به‌ هاوکاریی چاک، خوێندکارێک له‌ سویسرا توێژینه‌وه‌یه‌ک له‌ سه‌ر دۆزی کورد ده‌نووسێت

Saturday, 20/06/2009, 12:00

2171 بینراوە


به‌ هه‌وڵ و هاندان و یارمه‌تیدانی کۆمیته‌ی سویسرای ڕێکخراوی چاودێری کۆردۆساید - چاک له‌ روی ئاماده‌کردن و پێدانی سه‌رچاوه‌ و دۆکیۆمێنتی جۆراوجۆر به‌ زمانه‌ زیندوه‌کانی جیهان، خوێندکارێکی ئه‌ڵمانیزمان له‌ سویسرا به‌ ناوی (سیمۆن گرۆسڕیده‌ر)، که‌ له‌ دواقۆناغی ئاماده‌یی یه‌کێک له‌ خوێندنگاکانی وڵاته‌که‌یدا‌یه‌ توێژینه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر دۆزی کورد به‌ ناوی Die Kurden: Ewige Unterdrckte oder Terroristen? (کورده‌کان، چه‌وساوه‌یه‌کی هه‌میشه‌یین یان تیرۆریستن؟؟) ده‌نووسێت، به‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی وه‌ک به‌شێک له‌ به‌رنامه‌ی کۆرسی خوێندنه‌که‌ی پێشکه‌شی خوێندنگاکه‌ی و پاشانیش ئه‌و زانکۆیه‌ی لێی ده‌خوێنێت بکات.
شایه‌نی باسه‌ له‌م لێکۆڵینه‌وه‌ زانستییه‌دا که‌ زیاتر له سه‌د لاپه‌ره‌یه‌‌ و به‌زمانی ئه‌ڵمانییه‌، خوێندکاری ناوبراو چاوپێکه‌وتنی له‌‌گه‌ڵ چه‌ندان که‌س له‌ شاره‌زایان و مامۆستای زانکۆ و په‌نابه‌ری کوردی باشور ئه‌نجامداوه‌، هه‌روه‌ها له‌ میانه‌ی توێژینه‌وه‌که‌یدا چاوپێکه‌وتنێکی درێژیشی له‌گه‌ڵ (هیوا ناسیح) ئه‌ندامی چاک له‌ سویسرا سازداوه‌. که‌ تیایدا ناوبراو باس له‌ کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال و کار و چالاکی و ئامانجه‌کانی ڕێکخراوی چاک بۆ به‌جینۆسایدناساندنی ئه‌و گه‌لکوژییانه‌ ده‌کات.
گرنگی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌وه‌دایه‌، که‌ له‌وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ هه‌وڵی تورکیا و داگیرکه‌رانی تری کوردستان کارێکی وا کراوه‌، که‌ وێنه‌ی کورد لای هه‌ندێک له‌ ئه‌وروپییه‌کان بشێوێت و له‌بری ئازادیخواز و تێکۆشه‌ر وه‌ک تیرۆریست بناسرێن. ئه‌م کاره‌ی ناوبراو به‌جدی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌دوێت و به‌ پشتبه‌ستن به‌ ده‌یان دۆکیۆمێنت و سه‌رچاوه‌ کورد وه‌ک گه‌لێکی مافزه‌وتکراو و چه‌وساوه‌ و ئاشتیخواز نیشان ده‌دات، که‌ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیان خه‌بات ده‌که‌ن.


چاودیری کوردۆساید (چاک) / کۆمیته‌ی سویسرا


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە