د. جاسم خۆشناو قسە بۆ کوردستانپۆست دەکات سەبارەت بە گرتنی سیناتۆرە ئیتالییەکەی، کە دوو جار خەڵاتی داوە بە مەسعود بارزانی

Tuesday, 17/04/2012, 12:00

3327 بینراوە


رۆژی 16/4/2012 فەرمانی دەستگیركردنی سێناتۆری ئیتالی سێرجیۆ دێ گۆێكۆریۆ دەرچوو، هەموو میدیاكانی ئیتالی سەرقالی دۆسیەیی گەندەلی و تاوانی مافیا و تاوانی رێكخراو كرد. سەعاتی 6 ی بەیانی یەكێك لە شەریكە دزەكانی سێناتۆری دۆستی گیانی بە گیانی مەسعود بارزانی، بەناوی ڤالتەر لەڤیتۆللە، لە كاتی گەرانەوەی لە ئەرجەنتین یەكسەر لە فرۆكەخانەی رۆما دەستگیركرا و بردیانە زیندانی شاری ناپۆلی. دوابەدوای ئەوەش سەعای 8ی بەیانی "فەرمان"ی گرتنی سێناتۆر دێگرێگۆریۆ دەرچوو و هەموو میدیاكانی بەخۆیەوە سەرقالكرد. ئەم سێناتۆرە لە ماوەی تەنها یەك سال دووجار"خەلاتی ئاشتی" بەخشیە سەرۆكی هەرێم، لە 22ی شوباتی 2011، لە گرمەی خۆپیشاندانەكانی كوردستان، بە تایبەتی سەرای ئازادی لە سلێمانی و ئەمجارەش لە یادی كیمیا بارانی هەلەبجە، لە16 /3/2012 لە هەولێر.
ئێمە لە كوردستانپۆست زۆر وتار و باسی بە سوودمان، وەكو بەلگەی مێژوویی، دەربارەی بازرگانی نێوان دوو مافیای كوردستانی و ئیتالی بلاوكردۆتەوە، بە تایبەت نوسینێكی د. جاسم تۆفیق خۆشناو كە دووبارە بلاوی دەكەینەوە كە زۆر بە ووردی و بە بەلگە ئەو پەیوەندیەی نێوان مەسعود بارزانی و سێناتۆری ئیتالی گوناهباركراو بە تاوانی مافیا و شووشتنەوەی پارەی پیسی (بارزانی) و تاوانی رێكخراو.
بۆ ئەم مەبەستە، بە تەلیفۆن، پەیوەندیمان بە د. جاسم خۆشناو كرد و ئەمەش دەقەكەیەتی:

پ: كاك دكتۆر دەتوانی زانیاری زیاترمان بدەیتێ سەبارەت بە هەوالی دەستگیر كردنی سێناتۆر دێگرێگۆریۆ.
و: بەلێ هەواڵەكە راست و دروستە و هەر ئەمرۆ بە دەیان وتار بلاوكراونەوە بەلام تاكو ئێستا نەگیراوە، ئەمجارە فەرمانی گرتنی دەرچووە، كە لە رووی یاسایەوە یەكسانە بە گرتن، لە فەرمانەكە هاتووە (دەست بەجێ دەستگیر بكرێت و لە ژێر ئیقامەی جەبری بێت لە ماڵەوە). فەرمانەكە گەیشتۆتە سەرۆكایەی پەرلەمان (سێنات) و دەبێت لە ماوەی 48 سەعات بخرێتە بەردەستی كۆمیتەی رەزامەندی دەربرین تا كۆبونەوەی كتوپر بكات.

پ: بە رای ئێوە ئەم كۆمیتەیە رەزامەندی گرتن ئەدا؟
و: ئەوە جاری یەكەم نیە داوای دەستگیر كردنی ئەو سێناتۆرە بكرێت، ئەمجارە فەرمان دەركراوە و تۆمەتەكەش قورسە، باسی تاوانی مافیا و بەرتیل وەرگرتن لە وولاتان و كۆمپانیاكان كراوە، لێكدانەوەو كۆمینتەكانی میدیای ئیتالی ئاماژە بەوە دەكەن كە رەزامەندی لەسەر گرتنی دەدرێت. سێناتۆر دێگرێگۆریۆ، ئەورۆ، شلەژاویەكی بەرچاوی پێوەدیار بوو و لەگەل تەلەفزیۆنی دەولەتی ئیتالی گۆتی "خۆ من هەلنەهاتووم و خۆم نەشاردۆتەوە، دادگا نەدەبوایە ئەم فەرمانە تووندە بدات. ئەگەر هەلەیەكیشم كردبێت ئەوە ئامادەم باجی ئەو هەلانە بدەم بەلام نامەوێت ببمە قوربانی كەسانیتر، من بە هەموو شێوەیەك دیفاع لە خۆم دەكەم، بە ددان و بە نینۆنكەكانم....هتد).

ُپ: ئەتوانی پێمان بلێی سێناتۆر دێگرێگۆریۆ كێیە؟
و: وەللا من نان و پیازم لەگەلی نەخواردووە و شەخسی نایناسم بەلام وەك كەسێك كە زیاد لە 30 سالە لە ئیتالیا دەژیم و ئاگاداری رووداوە سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتیەكانم دەزانم ئەو سێناتۆرە سومعەی باش نیە. ماقولە لە ولاتێكی دیموكراتی وەكو ئیتالیا كەسێك لە دەیان دادگا و بە دەیان تۆمەت گوناهبار بكرێت، ئەوە چەندی بە چەندی؟ هەرگیز وەكو كەسایەتیەكی پۆزەتیڤ و خاوەن مۆرال باسی نەكراوە، بە كەسێكی ساختەچی و قولبر و بازرگانێكی پارە پەرست ناسراوە، ئەمانە هەمووی قسەی میدیا و چاودێرە ئیتالیەكانە.

پ: كەواتە چۆن كەسێكی ئاوا گوماناوی بۆتە دۆستی سەرۆكی هەرێم و خەلاتی ئاشتی و مافی مرۆڤ و پێكەوە ژیانی بە ناوی ئیتالیا پێ ئەبەخشێ؟
و: لە راستیدا خەلكی ئیتالی، لە هەزارا دوو كەسیش ئاگای لەو خەلاتە نیە. دەربارەی دۆستایەی لەگەل سەرۆكی هەرێم حەقە لە خۆی یان لە راوێژكارانی بپرسن ئەوە چۆن و لە كوێ ئەو زاتەیان دیتەوە، خالی هاوبەشیان لە كوێیە. من بەشبەحالی خۆم زۆر نیگەرانم لە رۆژی 16/3/2012 ئەو كەسە بێتە كوردستان و بە درۆودەلەسە باسی بە جینۆسایدكردنی هەلەبجەو ئەنفال بكات و جەماوەری كوردستانیش، لە دلپاكی و نەنبوونی زانیاری، چەپلەی لۆ لێبدات، ئەوە شەرمەزاریەكی گەورەیە بۆ دەسەلاتی كوردی .

ُپ: كاك دكتۆر باسی تۆمەتی بەرتیل وەرگرتنت كرد لە دەولەت و كۆپانیاكان تۆ بلێی ئەم هەموو سەردانەی سێناتۆر دێگرێكۆریۆ بۆ كوردستان بۆ ئەم مەبەستە نەبێت؟
و: لە راستیدا دەكرێت گومانمان هەبێت، هەموو شتەك رێی تێدەچی، من خۆم دۆكومێنتۆم لەبەر دەست نیە، ئەمە كار و ئەركی دامەزراوەی فەرمی ئیتالیا و كوردستانە. بە پێی ئەو زانیاریانەی لە كوردستان بلاوكراونەتەوە باسی دەیان كۆمپانیای ئیتالی دەكەن كە جەندەها دۆنم زەویان وەرگرتووە و سالانەش پێشانگای تایبەتی شتومەكی ئیتالی لە هەولێر دەكرێتەوە. كەواتە رێی تێدەچێ، لە رێگەی سێناتۆر دێگرێگۆریۆ دۆستی نزیكی سەرۆكی هەرێم، بە نایاسایی ئاسانكاری بۆ كۆمپانیا بە ناو ئیتالیەكان كرابێت بەلام ئەوە تەنها گومان و مەزەندە كردنە.

كوردستانپۆست: زۆر سوپاس كاك دكتۆر بۆ ئەم زانیاری و روونكردنەوانە، داواكارین لە دەرەنجامی ئەم كەیسیە ئاگادارمان بكەیتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە