بۆ ئەوەى خۆپیشاندانەكانی باڵەكایەتی بە حزبی نەكرێن

Monday, 06/02/2012, 12:00

1509 بینراوە



نامەیەك بۆ گۆڕان و یەكگرتووو كۆمەڵ


هیچ كەسێك نكۆڵی لە دڕندەیی ئەو تاوانە ناكات، كە بەرامبەر گەنجێكی چۆمان بە ناوی (رێباز) ئەنجام درا، كەسیش بە سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەتو وەزارەتی ناوخۆو قائیمقامیەتی چۆمانو پارێزگاری هەولێرەوە نكۆڵی لەوە نەكردووە، كە ئەم كارە تاوانەو، خەڵكەكەش هەقی خۆیەتی ناڕازیبوون دەرببڕێت.
ئەوەى لە خۆپیشاندانەكانیش ورد بووبێتـەوە، دەزانێت هیچ شتێكی سیاسی لە پشتەوە نەبوو، خەڵكی باڵەكایەتی (بە پارتیو یەكێتیو گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو) پێكەوە بەشداری خۆپیشاندانەكانیان كرد، هەر ئەوەش بوو خۆپیشاندانەكانی بە سەركەوتووی هێشتەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستانو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانو لایەنەكانی ترش بە گەرمی پێشوازییان لە داواكەیان كرد، بەڵام جیاوازییەكە تەنها یەك شت بوو، حكومەت دەڵێت: داواكەى ئێوە رەوایە؟ بەڵام دوو شتمان لە ئێوە دەوێت: یەكەم: رێگاكە چۆڵ بكەن بۆ ئەوەى رێگاى سەرەكی هاملتۆن نەگیرێت. دووەم: دەستمان بە تەحقیقات كردووە، هاوكارمان بن بۆ ئەوەى چاوەڕێى ئەنجامەكە بكەینو یاساكە جێبەجێ بكەین، بەڵام بەبێ لێكۆڵینەوە ناتوانین بڕیار بدەین. لە بەرامبەردا خەڵكی باڵەكایەتی پێیان وایە پێشتریش رووداوی وا هەبووە، كەچی بكوژ نەكوژراوەتەوە، بۆیە متمانەیان لاوازە... بە بڕواى من هەردووكیان هەقن، حكومەت بەو پێیەى ناكرێ رێگاى ئەو هەموو خەڵكە سڤیلو دوورە بەڵایە بگیرێت، لەلایەكی دووەمیش ناكرێ بەبێ بڕیاری دادگا كابرا بكوژرێت، خەڵكەكەش هەقن بەوەى تا ئێستا هیچ بكوژێك نەكوژراوەتەوە، ئەگەر لێبگەڕێن كارەكە بەم شێوەیە بڕوات لەوانەیە دوایی سوڵحێك بكرێتو، بكوژەكە ئازاد بكرێت.
بەڵام ئەوەى جێگەى هەڵوەستە لەسەركردنە هەڵوێستی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنە، كە بە بڕواى من كاتێكی زۆر گونجاوە بۆ ئەوەى هەڵوێستیان بزاندرێت، ئەگەر تەماشاى راگەیاندنەكانیان بكەین، دەبینین بابەتەكەیان بردۆتە بارێكی سیاسیو خۆیان كردۆتە خاوەنی خۆپیشاندانەكە لە راگەیاندنەكان، هەرچەندە لەناو ساحەكە وجودیان نییە، بەڵام گۆڕان بەیانامەیەكیان دەركرد، هەروەها دكتۆر موسەنا ئەمینیش بەیاننامەیەكی بروسكەیەكی بۆ ناردن، هەروەها كۆمەڵی ئیسلامیش خۆی هەر كردۆتە خاوەنی كێشەكە.
لێرەدا من لە هەر سێكیان دەپرسم ئەو چەند پرسیارەى خوارەوە وەڵام بدەنەوە، بۆ ئەوەى ئێمەی هاووڵاتیان هەڵوێستیان بزانین تا بەیانی دەنگی زیاتریان بۆ كۆبكەینەوەو بیان كەینە دەسەڵات، كە دەسەڵاتێكی مەدەنی دەبێت.

پرسیارەكان لەوە دەست پێدەكەن، ئەگەر ئێستا بزووتنەوەى گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی دەسەڵات بوونایە، چۆن مامەڵەیان لەگەڵ ئەو كەیسە دەكرد، بەڵام داوایان لێدەكەم ئەگەر هەر وەڵامێكم بدەنەوە راستەوخۆ قسە بكەن نەك شتی ترمان بۆ بخەنە روو.

یەكەم: هەموو لایەك بە پارتیو یەكێتیشەوە پێیان وایە داواكەیان رەوایە، بەتیابەتی كە كوژراوەكە زۆر بێ ویژدانانە شەهید كراوە، بەڵام: ئایا ئەگەر ئێوە دەسەڵات (یان ئێستاش) پشتیوانی لە رێگا داخستن دەكەن؟ كە بە سەدان سیارەى پڕی ساردەمەنیو میوەو ئۆتۆمبێلو... لە رێگا وەستاوەو هەمووشیان مەدەنینەو هەر شەوێك ملیۆنان دینار زەرەریان پێدەكەوێت؟

دووەم: ئایا ئەگەر ئەوان دەسەڵات بن رازی دەبن تاوانبارێك هەرچەندە تاوانەكەى گەورە بێت راستەوخۆو بەبێ دادگاییكردنو چاوەڕوانی ئەنجامەكانی بڕیاری دادگا بكوژرێتەوە؟.
سێیەم: ئایا ئەوان رازی دەبن بكوژ تەسلیم بە خانەوادەى لێكوژراو بكرێتەوە بۆ ئەوەى بیكوژنەوە؟

ئەگەر توانیان وەڵامی ئەو سێ پرسیارە بەبێ خۆ دزینەوە بدەنەوە، ئەوە شێوازی بیركردنەوەى ئەوان بۆ حوكمداری بەدیار دەكەوێت، ئەگەریش خۆیان دزیەوە دیسانەوە كردیانەوە شەرە دەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆنو باسەكەیان بە قسەى تر پینە كرد، ئەوە جگە لە ئیستیغلالكردنی خەڵك هیچی تر نییە. لێشتان ناشارمەوە من سەد لە سەد لەگەڵ ئەو خەڵكە دامە بۆ ئەوەى بكوژ بكوژرێتەوە، بەڵام چەندە دژی ئەوەمە كە ئەگەر نەكوژرێتەوە، ئەوەندەش دژی ئەوەمە ئۆپۆزسیۆن بۆ خۆی ئیستیغلالی بكات، چونكە ئەوە كێشەى خوێنی گەنجێكە عەشیرەتەكەى دیفاعی لێئەكەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە