ئەرسەلان بایز خەمێكى كرد بەدوان

Monday, 20/02/2012, 12:00

2106 بینراوە







"هەموو جیهان سەركردەیەكى لێ بەڵایە،ئێمە لەویش دوومان هەیە"
عەبدولڵا پەشێو
 
سەدام حسێن هەمیشە دەیویست لەرێگەى وێنەكانیەوە لەهەموو شوێنێك بێت، ئەو لەرێگەى وێنەكانى و زەبرو زەنگ حكومى دەكرد، وێنەى لەهەموو پۆلێكى خوێندگاكان هەبوو، لەلاپەڕەى یەكەمى هەركتێبێكدا وێنەى ئەو دەبینرا، لەبیرمە ماڵە دراوسێكمان هەبو، هەرچەندە دوو كوڕیان پێشمەرگە بوون و لەشاخ بوون، بەڵام لەترسى گیانى خۆیان وێنەیەكى سەدامیان لەژوورى دانیشتنى میوانان بەدیوار هەڵواسى بوو، لەو ماڵانەى كەوێنەى سەدامى لێهەڵواسرابوو ، كاتێك دەبووە رەخنەو گلەیى لەرژێمە دیكتاتۆرەكەى بەعس ، یەكێك لەگەورەى ماڵەكە بەوپەڕى باوەڕەوە دەیوت "بێدەنگ بن بەخوا وێنەكەى جاسوسیمان بەسەرەوە دەكات".
هەرگیز لەبیرم ناچێت كەباوكم وێنەى ئەوى بۆگاڵتە لەئاودەستەكەمان هەڵواسى بوو، كاتێكیش پرسیارمان لێیدەكرد، باوكە بۆوێنەكەت لەئاودەست هەڵواسیوە، دەیووت رۆڵە بۆئەوەى سرسیكەكان لێی بترسن و نەیەنە دەرەوەو بێزارمان نەكەن.
زۆرى پێنەچوو گەل راپەڕى و لەبەهارى 1991وێنەكانى سەدام حسێن شكان و دڕێنران وخۆى وێنەكانى بۆهەتا هەتایە كەوتنە بەرنەفرەتى گەل و مێژوو، بەڵام راپەڕین نەوەك هەر نەیتوانى وێنەى سەركردەكان كەم بكاتەوە ، بەڵكو ئەمجارە كردى بەدەیان و سەدان، هەرچەندە پەشێو شاعیر دەڵێت "هەموو دونیا سەركردەیەكى لێ بەڵایە، بەڵام داخەكەم ئێمە لەویش دوانمان هەیە". بەڵام ئێمە لەویش سەدانمان هەیە، كاتێك نەخۆش دەكەویت و دەچیت بۆنەخۆشخانە بۆئەوەى چارەی خۆت بكەیت، دەبینى هەر لەپرسگەوە وێنەى مەسعود بارزانى سەرۆكى هەرێم دەبینى گوایە دەمانچەكەى كەمەرى لەپرسگە دادەنێت، كەسێك خەڵكى ئەم دەڤەرە نەبێت، راستەوخۆ ئەم وێنە ریكلامەى سەرۆك سەرنجى رادەكێشێت و وادەزانێت كەلەم هەرێمە دونیا شامى شەریفەو سەركردەیەك و هاوڵاتیەك لەبەرامبەر یاسا وەك یەكن و دەبێت پێكەوە لەپرسگەى نەخۆشخانە دەمانچەكانیان دابنێن، بەڵام نازانی كەنەوەكو هەرسەركردەكان ،بەڵكو بگرە پاسەوانەكانیشیان بەچەكەوە دەچنە پەرلەمان و نەخۆشخانەو مزگەوت و هەر كوێیەك كەبیانەوێت، هەرچەندە ئێستا لەسایەى سینارۆیەكانى ئەوان سەنتەرەكانى مەساج داخراون، بەڵام كاتێك سەنتەرەكانى مەساج هەبوون، كاتێك دەتویست بۆخاوكردنەوەى دەمارەكانى مێشكت رووت لەسەنتەرەكانى مەساج بكردایەو بۆئەو مەبەستەش بڕى 50دۆلارت دەدا، ، بەڵام لەپڕێك سەرت هەڵدەبڕى و وێنەى بارزانى و تاڵەبانیت لەژوورى مەساج دەبینى و دواى ئەوەى كەپەنجا دۆلارت دەدا بۆخاوكردنەوەى دەمارەكان، كەچى باى دوو ئەوەندە دەمارەكانت رەقتر دەبوونەوە، كاتێك ئێوارەیەك دەتەوێت لەگەڵ هاوڕێیەكت بچیت روو لەیانەیەك بكەیت، بۆئەوەى كەمێك لەژاوەژاوى شاربەدوور بیت و تۆزێك خۆت مەست بكەیت، بۆئەوەى بۆچەند ساتێك بیر لەناعەدالەتى و گەندەلى نەكەیتەوە، كەچى لەوێش وازت لێناهێنن و وێنەى تاڵەبانى و بارزانى بەدیوار هەڵواسراوەو بەم هۆیەشەوە میزاجت تێك دەچێت و هەرچەند بخۆیتەوە مەست نابیت، دەچیت بۆنەخۆشخانەیەكى توركى ـ ئێرانى ، هیندى هەروێنەى تاڵەبانى و بارزانى دەبینیت، رۆژێك لەبەرپرسى نەخۆشخانەیەكى توركیم پرسى چۆنە وێنەى تاڵەبانى و بارزانیت هەڵواسیوە، لەوەڵامدا وتى"بەخوا زۆرم رق لێیانە، بەڵام ئەمرەو دەبێـت هەڵیبواسین، دەچیت بۆچێشخانەیەك بۆئەوەى چێشتێكى خۆش بخۆیت، كەچى لەوێش هەر وێنەى بارزانى و تاڵەبانى دەبینیت و بەم هۆیەشەوە هەر زوو گەدەت دەگیرێت و هیچت بۆناخورێت، لەهەموو پۆلێكى خوێندگاو لەژوورى هەموو بەرێوەبەرێك وێنەى بارزانى و تاڵەبانى دەبینیت، لەهەمووش سەیرتر ئێستا بەهۆى باڵ باڵێنە وێنەى چەند سەركردەیەكى تریش دەبینى، بۆنمونە ئەوەى بەپشتگرى نێچیرڤان بارزانى بۆتە وەزیر یان بەرێوەبەر ئەوە وێنەى نێچیرڤان بارزانى هەڵواسیوە، هەروەها ئەوەى بەهۆى پشتگیرى كۆسرەت رەسول بۆتە وەزیر یان بەرێوەبەر ئەوە وێنەى كۆسرەت رەسولى هەڵواسیوەو ئەوەى بەپشتگیرى مەسرور بارزانیش بۆتە بەرپرس یان وەزیریان بەرێوەبەر ئەوە وێنەى ئەوى لەپشت سەرى هەڵواسیوە، ئەوەى كەپارتیەكى تۆخیش بێت ئەوە وێنەى مستەفا بارزانى هەڵواسیوە.
لەچەند رۆژى رابردوو كاتێك دكتۆر ئەرسەلان بایز ئەندامى مەكتەبى سیاسى یەكێـتى نیشتیمانى كوردستان ، لەسایەى رێككەوتنامەى بەناو ستراتیجى پۆستى سەرۆكى پەرلەمانى پێبەخشرا لەچەند كەناڵێكى راگەیاندن بیستم گوایە وێنەى مستەفا بارزانى لەژورى پێشوازى لاداوە، ئەم هەواڵە دڵ خۆشى كردم و واتێگەیشتم كەجەنابى دكتۆر دەیەوێت لەیەكەم هەنگاوى كاركردن و دەست بەكاربوونى وێنەى سەركردەكان لادات و پەرلەمان بكات بەشوێنى یاسا دەركردن و چاودێریكردنى حكومەت و چیتر نایەلێت پەرلەمان ببێت بەشوێنى ململانێى حزبى و ساغ كردنەوەى بڕیارەكانى مەكتەبى سیاسى، بەڵام نەمزانى دكتۆر خەمێكى كردووە بەدوان ئەمجارەیان لەجیاتى بارزانى تاڵەبانیشى بۆزیاد كردووە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە