ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

بۆچی ده‌بێت ژنان به‌شداری زیاتر له‌ خۆپیشاندان بکه‌ن

Tuesday, 03.08.2011, 12:00

1535 بینراوە


نامه‌وێت نوسینه‌که‌م به‌ قسه‌ی سه‌وزو سور و بریقه‌دار ده‌ستپێبکه‌م و پیرۆزبایی بۆ ژنی کورد به‌بۆنه‌ی 8 ی مارسه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ بکه‌م، چونکه‌ گوێچکه‌ی ژنانمان پڕ بوه‌وه‌ له‌و جۆره‌ ووتارانه‌. به‌ڵام ده‌مه‌وێت به‌ژنی کورد بڵێم تازوه‌ خۆتان بگه‌یه‌ننه‌ به‌رده‌رکی سه‌راو مافه‌کانی خۆتان به‌دروشم به‌رزبکه‌نه‌وه‌. ده‌مه‌وێت پێیان بڵێم بۆ ئێوه‌، ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ له‌ ڕاپه‌ڕینی بیست ساڵ له‌مه‌و به‌ر پیرۆزتره‌‌. پێشی بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر که‌ ژنان شان به‌شانی پیاوان دژ به‌ به‌عسی فاشست ڕاپه‌ڕین، لایان وابوو ئیتر مافی ژنان پارێزراو ده‌بێت و له‌سایه‌ی کورددا ماندوێتی ده‌یان ساڵیان له‌بیر ده‌چێته‌وه‌، به‌ڵام ئایا پاش ئه‌وه‌ چی ڕویدا؟
یه‌که‌م شت که‌ پاش ڕاپه‌ڕین ڕویدا ئه‌وه‌بوو که‌ ڕیزی ژنان دووکه‌رت بوو، دابه‌شکران به‌سه‌ر یه‌کێتی ژنان و یه‌کێتی ئافره‌تاندا، له‌و کاته‌شه‌وه‌ هه‌ردوو حزبه‌که‌ له‌هه‌وڵی فراوانکردنی دوو به‌ره‌کیدان له‌ نێوان ئه‌م دوو یه‌کێتیه‌دا. پاش ئه‌وه‌ش به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆوه‌ سه‌دان خێزانی کورد سه‌رگه‌ردان بوو، ژنانیش له‌م شار بۆ ئه‌و شار ماڵیان تێك چوو، سه‌رگه‌ردان بوون، له‌ شاری باوو باپیرانیان کۆچیان کرد، خه‌ڵکی هه‌ولێر بۆ سلێمانی و خه‌ڵکی سلێمانی بۆ هه‌ولێر! پاشان ده‌یان ڕێکخراوی مافی ژنان دروست بوو که‌ زۆربه‌یان سه‌ر به‌یه‌کێك له‌ حزبه‌کان بوون و زۆربه‌شیان به‌ ناوی داکۆکی کردن له‌ مافی ژنان که‌وتنه‌ دزی و ڕاوو ڕوتکردن و بیری مافی ژنیان چووه‌وه! ڕه‌نگه‌ ڕێکخراو هه‌بوبێت که‌ به‌ڕاستی هه‌وڵی داکۆکی کردنی له‌سه‌ر مافی ژنان دابێت به‌ڵام ئه‌و ڕێکخراوانه‌ به‌هه‌موو جۆرێك دژایه‌تی کراون و نه‌یانتوانیوه‌ کاره‌ پیرۆزه‌کانی خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن. کۆمه‌ڵێك ژنانی به‌ناو نوسه‌ریش که‌وتنه‌ نوسینی ووتاری بریقه‌دار و دایانه‌ پاڵ ئه‌و حزبانه‌ی ده‌ستدرێژی ئه‌که‌نه‌ سه‌ر ژنان! ‌
ئنجا با بێمه‌ سه‌ر ده‌ستدرێژی کردن بۆسه‌ر مافی ژنان! ئه‌وه‌ی ڕویداو بیستمان له‌ کوشتن و ڕاونان و ته‌عه‌داو خۆسوتاندن و خۆکوشتنی ژنان، له‌ مێژوی کورددا بێ وێنه‌ بوو، ئه‌وه‌ باسی ته‌حارشی جنسی هه‌ر ناکرێت!! زۆربه‌ی که‌یسه‌کانیش ده‌ستی یه‌کێك له به‌رپرسه‌‌ حزبیه‌کانی تێدابوو، نه‌ماندی یه‌کێك له‌سه‌ر کوشتن و ده‌ستدرێژی بۆسه‌رکچێك سزا بدرێت! ‌ ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانیش‌ باسی هه‌موو ڕوداویه‌کیان ده‌کرد و پاشان به‌دواداچونی نه‌بوو! مه‌سئوله‌کانیش یه‌کی ژنێك یان دوانی تازه‌یان بۆخۆیان هێناو ده‌ستبه‌رداری ئه‌و ژنانه‌یان بوون که‌هاوخه‌باتیان بوون له‌ ڕۆژانی سه‌ختی شاخدا. له‌سایه‌ی حوکمی دوو بنه‌ماڵه‌وه‌، کاسبی کردن به‌ له‌شی ژنانه‌وه‌و هێنده‌ زۆر بوو که‌ بانده‌ له‌شفرۆشه‌کان به‌ بێ ترس و به‌ئاشکرا کاریان ده‌کرد. خوڕه‌وشتی هه‌ندێك کچان و ژنانیانی نه‌فسنزمیان تێکدا، به‌های ئه‌خلاقی له‌ کۆمه‌ڵگادا به‌ره‌و کزبوون ڕۆیشت.
ژنانی ووڵاته‌که‌م، ئه‌گه‌ر باسی ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر مافی ئێوه‌ بکه‌ین به‌ده‌یان کتێبی وه‌کو "ئۆقیانوسێك له‌ تاوان" ی به‌ڕێز خه‌ندان حه‌مه‌ جه‌زامان پێویسته،‌ بۆیه‌ ده‌بێت ئێوه‌ له‌ پیاوان زیاتر بچن به‌گژ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌کاندا، ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ی که‌ زه‌مینه‌ی ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر مافی ئێوه‌ی ڕه‌خساندوه‌و هه‌رگیز به‌نیازیش نیه‌ به‌ ئاسانی ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵات بێت. بۆیه‌ ده‌بێت ژنان به‌ ڕێژه‌یه‌کی زیاتر له‌به‌ر ده‌رکی سه‌را ببینین، دروشمه‌کانتان له‌ مه‌یدانی ئازادیدا به‌رز بکه‌نه‌وه‌و بڵێن " بڕوخێ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ له‌ژێر سایه‌یدا ژنی کورد له‌ بچوکترین مافی خۆی بێبه‌ش بوو"




(دەنگدراوە: 0)