سوریا و هەژموونی ناوچەکە!! - بەشی دووەم

Tuesday, 03/09/2013, 12:00

1967 بینراوە







لە ڕۆژی شەمەی ٣١/٨/١٣ وە کە سەرۆک ئۆباما لێدوانی لەسەر شەڕو کیشەی نێوخۆی سوریادا، کە بۆ لێدانی سوریا پێویستی بە پشتگیری ئەندامانی کۆنگرس هەیە، چونکە ئەمریکا کار بە یاسادەکات کەس لەسەروی یاساوەنیە هەتا (جان ئادەم) کە بەباوکی یاسا دەناسرێ لە ئەمریکادا.

بۆچی کێشەی سوریا بۆ ئێمەی کورد گرنگی و ستراتیجیەتی خۆی هەیە، بەپلەی یەکەم بەشێک لە خاکەکەمان لە بندەست داگیرکەری سوریا و بەشێکیتری عەرەبدایە، کە دەبێت شێلگێڕانە خوێندنەوەی بۆبکرێ، چوونکە داڕمانی هەریەک لەو دەووڵەتانەی کە کوردستانیان تیادا دابەش بووە، دەبێتە پردێک، یان سەرکەوتنێکی بەشێکتری کوردستان.
هەلی زێڕین دەبێت، لە کاتی ئاڵتوونی خۆیدا بقۆزرێتەوە، ئەگەر نەتقۆستەوە دەبیت بە پاروی بچووک و بەئاسانی دوژمن دەتپێچێتەوە، وەک چەندین هەل کە لە ڕابوردوودا لە کوردستانی باشور ڕویداوە، هەرلەبەر ئەوەی هیچ لایەنێک لایەنەکەی تری نەخوێندۆتەوە،لە ئەنجامیشدا باجەکەی گشت کورداوێتی، لەسەر ئەوەیی من براگەورە تۆ برابچووک، یان لەسەر ئەم ڕیزە ڕەزە گشتی بۆ من و لە خوار باراوەکەشەوە بۆ تۆ. من تێناگەم بۆ چی بۆ بێگانە تا سەر ئەژنۆ دەچەمینەوە، بەڵام لە ئاستی یەکدا سووری بەرلەشکری نەیارانین، تۆ بڵێیت لە زارۆکیمانەوە تفی بێگانە پەرستیمان لەزارکرابێ، کەکەس بەرامبەرەکەی پێپەسەند نەبێ.

هەر چۆنێکبێت لە کاتی هەر هەڵمەتێکی هاوپەیمانان یان ئەمریکا بۆ سەر سوریا دەبێ ڕێکخراوەکانی کوردستانی خۆرئاوا بە خوشک و برایانەوە زۆر تەباو ژیرانە لەگەڵ ڕەوشەکەدا هەڵسوکەوت بکەن، هەموو ناکۆکیە لاوەکیەکانیان کەنار بخەن، دەستی تێکدانی گێرەشوێنەکانی خۆشمان بنبەست بکرێ، چوونکە با بێ و باران لە بەفر کەمدەبێتەوە، دەبێت کورد بە کەمترین زەرەر لێدەرچێ.
دەبێت کورد بۆ ئەم ڕووداوە مێژوویە لەنێو ماڵی خۆیدا تەنها تەماشاکەر نەبێ، تەواویی ئەوناوچانەی کە لەکۆنیشدا کوردنشین بووە ڕزگار بکرێتەوە، دەبێت پشتێنی پەرژینی بچێنن بۆ بەرگریکردنی هەر هەڵمەتێک کە لە لایەن دووژمنانی کوردەوە دەکرێ ((بیرۆکەیەکی سەربازی ئەمریکیە))
دەبێت تەواوی میدیا کوردیەکان لە خزمەت ئەم ڕەوشەی کوردستانی خۆرئاوادابێت، بە میدیای ئازادەوە، هەواڵ و ڕووداوەکان بەپاکی و ڕاستی بگوێزرێنەوە، چوونکە میدیاکان بەشێکدەبن لە سەرکەوتنی بزاڤەکە.

ئەرکی سەرکردەکانی کورد چیە؟؟؟
ئەرکی سەرشانی سەرکردەکانی کورد تابڵێت قورسە، بەتایبەت کوردستانی باشوور، چوونکە لەبەر هەندێک پەیوەستی دبلۆماسی چ هەرێمی یان دەرەکی.
من باش لەوەتیدەگەم، چوونکە کەم تا زۆر لە بوارەداکارم کردوە، بەڵام خۆ ئەمە تەڵاق کەوتن نیە، کە تۆ بەرژەوەندی نیشتمانی بخیتە ژیرپایی نەیارەکانتەوە، سیاسەت هەمووی درۆیی سپیە، پاشقول لێدانی بەرژەوەندیە هەنووکەیەکانە، ئەم هەلەش گەرهاتە پێش لێفەی بەسەردا مەدەن، با تەبابین، پەیام و هەڵوێستی نیشتمانیتان یەکبێت، ئێمە هەموو بەیەکەوە جوانین، ئەگەر سووتاین با هەموو بەیەکەوە بسووتێین و ئەگەر ژییاین با هەموو بەیەکەوە بژین.

بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم چەنگەدا گەورەترین ئەرکی نیشتمانی لەسەر شانی تۆدەبێت، بۆ هەر گۆڕانکاریەک کە هاتە پێش، دەبێت کاک مەسعود بەرزانی یەکەم کەس بێت لە کوردستانی باشوور پشگیری تەواوی خۆی ڕاگەیەنێت، ئینجا تەواوی گەلی کوردستان لەهەر شوێنێک بێت، دەبێت کورد تێکڕا بڕژێنە سەر جادەو شەقامەکان، یەک هەڵوێستیمان بەرهەمەکەی دووایی دەیچنینەوە.
لەو ئەرکەش گەورەتر کوردەکانی دەرەوەی ووڵاتە، کە دەبێت بەزووترین کات پشگیری خوشک و براکانیان بکەن، لەهەر شوێنێک کونسڵ و سەفارەت هەبوو بە تایبەت لە واشنتۆن و مۆسکۆ برژێنە بەردەمیان و نەترسانە داوای سەربەخۆیی کوردستان بکەن بە پێی جارنامەی بەندی ٦٣ و ٦٥ ی یوئن.
گەر هات و سەرۆکی هەرێم پێداگری خۆیی نەکرد لەسەر ئەم هەڵوێستەیە خوانەکات، دەبێت گەل هەڵوێستی شەریفانەی خۆیی بنوێنی لە زووترین کاتدا.
هەموو دەزانین کە تورکیا بۆ پارتی و پارتیش بۆ تورکیا، بەپێی بەرژەوەندیکانی تورکیا ئاوێزانی یەکن، بەڵام ئیمڕۆ گڵۆڵەی تورکیا بەپێی سیاسەتی دەرەکی بەرەو لێژی دەڕوات، چوونکە تورکیاش لە سەنگەری ئیخوانن موسلیمندایە، ئیخوانەکانیش بە بابەگەورەیی ئەلقاعیدە دەژمێردرێن. دەبێت کاک مەسعودیش بەپێی بەرژەوەندیەکانی کورد گێڕەکە ژیرانە بگۆڕێ، نەشیش بسوتێ و نە کەباب، من دەزانم سنوری دەرەکی هەرێم و بەتایبەت پارتی تورکیایە، بەڵام هەرگۆڕاکاریەکی گۆڕەپانەکە بە بەرژەوەندی کورد دەگۆڕێت و بە زەرمەندی دەوڵەتانی ناوچەکە، بە تایبەتی تورکیا تەواو دەبێت، بۆیە دەبێت سیاسەتی سەرکردەکانی کورد حەکیمانەبێت و یەک وتار و یەک هەڵوێست بێت.

ماوێتی بەپێی گۆڕانکاریەکان

تیشکۆ زەند
کالیفۆرنیا، ئەمریکا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە