کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم پیاوی پاراستن ، دز و پیاوى دەزگاى ئەمنى سه‌رده‌می بەعسیش بووە

Thursday, 13/08/2009, 12:00

3698 بینراوە


كۆمپانیاكەی سەفین شێخ محەمەد 90 زرێپۆش بۆ سوپای‌ عێراق دابین دەكات
سەفین شێخ محەمەد ساڵى 1994 ماڵى چەند كەسێك لە هەولێر داگیر دەكات و لە لایەكی ترەوە ئازا خەفاف دامەزرێنەری قیادە مەوەقەتی پارتی و بەرپرسی نوسینگەی دكتۆر "رۆژ نوری شاوەیس" جێگری سەرۆك كۆمار لەسەردەمی حكومەتی كاتی،وەك نوێنەری كۆمپانیای "سەفین"، كە خاوەنەكانى هەر یەكە لە سەفین شێخ محەمەد كاندیدی ژمارە 11ى پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم و شێخ نیهاد بارزانی برای مەسعود بارزانی سەرۆكی ئێستای هەرێم و كاندیدی ژمارە 12ى ئەو پۆستەیە بە پێی گرێبەستێك لەگەڵ عەمید "فارس غانم عەبدولحەمید"جێگری وەزیری پێشووی بەرگری حكومەتی عێراق رێك دەكەون لەسەر ئەوەی كۆمپانیای سەفین (90)زرێپۆش بە بڕی (38)ملیۆن و (228)هەزار و (500)دۆلار لە ماوەی شەش مانگ بۆ سوپای عێراق دابین بكات.
داگیر كردنی ماڵ و موڵكى هاوڵاتیان
هاوڵاتییەكی شاری رانیە، كە شارەزای لە بنەماڵەى سەفین شێخ محەمەد هەیە بەمجۆرە بۆمان دوا، سەفین شێخ محەمەد لە بنەماڵەى مستەفاى پشۆكانن، كە لە ناوچەكەدا خاوەنی متمانە و ناوبانگێكی باش نەبوون و هەمیشە كەس و كاریان ئەندامی دام و دەزگاكانى بەعس بووە و پاش راپەڕینیش پارتییەكی سەر سەخت بوون، تەنانەت خودی سەفین لەگەڵ مەسعود بارزانی و بنەماڵەكەیدا پەیوەندییەكی باشى هەیە و لە چەندین كار و پرۆژە پێكەوە هاوبەشن و هەمیشەش ماڵێكیان لە رانیە و لە هەولێر بووە.
بە پێی ئەو زانیاریانەى دەست بۆچوون كەوتون، ساڵى 1994 ماڵى جەوهەر ئاغا بە چەند هۆیەكەوە ناچار دەبن شاری هەولێر بەجێ بهێڵن. پاش ئەوەی ئەو خێزانە بە شڵەژاوی هەولێر بەجێ دەهێڵن، سەفین شێخ محەمەد دەست دەگرێت بەسەر سەرجەم كەرستەى جوتیاری و چەندین ئامێری ئەو خێزانە.
خێزانی جەوهەر ئاغا پاش چەند ساڵێك دەگەڕێنەوە بۆ هەولێر و بەو هۆیەی، كە چەند كەسێكی ئەو خێزانە دەڕۆنە پارتی و زێرەڤانییەوە، خالید جەوهەر ئاغا، كە ئێستا لە هێزی زێرەڤانیدایە بەبێ ئەوەى سكاڵاى یاسای لەسەر سەفین تۆمار بكات بە هەڕەشە و هەوڵى خۆی قەرەبووی ئەو كەرستانەى كە سەفین بردویەتی دەكات، كە بەرامبەر بە هەر ئامێرێك پارەیەك دەست نیشان دەكەن و سەفین شێخ محەمەد هەر هەموی دەداتەوە.
هاوكاری كردنی سوپای نوێى عێراق
بەپێی چەند بەڵگەنامەیەكی فەرمی حكومەتی عێراق،كە وێنەیەكی دەست بۆچوون كەوتووە،ئەم گرێبەستە لە 24/11/2004 واژۆ كراوە و كۆمپانیای سەفین دوای تەواو بوونی وادەی دیاری كراوی گرێبەستەكە زرێپۆشەكان تەسلیمی سوپای عێراق ناكات، ئەمەش لە كاتێكدایە ئازا خەفاف نوێنەری كۆمپانیای سەفین لە رۆژی واژۆ كردنی گرێبەستەكە كۆی پارەی ئاماژە پێكراو وەردەگرێت،ئەگەرچی بە هۆی پۆستەكەیەوە مافی ئەوەی نەبووە لە هیچ مامەڵەیەكی بازرگانیدا بەشداری بكات.
بەڵگەنامەكان ئاماژە بەوە دەكەن لەو مامەڵەیە،كە كۆی پارەكەی 38 ملیۆن و 228هەزار دۆلارە،بە شێوازێكی نهێنی و گوماناوی لەسەر داوا و نوسراوی لایەنەكانی ناو گرێبەستەكە 750 ملیۆن دۆلار لە ژمارە حسابی وەزارەتی بەرگری لە بانكی وەركا و بە بێ ئاگادارای بەرپرسە باڵاكانی ئەم وەزارەتە رادەكێشرێت و رەوانەی ژمارە حسابێك لە ئەردەن دەكرێت، كە بە پێی وتەی ئەندامێكی باڵای لیژنەی نەزاهە ئەو ژمارە حسابەی ئەردەن بە ناوی بەرپرسێكی هەرێمی كوردستانەوەیەوە.
ئەگەرچی خاڵەكانی ناو گرێبەستەكە لە لایەن كۆمپانیای سەفینەوە جێبەجێ نەكراوە و هیچ كەرستەیەكی سەربازی تەسلیمی سوپای عێراق نەكراوە،بەڵام نزیكەی 780 ملیۆن دۆلار بە هۆی كڕین و فرۆشتنێكەوە،كە بڕەكەی 38 ملیۆن دۆلارە لە لایەن چەند بەرپرسێكی كورد بە هاوكاری چەند بەرپرسێكی سوپای عێراق وەردەگیرێت،كە ئێستا سەرجەم ئەو كەسانەی وا لەو مامەڵەیەدا بەشدارییان كردووە هەڵهاتوون و تەنانەت چەند دام و دەزگایەكی هەولێر ئامادە نەبوون زانیاری لەسەر كۆمپانیای سەفین بە لیژنەی لێكۆڵینەوە لەم دۆسییە بدەن،لە كاتێكدا كۆمپانیای سەفین لە ساڵی 1998 لە شاری هەولێر دامەزراوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر تا ئێستا ئامادە نەبووە وەڵامی چەندین نوسراو و داوای فەرمی دەستەی نەزاهەی عێراق بداتەوە و خاوەنەكانی ئەو كومپانیایە بە دەستەیە رابگەیەنێت، كە بە پێی ئەو زانیاریانەى دەست بۆچوون كەوتون 70% ئەو كومپانیایە بەشی سەفین شێخ محەمەد و 30% بەشی نیهاد بارزانی.
كۆمپانیای ناوبراو و بەرپرسە كوردەكان لە كاتێكدا سوپای عێراق پڕچەك دەكەن،كە خۆپڕچەك كردنی سوپای عێراق بووە بە مەترسییەك بۆ سەر هاوڵاتیانی كوردستان و تەنانەت وڵاتانی دەوور و بەریش.

گرێبەستی نێوان كۆمپانیای سەفین و وەزارەتی بەرگری عێراق
كۆمپانیای سەفین لە هەولێر بۆ بازرگانی گشتی بە نوێنەرایەتی "ئازا خەفاف"بەرپرسی نوسینگەی دكتۆر"رۆژ نوری شاوەیس"جێگری سەرۆك كۆماری عێراق لەسەردەمی حكومەتی كاتی و نوێنەری ئێستای سەرۆكی هەرێم لە بەغدا لە 24/11/2004 گرێبەستێك بە ژمارە (26/2004)لەگەڵ عەمید "فارس غانم عەبدولحەمید"جێگری وەزیری بەرگری عێراق واژۆ دەكات،كە بە هۆیەوە دەبێ كۆمپانیای سەفین (90)زرێپۆش بە تایبەتمەندی (BTR modified 94 "Guardian malt parpose wheel(8*8)amphibious APC") بە بڕی (38.281.500)ملیۆن دۆلاری ئەمریكی لە ماوەی شەش مانگدا بۆ سوپای عێراق دابین بكات.
لەم گرێبەستەدا كە ئازا خەفاف دەست بەجێ و لە كاتی واژۆ كردنی گرێبەستەكە كۆی پارەكەی وەگرتووە چەندین مەرج و تێبینی بۆ هەر دوولای گرێبەستەكە خراوەتەوە روو و تیایاندا لایەنی دووەم،واتە كۆمپانیای سەفین خۆی پایبەند كردووە بەم خاڵانەوە:
*دانانی چەكێكی كەفالەت بە بڕی 18 ملیۆن دۆلار.
*كڕینی زرێپۆشەكان لە وڵاتنی ژێر دەسەڵاتی سۆڤییەتی پێشوو.
*راهێنانی 25 ئەندامی سوپای عێراق و 6 مامۆستا لە وڵاتی ئیمارات،بە مەبەستی كار كردن بە زرێپۆشەكان.
دواتر كۆمپانیای سەفین بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای "ینبوع الخلیج" هەڵدەسێت بە رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیای "Bumar"ی پۆڵەندی لە شاری وارشۆ.بەڵام لایەنی دووەم نەك هەر ئەو خاڵانە جێبەجێ ناكات،بەڵكو دوای شەش مانگەكەش زرێپۆشەكان تەسلیمی وەزارەتی بەرگری عێراق ناكات و،ئەمەش لە چەندین راپۆرتی لیژنەی نەزاهەی عێراق و لیژنەی "بەراورد كردن و پڕۆژەكان"ی وەزارەتی بەرگری ئاماژەی پێدراوە.
لە 12 /9 /2005و لە نوسراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی لیژنەی نەزاهە دەستەی لێكۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بەمجۆرە ئاگادار دەكاتەوە:"لە رێگای هەواڵگری تایبەتی خۆمان بە ناوی(ع.ع)ئاگادار كراوینەتەوە مامەڵەیەكی لەو جۆرە لە نێوان كۆمپانیای سەفین بە نوێنەرایەتی ئازا خەفاف و فارس غانم عەبدولحەمید ی زابتی ئیستیخباراتی وەزارەتی بەرگری ئەنجام دراوە...هەربۆیە راتان دەسپێرین دەست بكەن بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر مامەڵەكە و لایەنەكانی،چونكە مامەڵەكە نایاساییە."
ئازا خەفاف بە یەكێك لە كادیرە دێرین و بە یەكێك لە دامەزرێنەرانی قیادە مەوەقەت (قم)ی پارتی دیموكراتی كوردستان دادەنرێت، كە دوای حكومەتەكەی بریمەر و دەست بەكار بوونی دكتۆر رۆژ نوری شاوەیس وەك جێگری "غازی یاوەر"سەرۆك كۆماری حكومەتی كاتی عێراق،پۆستی بەرپرسی نوسینگەی جێگری سەرۆك كۆماری پێ دەدرێت. هەر بۆیە دام و دەزگا تایبەتەكانی عێراق بەشداری ئازاخەفاف لەو مامەڵەیە بە نایاسای دەزانن،ئەویش بە هۆی پۆستەكەیەوە.
لیژنەی نەزاهە تا ئێستا و دوای چەندین لێكۆڵینەوە نەیتوانیووە هیچ زانیارییەك لەسەر كۆمپانیای سەفین بەدەست بهێنێت، بێجگە لەو زانیارییەی، كە دەزگاكەیەكی هەرێمی كوردستان پێی بەخشیووە و ئەویش تەنها ساڵی تۆمار كردنی كۆمپانیاكەیە.
دوای ئاشكرا بوونی مامەڵەكە "رەعد حەمید ئیسماعیل"داواكاری گشتی داوا لە لیژنەی نەزاهە دەكات لەو بارەیەوە دەست بە لێكۆڵینەوە بكات. لیژنەی نەزاهە بێجگە لەچەندین لێكۆڵینەوەی نهێنی و ئاشكرا، داوا لە چەندین دام و دەزگای عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات لەسەر كۆمپانیای سەفین و خاوەنەكانى و نوێنەرەكەی زانیاری پێبدەن، بەڵام سەرجەم دام و دەزگاكان بە بێ باس كردنی هۆكارێك ئامادە نابن زانیاری پێویست بڵاوو بكەنەوە، وەك چۆن بۆچوون پەیوەندی كرد بە چەندین دام و دەزگای حزبی و حكومی هەرێمی كوردستان و ئامادە نەبوون هیچ لێدوان و روونكردنەوەیەك بدەن.
دەستەی لێكۆڵینەوەی لیژنەی نەزاهە داوا لە وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عێراق دەكات زانیاری لەسەر كۆمپانیای سەفین پێ بدات. لە بەرامبەردا وەزارەتی بازرگانی بە نوسراوی ژمارە (19547) لە بەرواری 25 /7 /2005 دەستەی لێكۆڵینەوە ئاگادار دەكاتەوە تەنها ناوی دوو كۆمپانیا لای ئەوان تۆمار نەكراون ئەویش كۆمپانیای سەفین و كۆمپانیای ینبوع الخلیجە.كۆمپانیای ینبوع الخلیجە لەگەڵ كۆمپانیای سەفین بەشداری كردووە لە كڕێنی زرێپۆش لە كۆمپانیایەكی پۆڵەندی.
لە هەرێمی كوردستان و لە 11 /5 /2006 بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بە بەڕێوەبەرایەتی "دلاوەر نوری مەحمود"بە دەستەی لێكۆڵینەوەی لیژنەی نەزاهە رادەگەیەنێت، ئەوان هیچ زانیارییەكیان دەربارەی كۆمپانیای ناوبراو لەبەردەستدا نییە ئەوە نەبێ، كە كۆمپانیای سەفین لە ساڵی 1998 تۆمار كراوە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی لە كاتێكدا باس لە بێ ئاگایی خۆی دەكات، كە تۆمار كردنی ناوی هەر كۆمپانیا و سەنتەرێك پێویستی بە رەزامەندی چەندین لایەن وەك ئاسایش و پۆلیسی گەڕەك، ئاسایشی گشتی و بۆ ناوەندێكی بازرگانیش پێویستی بە رەزامەندی ژووری بازرگانی هەیە.بەڵام لە بەدواداچوونێكی بۆچوون دەركەوت، كە كۆمپانیای نابراو لە 17 /10 /1998 و لەسەر بڕیاری ئیداری (1496)تۆمار كراوە و بە یەكێك لە گەورە كۆمپانیاكانی كوردستان دادەنرێت، كە چەندین بەرپرس تیایدا پشكیان هەیە.
لە میانی پڕۆسەی لێكۆڵینەوە لەم دۆسیە و مامەڵەیەوە، كە بە هۆیەوە 750ملیۆن دۆلاری ئەمریكی لەسەر حسابی بانكی وەزارەتی بەرگری رادەكێشرێت و رەوانەی بانكێكی ئەردەنی دەكرێت،ئەمریكییەكانیش بەشداری پرۆسەكە دەكەن،بەڵام وەك لە بەڵگەنامەكاندا دەردەكەون ئەمریكییەكانیش سەركەوتنیان لە دۆزینەوە و دەستگیر كردنی ئازا خەفاف و بەدەست هێنانی زانیاری لەسەر كۆمپانیای سەفین بەدەست نەهێناوە، كە بە تۆمەتباری سەرەكی لە لایەن دادگای عێراقەوە دادەنرێت، ئەمەش بە لەبەرچاو گرتنی نوسراوی چاودێری دارایی حكومەتی عێراق بۆ بەڕێوەبەرایەتی لیژنەی نەزاهە لە بەرواری 18/6/2006،كە رایدەگەیەنێت،چاودێریی دارایی بە هاوكاری ئەمریكییەكانیش تا ئێستا هیچ زانیارییەكیان لەسەر ئازا خەفاف و كۆمپانیای سەفین دەست نەكەوتووە.
50 رۆژ دوای ئەم شكستە لیژنەی نەزاهە داوا لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دەكات:"ئازا خەفاف ئاگادار بكەنەوە بۆ ئەوەی لە كات و شوێنی دیاریكراودا ئامادە بێت، چونكە ناوبراو بە پێی ماددەی (317)ی یاسای سزای ئەنجامدانی كاری بازرگانی تۆمەتبارە بەوەی كە بەشداری كردووە لە مامەڵەیەكی لەو شێوەیە و، بە تێبینی كردنی پۆستەكەشی ئەم كارە بۆ ئەو قەدەغەیە".
بێجگە لە نایاسایی بوونی مامەڵەكە و بەشداریكردنی ئازاخەفاف و هەروەها نائاسایی بوونی ئەوەی كە كۆمپانیایەكی كوردی سوپای عێراق پڕ چەك بكات، خودی ناوەڕۆكی گرێبەستەكە نایاساییە، چونكە لە گرێبەستەكە و لە ژێر ناوی ئازاخەفاف وەك نوێنەری كۆمپانیای سەفین ئاماژە بەچەند شتی وەك، ژمارە پێناس، ساڵ و شوێنی لەدایك بوونی نەدراوە، بۆیە لیژنەی نەزاهە پەنا دەباتە بەر دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار و دوای دەست بەكار بوونی جەلال تاڵەبانی وەك سەرۆك كۆمار و، لە نوسراوێكدا داوای چەند زانیارییەك سەبارەت بە ئازا خەفاف وەك، شوێنی نیشتەجێ بوون، ناوی سیانی، شوێنی لەدایك بوون و رەسم و فایلی لە دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار دەكات .دوای وەڵام نەدانەوەی دیوانی سەرۆكایەتی، لیژنەی نەزاهە داوا لە دیوانی سەرۆكایەتی دەكات نوێنەریان لە دادگا ئامادە بێت لەسەر مەسەلەی كۆمپانیای سەفین و ئازا خەفاف، بەڵام دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار بە بەرپرسیارێتی "كامەران قەرەداغی"بە لیژنەی نەزاهە رادەگەیەنێت، ئەو مەسەلە هیچ پەیوەندییەكی بەوانەوە نییە، چونكە ئازا خەفاف بەرپرسی نوسینگەی جێگری سەرۆك كۆمار بوو لەسەردەمی حكومەتی كاتی نەك لە ئێستادا.
لەمبارەیەوە بۆچوون پەیوەندی بە لیژنەی نەزاهەوە كردە و ئەندامێكی ئەم لیژنەیە، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت پێ راگەیاندین، لێكۆڵینەوە لەمبارەیەوە بەردەوامە و پێدەچێت ئەو كەسانەی كە تێوەگلاون بەو مامەڵەیەوە لە هەولێر خۆیانیان حەشار دابێت.
ئەم ئەندامەی لیژنەی نەزاهە لە درێژەی لێدوانەكەیدا ئاماژەی بە راپۆرتێكی لیژنەی بەراورد كردن و پڕۆژەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق كرد، كە ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكە لە حسابی وەزارەتی بەرگری لە بانكی وەركا.
راپۆرتی بەراورد كردن و پڕۆژەكان لەسەر بانكی وەركا
ئەو لیژنەیە لە چەند خاڵدا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی خۆی دەخاتە روو:
1ــ بە تێبینی كردنی نوسراوە دەرچووەكانی بانكی وەركا بە ژمارەكانی (10/3) لە 25 /1/ 2005،(10/2) لە 27 /1 /2005 و نوسراوی ژمارە (10 /65)پێدەچێت ئەم بانكە بەرپرس و ناوەندی گەورەی لە پشتەوە بێت بۆیە ئەم بانكە هاوكاری كردووە لە خەرجكردنی بڕێك پارە بە مەبەستی كڕینی 90 زرێپۆش. هەروەها ئێمە "موحسین هادی حسێن"مان وەك نوێنەری خۆمان راسپارد بۆ لێكۆڵینەوە لە بانكی وەركا لەسەر ژمارە حسابی وەزارەتی بەرگری،بەڵام ناوبراو دوای شەش مانگ گەڕایەوە و لە بەر ترس و ئاڵۆز بوونی دۆسییە و حساباتەكە نەیوێرا و ئامادە نەبوو راپۆرتێكمان پێشكەش بكات و وەڵامی پرسیارەكانی نەداینەوە.
2ــ نوسراوی ژمارە (10 /3)كە لە وەركاوە دەرچووە،وەزارەتی بەرگری عێراق ئاگادار دەكاتەوە،كە بڕی 150 ملیۆن دۆلار لە حسابەكەی رەوانەی سەر حسابێكی نادیار لە ئەردەن كراوە. هەروەها وەزارەت ئاگادار دەكاتەوە ئێستا 571 ملیۆن دۆلار لە ژمارە حسابەكەیاندا ماوە.
3ــ نوسراوێك بە ژمارە (759)لە 26 /12 /2004لە لایەن عەمید فارس غانم عەبدولحەمید جێگری وەزیری بەرگری نێردراوە بۆ وەركا و داوا دەكات بڕی 600 ملیۆن دۆلار لە ژمارە حسابی وەزارەتی بەرگری بنێردرێت بۆ سەر حسابێك لە ئەردەن.
(بەرواری ئەو نوسراوانە لە میانی ئەو شەش مانگەی گرێبەستی نێوان كۆمپانیای سەفین و وەزارەتی بەرگرییە).
4ــ كۆی پارەی گرێبەستەكە،كە 18 گرێبەستە هاوكات لەگەڵ واژۆ كردنی گرێبەستەكاندا دراوە بە ئازا خەفاف بە بێ ئەوەی ئەم خاڵانە رچاو بكرێت:
*باجی لێ نەدراوە.
*نە ئیمزا و نە ژمارەی پێناسی ئازا خەفاف بە گرێبەستەكەوە نییە.
*دەبووا چەكێك بە بڕی 18 ملیۆن دۆلار وەك كەفالەت بدرایەت بە وەزارەتی بەرگری،كە ئەمەش نەكراوە.
*وادەی جێبەجێكردنی گرێبەستەكە شەش مانگە ،كە لە 24 /11 /2004 كۆتایی پێ هاتوە،بەڵام لەو شەش مانگە كۆمپانیای سەفین داواكانی ناو گرێبەستەكەی جێبەجێ نەكردووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەزاهە ئەوەشی راگەیاند،چەند كەس وەك ئازا خەفاف و وەزیری بەرگری پێشووی عێراق و جێگرەكەی بە بۆنەی ئەو مامەڵەیە تا ئێستا خۆیانیان شاردووەتەوە و چەند بەرپرسێكی تری كورد وەك كەسە نزیكەكانی رۆژ نوری شاوەیس لەم مامەڵەیەدا دەستیان هەبووە و، ئەو 750 ملیۆن دۆلارە رەوانەی حسابی چەند بەرپرسێكی كورد لە وڵاتى ئەردەن كراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە