رزگار رانگور

https://www.facebook.com/profile.php?id=100073491703111


بۆ (نالی) به‌رله‌وه‌ی گه‌وره‌بێت

Friday, 10.30.2009, 12:00

2438 بینراوە


خۆرهه‌ڵات تاکه‌ی به‌رۆکم به‌رناده‌ی
هه‌وا پڕبووه‌
له‌ووشه‌ی ماڵئاوایی
ئه‌م سه‌فه‌ره‌م چ نهێنێه‌کی
له‌خۆیدا حه‌شارداوه‌
ئاره‌زووی بودا
به‌زه‌یی بودایی داگیری کردووم
ئای که‌ی بێت که‌ی
ئه‌و بارانه‌ وورده‌
ئه‌فسوناویه‌ بمشواته‌وه‌ ...؟
ئه‌ستێره‌کان له‌کشاندان
له‌پشتی هه‌وره‌ چڵکنه‌کانه‌وه
کابوس شه‌وانه‌ له‌کۆڵم نابێته‌وه‌
ده‌شزانم‌
خه‌و خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ڕووداو
، ، ، ،
له‌باسکردنی شه‌هید سانایی تر نی یه‌
هه‌موو ده‌توانین درۆ
به‌ده‌م شه‌هیده‌کانه‌وه‌
بکه‌ین درۆ
شه‌هیده‌کان هیچ نین ته‌نها
ژماره‌ی به‌سه‌رهاته‌کانمانن
ئه‌م داماویه‌ له‌دێر زه‌مانه‌وه‌
به‌میرات بۆمان ماوه‌ته‌وه‌
، ، ، ،
ئیستاش
خه‌ونه‌ قه‌دکراوه‌کان
زایه‌ڵه‌ی قازوقوڵگ
هه‌نگاوی ژنانی ڕه‌شپۆش
گۆرانی ئه‌و ڕادیۆیانه‌ی
ماندوو بونیان نه‌ده‌زانی
به‌شێکن له‌میراتی ڕۆژهه‌ڵات
، ، ، ،
بیرتانه‌ باران سوێی ببۆوه‌
که‌ڕه‌ومان کرد ...؟
کچه‌کانی گه‌ڕه‌ک ته‌مه‌نیان
له‌ته‌مه‌نی گوڵ ده‌چوو
یان ده‌سوتان
یان ده‌بونه‌ ژنی پیاوێکی پیری دانکه‌ل
تاهه‌نوکه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵات
گوله‌‌ گۆرانی ده‌ڵێ
تفه‌نگ بالیفێکی نه‌رمه‌و
له‌ژێر سه‌ری پیاوه‌ناوگه‌ڵ
ئاڵۆشه‌کاندا‌
، ، ، ،
سڵاو
دارتوو من له‌بیرمه‌ پیرێژنه‌
ساحیره‌که‌ ،چۆن نه‌وتی کرده‌ ژێرت و
له‌سه‌ر به‌رماڵه‌ زبره‌که‌
چه‌ند ڕکات نوێژی دابه‌ست
ئه‌ی تۆ بیرته‌
ڕۆژی چه‌ند جار
به‌بالاتا هه‌ڵده‌زناین ...؟
له‌دوای مه‌رگت ئیتر به‌یانی
بۆنداری به‌هار
نه‌شه‌قامه‌کان پێ ده‌گرن
نه‌ئێمه‌ تامی توو ده‌که‌ین
، ، ، ،
ئێمه‌ ته‌نها سنوری گۆڕستانه‌کانمان
فراوان بوه‌ ،،، ڕۆژهه‌ڵات
تۆ چاک ده‌زانی
خه‌نجه‌ری ته‌خته‌و
پێشمه‌رگه‌ی ئێستا
فڕوجێکیان پێ سه‌رنابڕێ
تۆ ئه‌و نهێنی یه‌ بۆباسناکه‌ی
هه‌ربۆیه‌
سێ ڕێگه‌ شومه‌که‌ی بودا
ده‌وریان داوم
پیری
نه‌خۆشی
مردن
ڕۆژهه‌ڵهات
وێنه‌ی خۆم به‌بچوکی له‌چاوه‌کاندا ده‌بینم
بۆنی دوودڵی مرۆڤه‌کان ده‌که‌م
به‌دوای په‌نجه‌ره‌ی
بیره‌وه‌رێکانما ده‌گه‌ڕێم
بیری ئه‌و بازاڕانه‌ده‌که‌م
که‌ڕۆحمی پڕ ده‌کرد له‌بۆن
، ، ، ،
که‌ی بێت بۆنی عه‌تر
به‌ژیانم ئاشتکاته‌وه‌
گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو یاده‌وه‌رێکان
گۆڕه‌ شپرزه‌کانی زه‌مانی
جه‌نگ و
کێله‌ بێ ناونیشانه‌کان و
ئه‌و منداڵه‌ بزێوانه‌ی له‌دووتوێ
چیرۆکه‌کاندا ده‌مان ناسین
هه‌تا ئیستاش خۆشم ده‌وێن
، ، ، ،
نازانم هه‌نوکه‌
کچه‌کان به‌گه‌سک هه‌تاوی
به‌رده‌رگاکانیان ڕاده‌ماڵن
ڕۆژهه‌ڵات کاتی ئه‌وه‌
هاتوه‌ به‌رۆکمان به‌رده‌ی
بێمه‌وه‌ ناتوانم
له‌خۆری دامێنی ئاسمانه‌
بێگه‌رده‌که‌ بڕوانم
خۆرهه‌ڵدێت
که‌چی نیشتمان تابێت له‌تاریکیدا
غه‌رق ده‌بێت