سەرۆکی عەرشی کەلاوە!

Thursday, 03/03/2011, 12:00

1940 بینراوە


"هەرکەسێک کە دەیەوێت کاری توندوتیژی بکات لە کوردستاندا جێی نابێتەوە". ئەمە پوختەی ناوەڕۆک وپەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، لە سەر خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان دوای ١٧ ی شوبات.
ئەم هەڕەشەی دەرکردنە، تازە نییەو پێشتریش کاتێک بە پێشمەرگە وترا، میلیشیا، سەرۆکی هەرێم ئەم هەڕەشەیەی کرد.
بێگومان پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، چ ئێستا کە لەسەر کورسی دەسەڵاتن و، چ ئەوساش کە لە شاخ بوون، زۆرجار ئەم هەڕەشەی دەرکردنەی خەڵکی ناڕازی و نەیاری خۆیانیان ، پراکتیزە کردووە. ڕەنگە زۆربەمان ئاگادار بین کە لە کۆتایی حەفتاکان هەتا کۆتایی هەشتاکان، هیچ یەکێک لەم پارتە دەسەڵاتدارانەی ئێستا، کە ئەو کات لە شاخ بوون، ڕێگەیان بە دۆست و لایەنگر و پێشمەرگەی لایەنی بەرامبەریان نەدەدا کە لە سنووری حوکومڕانی و ناوچەی ژێر نفوزی خۆیدا دابنیشێت، یان هەڵسوڕانی سیاسی و سەربازی بکات!
تەنانەت ئەمە بوو بە میراتێکی سیاسی و دواتر لە شەڕی ناوخۆدا ئەم میتۆدە بە شێوەیەک پراکتیزە کرا، کە پارتی و یەکێتی ، نەک هەر نەیارانی خۆیانیان لە سنوری حوکومڕانی خۆیاندا دەردەکرد، بەڵکو کەس و کاریشیان دەبوایە ئەو سنورەیان جێبهێشتایە. کەواتە میتۆدی جێنەبوونەوەو دەرکردن تازە نییەو، هەمیشە لە فەرهەنگی پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارو(تەنانەت بێدەسەڵاتەکانی) کوردستاندا ئامادەیی هەبووە، ئەم میتۆدە درێژکراوەو پاشماوەی فەرهەنگی کۆمەڵگای کۆنی خێڵەکی کوردوستانە، جاران ئەگەر جوتیارێک یان کەسێکی ناڕازی، ملی نەدایەت بە ئاغا یان سەرۆکی خێڵ، ئەوا سەرۆکی خێڵیش وەک سزایەک ئەو کەسە و خاووخێزانی لە سنووری دەسەڵاتدارێتی خۆیدا دەردەکرد. سەرۆکی خێڵ نەک هەرزەوی و زار، بەڵکو دانیشتووانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە موڵکی خۆی دەزانی و بە ئارەزوو میزاجی سەرۆکانەی خۆی ، زەوی لە جوتیار وەردەگرتەوەو لە گەڵ ماڵ و منداڵیدا دێبەدەری دەکردن، ئەم هەڕەشەی جێنەبوونەوەو دەرکردنەی سەرۆک، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە زۆربەی پارتە سیاسیەکانی کوردستان، نەک هەر لە ڕووی تەمەن و پێکهاتەو ساڵی دامەزراندنەوە، بەشێکن لە کۆمەڵگای دەرەبەگایەتی و خێڵەکی، بەڵکو لە ڕووی هەڵس و کەوتی سیاسی و بەرخوردی سیاسیشەوە هەر بە هەمان میکانیزم ڕەفتار دەکەن.
سەرۆکی هەرێم بەرلەوەی لە وڵاتی ئیتالیاوە هەڕەشەنامەی بناردایەتەوە، دەبوو پرسیاری لە بەرلسکۆنی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بکردایەو بیزانیایە، چەند B.K.C تەقەی کرد، چەند کەس کوژراو بریندارکرا، چەند کەس دەرکراو لە ئیتالیادا جێگەی نەبووەوە، کاتێک یەکێک لەهاندەرانی یانەکەی پەلاماری بەرلسکۆنی داو، ددانێکی شکاند؟! بێگومان هیچ کەسێک. جەنابی سەرۆک بەر لەوەی هەڕەشەکەت بکردایە دەبوو پرسیارت لە پۆلیسی ئەو وڵاتە ئەوروپیانە بکردایەو بتزانیایە ڕۆژانە چەند کوردی وڵاتەکەت ،کە تۆ سەرۆکیانی، ئەو کارانە دەکەن کە تۆ ناوی لێدەنێیت توندوتیژی، لە نموونەی شکاندنی پەنجەرەو دزی و شەڕ ودەرمان خواردن و دەرمان فرۆشتن و بێڕێزی بەرامبەر
یاساکانی ئە وڵاتانەو...........هتد، بەڵام پۆلیس و سەرۆکی ئەو وڵاتانە مافی ئەوەیان نییە بە کەس بڵێن جێگەت نابێتەوە، ئەگەر ئەو کەسە تەنیا مافی پەنابەرێتی وەرگرتبێت، نەوەک هاوڵاتیش بێت!!
دەبوو سەرۆک بەر لە هەڕەشەنامەکەی ئەو پرسیارەی لە خۆی بکردایە، ئایا جۆرج بۆشی سەرۆکی گەورەترین دەسەڵاتی دونیا، کە بە سەرۆکی شەڕو توندوتیژی لە دونیادا ناسراوە، کاتێک لە پایتەختی عێراقدا پێڵاوباران کرا، چۆن ڕەفتاری کردو چەند کەسی دەربەدەر کرد ؟! چەند شاری خەڵتانی خوێن کرد؟!
جەنابی سەرۆک ئێوە کە کۆمەڵگای کوردوستانتان بە ڤایرۆسی گەندەڵی و برسێتی و بێکاری و شەڕو کوشتارو ترساندن و تۆقاندن، ئالودە کردووە، دەبێت چاوەڕوانی ئەوەش بن کە خەڵکی برسی و بەشمەینەت، چەند بەردێکتان بۆ بهاوێژێت، ئەمە نەک توندوتیژی نییە، بەڵکۆ دووکەڵی ئەو ئاگری توندو تیژییە ئابوری و سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتیەیە، کە لە ساڵی ١٩٩١ وە بەرتان داوەتە کۆمەڵگای کوردوستان و، ئێستا بە کەمترین شنەبا، دەبێتەوە بە ئاگری پێچەوانەو ڕووی لە دەسەڵاتی خۆتانە، ئەم ئاگرەش بە هەڕەشەی دەرکردن خامۆش نابێتەوە.
سەرۆکی هەرێم دەبوو لە بری ئەم هەڕەشانە، دەستبەجێ بڕیاری دەستگیرکردنی ئەو بەڵتەجی و بەرپرسە سادی و نەخۆشانەی بدایە، کە بە خۆێن ڕشتن و کوشتنی منداڵی خەڵک سەرمەست و شادومانن! ئەوکات دەمانگوت کە سەرۆکی هەرێمەکەمان بە ڕاستی دژی توندوتیژییە نەک لایەنگری، ئاخر ئەگەر کەسێک نەخۆشی دەروونی نەبێت چۆن دەتوانێت کۆتایی بە ژیانی پەپولەیەکی ١٢ ساڵی بهێنێت؟
ماوەتەوە بڵێم کە ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەی خڵکی کوردوستان، هەنگاوی یەکەمی ڕێگایەکە کە هەزاران هەنگاوی تری بە دوادا دێت و ئەگەر سەرۆکی هەرێم لە هەنگاوی یەکەمدا خەڵک دەربکات، ئەوا لە هەنگاوەکانی دواتردا کوردستان کەسی تیادا نامێنێت و دەبێتە کەلاوەیەکی چۆڵ و سەرۆکی هەرێمیش دەبێتە سەرۆکی عەرشی کەلاوە.
[email protected]
2011/03/03

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە