕین، دانەمزراندن و بێكارییەكی فراوان، بەحزبیكردنی زانكۆو قۆتابخانەو نەخۆشخانەو باخچەو تاسەو دارو دیوارو تەواوی فەرمانگەو هەموو كۆمەڵگە، كەی جێگەى شانازییە، ئایا دەزانن خەڵك چیتان پێدەڵێت، ئەو كوردستانەى ئێوە شانازی پێوە دەكەن، ئەمڕۆ رەش و ترس دایپۆشیوەو لەبرى رزگاربوون لەتەنها حزبێكی بەعس ترسی سەرهەڵدانەوەى چەندان حزبی بەعس ناخمانی داپۆشیوە.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە