ئەردۆگان لە خوا دەپاڕێتەوە!

Friday, 16/05/2014, 12:00

1763 بینراوە




کاپیتالیزم، وەک دڕندەترین سیستەمی جیهانی، دوای سیستەمی چینایەتی کۆیلایەتی و درەبەگایەتی دێت. ئەم سیستەمە لە کۆی وڵاتانی جیهاندا، حاکمیەتی ژیانی مرۆڤەکانی لە ژێر دەستدایە. لە نێو ژیانی زۆرینەی کۆمەڵگاکان، کە بەشی زۆری پێکهاتوە لە کرێ وەرگرەکان،(یانی ئەوانەی کار دەکەن و بە فرۆشتنی هێزی بازوی خۆیان دەتوانن لە خاوەن سەرمایە و کاردارەکاندا پاروە نانێک پەیدا بکەن، بەمەرجی نەمردن و نەژیان) ژیان بۆ ئەو چینە هەردەم لە بەردەم تارمایی تۆقاندن و بێکاریدایە لەیەن سەرمایەدارانی قازانج پەرستەوە. ئەو وڵاتانەی دەکەونە نێو زۆنی وڵاتانی ژێر دەستەی زلهێزانی جیهان، کرێکاران لەو وڵاتانەدا، زیاتر بێبەشن لە نەبوونی جێگای سەلامەتی لە کاتی کارکردنیاندا و بەشێکی زۆریش بێکارن و نانی ڕۆژانەیان پێ پەیدا نابێت. ئێمە لە ڕێگای میدیاکانەوە، هەر ساتە گوێبیستی هەواڵی دڵتەزێن دەبین، بەوەی چەندین ڕوداو ڕوو دەدات لەکاتی کارکردنی کرێکاراندا، و دەبێتە هۆی گیان لە دەستانی دەیان و سەدان کرێکار. نەبوونی سەلامەتی شوێنی کارکردن، بۆ کرێکاران مایەی بەدبەختی و ڕۆژ ڕەشی زیاترەو بۆ خاوەن کارانیش، زیاد کردنی زیاتری سەرمایەی زیادە قازانج.
گیان لەدەست دانی زیاد لە چەند سەد کرێکار لە نێو کانە خەڵوزی ناوچەی مانیسای تورکیا لە ڕۆژی سێ شەمە بەرواری ١٣/٥/٢٠١٤ ، نیشانەی ئەو بێباکیەی دەسەڵاتدارانی سەرمایەدار موسوڵمانی دەوڵەتەکەی ئەردۆگانە. ئەو دەوڵەتەی بۆ کرێکارانێک سەر بە هەرنەتەوەیەک بن(یانی تورک بن یان کورد یان...) هیچ جیاوازیەک ناگەیەنێت، بەڵکو بەکۆ، ئەو مرۆڤە بەرهەمهێنەرانە لە نێو خانەیەکدان و هەرهەمویان سەر بە چینێکی کۆمەڵایەتین، بەڵام دەسەڵاتدارانی سەر بە پارێزەری سیستەمی خەڵەتاندنی سەرمایەداری و دینی، ئەردۆگانیەکان، بەشێکن لەو چەتانەی، هەمیشە کاریان لەسەر درێژەدانە بە چەوساندنەوەی چینایەتی بۆ سەر ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان لەو پانتاییە جوگرافیەدا کە دەوڵەتی تورکیایی لەسەر دامەزراوە. بنەماکانی ئەو سیستەمەی، خۆی داهێنەری بنەماکانی ڕەگەزپەرستی و شۆڤێنیستیە لە نێو ئەو نەتەوانەی لە نێو چوارچێوەیەکی جوگریافیدا دەژین، بۆ دەسەڵاتداران دەبێتە مایەی گیرفان پڕ کردن و لەنێو بەشی خوارەوەی کۆمەڵگاشدا، پێکدادانی ئەتنی و ڕەگەزپەرستی خۆی دەنوێنێت.
لەنێو دەوڵەتە فاشیەکەی ئەردۆگان و ئەوانی پێش ئەویشدا، بە ئەسڵ گرتنی جیاکاریە ڕەگەز پەرستیەکان لە نێوان کرێکارانی تورکیا و کرێکاران و زەحمەتکێشانی خەڵکی کورد زماندا، هەردەم بەرچاو کەوتوە. ئەوانی دەسەڵاتدار، کەلتور و فەرهەنگی، زۆر قێزەونیان خستۆتە نێو هزر و دیدی چینی بەرهەمهێنەری کۆمەڵگا،(بەوەی ئەوان یانی تورک، وەک نەتەوە لەسەرو کۆی کۆمەڵگاکانی ترەوەن) ئەم جۆرە فەلسەفەیە لە سەردەمی ئەتاتورکەوە تا ئێستای ئەردۆگانی سەربە پارتی دادوگەشەپێدانی بەرەی ئیسلامی، بوونی هەیە. ئابوری ئەو وڵاتە، نەک لەبوژاندنەوەدایە وەک ئەوان ڕیکلامی بۆدەکەن، گوایە ئەردۆگان ئەو سیاسەت مەدارەیە کە دەوڵەت دەگەیەنێتە ئاستێک جیاوازتر لەوانی پێش خۆی! دەکرێت ئەو گەشە کردنەش هەبێت، بەڵام دەبێت بپرسین، لەسەر حیسابی کێ؟ یانی ئاستی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەگات بە جێگایەک خاوەن ئاسایشی ژیان و کاریان بن؟ بێگومان نەخێر، چونکە، دەوڵەت، وە بەتایبەتیش، دەوڵەت نەتەوەکانی وەک تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئاسیایی، زۆربەیان لەسەر درێژە دان بە بنەماکانی ڕەگەز پەرستی و چەوساندنەوەی زیاتری چینی کرێکار خۆیان لەسەر پێیان ڕاگرتوە. ئەوان بە کۆمەک کردن، بە بردنە پێشی زهنیەتی دەسەڵاتدارێتی عەسکەرتارو، تەرخان کردنی بەشێکی زۆر لە داهاتی وڵات بۆ ئەو کەرتە سەرکوت گەرە(کە کۆی بەشە دڕندەکانی وەک دەزگای بەناو ئاسایش و پۆلیس و زیندان لە خۆ دەگرێت) تەرخان دەکرێت. ئەو بەشە زۆرەش دەبێت لە کەم کردنەوەی کرێی کرێکاران و زیاتر ڕەنج بە فیڕۆدانی سەعات کاری ژیانی ڕۆژانەی ئەوان دەربچێت.
نەبوونی سەلامەتی ژیانی کرێکاران لە کاتی کارکردنیان، ساڵانە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ژیانی هەزارانیان. ئەم نەبوونی شوێنی سەلامەتیەی کار، وا دەکات، جیهانبینی، قەدەر گەرایی، باڵ بکێشێت بەسەر، ساتەوەختەکانی نێو ژیانی کرێکارانێکدا، کە ئاستی وشیاری سیاسی چینایەتییان لاوازە. بۆ بردنە پێشی ئەو زهنیەتەش، دەسەڵات و بەرەی ئیسلامی لە وڵاتانێکدا تا ئێستا کار بەبنەماکانی شەریعەتی ئیسلامی دەکرێت، ڕودانی ئەو تاوانە
گەورانە دژ بە کرێکاران وەک کارێکی قەزاوقەدەر و لە چارەنووسراو بۆ کرێکاران دەگەیەنرێت بەگوێی دانیشتوانی ئەو وڵاتانەدا.
ئەردۆگان، بۆ گیان لەدەستدانی ئەو کرێکارانە، لە خودا دەپاڕێتەوە لە گوناهەکانیان خۆش بوێت و شیفای چاک بونەوەش بۆ دەرچوە بریندارەکان دەخوازێت! ئاخۆ بەرەی چەتەی سەرمایەدار، گەر خەریکی درۆ کردن و خەڵەتاندنی کۆمەڵگا نەبن، چۆن دەتوانن خۆیان و دەوڵەتەکەیان لە قازانج کردنی زیاتر بۆ نێو بانکەکانیان پارێزراو بکەن؟ گەر بە دزینی ڕەنج و ئازاری ملیۆنان کرێکار نەبێت، دەوڵەتی سەرمایەدارەکان چۆن دەڕواتە پێشەوە؟ خۆ مناڵانی ئەردۆگان و سەرمایەدارەکانی دیکەی تورکیا، ناچنە نێو کاری تاقەت پڕوکێن و تاببینن، ژیانی ملیۆنان مرۆڤ ڕۆژانە چۆن دەگوزەرێت؟ خۆ پیاوانی ئاینی و مناڵەکانیان، لەو بەرەیەدا نین، کە بەری ڕەنجیان لەلایەن سەرمایەدارانەوە بدزرێت، ئەوان شەریکە بەشی دەسەڵاتی چەوسینەرن، لەهەرکاتێک و شوێنێکی مێژوودا بوو بن!!!
ڕزگار بوونی چینی کرێکار تەنها لە ڕێکخراو بوونی خۆیدایە، دژی کۆی سیستەمی سەرمایەداری. کرێکاران بەگەیشتن بە وشیاری سیاسی چینایەتی، وە بە دروست کردنی پارتی پێشڕەوی سەربەخۆیان، دەتوانن، وەک مارکس دەڵێت هەم خۆیان و هەم کۆی مرۆڤایەتیش ڕزگار بکەن، لەنێو کۆت و بەندی ژیانی کۆیلایەتیدا. خۆگونجاندن لەگەڵ بەرەی سەرمایەداریدا، تەنها دەتوانێت درێژە بە زیاد کردنی قازانج و گیرفان پڕ کردن بدات بۆ سەرمایەداران و هەوادارانیان، وە بۆ کۆی بەرەی بەرهەمهێنەر و زەحمەتکێشیش، تەنها خەسارەتی و سفرە بەتاڵی نێو ماڵەکانیان دەگەیەنێت. تا سیستەمی سەرمایەداری هەبێت، ژیانی ملیۆنان لە مرۆڤ، هەر ساتە لەبەردەم لە ناوچون و کەنار خستندایە.
سۆسیالیزم، تەنها ڕێگایەکە، بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بتوانێت، جوانی بەژیان بدات و چێژ و حورمەت بەو تەمەنە کورتە بدات کە هەر تاکێک دێتە دونیاوە لەزەت و توانایی خۆی لی ببینێت، نەک خەڵەتاندنی مرۆڤەکان بە پەیامی پێغەمبەرەکان و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێوان دەوڵەمەندە خوا پێداوەکان و هەژارە لە چارەنووسراوەکاندا!!!. چینی سەرمایەدار و ئاین، برای یەکن، ئەوان، بەتایبەتیش لە وڵاتە دواکەوتوەکاندا، بوون بەو جەستەیەی کە تەنها پێکەوە بوونیان دەتوانێت درێژە بە تەمەنیان بدات، ئەویش تەنها بەهۆکاری ئاستی لاوازی وشیاری سیاسی لای چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش. چونکە کاتێک لە وڵاتانی سەرمایەداری پێگەیشتودا، ئاین لە دەوڵەت جیا کرایەوە، نیشانەی ئاستی بەرەو پێشچونی کۆمەڵگای دەگەیاند و بۆ بەرەی سەرمایەداریش، سیستەمەکە خۆی جێگای دینی گرتەوە، یانی داهێنانەکان لە ڕوی زانستیەوە، بوون بە جێگرەوە بۆ جێگای ئاینی مەسیحی. بەڵام لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ئەو وڵاتانەی هێشتا ئاستی چونەپێشی زانستی و وشیاری کۆمەڵگا لە ئاستێکی نزمدایە، وەک وتم، درێژەدان بەخەڵەتاندنی مرۆڤەکان لە نێو جیهانبینی قەزاوقەدەردا، برەوی دەبێت. لەم کاتەشدا بەرەی سەرمایەدار و چەوسێنەر باشترین سوود خۆرانن لە نێو کۆمەڵگادا. درۆ کردن تەنها پیشەی دەسەڵاتدارە چەوسێنەرەکانی وەک ئەردۆگانیەکانن!!!
تاهیر حاجی حەسەن
١٥/٥/٢٠١٤



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە