خاڵى هاوبەشى نێوان قەزافى و بارزانى چییە؟! (راپۆرتێك لە ساڵى 2008 بڵاوكراوەتەوە)

Sunday, 30/10/2011, 12:00

8047 بینراوە


قەزافى بڕیاریداوە پەیكەرێك لە تەنیشت پەیكەرەكەى (عومەر موختار) بۆ ئەو كەسە دروست بكات كە (182) هەزار كەسى لە نەتەوەكەى و، (15)هەزاریش لە عەشیرەتەكەى و، (38) لە خێزانەكەى بارزانى ئەنفال كردووە
ئەم دەقى راپۆرتێكە كە لە رۆژى سێ شەممە، بەروارى 15/7/2008 ز، لە ژمارە (698)ى رۆژنامەى یەكگرتوو، ئەم راپۆرتە بڵاوكراوەتەوە، كە لە لایەن رۆژنامەنووس (مەحمود یاسین كوردى) ئامادە كراوە، كوردستانپۆست دەقى راپۆرتەكە وەكو خۆى دووبارە بڵاوبكاتەوە:

لە كۆتایی ساڵى رابردوو، لە بەروارى 13 / 12 موعەمەڕ قەزافى سەرۆكى لیبیا چاوى بە شاندێكى حیزبە كوردستانییەكان كەوت لە پاریسى پایتەختى فەرەنسا، كە بە سەردانێكى فەرمى گەیشتە ئەو وڵاتە لە لایەن (ساركۆزى) سەرۆك كۆمارەوە لە كۆشكى ئەلیزێ پێشوازییەكى گەرمى لێكرا، لەم ماوەیەى كە (قەزافى) لە فەرەنسا بوو، دیدارێكى تایبەتى لەگەڵ شاندى پارتە سیاسییەكانى كوردستان ئەنجام دابوو، دووبارە هەڵوێستى نەگۆڕى خۆى سەبارەت بە پرسى كورد دووپات كردبووەوە و، باسى رەوایی كێشەى كوردى كردبوو، ئەوەشى خستبووە روو كە رەخنەى زۆرى لێ دەگیرێ لە لایەن توركیا و سوریا و ئێران و عێراقى سەردەمى سەدام بەوەى داخوازى دەوڵەتێكى سەربەخۆ لەسەر خاكى كوردستان دەكرد.
(موعەمەڕ قەزافى) تاكە سەرۆكى عەرەبییە بە راشكاوانە دانى ناوە بە كێشەى كورد و، راستەوخۆ پشتگیرى خۆى بۆ شۆڕشى كورد دەربڕیوە و نەیشاردۆتەوە، جۆرێك لە سەیر و سەمەرەیەك بەدی دەكرێ لە هەڵوێستى (قەزافى)، چونكە ئەو بە دڵ و دارێژەرى یەكێتى عەرەبى و نیشتمانى سەوز دادەنرێ، لە لایەكیتر لایەنگریشى لە كێشەى رەواى كورد لە هەر چوار پارچەى كوردستان، كە هەندێك لە سیاسى و رۆشنبیرانى عەرەبى داواكانى كورد بە دووبارەبوونەوەى سیناریۆى ئیسرائیل لە ناوچەكە وەسف دەكەن.


قەزافى لە عێراق تەنها پێشوازى لە بارزانى دەكات
(مەسعوود بارزانى -سەرۆكى هەرێمى كوردستان) لە بەروارى 25 / 07 / 2008 لەسەر بانگێشتى فەرمى سەرۆكى لیبیا گەیشتە شارى (سێرت)ى ئەو وڵاتە، ئەم پێشوازیكردنە بە سیفەتى سەرۆكى هەرێم بوو، هەر وەكو تەلەفزیۆن و دەزگا رەسمییەكانى حكومەتى لیبیا ئاماژەیان بۆ كرد، كە دەتوانین ناوى لێبنین وەرچەرخانى مێژوویى بەو پێیەى كەم وڵاتى عەرەبى هەیە پێشوازى لە بەرپرسانى حكومەتى هەرێم بكات بە سیفەتێكى سیاسى و دەستوورى، كە لیبیا دەستپێشخەرێكى ئەو گۆرانكارییە سیاسییە بوو، بەڵكو پێشوازى كردنەكان ئەگەرچى لە ئاستى زۆر بەرز لە سەركردە كوردەكان دەكرا بەڵام بە سیفەتى سەكردەیەكى كوردى یان عێراقى بوون.
دەربارەى ئاكامى ئەو سەردانە دكتۆر (مەحمود عوسمان -ئەندامى سەربەخۆى لیستى هاوپەیمانى كوردستان) ئەوەى روون كردبۆوە، كە سەردانەكەى سەرۆكى هەرێم بۆ روونكردەوەى رەوشى سیاسى عێراق و تێڕوانینى دەوڵەتى عێراقى نوێ بوو بۆ ناوچەكە، بەو پێیەى تاكو ئێستا لیبیا بە شێوەیەكى فەرمى دان نانێ بە حكومەتى نوێی عێراقى، بەڵكو بە بەكرێگیراوى ئەمریكاى دەزانێ و باشترین بەڵگەش بەشدارى نەكردنى شاندى پەرلەمانى ئەو وڵاتە بوو لە كۆنگرەى پەرلەمانتارانى عەرەبى، كە لە شارى هەولێر بەسترا.

گلەیى بارزانى لە قەزافى
بە گوێرەى ئەو راپۆت و شیكردنەوە سیاسییانەبێت پێدەچێت بارزانى لەم سەردانە چەند رۆژییەیدا بۆ لیبیا تەنها هەوڵى راستكردنەوەى وێنە و رووداوەكانى ئێستا و رابردووى عێراق بوو لە لاى لیبییەكان، چونكە ئەو وڵاتە هیچ ژێرخانێكى ئابوورى بەهێزى نییە، كە بە شێوەیەك بێت هەرێمى كوردستان پەناى بۆ ببات، بارى خوێندن و تەندروستیش زۆر سیستەماتیزم نییە بۆ ئەوەى ئەو زموونى تەرابلوس بۆ هەولێر بگوازرێتەوە، بۆیە ئەجێندانى كۆبوونەوەكانى سەرۆكى هەرێم لەگەڵ (موعەمەڕ قەزافى) لە چوارچێوەى سیاسى تێپەڕى نەكردووە، بارزانى لەو سەردانەیدا نیگەرانى خۆى و بنەماڵە و كوردى بە قەزافى راگەیاند بوو، دەربارەى ئەو لێدوانانەى بەرامبەر سەرۆكى لەسێدارە دراوى پێشووى عێراق (سەدام حسێن) دەیدا، بە هەمان شێوە گەورە دانوستكارى سەردەمى شۆڕشى ئەیلول (مەحمود عوسمان) نیگەرانى خۆ دەربڕى بوو سەبارەت بە دروستكردنى پەیكەرێك بۆ (سەدام) لە تەنیشت پەیكەرى تێكۆشەرى مەزن (عومەر موختار)، كە منداڵانى كورد لە پرۆگرامەكانى خوێندن و لە وانەكانى مێژوو شۆڕشى مەزنى لیبیاى (1919) بەرامبەر ئیتاڵیا دەخوێنن. لە كاتێكدا (سەدام) بە هەزارن لاو و ژن و پیرەپیاوى كوردى ئەنفال كردووە و، پێنج هەزار كەسى لە هەڵەبجە كمیاباران كردووە و، (15)هەزار بارزانى لە عەشیرەتەكەى سەرۆكى هەرێم قڕ كردووە و، نزیكەى (38) لە خزم و كەسە نزیكەكانى (مەسعود بارزانی) بەبەر ئەو شاڵاوە كەوتن، بۆیە ئەگەرى پێ راگەیاندنى دڵتەنگى بارزانى لەم سەردانەى بۆ لیبیا زۆر نزیكە، بە تایبەتى بۆ لەبەر چاوگرتنى قوربانییەكانى خەڵك و هەست و سۆزى ئەو كەسانەى زیانێكى زۆریان لەسەر دەستى ئەو رژێمە بەر كەوتووە، ئەم كردەوانەى لیبیا لە كاتێكە كە (قەزافى) بە نوێنەرى حیزبە كوردیەكانى راگەیاندبوو لە فەرەنسا كە هەردەم دژى سیاسەتەكانى (سەدام) بوو لە بەرامبەر كورد، هەروەها گوت بووى "كە من پشتگیرى مافى چارەى خۆنووسین بۆ كورد دەكەم وەكو تەواوى گەلانى ترى جیهان".

جیاوازى نێوان بارزانى و قەزافى
ئەو كاتەى لە بەروارى (1/9/1969) سەرهەنگ (موعەمەڕ قەزافى) كودەتایەكى سەربازى دژى رژێمى ئەو وڵاتە بەرپا كرد، پێشوازییەكى گەرمى لێكرا لە لایەن سەرجەم چین و توێژەكانى لیبیاوە و، دواى ساڵێك و دە رۆژ بەسەر ئەو رووداوە مێژووییە (مەسعود بارزانی) وەكو گەنجێك و یەكێك لە كوڕانى (مستەفا بارزانى -رابەرى شۆڕشى ئەیلول) لەسەر سەكۆیەكى بەرز لەتەك براكەى (ئیدریس بارزانى) و سیاسەتمەدار (مەحمود عوسمان) لە بەغداى پایتەخى عێراق بەدەركەوت، كە بۆ یەكەمین جار لە مێژوو لە بەیاننامەى (11/ئازار1970) بە شێوەیەكى فەرمى داننرا بە مافى ئۆتۆنۆمى بۆ گەلى كوردستان، بۆیە رێگەى گەیشتنى ئەم دوو سەكردەیە بۆ لوتكەى سیاسەت زۆر جیاوازە، ئەو كەش و هەوا و ژینگەى سیاسییەى ئەم دووانە لێی باڵا دەستن وەكو جەمسەرى سالب و موجەبە، بەو پێیەى لە كوردستان پەرلەمان و حكومەت و دەسەڵاتى دادوەرى و رۆژنامەى نیمچە ئازاد هەیە، بەڵام لە لیبیا رۆڵى قەزافى بەقەد ئاینى ئیسلام باڵا دەستە، بەجۆرێك لەو چاكسازییە ساسییەى لەم وڵاتە دەستى پێكردووە، ئایینى ئیسلام و قەزافى هێڵى سوورن، كەچى لە كوردستان هاووڵاتیەكى شارى سلێمانى داوایەكى یاسایى لە سەرۆكى هەرێم دەباتەوە، هەریەك لە قەزافى و بارزانی نەوەكانیان لە چواردەورى یەكتر كۆ كردۆتەوە كە ئەمەش خاڵى هاوبەشیانە، هەندێك پۆستى باڵا و سیاسیان بە دەستەوەیە، (مەسعود بارزانی) برازا و زاوەكەى (نچیرڤان بارزانى) سەرۆكى حكومەتە، كوڕەكەى (مەسرور بارزانى) بەرپرسى ئاژانسى پاراستنە، (مەنسور بارزانى) فەرماندەى لەشكرى تایبەتە، هەروەها (قەزافی)ـش كوڕە گەورەكەى (سەیف لئیسلام قەزافى) لەدواى خۆى بە باڵا دەسترین كەس دادەنرێ و، زۆربەى مەلەفەكانى دانوستاندن لەگەڵ رۆژئاوا و سیاسەتى دەروەى بەدەستە، (سەعد قەزافى) كوڕە ناوەنجى وەرزشوانى لیبى كە پێشتر لە یانەیەكى لیبى یارى دەكرد، بەرپرسى پاسەوانى باوكیەتى و پۆستێكى سەربازى گەورەشى هەیە. (فاتیمە قەزافیش) سەرپەرشتى پرۆژە ئابوورى و گەشتوگوزاریەكان دەكات، لەگەڵ چەندین رێكخراوى لەژێر دەستە، بەڵام تاكە خاڵى هاوبەشى نێوان (مەسعود بارزانی) و (موعەمەڕ قەزافى) نووسینەوەى كتێبە، كە هەریەك لەم دووانە یەك كتێبیان نووسیوە.
(بارزانى) كتێبێكى سێ بەرگى بەناوى (بارزانىو بزوتنەوەى رزگاریخوازى كورد) كە باس لە سەردەمى شۆڕشەكانى كورد دەكات لە چلەكانەوە تا نسكۆى شۆڕش، هەرچى (قەزافی)ـیە كتێبێكى بەناوى (سەوز) نووسیوە، كە زیاتر بەرگێكى ناسیۆنالیزمى عەرەبى عەشایەرى لێ دەخوێندرێتەوە.

بارزانى بیر لە (ئەیوبى) دەكاتەوە و قەزافیش لە (فاتیمى)
زەقترین خاڵى ناكۆكى راشكاوانە قسە لەسەر نەكراو لە نێوان ئەم دوو سەكردەیە، ئەوەیشى گرێدراوێكى مێژوویى و داهاتووى پێوە بەندە، بۆ نموونە هەریەك لەمانە خەون بە زیندووكردنەوەى دوو ئیمپراتۆریەت دەبینن، قەزافى لە نوێژى جەژنى رەمەزانى (2006) راشكاوانە بەرگرى لە (دەوڵەتى فاتیمى) شیعى كرد و، پێى وابوو پێشكەوتوترین دەوڵەت بوو لە باكوورى ئەفریقیا، كە لەسەر دەستى سەركردەى كوردى ئیسلامى (سەڵاحەدین ئەیوبى) رووخێنراو كۆتایى بەو مێژووە هێنرا، بیرۆكە و پرۆژەكانى (دەوڵەتى ئەیوبى) تاكو ئێستاش لە خەیاڵى خەڵكى كوردستان هەر ماوە، (مەسعود بارزانی) لە وتارەكەى لە كۆنگرەى پەرلەمنتارانى عەرەبى شانازى بە جوامێرى (سەڵاحەدین ئەیوبى) كرد و گوتى: "لە بیرتان نەچێت ئەو سەكردەیە لە نەوەى میللەتى كوردە". لەم روانگەیەوە دەردەكەوێت كە دوو ئاراستەى پێچەوانەى یەكتر بیر دەكەنەوە، بە تایبەتى قەزافى پێ وایە رووخانى ئەم دەوڵەتە كارەسات بوو، ئامادەش نەبوو دەوڵەتى فاتیمى بە دەوڵەتێكى مەزهەبى ناو ببات.

لیبیا لەپشت هەموو جووڵانەوەیەكە
سەرەڕاى بارگاوى بوونى بە بیرۆكەى یەكێتى عەرەبى و خەمى نیشتمانى عەرەبى سەوز، لیبیا بە بەردەوامى پشتگیرى شۆڕش و جووڵانەوە سەربازى و نەتەوەییەكانى جیهانى كردووە، تەنانەت پشتگیرى لە بزوتنەوە توندڕەو و تیرۆرستیەكانیش دەكات، تاكو ئێستا مێژووى یارمەتیدانى لیبیا بۆ شۆڕشى كوردستان دیارنییە و هیچ سەركردەیەكى كورد ئەمەى نەدركاندووە، بەڵام لیبیا وەكو (قەزافى) لە دیدارى حیزبە كوردستانیەكان ئاماژەى پێكرد بوو باجى زۆرى داوە لە پشتگیری كردنى شۆڕشى كورد، ماف و داخوازییەكانى ئەم گەلە تەنانەت ئەگەر دەوڵەتێكى كوردیش بێت بە مەترسى نازانێ، كە ئەمەش خاڵى ناكۆكى نێوان (تەرابلوس) و (دیمەشق) و (ریاز)ـە، هەروەها قەزافى وەكو یەكەم سەرۆكى عەرەبى و جیهانى ئاڵاى كوردستانى بەرز كردبوو لەگەڵ (نەجمەدین مەلا -سەرۆكى حكومەتى مەنفاى كوردستانى رۆژئاوا)، ئەوەى جێگاى سەیربێت زۆر جار ئەو پشتگیرییە و هاندان و یارمەتییەى لیبیا زۆر بە گران لەسەرى دەشكێتەوە، بۆ نموونە تاكو ئێستا یارمەتى جووڵانەوە مەزهەبیەكەى یەمەن دەدات كە (عەبدولمەلیك عوسى) و (یەحیاى كوڕى) بەرپایان كردووە، كە یەمەن ئامادە نییە بچێتە ژێر باریانەوە و چەند جارێكیش (عەلى عەبدوڵڵا ساڵح)ى سەرۆكى ئەو وڵاتە پەنجەى تاوانى بۆ لیبیا درێژ كردووە.
هاوسۆزى بۆ گروپەكانى نیپال و ئەندەنوسیا و تاڵیبان و كشمیر و چەندین بزوتنەوەى تر لیبیا سڵى لێ نەكردۆتەوە و، بە شێوەیەكى ناڕاستەوخۆ تاكو ئێستا یارمەتیان پێشكەش دەكات.
(مەحمود مەشهەدانى -سەرۆكى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق) لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانى لە هەولێر دەربارەى هەڵوێستى لیبیا لە بەشدارى نەكردنى لە كۆنگرەى یەكێتى پەرلەمنتارانى عەرەبى بەوە ئەوان عێراق بە داگیركراو دەزانن، (مەشهەدانى) گووتى: "خۆ ئێمە پارە نادەینە تیرۆرستان بۆ ئەوەى كارى تێكدەرانە بكەن". بە پێى سەرچاوەكانى هەواڵى جیهانى (سەیف لئیسلام قەزافى) بە بەردەوامى یارمەتى گروپەكانى ناو عێراق دەدات، بە تایبەتى لەم دواییانە ئەفسەرێكى هەواڵگرى عێراق لە شارى موسڵ بە رادیۆى سەواى راگەیاند بوو، كە (سەیف لئیسلام قەزافى) یارمەتى دارایى و لۆجیستى بۆ گروپە تیرۆرستیەكانى شارى موسڵ دابین دەكات.

بۆ خوێندنەوە و بینی هەمان راپۆرت کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
https://www.kurdistanpost.nu/biz/pdf_files/yekgrtu698.pdf


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە