لە سایەی حیزبەکاندا کەشتیەکەی باشوری کوردستان لەنگەری لەدەست داوە!

Wednesday, 22/10/2014, 12:00

2237 بینراوە







کوردستان لەم کاتەدا پێویستی بە ڕزگارکردنی کچانی شنگالە لە دەستی داعش بۆ ئەوەی چیتر سوکایەتییان پێ نەکرێت !
بەڵام پەرلەمانە بێ سودەکەی باشوری کوردستان لە جیاتی بەگژداچونی ئەو سوکایەتیە خەریکە لە ناوخۆی کوردستان و لە ژێر سێبەری بە ناو دەسەڵاتی کوردیدا سوکایەتی بەو کچانەش دەکات کە هێشتا داعش دەستی پێیان نەگەیشتوە.

بڕوانە ئەم هەواڵە کە لەم سایتە بڵاوبۆتەوە:
پەرلەمان لەشفرۆشی لە هەرێمی کوردستان رێک دەخا

http://knewsdaily.org/Direje.aspx?Jimare=6711

لە باشترین حاڵەتدا ئەم هەواڵە ناڕاستە و تەنها وەک کار و پیشەی زۆربەی ڕۆژنامە و پێگە بێ سەر و بەرەکانی باشوری کوردستان ، برادەرانی ئەم پێگەیەش لە بێ بازاڕیدا نازانن چۆن سەرنجی خەڵک ڕاکێشن بۆیە ئەم جۆرە هەواڵە لەم کاتەدا بڵاودەکەنەوە. (دیارە کە دەڵێین زۆربە مانای وایە هەمو میدیاکان وا نین) !
بەڵام ئەگەر ئەم هەواڵە ڕاست بێت کە لەم پێگە ئەلەکترۆنیە کوردیەدا بڵاوکراوەتەوە ئەوا بە ڕاستی شتێک نەماوە پێی بوترێت پەرلەمانی کوردستان و ئەوەی کە حیزبە کوردیەکانی باشوری کوردستان خۆیانیان پێدا هەڵواسیوە لە ژێر سێبەری پەرلەمان و نوێنەرایەتی خەڵکدا تەنها دەزگایەکە بۆ بەلاڕێدا بردنی بارودۆخ و ڕووداوەکان لە باشوری کوردستاندا تاوەکو خەڵکی چاویان کوێر بێت بەرامبەر ڕاستیەکان و سەرقاڵبن بە هەندێک شتی سوک و بێ نرخەوە کە تاوانە ئەگەر نوکی قەڵەمەکەشت لە نوسینیدا بە خەسار بەیت.

بەدەر لەوەی کە ئایا ئەو هەواڵە ڕاستە یان نا، ئەوەی کە حەقیقەتێکی تاڵ و ئاشکرای هەرێمی کوردستانە و کەس ناتوانێت ئینکاری بکات ئەوەیە کە لە دیوەخانەکەی باشوری کوردستاندا حیزبە کوردیەکان لە زۆر کردار و گوفتاریاندا بزانن یان نەزانن، بە مەبەست بێت یان لە ناشارەزاییانەوە خەریکە هەمو بنەماکانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و هۆشیار لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵدەتەکێنن و بە کردەوەکانیان سەریان لە خۆیان و لە خەڵکیش تێکداوە.

لەم ساتەدا لە جیاتی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دابین نەکردنی موچەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتەوە سەرەڕای ئەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت پارەی نەوتەکە لە تورکیایە؟! ئەی باشە کە تۆ نەوت دەفرۆشیت و پارەکەت لە تورکیا داناوە ئەی بۆ پارەی خەڵکی لێ نادەیت؟!
تەنها بەو چەواشەکاریەوە ناوەستن و ئێستا دەڵێن بۆ دابین کردنی بودجە و چارەسەری تەنگژەی ئابوری کوردستان حکومەتی هەرێم بیر لە قەرزکردن لە بانکی نێودەوڵەتی دەکاتەوە.
بڕوانە ئەم لینکە:
حكومەتی هەرێم پڕۆژە یاسای قەرزی دەركی پەسەند كرد
http://xelk.org/dreja.aspx?=hewal&jmare=5655&Jor=1


دەپرسین دەبێت سودی قەرزکردنی حکومەتی هەرێم لە ئەوروپا و بەریتانیا و ئەمریکا و دنیای سەرمایەداری چی بێت؟ لە کاتێکدا بە قسەی خۆیان دەڵێن نەوت دەفرۆشین و بەبەرچاویانەوە قەیرانی ئابوری خەریکە ئیتاڵیا و ئیسپانیا و یۆنان دەهێنێتە سەرچۆک بە هۆی ئەو هەمو قەرزەوە کە لە زلهێزەکانی دنیایان وەرگرتوە و بەبێ ڕەچاوکردنی چۆنێتی دانەوەی؟

دەپرسین ئایا پەرلەمان دوو شارەزای تێدا نییە کە ئاگادار بێت کە نیوەی ئەو قەیرانانەی کە لە دنیادا دەگوزەرێن بەهۆی دەست بەسەردا گرتنی سەرچاوەکانی ئابوری و داراییە لە لایەن چەند زلهێزێکی دنیاوە، کاتێک تەنها چەند وڵاتێک مافی لە چاپ دانی پارەیان هەبێت دیارە بە ئارەزووی خۆیان و بە پێی ویست و بەرژەوەندی خۆیان مامەڵە بەو کاغەزەوە دەکەن کە پێی دەوترێت پارە، جا نازانرێت ئایا بەرپرسە ئابوری و داراییەکانی حکومەتی باشور ئەم ڕاستیە سادە و ساکارانە دەزانن یان خۆیان و خەڵکیش لە گێلی دەدەن؟! ئەوەی کە لە پارە گرنگترە ئاڵتون و زێڕ و نەوت و سەرچاوە سروشتیەکانی ترە؟ ئایا حکومەت بۆ لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا ناکات؟!
ئایا ئەگەر ڕاستە دەڵێن لە کوردستان ژمارەیەک ملیۆنێر و ملێاردێر هەیە ئەی بۆچی ئاڵتون و پارەکانی کوردستان کۆناکەنەوە و سندوقی بژێوی بۆ هەموان دروست ناکەن؟
ئەی نەتانبیستوە:
ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش.


لە هەمان کاتدا میدیاکانی پارتی کە خۆیان بە خاوەنی حکومەت و دەسەڵاتی هەرێمی باشوری کوردستان دەزانن هەواڵی پێچەوانە بڵاودەکەنەوە وەک لەم لینکەدا دیارە:

http://peyamner.com/PNAnews.aspx?ID=332397

هاوڵاتی داماوی کوردستان لە نێوان ئەم دوو هەواڵە دژ بەیەکەدا سەری لێ تێکچوە و نازانێت سەرچاوەی موچەی داهاتوی دەبێت کامیان بێت؟

- قەرزکردن لە بانکی نێودەوڵەتی کە لە ژێر کۆنترۆڵی جیهانی سەرمایەداریدایە و بە میزاجی خۆیان کێیان قبوڵ بێت دەیدەنێ و کێیان قبوڵ نەبێت نایدەن؟
- بودجەکەی بەغدا کە نەوشیروان موستەفا دەڵێت ئەنجامی نابێت ؟
بڕوانە ئەم لینکە:
http://sbeiy.com/Detail.aspx?id=37297&LinkID=4

- نەوتەکەی پارتی و یەکێتی کە ژێر بە ژێر بە دۆست و دوژمنی دەفرۆشن (مەبەست لە دۆست و دوژمن ئێران و تورکیا و داعشە).

بڕوانە ئەم لینکە:

http://rudaw.net/sorani/kurdistan/031020149

پرسیارێکە و دەیخەینە بەردەم گشت بەرپرس و نابەرپرسەکانی حکومەتی باشوری کوردستان؟ خەڵکی چاوی لە کام سەرچاوە بێت بۆ دابین کردنی موچەکەی؟

ئەگەر وەڵامتان پێ نیە ئیتر بەسە چەواشەکاری و دان بەو ڕاستیەدا بنین کە سەرچاوەی داهات و بژێوی خەڵکی کوردستان خودی خەڵکەکە خۆیەتی و دەبێت وەک ساڵیح موسلیمی هاوسەرۆکی پەیەدە ئێمەش لە باشور بڵێین:
ئەگەر گەڵای دارمان خواردبێت چاولەدەستی دوژمنان و بێگانە نابین.

بڕوانە ئەم لینکە:


http://www.sharpress.net/Direje.aspx?Jimare=7637



لەم ساتەدا لە جیاتی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دەستگیر نەکردنی بکوژانی دەنگە ئازا و ئازادەکانی هەرێمی باشور (نمونەی کاوە و سەردەشت و سۆران)!
لە جیاتی قسەکردن لەبارەی ئەو پاکیجانەی کە یەکگرتو و کۆمەڵ و گۆڕان لە پێش هاتنە ناو حکومەتەوە وەک مەرجێکی چونە ناو دەسەڵات خەڵکی باشوری کوردستانیان پێ لەخشتە برد تاوەکو دەنگیان پێ کۆبکەنەوە!

لە جیاتی دەست نیشانکردنی تاوانبارانی جەنگ لە باشوری کوردستاندا کە دەستیان بە خوێن سورە لە کارەساتەکانی شەڕی ناوخۆ و ٣١ ی ئاب و حەڤدەی شوبات و لێدانی کۆمۆنیستەکان و شەڕی لابەلای حیزبە کوردیەکان و شەهیدکردنی لایەنگرانی پەکەکە لە هەولێر!
لە جیاتی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری سازشە بێ شومار و بێ ئەندازەکانی پارتی لە بەرامبەر تورکیا و تەسلیم کردنی شنگال کە لە ئەنجامدا کارەساتی کۆبانێی لێ کەوتەوە!

لە جیاتی لێکۆڵینەوە لە ڕێگری کردنی پارتی و یەکێتی لە ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد!

لە جیاتی بەدواداچونی زۆر مەسەلەی تری گرنگ و چارەنوس ساز و ژیاری!

لە جیاتی گەڕان بە دوای وەڵامێك بۆ ئەم هەموو پرسیارە بێ وەڵامانە، بە ناو پەرلەمانی باشوری کوردستان دەیەوێت لەشفرۆشی بە یاسایی بکات و دەستی پیاوە ئاڵۆش تێبەربوەکان بگەیەنێتە جەستەی ئەو کچە خێرلەخۆ نەدیوانەی کە لە سایەی ئازایەتی و هاتنە دەستی یەپەگە و یەپەژە و پەکەکە خوا ڕەحمی پێکردن و لە پەلامارەکەی داعش بۆ سەر شنگال ئەوان ڕزگاریان بو توشی ئەو سوکایەتیە نەبون کە کەس و کارەکانیان توشی بون.

دەک داوەشێن هەمو حیزبەکانی باشوری کوردستان، بەخێر نەیەنەوە بۆ خۆتان و بەڕێوەبەرایەتیەک کە دەیکەن لە باشوری کوردستاندا، تۆزێک لە خۆتان دامێنن و لە تەمەنی کورتی ئەو ئیدارەیە بڕوانن کە لە ڕۆژئاوا دامەزراوە، دەبێت ئەوان چاو لە ئێوە بکەن کە ٢٣ ساڵە بەناو دەسەڵاتدارن و حکومەت بەڕێوەدەبەن یان دەبێت ئێوە چاو لەوان بکەن کە تەنها ٢ تا ٣ ساڵە تۆزێک ئازادیان بەدەست هێناوە بەلام زۆر ژیرانەتر لە ئێوە هەڵسوکەوت دەکەن.

لە زمانی کوردی پەندێک هەیە دەڵێت:
هەرچی تۆوێک بچێنیت بەرهەمی ئەو تۆوە دەدوریتەوە.
وە یان دەڵێت:
ئەوەی چاڵ بۆ خەڵکی هەڵبکەنێت خۆی تێ دەکەوێت.



ساڵانێکە هەندێک لە بەرپرسە نابەرپرسەکانی یەکێتی و پارتی و هەندێ بازرگانی تری ئاڵۆش تێ بەربو لە باشوری کوردستان بە هۆی ئەو هەمو تاڵانی و بڕۆیەی کە لە شەڕی وێران کردنی عێراقدا دەستیان کەوت پەیتا پەیتا کچ و ئافرەتی عەرەبیان دەهێنا بۆ سلێمانی و هەولێر و دهۆک تاوەکو سوکایەتیان پێ بکەن و بازاڕی لەش فرۆشیان پێ بکەنەوە و شەوانە خۆیانیان پێ بەتاڵ بکەنەوە بەڵام ئەوەتا پەندە کوردیەکە بەسەر ئەمانەدا هات و ئێستا کچی کورد بە دەست داعشەوەیە هەمان ئەو سوکایەتیەی پێ دەکەن کە ئەو بەرپرسە نابەرپرس و بازرگانە کوردانە بە کچی عەرەبیان دەکرد.

شایانی باسە لە کاتی خۆیدا زۆر لەسەر ئەم بابەتە نوسراوە و مەترسیەکانی هێنانی لەشفرۆشانی عەرەب بۆ کوردستان دەمێکە باس کراوە بەڵام داخەکەم هەندێک نابەرپرسی حیزبەکانی باشوری کوردستان دۆلار و پارە چاوی کوێرکردون و بەرپێی خۆیان نابینن.

مەسەلەکە تەنها لەم بوارەدا نییە و لە زۆر بواری تریشدا دەسەڵات دارێتی باشوری کوردستان بیر لە هەنگاوەکانی ناکاتەوە و لەم زریان و تۆفانەی کە ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێت کوێرانە سوکانی پاپۆڕەکە دەدات بە دەم شەپۆلەوە و گوێ نادات بەوەی کە چەند سەرنشین دەکەونە خوارەوە و چەندیی دەخنکێن.
هەڵکەندنی خەندەق لە دژی ڕۆژئاوا و هێنانی لەشفرۆشی عەرەب بۆ کوردستان بێ سەرئێشە نەبو ئەوەتا ئێستا دەرەنجامەکەی دەبینین و وەک پەندەکە دەڵێت ڕۆژگار ڕۆژی لە دوایە!
ئەی بەرپرسانی بەناو حکومەتی باشور! ئەرێ ئێوە مێشکتان هەیە بیر لەم پرسیارە سادانە بکەنەوە؟ ئەرێ ئێوە دەتوانن تەنها بۆ ساتێک گوێ لە ڕەخنە و سەرنجێکی هاوڵاتیەکی کوردستان بگرن و ئەوەندە گوێ لە مست و چاولەدەستی بێگانە نەبن؟!

ئەرێ ئێوە دەتوانن نرخی تاکێکی کورد لە لاتان زیاتر بێت لەو هەمو ڕاوێژکار و دڵسۆز و دۆستانەی کە تەنها بە درۆ و فێڵ لە دەور و خولتانن و هەر کە قڵیشایەوە هەمویان هەڵدێن بۆ ئەو وڵاتانەی کە لێوەی هاتون؟!

ئەرێ ئێوە تەنها ساتێک دەتوانن گوێ لە یەک قسەی دڵسۆزانەی گوندیەک و لادێ نشینێکی کوردستان بگرن و هێندە چاو لە دەستی شەرق و غەرب نەبن؟


ئەگەر ئێمەی کورد لە پاش ئەو هەمو نەهامەتی و دەردی سەریەی کە بەسەرمان هاتوە دەرسێک لەم ڕووداوانە وەرنەگرین کە لە دەوروبەرمان ڕوو دەدەن ئەوا پاشەڕۆژی ئەم نەتەوەیە هەرگیز ڕۆشن نابێت و دەبێت نەوە تا نەوە سەرزەنشتی باو و باپیرانمان بکەین کە بۆچی نەیان توانی ڕێگەیەکی ڕاست بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کۆمەڵگەیە هەڵبژێرن.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە