کام ئەزمون وچەندی بپارێزین و چۆن و بۆ کێ؟

Wednesday, 09/02/2011, 12:00

1950 بینراوە






کیانی هەرێمی کوردستان کە تەمەنی ٢٠ ساڵە و دەسەڵات ناوی ناوە ئەزمون چۆن ئەزمونێکە؟ گەر ڕازی بوین ناوی بنێین ئەزمون دەشێت بزانین چۆنە و کامەیە لایەن و پێکهاتەکانی.
ئەم تاقیکردنەوەیە لە ساڵی ١٩٩١ دەست پێدەکات و تا ئێستا بەردەوامە. ٢٠ ساڵ ماوەیەکی زۆر دورودرێژە لە لایەک بۆ ژیانی مرۆڤێک و لە لایەکی ترەوە بۆ کار و سیستەمی حوکم کردن. ئەمە لە جێی ئەو بۆشاییە هاتە ئاراوە کە دەسەڵاتی ناوەندی بەغداد ناوچەی سەرو هێڵی ٣٦ ی چۆڵ کردو ئیدارەی تیا نە هێشت. ئەم بەشەی کوردستان ناو نرا ناوچەی ئارام، یان ناوچەی دژە فڕین. Savehaven بە ئینگلیزیەکەی.
پێشنیاری بیرۆکەکە لەلایەن تورگۆت ئۆزاڵی سەرۆک کۆماری ئەو ساتە وەختەی تورکیا هاتە ئاراوە دوای ئەوەی بەسەردانێکی بەپەلە خۆی گەیاندە بەریتانیای ئەوسای جۆن مەیجەر و، دواتر لەلایەن وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنساو چەند وڵاتێکی تری ئەورپاو سۆڤیەتی ئەوکاتە و زۆر وڵاتی ترەوە پێشوازی لێکرا. ئۆزال ئەمەی لەژێر کاریگەریی لێشاوی پەنابەرە کوردەکاندا کرد کە سنورەکانی ئەو وڵاتەیان هەڵچنیبوو. بۆ مێژوو باشە لە بیرنەچێت کە کوبای کاسترۆ یەکێک بوو لەو وڵاتانەی دژی بریارەکە وەستایەوە. ئەمە لە ساتەوەختی کۆڕەودابوو.
ئەو ناوچانەی لە فڕینی فرۆکە جەنگیەکانی عێراق بێبەش کران ئەستەم بوو بۆ سەدام و رژێمەکەی بتوانن لەدەستی خۆیانیدا بهێڵنەوە. پاشەکشەیان کردو هەمو ئیدارەو توانا عەسکەری و ئابوریەکانی خۆیان کێشایەوە. بەو مەبەستەی وا لە خەڵکی ئەو ناوچانە بکەن خۆیان بەناچاری و بە پاڕانەوە داوا لە سەدام بکەن مەرحەمەت بکات و بگەڕێتەوە بۆ لایان. ئەوەی سەدام حسابی بۆ نەکردبوو ورە و خۆراگری خەلکەکە و ئامادەییان بوو بۆ ژیانێکی کولەمەرگی لەبری ژێردەستەیی و، تواناو ئامادەیی وڵاتانی خۆرئاواو ڕێکخراوە خێرخوازەکانیان و سوربونیان بوو بۆ یارمەتیدانی کورد و دانیشتوانەکانی تری ناوچەکە.
ئامادەیی و لەخۆبوردەیی کوردەکانی دەربەدەری وڵاتانی جیهانیش بەتایبەتی ئەوانەی لە خۆرئاوا بوون بۆ کۆمەککردنی خەڵکی ئەو ناوچەی دژەفڕینە، بە پارەو بە شێوازی مەعنەوی. نە لە خەیاڵی سەدام و نە لە خەیاڵی کەسی تردا نەبوو ئەمە ڕوبدات.
کە سەدام لە ناوچەکە کشایەوە بۆشاییەکی ئیداری و عەسکەری دروست بوو. بەرەی کوردستانی هەوڵی دا پڕی بکاتەوە. واتە بەرە حکومەتێکی ئیدارەیی لەوێ دامەزراند یان بڵێین ئیدارەکانی پڕکردەوە. کوردەکانی دەرەوە هەوڵی زۆری مەعنەوی و سیاسیشیان دا بۆ راگرتنی ئەو هەلومەرجەو مانەوەی. ماوەی ١٢ ساڵ بەشی شێری ئەو هێشتنەوەو ڕاگرتنە لە ڕووی مادیەوە لە ئەستۆی ئەمان بوو. دەتوانرێت بوترێت تا ٢٠٠٣ کە سەدام ڕووخا.
کە بەرە هات کوردستان چی تیا بوو؟ ئەوبەشەی کوردستان بەشی هەرە گەورەی پێویستیەکانی ئیدارەکردنی وڵاتی تیابوو لە ڕێگەوبان، دائیرە، ئامڕازی لۆجیستیکی و گواستنەوە، ئامڕازو کەلوپەلی پزیشکی، ماشینی حکومی لەوانەی شارەوانیەکان پێویستیەتی و دائیرەکانی کارەباو زۆر پێویستی تر. هەندێک لەو دەوڵەتانەی کە نیو سەدە زیاتر بوو هەبون و کیانی خۆیان هەبو و ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بون ژێرخانە ئابوریەکەیان هێندەی ئێرە کەلوپەل و پێداویستی تیانەبوو.
١٩٩٢ پەرلەمانێک دروستکراو ئیتر لەدوای ئەوە شتەکان زۆر بەخێرایی چون بەڕێوە. ئەم بەرەیە کە ئیدارەی گرتە دەست بە شێوەیەکی زۆر خراپ ناوچەکەی برد بەڕێوە. نەیتوانی حیزبەکانی ناو خۆی ناچار بکات وەک یەک حکومەت یان ئیدارە هەڵسوکەوت بکەن. هەر حیزبەو بۆ خۆی نیمچە حکومەتێک بوو. زۆری پێنەچوو ناکۆکیەکانی نێوان لایەنەکانی پەرەی سەند. هەر حیزبەو لای خۆیەوە دەستی کرد بە وێرانکردنی ژێرخانی وڵاتەکە. لێرەدا زاراوەی ئاودیوکردن لەسەر زاری خەڵک هاتە ئاراوە.
ئاودیوکردن چی بوو؟ ئەمە سفت و سازکردن و جوانکردنی ئەو پڕۆسە قێوەزنە بوو کە تا ئێستاش خەڵکی ئەم ناوچەیە لە زۆر لایەنەوە باجەکەی دەدەن. ئەمە ئەو پرۆسەیە بوو کە ژێرخانی ناوچەکەی تیا کرا بە دیوی ئێراندا و هەرزانفرۆش کراو کرا بە گیرفانی مەسئولەکاندا. ئەم پرۆسەیە پێشبرکێیەکی لەنێوان مەسئولەکاندا دروست کرد کە قوربەسەریەکەی خەلکەکە گرتیە ئەستۆ. وڵات خاپوورکرا: ئامرازی پزیشکی، شۆفڵ، کەلوپەلی تر، مسی تێلەکانی کارەبا، سەدی بێخمە، داروپەردووی وڵات هەموی ئاودیوو و هەرزانفرۆشکرا. بە کوردیەکەی بڵێین وڵات هێنرایە سەرساجی عەلی لە سەر دەستیان.
ئازارو نەهامەتیەکانی ئەم خاپوریە هاوڵاتیان چەشتیان. مەسئولەکان مێشێک میوانیان نەبوو، ئەوان لە ناز و نیعمەت نەبڕان.
هەرزو لە ١٩٩٤ دا شەڕی دەسەڵات دەستی پێکرد، دەسەڵات لەپێناو بەرژەوەندی مادیدا نەک لە پێناو فەلسەفەی جیا بۆ حوکمڕانی. بنەماڵەی بارزانی و پارتی لای خۆیانەوە دەستیان گرت بەسەر داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیلدا و خستیانە گیرفانی خۆیانەوە، حەساریان خستە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی کە هەولێر و سلێمانی و گەرمیان بوو. کەل و پەل و پێویستیەکانی ژیان واگران بوون کە ئەو ئازارەی ئەو میللەتە بینی کەس نەیبینێت. ئەو خەڵکە لە تێریەوە کەوتە برسێتی، ئەو برسێتیەی دوای تێری دێت زۆر سەختترە لەوەی کە هەر درێژەپێدانی برسێتی لەوەپێشترە.
ئەم شەڕی دەسەڵاتە ناونرا شەڕی ناوخۆ. لە نوسینەکانیشیاندا شەریان بوو لەسەر پێناسەدانان بۆ ناونانی ئەم شەڕە.
لە شەری ١٩٩٤ دا پارتی ئەندامی پیاوەتی دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی یەکێتی بڕی. ئەمە واتا و سمبۆلیکی خۆی هەیە. لە کۆمەڵگە هەرە درندەوبەربەریەکاندا پێڕەودەکرێت. لە زۆربەی شوێنەکان مانای لە لە پیاوەتی خستنە. ئەمە گەر باسی بێ ئەدەبیکردن بە لاشەی مردوو نەکەین.
تاڵەبانی لە ١٩٩٦ دا بە پارتی دەووت مەگەر بە دوربینی خوار یان قەوس سەیری هەولێر بکەن ئەگینا جارێکی تر نایبیننەوە. ئەمە کاتێک کە پارتی لەسەرو گردەکەی سەر و هەولێرەوە بوون.

پارتیش لە یۆبیلی زێرینی خۆیدا بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی کۆبونەوەیەکیان بە سەرکردایەتی مەسعود کرد، تیایدا ئەو ڕایگەیاندبوو کە نیازی وایە بە یارمەتی بەعس و لەشکرەکەی جەلالیەکان دەرپەڕێنێت و بۆ دواجار لەناویان بەرێت. هەندێک لە بەشداربوەکان ناڕازی بون، مەسعود پێی راگەیاندن کە ئەو لەسەر مەسئولیەتی تەواوی خۆی ئەوە دەکات و دوایش هەمومان دەزانین چۆنی کرد. لە ڕادیۆ شڕەکەی هاواریان دەکرد ئەی ئومەی عەرەبی، اتحادی وەتەنی دەیەوێت بەشێک لە ئومەی عەرەبی بکات بە دەوڵەتی کوردی،وداوای دەکرد فریایان بکەون. بە مەشکوری نامەی بۆ سەدام و تاریق عەزیز دەنوسی. عەلەمی عێراقی هێنایە سەر بینای پەرلەمان و هە سەربازێکی عێراقی سێ هەزار دیناری عێراقی ئەسڵی پێدرا. ئەم پارەیە بەشی مەسرەفی چەند ساڵی هەموو دانیشتوانی کوردستانی دەکرد.
یەکێتی هەڵات و خۆی کرد بە ئێراندا. پاسدارە بە رەگەز کوردەکانی سەرسنور بەو لەشکرەیان دەگوت لەشکری شکستخوردەی تاڵەبانی. دێهاتیەسنوریەکانی دانیشتوی ئەودیویش جلی ئاڵو واڵای زەردیان دەپۆشی بۆ ئازاردانی ئەم لەشکرە لەڕوی دەرونیەوە.
هەرزوو یەکێتی لەشکرەکەی کۆکردەوەو بە کۆمەکی ئێران و قواتی بەدر پارتیان تێکشکاندو کردیاننەوە بە هەولێرداو خەریک بوو هەمویان بەرەو تورکیا هەڵێن، گەر تورکیا نەبوایە ئێستاش لە وێ پەناهندە بون.
لەم هێرشەدا هەندێک تەرمی پارتی بەجێ مابوو لە کانی وەتمان دەس..ریان بەسەردا کرابوو. تورەیی و نەشئەی سەرکەوتن ئەندامی پیاوەتی هەڵدەستێنێت. ئەم دیمەنەم دانابوو بۆ نوسینی بابەتێکی ئەدەبیی هێند بێمانا و پڕ دەربڕینە.
یەکێتی ئەم هێرشەی خۆی ناونا گەردەلولی تۆڵە. تورکیا و عێراق نەبونایە هەولێریان لە دەستی پارتی دەردەهێنایەوە.
یەکێتی لە ١٩٩٧ دا هەوڵیدا دوبارە هێرش بکاتەوە سەر هەولێر و بیگرێتەوە. چونکە پێویستی بە پارەی گومرگەکەی بوو. ئەوکاتەی بەدەست یەکێتیەوە بوو مانگانە شەش ملیۆن دیناری ئەسڵی عێراقی لێ دەستدەکەوت. ئەوە پارەیەکی زۆر بوو بۆ ئەوکاتە. ئەم هێرشە ناونرا گەردەلولی تۆڵە بەردەوامە.
مەسعودبارزانی سوێندی خواردبوو کە دەستی خۆی دەبرێتەوە و جارێکی تر تەوقە لەگەڵ تاڵەبانی ناکات.
ئێستە ئەوان گەر ئەمە بخوێننەوە تاوانبارم دەکەن بەوەی کە دوبەرەکی دەنێمەوە و لاپەڕە ڕەشەکانی شەڕی ناوخۆکەیان هەڵدەدەمەوە.
لە چاوپێکەوتنە هاوبەشەکەی تاڵەبانی و بارزانیدا لە ئوتێلەکەی حەسیب ساڵح بارزانی وتی کە شەڕی ناوخۆ نە خەتای ئەوو نە خەتای تاڵەبانی نەبووە. ئەی باشە خەتای کێ بووە؟
ساڵی ٢٠٠٣ سەدام لەلایەن ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانیەوە لەسەر دەسەڵات لابراو ئەوەی دەیزانین ڕویدا.
لە یەکەم هەڵبژاردنی کوردستاندا ئەوەی ناوی نرا فیفتی فیفتی هاتە ئاراوە. واتە سیاسەت و دەسەڵات و داهات برابەشکرا. ١٩٩٦ پارتی بە ئینقلاب پەرلەمانی گرت و کابینەیەکی تازەی دانا. فیفتی فیفتی لەناوبرد. بۆ خۆی کردی بە سەد دەر سەد.
ئەمڕۆ کە بیست ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەم هەمو حاڵەتانەدا ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە کە پارتی و یەکێتین هەر کە دەم دەکەینەوە پێمان دەڵێن دنیا لە خەتەردایەو مەترسی دەرەوە لە ئارادایە. ئێستە دوبارە فیفتی فیفتی پیادە دەکەن. پێمان دەڵێن نابێت داوای هیچ بکەین چونکە دەرەوە داگیرمان دەکات. ئەوەی هەمانە لە باری دەبات.
دەکرێت بپرسین ئەی ئێوە کە ئەم هەموکەینو بەینەتان دەکرد بۆ نەدەترسان کە دەرەوە دەتوانێت ئەوەی هەمانە داگیری بکات؟ ئەرێ بۆ لەوکاتەوە ئێران و عێراق و تورکیا و مەخلوقەکانی فەزا نەهاتن و داگیریان نەکردین، ئەوکاتەی کە زۆر زەعیف بوین؟ ئێستە بۆ پێمان دەڵێن ئێمە هەڵەین و ئەمرمان پێدەکەن دەممان داخەین ئەگینا دنیا وێران دەبێت و لەشکری تورک و فارس و عەرەب داگیرمان دەکەن. بەعسیەکان دێنەوە وێزەمان؟
ئەم ٢٠ ساڵەتان ناوناوە ئەزمون. ئەم ئەزمونەی ئێوە چەند لایەنێکی هەیە:
١) ئێمەی هاوڵاتی کە هەمو نەهامەتی و قوربانیەکانیمان داوە.
٢) ئێوەی موستەفید کە کوێخا بون و ئێمەتان چەوساندۆتەوەو سامانی وڵاتەکەتان بردوەو شەرەفی کچە شۆخەکانتان زەوت کردووە. هەزار ئەوەندەی کچە دیپۆرتکراوەکان بۆ مەلهاکانی میسرتان داگیرکردووە.
٣) ئەو دامەزراوانەی هاتونەتە بنیات نان کە خۆیان لە حکومەت و پەرلەمان و لەشکر و دەزگا ئەمنیەکان و داهاتەکاندا دەبیننەوە هەمویان لە خزمەتی ئێوەدان. مەڵێن کە لە خزمەتی ئێمەی خەڵکیدان چونکە ئێوە بەکاریان دەهێنن بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتەکەتان.
ئەمانەی سەرەوەن لایەن و بەشەکانی ئەوەی کە ئێوە ناوتان ناوە ئەزمونەکەمان. ئەوە ئەزمونێکە لە پێناوی ئێوەدا. ئەو ئەزمونە لە ئێوە لە دەست دەچێت نەک لە ئێمە. وازمان لێ بێنن با چاکی کەین. ئێمە میللەتین. پەرلەمانەکەمان چاک دەکەین. حکومەتەکەمان چاک دەکەین. سەرۆکێک و سەرۆکایەتیەک دەستەبەر دەکەین کە لە پێناوی وڵات و میللەت و سیستەمێکی دیموکراتی راستەقینەدا بێت بۆ هەمومان. یاسا ئەکەین بە یاسایەک لە پێناوی هەموان دا و، وا دەکەین هەمومان یەکسان بین لەبەر دەمیدا.
دەڵێن کە وڵاتتان بنیاتناوە، ئێوە تا ئێستاش تەعویزی ئەوەتان نەداوینەتەوە کە ئاودیوتان کرد. ئیتر چیتان کردووە؟
ئەمەیە ئەزمونەکەی ئێوە. ئێمە ئەم ئەزمونەمان بەو جۆرە ناوێت.
مەبەستتان ئەوەیە کە هەمو شت لەناو دەبەن گەر دەسەڵات لە دەست ئێوە نەبێت؟ ئەوەتان پێناکرێت. تازە ناتوانن لەشکری بێگانە بهیننە سەرمان. ئەو کیانەی هەیە کیانی میللەتە. نە ئێوە و نە لەشکری دەرەوە ناتوانن لەباری بەرن. دەتوانن کەرکوک بفرۆشن بەڵام میللەت لێتان خۆش نابێت و، لە کەسیش قبوڵناکات بۆ خۆی بەرێت. نە لە عەرەب و نە لە تورک و تورکمان. ئێمە بە هیچ ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری ئێوە لەوبارەیەوە ڕازی نابین.
میللەت لەسایەی ئەزمونەکەی ئێوەدا گیسکەکەی هەیاسی خاس بووە. نەتان هێشتووە گەشە بکات و، پشوو بدات و کەرامەت و حورمەتی ئینسانانەی خۆی بەدەست بێنێت. ئەمە چیتر تەحەمول ناکرێت. بەوە مەمان ترسێنن ئەزمونەکەتان لە دەست دەچێت، ئەزمونەکە تەنیا لەدەست ئێوە دەچێت. ئەزمونی بە تاڵانبردن و ئاغایەتی و کوێخایەتی.
میللەت دەیەوێت کیانێک بۆ خۆی دروستبکات هەموان لە بەر دەم یاسادا یەکسان بن، مەنسوبیەت و مەحسوبیەت نەمێنێت. دەسەڵات بە ویراسە دەستاو دەست نەکرێت، بەڵکو لێهاتویی و دڵسۆزی بۆ بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانە پێوەربێت. گوندەیی و گومڕایی لە ئارادا نەمێنێت. ئێوە چەند ساڵ لە شاخ بوون خەڵکیش ئەوەندە خەباتی کردوە بە شێوازی تر. بە خۆ ڕاگری و بە قوربانیدان.
خۆ ناکرێت سەربازەکانی ئەمەریکا کە زۆر پێش ئێوەش لەپێناو بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکادا جەنگاون نەهێڵن کەس دەسەڵات و بەروبومی وڵاتەکەیان بگرێتە دەست بە بیانوی ئەوەی خەباتیان کردووە.
هەر کەس هاتوو چەند ساڵێك پێشمەرگایەتی کرد یان سەربازی وڵاتێک بوو بیەوێت خۆی ئاغا بێت دنیا سەرەو ژێردەبێت.
ئێوە بەزیادەوە خواردوتانە.
هیچ پیرۆزیەک و ڕابردویەکمان پێ مەفرۆشن. ئێمە دەمانەوێت بەردەوام بین لە ژیان و، کیانەکەمان گەشە پێبدەین. ئەو ئەزمونەی ئێوە ئەوەندە ناشیرینی پیوەیە نامانەوێت. دەمانەوێت خۆمان وڵات دروستکەین. ئێمە خۆمان وڵاتەکەمان دەپارێزین.
ئەو مۆدێلەی ئێوە کۆن بووە. بەکەڵکی ئێمە نایەت.
 
  

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە