خۆمان شیرینەکان دەخەینە سەر شەقامەکان نەک بێگانە

Wednesday, 20/10/2010, 12:00

3290 بینراوە


خوێندەوارەکانی کۆمەڵگای کوردی هەر شۆک ئەیانگرێت، زۆر لە و بابەتانەی کە دوای بڵاوبوونە وەی کارەساتی ژیانی (شیرین) دەنوسران لە کوردستان پۆست باسی ئەوەیان بۆ دەکردین کە توشی شۆک بوون، تێناگەم ئە بەڕێزانە لە کوێ ئەژین خۆ هەر ڕۆژێک بچینە بازاڕی هەر شارێک لە کوردستانی باشوور ئەتوانی لە دەمو چاوی ئەوهەموو دەڕۆزکەرانەدا (سواڵکەر) سیمای ژنێک، كچێک، منداڵێکی بەلەش زیندوو و بە رۆح مردووبە دی بکەیت جا ئیتر بۆ بە خوێندنەوەی خۆتان توشی شۆک دەکەن ! یان ئێمە فێرین بۆ ئەوەی بەشێک لەو بەرپرسیاریەی کە وەکو تاک ئەکەوێتە سەرمان لەسەر خۆمانی لابدەین ئەبێ خۆمان بحەپەسێنین لە کاتی خۆێندنەوەیاندا، بڵێین چۆن کۆمەڵگای ئێمە شتی وای تێدا هەیە. خوێنەری بەڕێز گللەیی مەکە گەر زمانەکم کەمێک زبر بێت!

ئێمە میللەتێکی دواکەوت ولووت بەرزین، سەڕەڕای ئەو هەنگاوانەی بەرەو دواوە ئەینێین خۆشمان زۆر بەزیرەک و لێهاتوو ئەزانین، کەیەتە سەر میللەتەکانی دراوسێشمان گاڵتەیان پێ ئەکەین بە دواکەوتوویان لە قەڵەم ئەدەین بەمەرجێک خۆمان قاچمان لە قوڕی دواکەوتوویدا چەقیووە و نایهێنینە دەرێ و دراوسێکانیشمان خاوەنی وڵاتی خۆیانن. کە زۆریشمان بۆ هات ئەکەوینە گللەیکردن لە بەختی میللەتەکەمان کە زۆڵم و زۆری چەند ساڵە بەوشێوەیە دوای خستوە، بەڵام من دەڵێم ئاستی بیرکردنەوەی میللەتەکامن بەگشتی و چینی خوێندەوارمان بەتایبەتی بەرز ترو قوڵتر بوو لە سەردەمی زڵم و زۆردا، کێ ئەتوانێت بڵێ لە هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکاندا پێشکەوتووتر نەبووی بە فکرو بیرکردنەوە. پێم ناڵێن بۆ ئەبێ(شیرین) لە ناو جەرگەی کۆمەڵگاکەماندا بەوشێوەیە ساتەکانی ژیانی بکرێتە ئاردی بەر ڕەشەبا، ئایا ئەم مرۆڤە لە چۆڵەوانیدا دەژیا، کە نەچۆوە خوێندنگا کەس نەبوو لە مامۆستاکای یان لە بەر پرسیارێک بزانێت بۆئەم منداڵە نێچێتەوە، من بیرم دێت کە منداڵ بووم لە سەردەمی دەستەڵاتی زۆڵم سەدامیدا لیژنە دەگەڕا بۆ لێپرسینەوە لە و ماڵانەی منداڵیان لە ناو نوسین لە خوێندنگا دواکەوتبوو ، بەڵی ئەمە هەبوو، ئەی ئێستا ؟! شیرینە کان هەروا بە ئاسانی پێیان ناخوێندرێت و ژیانیشیان وەکوو پەپوولە پایزە هەڵدەوەرێت، کە بەسەرهاتەکانی ژیانیشیان دەبیستین ئەبێ تووشی شۆک ببین!! مەگەر چەندەها رێپۆرتاژ لەسە لەشفرۆشی و قوربانیەکانیان بڵاو نەکراوەتەوە لە ڕۆژنامەکانی ئاوێنە وهاوڵاتی...هتد لە ساڵانی پێشوودا ،یان ئەو کاتانە خوێنداوار نەبوون. ئەی هەڵای گرتنی ئەو پزیشکی ددانەی گیرا لەسەر کڕینی (سێکس) لە کچیکی منداڵ لە کوێ بوو خۆ لە ئڤغانستان نە بوو ئیتر شۆک بۆ دەتان گرێت!

خۆ چەند ساڵ پێش ئێستە هەر بەڕێگە پێدانی دەستڵات شوێنی لەشفرۆشی لە بادینان کرایەوە مەگەر لەش فرۆشەکانیان نەدەنارد بۆ تێستی خوێنی مانگانە، ڕاستیەکان زۆر شاراوە نین گەر خۆمان نەمانەوێت خۆمانی لێهەڵە بکەین بەڵام ڕاستە هەمیشە خۆ گێلل کردن ئاسانترە. کێمان هاتین بە راستی لە خۆمان پرسی چی بۆ شیرین بکرێت باشە ،هەر یەکێکمان چیمان پێدەکریت ، کوردی دانیشتووی ئەوروپا چەند ئاوڕیان لە شیرین داوەتەوە؟ لێرەدا مەبەست لە وەکەسانە نیە کە لەوانە یە بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن. ئەوەی دەخوێندرێتەوە لە کوردستان پۆست لە بابەتەکان لایداوە لە کێشە گەورەکەی شیرینەوە بابەتەکە بووە بە ڕێکلام کردن بۆ نووسەری ئۆقیانووسێک لە تاوان من نازانم چیرۆکی ژیانی ئەو هەموو پاڵەوانەی لە کتێبی ئۆقیانووسێک لە تاواندا هەیە بەس نەبوو بۆ ناوبانگ پەیداکردن. پرسیارێک بە توندی لێرەدا دێتە ئاراوە کە خاتوو خەندان بەسەرهاتی شیرینی بیست لە بەندینخانە چی پێ بوو بۆ ئەم شیرینە هەناسەساردە ؟؟ دێڕێک یان دوو دێڕ لە کتێبەکەی ؟؟ ئەی چۆن بەڕێوە بەرێکی خانزاد بوو؟

خۆ ئگەر هەموو ڕێکخراوەکان بەووشێوەیە ئیشبکەن گللەیە لە دەستەڵات بۆ بکەین، کێ دەستەڵاتی بە بێ بەرامبەر هەڵبژاردەوە و بەردەوامیش پشتگیری لێدەکات؟ خاتوو خەندان بەداخەوە خۆی لێکردووین بە پاڵەوان، هیچی بۆ خوێنەران نەهێشتوەتەوە، دەبوایە بەشێکی بۆ ئێمەی خوێندەر بهێشتایەوە! بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە بەشێوەیەک قسەمان بۆدەکات ئەڵەی ئێمە لەم شارەدا ناژین و ناتوانین بزانین هەتا چەندێک هەڵدانی خۆی و کارەکانی ڕاستە، کەی تۆ بەتەنها بوویت لە گەڕان بەدوای منداڵی سەر جادەدا؟ کەی تۆ بە تەنها کاژێر 2ی شەو چوویتە دەرێ بۆ گەڕان بەسەر جادەکانی شاردا ؟ بەڕاستی سەیرم لێدێت کە هەموو کەرەکانت کردووە بە پاڵەوانی خۆت !! بۆچ مافی ئەو کەسانە دەخۆیت کە ئەو ئیشەیان دەکرد! دەبێت ئەو ڕۆژنامە نووسەی چاوپێکەوتن دەکات لەگەڵ یەکێکدا بە پەیام نێریان لە کوردستانە بڵێن هەندێ زانیاری بێلایەنانە کۆ بکەنەوە ،بۆ ئەوەی چاو پێکەوتنەکان تەنها پیا هەڵدان نەبێت! خاتوون کە تۆ خەڵاتت وەرگرت لە دەستەڵات زۆر دڵخۆش بوویت لە ڕووی تەلەفزێۆنەکانەوە خۆتت پێ بادەدا ئێستا بۆ پاساوی ئاگالێنە بوون دەهێنیتەوە، پرسیارێک هەیە خۆی دەهێنێتە پێشەوە بۆچی سۆرانی کاکە حەمەڕیپۆرتاژێکی ڕۆژنامەوانی لەسەر باندی لەشفرۆشەکانی کەرکوک کرد نەیانهێشت تەواوی بکات خوێنی گەشیان ڕژان کەتائێستاش بۆنی ئەو خوێنە ئاو لە چاومان دەهێنێت بەڵام تۆ خەڵات کرایت

هەرچەندە کتێبەکەش سەرنجی زۆری لەسەرە بەڵام ئەوە ئێستا گرنگ نیە، بۆ کتێبێک لە سەر ناوچەیەکی دیاری کراوو دەر دەکرێت تۆبڵێی گەر ئەم ناوچەیە پاک بکرێتەوە ئیتر کێشە نامێنێت بەڵام خۆ هەر تۆ نیت مرۆڤ دۆستی وکوردایاتیمان پێدەفرۆشن و لەولاشەوە خەڵات وەردەگرن لەو دەستەڵاتەی کە دوای سفری پێنادەن!! یان وەکوو ئە هونەرمەندەی کە جەماوەرێکی ئێجگار زۆری بۆ خۆی پەیداکردوە بەڵام نەخۆشمان دەخات و خەڵاتی حیزبێک وەردەگرێت کە تاوانبارە بە ڕژانی خوێنی چەندەها ڕۆشنبیری نیشتمانەکەم! خاتوو خەندان بە بازێک هێلی بیرکردەوە ناگۆڕێت بەخۆت ڕازی بابیت پاساو بۆ ووشە فرۆشیکی تریش دەهێنیتەوە، ئەی بۆچی ڕووناک بیرێکی وەک جەمال نەبەز زۆر بە سەربەرزیەوە خەڵاتی دەستەڵاتی رەت کردەوە.

