حیزبەكانی دیموكرات چۆن لە

Monday, 15/11/2010, 12:00

1486 بینراوە


هەروەك زۆربەمان دەزانین رەوتی خەباتی چەندان ساڵەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران جێگۆڕكێی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئیتر هەر لە قەندیل، سونێ و ئێنزێ لە باشووری كوردستان بگرە تا دواترین شوێن كە راگوێزان بۆ شاری كۆیە و سەردەمی كەمپنشینی خۆی خزاندە ناو حیزبە شۆڕشگێڕەكەى دیموكرات. بەداخیشوە دواتر لێكترازان رووی تێ كردن و بوون بە دوو حیزب و تا ئێستاش هەر جیاوازن، نامهەوێ لە ناوەرۆكی بابەتەكە دوور بكەومەوە و دەگەڕێمە سەر رەوشت و ئەخلاق لەناو ئەو پێكهاتە سیاسییانەدا.
ئەخلاق شتێكە هەر كەسە و بەپێی هەڵسوكەوتەكانی خۆی پێناسەی بۆ دەكرێ، كۆمەڵگەی ئێمەش وەك كۆمەڵگەیەكی دواكەوتوو بەشێكی زۆری ئەو پێناسانەی بۆ تاكەكان بەخراپ لە قەڵەم دەدات و كەمكەس هەیە خاوەنی مافی تاكی خۆی بێ، ئەوەش بۆ خۆی هۆكارێكە لەوەى ئێستە لە ناو حیزبەكاندا بۆچوونی وا لەسەر كۆی كەسایەتیی تاكەكان بڕیار بدات. بەڕاستی نازانم پێوەرەكان بۆ ئەخلاقی باش لە ناو حیزبەكانی كوردی ئێرانیدا چییە؟
ئایا كەسێك كە بۆخۆی بژی و حەز نەكات كەسێكی تر بێ، ئەوە بێ ئەخلاقییە؟
كاركردن لە ئۆرگانەكانی حیزبی بێ ئەخلاقییە؟
بێ نیازبوونی كچ لە دەوروبەر و بەڕێوەبردنی ژیانی خۆی و دابینكردنی لایەنی مادی بەهەزاران زەحمەت و ماندووبوونی رەوا و یاسایی بێ ئەخلاقییە؟
قەدەم لێدانێك لەگەڵ هاورێیەكی پێشمەرگە بێ ئەخلاقییە؟... هتد.
من دەڵێم نا، بێ ئەخلاقی شتی ترە كە پێوەندیی بەبەرپرسیاریەتیی دەروونی و ویژدانیی كەسەكە بەرامبەر خۆی، خێزان، حیزب، خاك و نەتەوەكەى هەیەتی. هەر ئەوانەی پێیان وایە تێكەڵبوونی كچ و كوڕێك ئەگەری بێ ئەخلاقیان لێ دەكرێ، ئەو كەسانە زیاتر گومانی ئەخلاقییان لەسەرە و بۆ سەلماندنی ئەو راستییە پەنا بۆ ئەزموونی رابردوو ژینگەی كۆمەڵایەتیی حیزبە سیاسییەكان دەبەم كە پڕە لە رووداوی جۆرەوجۆر.
ئەو پێشمەرگەیەی ئەمڕۆ بەزیندوویی قەدری نازانرێت و كە شەهیدیش بوو بە درۆ سوێند بەخوێنی شەهیدبوونی دەخۆن و دیكەنە بنێشتە خۆشەكەی زاریان! لەوانەیە رۆژانە هەزار تانەی ئەخلاقی لێ بدرێ، واتە شەهیدبوونی ئەو شەهیدبوونی بێ ئەخلاقییە و سوێندخواردن بەخوێنی هەمان سوێندخواردن بەبێ ئەخلاقییە!
بەداخەوە ئەو كەمپنشینییە بۆخۆی قەیرانێكی دروست كردووە كە خەڵكەكەی لەبەر بێكاری پێشوازیی لەو كارانە دەكەن كە هی خۆیانە و هەر خۆیانیش بە "بێ ئەخلاقی" ناوی دەبەن. زۆر جار كە سەردانی بنكەكانی حزبەكانی دیموكراتم لە كۆیە كردووە، لەزاری كەسانێك كە خاوەنی 30 ساڵ خەباتن لەو حیزبەدا و لەوانەیە خۆیان بەپارێزەری شەڕەف و ئەخلاقی نەتەوەكەیان بزانن، وشە و دەستەواژەى هێندە ناشیرنیان بەسەر زماندا هاتووە كە مرۆڤـ پڕاوپڕ شەرم دایدەگرێ، لەگەڵ ئەو شەرمەدا دنیایەك خەم دەخوات بۆ كەسانێك كە ساڵانێكی دوور و درێژە روحیان لەناو دەست گرتووە دەجەنگن، بەڵام دەستكەوتەكانی ئەو هەموو ساڵانە رژاوەتە پەنا دیوارەكانی قەڵا و ناوماڵەكانی ئازادی، بەجۆرێك كە هەر رۆژە كەسێك دەبێتە مێوانی سەر زمانی تیژیان كە ئەمەش بەگشتیی ژنان و كچانی ناو حیزب دەكاتە قوربانی. لەگەڵ ئەوانەشدا بەشێكی زۆریان لافی دیموكراسی و رۆشنبیری لێ دەدەن و خۆیان كردووەتە نموونە و بەرپرسی گەلێكی 7 ملیۆنی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و چاوەڕێن بەهێمای بەرخۆدان و خۆراگری بێنە ناسین.
ئەوەیە هەموو خەباتی دێموكراسیتان و لەبەرچاوگرتنی مافی ژنان كە كاركردنێكی سادەیان پێ رەوا نابینن؟ ئەو ژنەى هەوڵ دەدات بەشداریی كۆمەڵایەتی زیاتر بێ یان ئەو كچەى روو لە كاركردنی دیار و یاسایی دەكات، راستەوخۆ مانای خۆپاراستنە لە بێ ئەخلاقی و هەر ئەو پیاوانەی پێیان وایە ئافرەتی خاوەنكار گومانی بێ ئەخلاقییان لەسەرە، ئەگەر بۆیان بڕەخسێ ئامادەن لای خۆیان كار بۆ هەمان كچ یان ژن دابین بكەن و سوود لە "بێ ئەخلاقییەكە" ببینین كە لەوانەیە لای پیاوەكە تووشی بن! بەڕاستی بەداخم.
كەواتە رێبەرانی حیزبەكانی دیموكرات بۆ هەڵ نادەن رێگەچارەیەك بۆ ئەو قەیرانە بدۆزنەوە؟ ئەگەر بەشێك لە رێبەرانیش بەشداری ئەو قەیرانە كۆمەڵایەتییە نەبن؟ ئایا خەباتی ئێستەی حیزبەكان وای لێهاتووە كە خۆی تەنیا لە چوارچێوەی كۆبوونەوە و 2 سەعات پڕكردنەوەى بەرنامەكانی تەلەڤزیۆندا ببینێتەوە، بێ گوێدان بەوەی كە زۆرێك لە ئەندامەكانیان لە جەنگێكی دەروونیدا ژیان بەسەر دەبەن و نازانن چۆن خۆیان رزگار بكەن! بۆیە روو لە یەكتری دەكەن و چونكە ئەمڕۆ رێگەى شەڕیان پێ نادرێ، شەڕی ئەخلاقی دەكەن!
ئەوەیە مانای راستەقینەی بێ ئەخلاقی كە گەنجێكی پڕ لە خرۆشی رۆژهەڵاتی بەناوی خەبات و رزگاریی وڵات روو لە تاڕاوگە بكات و بگاتە كۆیە و خۆی لە مادە هۆشبەرەكان، گرتن و چەوسانەوەی كۆماری ئیسلامی دەرباز بكات، بەڵام بكەوێتە ناو بۆسەی تۆمەتی كۆمەڵایەتی و هەموو خەمی نیشتمانی بەخەمی تۆمەتێكی ناڕەوا بگۆڕێتەوە كە ئەویش دیسان بێ ئەخلاقییە و دەچێتە خانەی بێ ئەخلاقیی بەرامبەر نەتەوە.
ئەوەی نووسرا بەشێكی زۆر بچووكە لەو هەموو قسە و باس و ناو و ناتۆرەی كە رۆژانە لە ناو ئەندامانی حیزبەكانی كوردی ئێران لە هەرێمی كوردستاندا هاتوچۆی پێ دەكرێ، لەجیاتی ئەوەى بیر لە چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی رووداوە یەك لەدوای یەكەكان بكەنەوە كە رۆژانە لە ئێران و ناوچەكەیاندا روو دەدات، هەروەها هەوڵی نوێكردنەوەى خۆیان بەزانیاری سەردەم بدەن و ئاستی خوێندن و رۆشنبیرییان لەلایەنە جۆرەوجۆرەكاندا بەرز بكەنە تا بەڵكو لە مانای راستەقینەی ئەخلاق بگەن و باشتر "بێ ئەخلاق"ەكان دەستنیشان بكەن.

نەوای رۆژهەڵات

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە