لە سێبەری شاخ، لە بیرەوەریەکانی پێشمەرگەیەکی ژن - زنجیرەی شازدەم

Sunday, 16/11/2014, 12:00

3739 بینراوە


نێوزەنگ  ١٩٨٢، گوندێک لە قەد پاڵی چیای مامەندە لەسەر سنووری عیراق و ئێران، خاڵێکی ستراتیژی گرنگە، لوتکەی دەڕوانێتە سەر ناوچەکە، ئەو کات حکومەتی عیراق هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوو کۆنتڕۆڵی بکات و وەکو خاڵی پشکنین بەکاری بهێنێ بۆچاودێری. ئەو گوندە لە کۆمەڵە گوندێک نزیکە سونێ، شێنێ، قوڵە هەرمێ، زەڵی، توژەڵە قاسمەڕەش و کانیزەرد. بەدەستە ڕاست لە چەمی قوڵە هەرمێ دەپەرێتەوە، چیای سادر و جاسوسان دۆڵێک لێکیان جیادەکاتەوە ناوی دۆڵە کۆگەیە بە پێیان حەوت تا هەشت سەعاتێک دوورە لە نیوزەنگ.
لە بناری جیای مامەندە بارەگەکانی یەکێتی لێبوو، لە خرەی ناوزەنگەوە تۆزێ بەرەو هەورازەکە دەچووی بە دەستە چەپ، ماڵ و بارەگەی تاڵەبانی بوو.  لە سەروتر بەدەستە ڕاست بارەگەی زیندان بوو. لەو هەورازتر بە دەستە چەپ ماڵ و بارەگەی مەلا بەختیار بوو. بەدوای ئەوەوە بارەگە و ماڵی فەرەیدون عەبدولقادر، لە سروتر بارەگەی ناوەندی کۆمەڵە و دەزگای ڕێکخستن و کتیبخانەیەکی گەورە و هۆڵی شەهید شەهابیان هەبوو. لەو هەورازتر ماڵی دایکی کاک نەوشیروان و بارەگەکەی بوو بە تولە رێگە سەر دەکەوتی بارەگەی هەڤاڵ خجۆ خەڵکی باکور بوو سکرتێری ئاڵای ڕزگاری. بارەگەکان لە قور دروست کرابوون، بەڵام جیاوازیان هەبوو لەگەڵ خانووی لادێکان، بنمیچی بەرزتر و پەنجەرەی زیاتریان هەبوو و لە پێشی هەر خانوویەک داڵانێک هەبوو. داڵانەکانیش بە نایلۆنی ئەستوور گیرابوون و خانوەکان وەک خانوەکانی شار داخراو بوون.
دەزگاکانی یەکێتی، زیندان لە خرەی ناوزەنگ عەلی شامار لێپرسراوی بوو ئەندامی کۆمەڵە. ڕااگەیاندن لە توژەڵە بوو، بەڵام ئامرازی ڕادیۆکە و ئەنتێنەکەی لەسەر گردی کوپان لە توژەڵە بەرز کرابووەوە، ئەرسەلان بایز لێپرسراوی بوو ئەندامی کۆمەڵە. نەخۆشخانە لە قوڵە هەرمێ بوو دکتۆر شوان لێپرسراوی بوو، مەکتەبی عەسکەری لە زەڵی و ملازم عومەر لێپرسراوی بوو ئەندامی کۆمەڵە، فرۆشگە لە زەڵێ بوو بەرێوەبەرەکەی ناوی پێشەڕەو بوو ئەندامی کۆمەڵە، دەزگای یەکێتی مامۆستایان بارەگەکەی لە شێنی بوو قوتابخانەی گوندەکەشیان بەرێوەدەبرد زۆربەیان ئەندامی کۆمەڵە بوون. دەزگای دارایی بەرێوەبەرەکەی شێخ تالیب بوو ئەندامی کۆمەڵە.
سەرچاوەی دارایی یەکێتی، ئێران و سوریا بوو، سەرچاوەی تری نادیار، ئابونەی ئەندامانی شارەکان، پیتاک لە خەڵکی دەوڵەمەندی شارەکان کۆ دەکرایەوە، ئابونەی نێو کوردی هەندەران، گومرگەکانی سەر سنوور. لە ڕاستییدا دەزگای دارایی دەزگایەکی کارتۆنی بوو، هەموو پارەو ئیماکاناتی شۆڕش لای تاڵەبانی بوو، هیچ کەسێک بۆی نەبوو لێپرسینەوە لە سەرکردایەتی ئەو شۆڕشە نوێە بکا لەسەر مەسەلەی پارە و جۆری خەرج کردنی. لێپرسینەوە تەنیا لە ئاستی خوارەوە دەکرا. دەزگای دارایی شێخ تاڵیبی لێپرسراوی بوو بەڵام خەزینەی ئەو شۆڕشەی لا نەبوو، تەنیا دەسەڵاتی ئەوە بوو کاغەزێکی دەنووسی دەیدا بەدەست پێشمەرگە و دەیانبرد بۆ سکرتاریەتی تاڵەبانی لەوێ پارەکەی بۆ سەرف دەکرا. ئەو کەسەی لە سکرتاریەت ئەو کارەی دەکرد ناوی شیخ عەلی بوو، ئامۆزای تاڵەبانی بوو، ئێستا خێزانەکەی کراوە بە ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە سەر لیستی یەکێتی.
شێخ تالیب کابرایەکی بەتەمەنی دڵسۆز بوو، زۆر ماندوو دەبوو، کارەکەی ئەوە بوو ئازوقە پەیدا بکا بۆ بارەگاکان و خەزنی بکات بۆ کاتی پێویست و بەسەر بارەگەکان دابەشیان  بکات. شێخ تاڵیب زیندانیەکی لا بوو سەربازێکی عەرەبی شیعەی بە تەمەن بوو، کەرێکی دابووێ  بەسەر بارەگەکانی یەکێتی ئاردی دابەش دەکرد، ئەویش لە کاتی ئارد دابەش  کردن هەر بۆڵەی دەهات، دەی گوت (ئانی خلست من قادسیەت سەدام جێت عەلە قادسیەت شیخ تاڵیب)، دواتر ئازاد کرا، بەڵام هەر لەو ناوە مایەوە ڕۆژێک دیتم پاک و خاوێن جلی کوردی خاکی پێشمەرگانەی پۆشی بوو و توند و تۆڵ خۆی بەستابوو، دوای پرسیارم کرد، گوتیان ئەوە دوای ئازاد بوونی، نەیوێرا  بگەرێتەوە بۆ عیراق و هەر لای شێخ تاڵیب مایەوە، بەو جۆرە ئەو کابرایە لە بارەگەکەی شیخ تالیب لە زیندانیەوە بوو بە پێشمەرگە، بەڵام جۆری ژیان و ئەرکەکانی نەگۆرابوو هەر وەکو خۆی بوو.
نێوزەنگ و ناوچەکە بەگشتی ببوو بە لانەی گەلێ لە پارتی سیاسی عیراقی و ئێرانی و عەرەب و فارس و کوردی باکور و ڕۆژهەڵاتیشی لێ بوو. بەم جۆرە ئەو ناوە ئاوەدان بوو بە خەڵکی ناوچەکە و بارەگەکانی پێشمەرگە.
لە خرەی ناوزەنگ، بازارێک هەبوو، دوکانەکان بریتییی بوون لە چەند چادرێک بە قەد یەکەوە لەناو قوڕ و چڵپاو بۆنی بۆگەنی و پیسایی ئاژەڵ مرۆڤی هێر دەکرد، بەڵام بازارێکی زۆر گەرم و گوڕ بوو. ئەوەی جێگە سەرنجم بوو ئەوە بوو کە زۆریان ئافرەتی ئەو ناوچانە بوون دوکانەکانیان بەرێوە دەبرد، ئەو کات لەیەک شاری باشوور ئەوەم نەدی بوو. ئەزموونی ژیانی خۆم لەو ناوچانە بۆمی دەرخست کە کوردی سەر ئەو سنوورانە نەکەوتونەتە ژێر کارێگەری هیج کلتوورێکی بیانی وەکو عەرەب و تورک و فارس، ژنان بە نیقاب و عەبا خۆیان دانەدەپۆشی و بە جلی کوردی ڕەنگاو ڕەنک تەنیا سەرپێچێکی سادەیان لەسەر دەنا، مەچەکیان پڕ لە بازنەی ڕەنگاو ڕەنگی شوشە و پلاستیک و زیو بوو، گەردەنیان پر دەکرد لە ملوانکەی متو مێرو مێخەک، وەکو پیاویش لە مەیدانی کار کردن بوون.  جگە لە کار و باری ناوماڵ، لە کێڵگە و ڕەزەکان کاریان دەکرد، چیلکەیان کۆدەکردەوە، دەچوون بۆ داران، چاودێری ئاژەڵەکان و پەلەوەرەکانیان دەکرد، هەروەها کاری دەستی وەکو دروونی کڵاوی کوردی، کڵاش گۆریە، خوری چنین. ئەو بەروبومانە بە پارە یان بە کاڵا ئاڵوگۆڕی پێدەکرا. بۆ ژیانی کۆمەڵایەتیش، ژن ئازاد بوو و هەڵبژاردەی تەواوی هەبوو، هەر ژنێک ئینجا سەڵت با یان خاوەن هاوسەر و منداڵ، ئەگەر پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ هەریەکێک هەبوایە ئەوا بڕیاری خۆی دەداو خۆی ساغ دەکردەوە بە ڕەدوو کەوتن. ژنانی ئەو ناوچانە دەیان گوت شەوێکی تاریک ڕێگەکی باریک، بەمانای ئەوە دەهات هەریەکێک دڵت گرتی شەو هەستە و بوخچەکت بپێچەوە بە گەلی بکەوە. مەبەستیان لە رێگەی باریک ئەو باریکە رێگەیانەی قەد پاڵی شاخ و کێوەکان بوو.
مرۆڤی ئەو ناوچانە بە بەراوردکردن لەگەڵ خەڵکی شارەکان لەگەڵ هەستەکانیان ڕاستگۆتر بوون، رێگەیان نەئەدا ئەو هەستە بکەوێتە ژێر کارێگەری هیج نەریتێک و کۆت و بەندێکی کۆمەڵایەتی. رەدوکەوتن لەو سەر سنوورانە کوشتنی بەدواوە نەبوو، بەڵکو سوڵحی بەدواوە بوو. کەس و کاری ژنەکە پێیان خۆش بوو کچەکەیان ڕەدوو کەوێ لەوەی بەشێوەی ئاسایی بە خوازبێنی شوو بکات، بەهۆی ئەوەی دەستکەوتی ماددی لە سوڵح زیاتر بوو لەوەی دیەکەیان، بۆیە ژنان ئەگەر لە یەکتر توڕەبان بەیەکتریان دەگوت ئەگەر خێرت هەبا ڕەدوو دەکەوتی. لەو ناوچەیە تەنیا ژنێک بە ناوی فاتە، بە خوازبێنی شوی کرد بوو بە سواری ماین گوازرابوەوە، بۆیە پیان دەگوت فاتە سوارە. کابرایەکی خەڵکی ئەو ناوچانە هەبوو، بە شانازییەوە هەموو کاتێک لە هەموو دانیشتنێک باسی ئەوەی دەکرد کە ژنەکەی نۆ جار ڕەدوو کەوتووە، بەڵام لە کۆتایشدا هەر هاتۆتەوە لای خۆی. بیل کلینتۆن لە بیرەوەرییەکانی باسی دایکی دەکا بە شانازییەوە دەڵێ دایکم بێوەژن بوو، ژنێکی زۆر جوان و سەرنج ڕاکێش بوو، هەموو کاتێ کۆمەڵی پیاوی لە دەور بوو، لە کاتی ئەم پەرتوکەم دەخوێندەوە، چیرۆکی کابرای سەر سنووری دەهێنایەوە یادم. ژنەکانی ئەو ناوچانە گوێیان لە مۆسیقا و گۆرانی دەگرت، وەکو گۆرانیەکانی شەریفە باوکە ڕۆی سەفای و حەسەن زیرەک و گۆرانی بێژە میللیەکانی دیکە.
بازاری ناوزەنگ، بە سەدان وڵاغ و وڵاغدار و قاچاخچی لێ بوو. ئەوەی جێگە سەرنجبوو ئەوە بوو زیرەکی خۆرستی بیرکردنەوەی خەڵکانی ئەو ناوچەیە لە بازرگانی کردن. لەگەڵ ئەوەی نەخوێندەوار بوون، لەو شوێنە دابڕاوە، بەرادەیێ زیرەک بوون سەرمایەداری زۆر گەورەیان لێ هەڵکەوتبوو. لەو بازاڕەدا هەموو جۆرە کاڵایەکی ئێرانی عیراقی بەدی دەکرا.
 ئەحمەد سارۆخ کابرایەکی سەرمایەداریی قاچاخچییەکی گەورە بوو، جێگەی متمانەی هەموو قاچاخچییەکانی عیراق و ئێران بوو، مەخزەنێکی گەورەی هەبوو پێکهاتبوو لە چەند ژوورێکی نزمی لە قوڕ دروستکراو، بارەکان تا ئاڵوگۆر پێکردنیان لەوێ دەخران. بارەکانی لە ئێرانەوە دەهاتن بریتیی بوون لە فەرش، خەنە، بستە، پەتوو، جل و بەرگ و پێڵاو قاپ و قەچاغ. لە عیراقەوە ئامرازی کارەبا، جگەرەی رۆسمان، توتن، ئەلکهول بە تایبەتی ویسکی، برنج ڕۆن زێر. ئەحمەد سارۆخ لە سەر سنوور بۆرسەی هەبوو، دراوی عیراقی دینار، تمەنی ئێرانی و دۆلاری ئاڵوگۆردەکرد، ئەو کابرایە ئەوەندە دەوڵەمەند بوو وەک بانک سەرانی پارتەکانی سەر سنوور قەرزیان لێوەردەگرت.
لە زەڵێ فرۆشگەی شۆڕش هەبوو، ڕێک و پاک و خاوێن، بەڵام بە بەراوردکردن لەگەڵ دوکانەکانی دیکەی لادێیەکان، دەرامەت و قازانجی نەبوو، پێشمەرگە بە قەرز شتیان لێ دەکری، ڕێکدەکەوت نەیانبوو قەرزەکەش بدەنەوە. بەرێوەبەری ئەو فرۆشگەیە پێشمەرگە بوو ناوی پێشەڕەو، خەڵکی چەمچەماڵ، دەرچووی زانکۆ بەشی بەرێوەبردن و ئابووری، لە ١٩٨٣دا لە شەڕی براکوژی لە باڵیسان شەهید بوو. پێشمەرگە لە بیرۆکەی بازرگانی کردن و هونەرەکەی شارەزا نەبوو، عەقڵیەتی پێشمەرگە و عەقڵیەتی قاچاخچی و بازرگانیکردن لە یەکتر دوورن، هەریەکە دونیایەکی تایبەتیان هەیە، لە جۆری بیرکردنەوە و تێڕوانین لە بەرژەوەندییە تایبەتیەکان و خۆنەویستی و بیرکردنەوە لە پرسی میللەت و هەڵبژاردنی ڕێچکەی  ژیان، ئەمە هۆکاری ئەوە بوو ئەحمەد ساڕۆخ  بوو  بە سەرمایەدار و بەڵام پێشمەرگە پێشرەو لە پێناو ڕزگاری و سەرفرازی میللەتەکەی شەهید بوو!


تێبینی یەکەم: ئەو وێنەی سەرەوە، وێنەی خۆمە لە بەرگەڵوو گیراوە لە ساڵێ ١٩٨٦
بڵاوبۆتەوەLove in a Torn Land, By Jean Sassoلە نێوان لاپەرە١٤٨ و ١٤٩ پەرتووکی
لە لاپەرە٢٠٥ی هەمان پەرتووک، باسی من دەکا ناوی دلاوەری برام بە ئازاد هاتووە، شەهید بوونی باوکیشم دەڵی بەدەستی جاش بووە، ئەمە زانیارێکی هەڵەیە، باوکم بەدەستی سەرکردەکانی کوردبە رێگە خۆشکردنی بنەماڵەی بارزانی، بەدانانی کەمینێک لە گوندی مەرگە لە ساڵی ١٩٦٦ لەلایەن دارو دەستەی تاڵەبانی شەهید کراوە.

تێبینی دووەم: لە پەرتوکی نووسەر نەوشیروان مستەفا، پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن، لە لاپەرە ١٦٥ باسی لەدەزگاکانی یەکێتی دەکا. لە کوراسەی ژیانی پێشمەرگە، ئامادەکردنی جەمیلە شێخ مەحمود و ئەمیرە محەمەد ئەمین، فەرید ئەسەسەرد پیاچۆتەوە، وێنەو ناوی زۆربەی هاوسەری لێپرسراوانی یەکێتی تیا بڵاوبۆتەوە، بۆ زانیاری خوێنەر، هەموو ناوی ئەو ژنانەی لەناو ئەو کوراسەیە هاتووە، ئەوانەن یان خۆیان یان هاوسەرەکانیان جەلالی و هێرۆی یان مەلا بەختیاری بوونە. ناو و وێنەی منی تیا بڵاونەکراوەتەوە. هەر یەکێک تێبینی هەبێ لەسەر ڕاستی هەر ڕووداوێک کە لە بیرەوەرییەکانم ئاماژەی پێدەدرێ ئاسایا با بێتە دەنگ.

تێبینی سێیەم: بڕیاڕم داوە هەرچی لە بیرەوەرییەکانی شاخ کە تاکو ئێستا لە یادم ماوە، لە چەندزنجیرەیک بیان نووسمەوە، تەنیا لە سەکۆی ئازاد بڵاویان بکەمەوە کە ئەویش "کوردستان پۆست"ە.




 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە