ئاوێنه‌ گه‌نده‌ڵییه‌کانی ده‌زگای‌ چاپ‌و په‌خشی‌ سه‌رده‌م بڵاوده‌كاته‌وه‌

Friday, 21/08/2009, 12:00

1682 بینراوە


به‌پێی‌ ئه‌و وردبینییه‌ی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ بۆ حساباتی‌ ده‌زگای‌ چاپ‌و په‌خشی‌ سه‌رده‌م له‌ساڵی‌ 2006دا كردویه‌تی، ئه‌و ده‌زگایه‌ چه‌ندان كه‌موكوڕیی‌‌و سه‌رپێچی‌‌و "گه‌نده‌ڵی‌" تێدایه‌.
به‌پێی‌ راپۆرتێكی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ كه‌ دانه‌یه‌كی‌ ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌وتووه‌‌و كۆپی‌ نێردراوه‌ بۆ (سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، ده‌زگای‌ پرۆژه‌كانی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ هه‌رێم، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ سه‌رپێچییه‌ داراییه‌كان‌و چه‌ندان شوێنی‌ تر) ئاماژه‌ بۆ چه‌ندین سه‌رپێچی‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ڕووی‌ دارایی‌‌و ئیدارییه‌وه‌ له‌ده‌زگای‌ چاپ‌و په‌خشی‌ سه‌رده‌مدا روویانداوه‌.
راپۆرته‌كه‌ كه‌ له‌26 لاپه‌ڕه‌ پێكهاتووه‌‌و هاوپێچه‌ له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌كی‌ دوو لاپه‌ڕه‌ییدا كه‌ ئاراسته‌ی‌ ده‌زگای‌ چاپ‌و په‌خشی‌ سه‌رده‌م كراوه‌، ئاماژه‌ بۆ چه‌ندان پێشێلكاریی‌ ده‌كرێت، له‌وانه‌:

له‌جیاتی‌ كۆمپرێسه‌ری‌ ئامێری‌ چاپ، كۆمپرێسه‌ری‌ په‌نچه‌ری‌ كڕدراوه‌
راپۆرته‌كه‌ی‌ دیوانی‌ چاودێری دارایی‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌زگای‌ چاپ‌و په‌خشی‌ سه‌رده‌م دوو ئامێری‌ چاپی‌ كڕیوه‌، یه‌كێكیان جۆری‌ رۆلاندی‌ (ره‌نگاوره‌نگ) به‌بڕی‌ 1562393140 (یه‌ك ملیار‌و پێنج سه‌د‌و شه‌ست‌و دوو ملیۆن‌و سێ‌ سه‌دو نه‌وه‌د‌و سێ‌ هه‌زار‌و سه‌دو چل دینار)، دووه‌میان جۆری‌ هایدل (ره‌ش‌و سپی‌) به‌بڕی‌ 65832 (شه‌ست‌و پێنج هه‌زار‌و هه‌شتسه‌دو سی‌‌و دوو دۆلار)، ئه‌م كاره‌ش سپێردراوه‌ به‌ كوڕی‌ سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ سه‌رده‌م كه‌ بیكڕێت. به‌پێی‌ راپۆرته‌كه‌ چه‌ندین كه‌موكوڕیی‌ له‌م كاره‌دا هه‌یه‌: "وه‌ك ئه‌نجام نه‌دانی‌ (مناقسه‌‌)، بۆ هێنانی‌ ئه‌و دوو ئامێره‌، رێكنه‌خستنی‌ په‌یوه‌ستنامه‌ له‌گه‌ڵ ناوبراودا پاشئه‌وه‌ی‌ ئامێری‌ چاپی‌ ره‌ش‌و سپی‌ هێنراوه‌، چونكه‌ كۆن بووه‌‌و مۆدیلی‌ 1977 بووه‌‌و كاری‌ نه‌كردووه‌. هه‌روه‌ها له‌جیاتی‌ ئامێری‌ (سلیڤان) كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئامێری‌ چاپ، ئامێری‌ كه‌پسی‌ پێناس هێنراوه‌، له‌جیاتی‌ كۆمپرێسه‌ری‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ره‌نگه‌كان، كۆمپرێسه‌ری‌ په‌نچه‌ری‌ هێنراوه‌".
له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا له‌سه‌ر ئه‌م سه‌رپێچییانه‌ هاتووه‌، "له‌ڕووی‌ یاساییه‌وه‌ كــه‌موكوڕیی‌ زۆر به‌دیده‌كرێت له‌كاره‌كــــانی‌ ئه‌و ده‌زگایه‌دا، سه‌باره‌ت به‌كڕینی‌ ئه‌و ئامێرانه‌، هیچ شێوازێكی‌ ئسوڵی‌‌و یاسایی‌ له‌ئه‌نجامدانی‌ كڕینه‌كه‌دا په‌یڕه‌و نه‌كراوه‌، هه‌روه‌ها كوڕی‌ سه‌رۆكی‌ ده‌زگا هه‌ستاوه‌ به‌كڕینی‌ ئه‌و دوو ئامێره‌، له‌ به‌پێی‌ یاسا نابێ‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌نجامدانی‌ دابینكردنی‌ ئه‌و ئامێرانه‌ بدرێت به‌ كوڕی‌ سه‌رۆكی‌ ده‌زگا كه‌ كه‌سی‌ پله‌ یه‌كه‌. هه‌روه‌ها سه‌ره‌تاییترین مه‌رجی‌ یاسایی‌ له‌و كڕینه‌دا نییه‌، كه‌ ئه‌ویش رێكخستنی‌ گرێبه‌سته‌ له‌نێوان ده‌زگا‌و ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ ئامێره‌كان ده‌هێنێت‌و دانانی‌ بڕگه‌ی‌ تایبه‌ت بۆ رێگرتن له‌سه‌ر پێچی‌ به‌ڵێنده‌ر. بۆ نمونه‌ ده‌بینین له‌كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ كـــاره‌كه‌دا به‌ڵێنده‌ر چه‌ندین سه‌رپێچی‌ كردووه‌ وه‌ك كارنه‌كردنی‌ ئامێری‌ چاپی‌ ره‌نگاوڕه‌نگ له‌دوای‌ شه‌ش مانگ له‌ (نسب)كردنی‌، كارنه‌كردنی‌ ئامێری‌ چاپی‌ ره‌ش‌و سپی‌ بۆ یه‌ك چركه‌ش كه‌چی‌ به‌رامبه‌ر به‌ڵێنده‌ره‌كه‌ هیچ رێوشوێنێك نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر".
دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ ئه‌مه‌ بۆ هۆكار ده‌زانێت كه‌ ده‌زگای‌ سه‌رده‌م سه‌رباری‌ ئه‌و پاره‌ زۆره‌ی‌ بۆ كڕینی‌ ئه‌و ئامێرانه‌ خه‌رجیكردووه‌، به‌ڵام هه‌ندێ‌ به‌رهه‌می‌ نوسه‌رانی‌ بۆ چاپكردن ئاراسته‌ی‌ چاپخانه‌ی‌ حه‌مدی‌ كردووه‌ به‌پێی‌ گرێبه‌ستێك كه‌ بڕه‌كه‌ی‌ 56222750 (په‌نجا‌و شه‌ش ملیۆن‌و دوو سه‌د‌و بیست دوو هه‌زار‌و حه‌وتسه‌د‌و په‌نجا دینار)، هه‌روه‌ها خه‌رجییه‌كی‌ تر به‌ بری‌ 60936 (شه‌ست هه‌زار‌و نۆسه‌د‌و سی‌‌و شه‌ش دۆلار).

سه‌رۆك‌و ئه‌نجومه‌ن 96 ملیۆن دینار پاداشت وه‌رده‌گرن
به‌پێی‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵی‌ 2006دا بڕی‌ مووچه‌‌و پاداشتی‌ ده‌زگای‌ چاپ‌و په‌خشی‌ سه‌رده‌م، گه‌یشتۆته‌ 546684700 (پێنج سه‌د‌و چل‌و شه‌ش ملیۆن‌و شه‌ش سه‌د‌و هه‌شتا‌و چوار هه‌زار‌و حه‌وتسه‌د) دینار، له‌و بڕه‌ 96000000 نه‌وه‌د‌و شه‌ش ملیۆن دینار كه‌ ده‌كاته‌ 17%ی‌ كۆی‌ پاداشت، دراوه‌ به‌سه‌رۆكی‌ ده‌زگا‌و ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی‌. دیوانی‌ چاودێری‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌م شێوه‌یه‌ له‌ مووچه‌وه‌رگرتن به‌دوو مووچه‌ ئاژمار ده‌كرێت، چونكه‌ هه‌ندێكیان مووچه‌ی‌ خانه‌نشینیش وه‌رده‌گرن، یان له‌داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌تدا كارده‌كه‌ن‌و موچه‌ی‌ خۆیان هه‌یه‌.
چاودێری‌ درایی‌ ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌پێی‌ رێنماییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ هه‌رێم بۆ كاروباری‌ دارایی‌‌و ئابوریی‌ ژماره‌ (12865) كه‌ له‌ 11/9/2006دا ده‌رچووه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌دوو فه‌رمانگه‌ كارده‌كه‌ن‌و دوو موچه‌یان هه‌یه‌، پێویسته‌ یه‌كێك له‌و مووچانه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی‌ حكومه‌ت‌و له‌دوای‌ 1/10/2006ه‌وه‌ مووچه‌ی‌ ته‌نها یه‌ك شوێن هه‌ڵبژێرن، له‌دوای‌ ئه‌و به‌رواره‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك له‌ دوو شوێن مووچه‌ وه‌رده‌گرێت، كۆتایی‌ به‌ڕاژه‌كه‌ی‌ ده‌هێنرێت له‌فــــه‌رمانگه‌كه‌ی‌‌و هه‌موو ئه‌و مووچانه‌ی‌ كه‌ وه‌ریگرتووه‌ لێی وه‌رده‌گیرێته‌وه‌‌و روبه‌ڕووی‌ یاسا ده‌كرێته‌وه‌.

به‌پاره‌ی‌ سه‌رده‌م ئۆتۆمبیلی‌ شه‌خسی‌ چاكده‌كرێته‌وه‌
له‌و به‌شه‌ی‌ راپۆرته‌كه‌دا كه‌ باس له‌ خه‌رجییه‌كان ده‌كات، دیوانی‌ چاودێری‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ بڕی‌ خه‌رجی‌ ئه‌و ساڵه‌ 10164500 (ده‌ ملیۆن‌و سه‌د‌و شه‌ست‌و چوار هه‌زار‌و پێنج سه‌د دینار‌و 250 دۆلاره‌)، ئه‌م خه‌رجییه‌ بریتیه‌ له‌خه‌رجی‌ چاككردنی‌ 5 ئۆتۆمبیل له‌كاتێكدا ده‌زگای‌ سه‌رده‌م ته‌نها خاوه‌نی‌ 3 ئۆتۆمبیله‌. دیوانی‌ چاودێری‌ بۆی‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و 2 ئۆتۆمبیله‌ی‌ تر سه‌یاره‌ی‌ شه‌خسی‌ سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ سه‌رده‌من‌و له‌سه‌ر فه‌رمانی‌ زاره‌كی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌و خه‌رجییانه‌ بۆ چاككردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و دوو سه‌یاره‌ شه‌خسییه‌ كراوه‌.
دیوان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م كاره‌ پێچه‌وانه‌ی‌ بڕیاری‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمه‌ كه‌ به‌پێی‌ بڕگه‌ی‌ 4ی‌ بڕیاری‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ژماره‌ 54ی‌ 21/4/2001 تیایدا هاتووه‌ "عدم السرف علی‌ تسلیح وادامه‌ السیارات الشخسیه‌‌ للمسولین الحكومین وعدم شرا‌و الوقود، واعتبار الموافقات السادره‌ بهژا السدد ملغیه‌‌ بغچ النڤر عن متن القرار".
دیوان داوا له‌ده‌زگای‌ سه‌رده‌م ده‌كات له‌ داهاتوودا پابه‌ندی‌ بڕیاری‌ ئاماژه‌ بۆكراو بن‌و هیچ خه‌رجییه‌ك ئه‌نجام نه‌درێت بۆ چاككردنی‌ ئۆتۆمبیلی‌ شه‌خسی‌، جگه‌ له‌وانه‌ی‌ موڵكی‌ ده‌زگان‌و له‌تۆمارگاكاندا تۆماركراون.

كه‌لوپه‌لی‌ ده‌زگا فرۆشراوه‌ته‌وه‌
به‌ كارمه‌نده‌كانی‌
دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌و وردبینییه‌ی‌ له‌بواری‌ داهاتدا بۆ ده‌زگاكه‌ كردویه‌تی‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ساڵانی‌ 2005و 2006دا كۆمه‌ڵێك كه‌لوپه‌لی‌ ده‌زگاكه‌ فرۆشراونه‌ته‌وه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌زیادكردنی‌ ئاشكرا ئه‌نجام بدرێت‌و كه‌لوپه‌له‌كانیش فرۆشراونه‌ته‌وه‌ به‌كارمه‌نده‌كانی‌ خۆیان كه‌ هه‌ندێكیان ئه‌ندامن له‌لیژنه‌ی‌ فرۆشتندا.
ده‌رباره‌ی‌ ئه‌م كاره‌ دیوان ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ماده‌ی‌ 4ی‌ یاسای‌ فرۆشتن‌و به‌كرێدانی‌ ژماره‌ 32غ ساڵی‌ 1986ه‌ كه‌ تیایدا هاتووه‌ "لایجوز لمنتسبی الوزارات او الجهات غیر المرتبگه‌ بوزاره‌‌، او القگاع الاشتراكی الژین اتخژوا قرارا ببیع او ایجار اموال الجهه‌‌ التی ینتسبون الیها وكژلك اعچا‌و لجنتی التقدیر والبیع، شرا‌‌و او استئجار هژه الاموال بگریق المزایده‌ العلنیه‌ ویسری ژلك علی‌ ازواجهن واقرابهم حتی‌ الدرجه‌ الرابعه‌".

كۆتایی‌
وه‌ك ئاماژه‌مان بۆ كرد ئه‌م دۆسییه‌ی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ له‌سه‌ر ده‌زگای‌ چاپ‌و په‌خشی‌ سه‌رده‌م، له‌نامه‌یه‌كی‌ دوو لاپه‌ڕه‌یی‌‌و راپۆرتێكی‌ 26 لاپه‌ڕه‌یی‌ پێكهاتووه‌، جگه‌ له‌م به‌شه‌ گرنگانه‌ی‌ باس له‌چه‌ندین به‌شی‌ گرنگی‌ تر كراوه‌، كه‌ به‌كورتی‌ ئاماژه‌یه‌كیان پێده‌ده‌ین، له‌وانه‌: بڕێكی‌ زۆر پاره‌ له‌خه‌زنه‌دا بووه‌، ئیداع نه‌كراوه‌ له‌بانك، بڕێك پاره‌ی‌ زۆر له‌سكرتاریه‌تی‌ یه‌كێتی‌ وه‌رگیراوه‌، به‌ڵام پسوڵه‌ی‌ پاره‌ وه‌رگرتنی‌ بۆ رێكنه‌خراوه‌‌و له‌حسابی‌ جاریی‌ ده‌زگا ئیداع نه‌كراوه‌. سه‌باره‌ت به‌كڕینی‌ كه‌لوپه‌ل بۆ بینای‌ ده‌زگا به‌بڕی‌ 640000000 (شه‌ش سه‌د‌و چل ملیۆن) دینار كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای‌ باشوره‌وه‌ دابینكراوه‌‌و چه‌ندین كه‌موكوڕی‌ تێدایه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست