دەبێت پارتی و یەكێتی و بەرپرسە ئازادی قەدەغەلێكراوەكانیان باش بزانن بە كوشتنی هاوڕێ سەردەشت و سۆران و دەیان رۆژنامەنوسی ترو چاوسوركردنەوە لێیان، سپارتاكۆسئاسا ئاوی (راپەڕین لەپێناو ئازادیدا) ناوەستێت و بەردەوامە لەرۆشتن بەرەو پێشەوە، ئیتر گێلییە بۆ هەر حزب و گرووپ و بەرپرسێك وابزانیت كوشتن و زمانی فیشەك دەتوانێت قەلەَم بێدەنگ بكات، دەبێت باش بزانن و تێفكرن كە بە كوشتنی رۆژنامەنوسێك سەد رۆژنامەنوسی دیكە چرۆ دەكات و سەوز دەبێت.
ئەمڕۆ بگرە پێشتریش خەڵكی كوردستان هێندەى لەئاسایش و دەزگاى زانیارى و پاراستن و دژەتیرۆر ترساون و دەترسن، هێندە لەتیرۆرو تیرۆریستان و لایەنێكی دیكە نەترساون و ناترسن، چونكە خودی خۆم سەدان جار زۆر كەس لەچین و توێژە جیاجیاكان سەدان جار بگرە رۆژانە پێیان وتووم (كاكە وریای خۆتان بن ئەڵێی ئاسایش و دەزگاى زانیارى و پاراستن و دژە تیرۆر ناناسن)، كەمێك دەمی خۆتان بگرن با نەتانكژن، ئێمەش هەمیشە وەڵاممان ئەوە بووەو وتوومان ژیان بۆ سەدام و سەدامییەكان و بەعس نەما ئیتر ئەو دەزگایانە چییە، بەردەوام بە خەڵكمان راگەیاندووە كە گۆڕینی سیستم و حكومەتە داپڵۆسێنەرو تۆتالیتێرەكان و هێنانەكایەى ئازادی و دیموكراسی و دژایەتیكردنی ناداپەروەرى و گەندەڵی پێویستی بە تەزحیەو گیانبەختكردنە، چونكە دوێنێ لەشاخ دەیان هەزار پێشمەرگە لەپێناو رزگاربوون لەستەمی بەعس گیانی خۆیان بەختكردووەو شەهید بوون، با ئێمەش لەپێناو ئازادی و نەهێشتنی گەندەڵی حزب و پێشمەرگەكانی دوێنێ و بەرپرسەكانی ئەمڕۆ دوو شەهید پێشكەشی كەسوكارو هاوڕێ و كۆمەڵگەكەمان بكەین، خۆ هەر رۆژێك دێت چۆك دابدەن.