نامەوێت زیاتر لەسەر پاڵەوانێتی ئەم خانمە بدوێم چوونکە ئەو کاتە منیش ڕێکلامت بۆ دەکەم و تۆش فەنتازیای خەیاڵت لەوە دەوڵەمندترە کە دابمێنیت بۆ دروست کردنی وەڵام، بەراستی ئەم جۆرە کەسانە و کۆمڵگاو میدیاکانمان وات لێدەکەن هەمووی بەیەکێک لە چیرۆکەکانی (برایم زەبۆکی) نووسەری گەورە عەزیز نەسینی بزانیت!

پرسیارێکی زۆر گرنگ لێرەدا ئەبێت بکرێت چی بکرێت بۆ شیرین و کوڕەکەی ،ئەمە بابەتی سەرەکییە نەک داوای خەڵاتی کارتۆنی! کوا پێشنیارەکانی یارمەتی دانی، کە ئەودایک و کوڕە لە ئەورووپابن زیاتر دەتوانرێت یارمەتیان بدرێت، ئایا ئەم شیرینە چاوی بە پسپۆڕێکی دەروونی کەوتوە؟ گەر حکوومەتی ئەو وڵاتەی تێیدایە پارەی بۆ دابێن ناکات با ئێمە بۆی دابین بکەین، ئەم مرۆڤە بەدڵنیای پێویستی بە چاودێری دەروونی هەیە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ دەبا کۆمەکی بکەین لێرەوە و لە دەرەوەی کوردستان، ئەی کە کوردستان پۆست بابەتێکی وا دەوروژێنێت دەبێت چارەسەرەکانیش بخاتە ڕوو گەر کاتیشبن، بەڕێزینە بیر لەو منداڵ بکەنەوە چ چارە نوسێک چاوەڕوانی دەکات کە خاوەنی دایکێکی وا نەگبەت و کۆمەڵگایەکی وەک ئێمەی هەبێت، خۆ هەر لە چیرۆکەکانی شیرینەوە تێدەگەین (بە خوێنەرە حەپەساوە کەنیشمانەوە) کە جگە لە کردنی بە لە ش فرۆش هیچ رووناکیەکی کە نابینێت لەم وڵاتەدا، دەبێت کار بۆ ئەوە بکرێت کە لە ئەورووپا بمێننەوە و دەروونیان تیمار بکرێت، قاپێ چێشتو دەستێ جلی پاک دەردی ئەوان تیمار ناکات. دە بێت کوردستان پۆست بۆمان دەربخات بەسەرهاتی شیرین تەنها دەست پێشکەریەکی ڕۆژنامە وانی نەبووە، ئێمە چاومان لە یارمەتیە بۆ ئەم دوو مرۆڤە ودەمانەوێت بە ڕوونتر بزانین ئێستا پلانیان چیە؟ دوا سەرنج کە هەمە وەکو خوێنەرێکی بەسەرهاتی شیرین ناو ئاشکرا نەکردن و ئاشکرا کردنێتی، ناوی باوکی شیرین و پیشەکەی بێسانسۆر ئاشکرا کرا بەڵام ناوی کڕیارەکان یان هونەر مەندەکان نا....بۆ ئەوەی بانێک و دوو هەوا نەبووایە زۆر بە ئاشکرا ناوی باوکیشیتان نەوتایە، خۆ کاتی خۆی ناوی زۆر لە کچی کوردستانتان بڵاو کردەوە لە بابەتەکەی دکتۆر موحەمەد خۆشناو ! مەگەر خۆ ئەوانە زۆر هەستیار تر بوون، جۆرێک لە زۆڵمیشی تێدابوو. دوا جار با تیشکەکان لەسەر چارەنوسی شیرین بێت نە ک بابەتەکی بۆ ڕێکلامی ئەم و ئەو بەکار بهێنرێت.

زۆر جار دەڵێم خۆزگە عەزیز نەسین بمایە و چیرۆکێک لە سەر کۆمەلگاکەمان و دەستەڵات و مێدیا..... بنوسیایە بۆ ئەوەی خۆمان بمان خوێندایە و تێر بگریاینایە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە